گیراوەکانی بادینان لە نێوان سەدەقەی سەرۆک و ویستی جەماوەرییدا…

0

گیراوەکانی بادینان لە نێوان سەدەقەی سەرۆک و ویستی جەماوەرییدا…

لەم چەند ڕۆژەی رابردوودا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان! بە بڕیارێک سزای زیندانیانی بادینانی کەم کردەوە، بەپێی ئەو بڕیارە گیراوەکانی بادینان سزاکەیان بە رێژەی لە ٦٠% بۆ کەم دەکرێتەوە، بەم بڕیارەش زوربەی گیراوەکان ئازاد دەکرێن یان تەنها چەند مانگێکیان دەمێنێ بۆ ئازاد بوون. بەشێکی زۆر لە میدیای پارتی و میدیای سێبەری پارتی و لایەنگرانی سەرۆک… و نووسەرانیان، ئەم هەنگاوەی سەرۆکی… هەرێمیان بۆ سنگ فراوانی و بەخشندەیی نێچیر بارزانی گێرایەوە و کەوتنە بەشان و باڵ هەڵدانیدا.

ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکومەت، ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەری بزوتنەوەی نارەزایەتی فراوانی ناوخۆ دەرەوەدا بە دواخستنەوە بڕیاری لێدراوە، نەک خێر و سەدەقەیەو نە بەرهەمی سنگ فراوانی سەرۆکە. گیراوەکانی بادینان، چ ئەو کاتەی دەستگیرکران و چ ئەوکاتەی بڕیاری بەعسیانەیان لە دادگای حزبی و سیاسیدا بەسەردا سەپێنرا، لەلایەن بەرەی ئازادیخوازی کۆمەڵگەوە رووبەڕووی نارەزایەتییەکی بەرینی جەماوەری لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بوونەوە، دەیان رێکخراوەی ئینسان دۆست، لایەنگرانی مافی مرۆڤ، رێکخراوەی لێبوردنی نێودەوڵەتی و نووسەر و رۆژنامەنووسی ئازاو ئازادیخواز، دەنگی نارەزایەتیان دەربڕی و ناوەندە نێودەوڵەتیەکانیش لەو بارەیەوە کەوتنە گوشار ‌هێنان بۆ دەسەڵات تا گیراوەکان ئازاد بکەن و چاو بە بریاری دادگادا!! بخشێنەوە. هەر ئەوکاتە رۆشن بوو دەسەڵات ناچارە گیراوەکان ئازاد بکات یان ئاڵوگۆر بەسەر سزاکەیاندا بهێنێت، بەڵام دەسەڵاتی سیاسی ئەو کاتە کە چەند مانگێک پیش ئێستا دوای ساڵێک زیندانی کەوتنە دادگاییکردنی گیراوەکان، نەیویست ئەو کارە بکات، بۆ ئەوەی وا دەرنەکەوێت کە لەژێر گوشاردا سزاکەیان سوک کراوە یان ئازادکراون، بەڵکو دوایان خست تا بەخشین و سزا کەم کردنەوەیان بکەنە مەکرەمەی سەرۆک. بێگومان ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان و گۆڕینی سزاکەیان و کەمکردنەوەی، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ بزوتنەوە بەرگری لە ئازادی و ئازادییەکان و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی، و شکستی دەسەڵاتە… گیراوەکانی بادینان بە گوشاری شەقام و ئازادیخوازی سزاکەیان کەم کرایەوە نەک بە خێری سەرۆک. بۆیە پیویستە سەرجەم لایەنگرانی ئازادی و ئازادییە سیاسییەکان و ئازادی کاری رۆژنامەگەری… ئەو راستییە بزانن کە بەرهەمی ماندووبوون و تێکۆشانیان بۆ ئازادی گیراوەکانی بادینان، ئەزمونێکی گرنگە و دەبێ بەدەستەوە بگیرێت… دواخستنی ئازادکردنی گیراوەکانی بادینان و کەم کردنەوەی سزاکەیان، ناتوانێت فریوی بلۆکی ئازادیخوازی کۆمەڵگە بدات و ئەم دەستکەوتە وەکو بەرهەمی بزوتنەوەی نارەزایەتی بدزیت و بیکاتە دەستکەوت بۆ سەرۆکی هەرێم… دەسەلاتی سیاسی سەرۆکایەتی  حکومەت و هەرێم و دادگا، تۆمەتبارن بەرامبەر بە گیراوەکانی بادینان، کە بۆ ماوەیەکی زۆر تەنها لەسەر بەشداری لە خۆپیشاندان و بەرگری لە قوتی هاولاتیان، لە زینداندا راگیران و مامەڵەی نایاسای و نائینسانیان لەگەڵ کرا، تۆمەتیان بۆ داتاشرا… ئەگەر یاسایەک و دادگاییەکی کەمێک مەدەنی و یاسایی هەبوایە، دەبوو ئەوانە بدرێنە دادگا کە سزای نارەوایان سەپاندە سەر ژمارەیەک لە چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسانی ئازادیخواز و تیکۆشەری مافە سەرەتاییەکانی خەڵکی کوردستان…

Leave A Reply

Your email address will not be published.