شەڕ لە ئەوروپا! نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

شەڕ لە ئەوروپا!

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

 تا چەند ماوەیەک بەر لە جەنگی ناتۆ و ئەمریکا لەگەڵ ڕوسیا و لە ئۆکرانیا تێگەیشتن و باوەڕی زاڵ ئەوە بوو کە ئەوروپا قەڵەمڕەوێکە بڕیار نییە هەرگیز بگۆڕێ بە مەیدانی شەڕ و پێکدادانی گەرمی جەمسەرەکانی سەرمایەداری. ئەگەر جەنگ و تەنش و پێکدادانێک هەیە دەبێ لە گۆشەکانی تری دنیا یەکلابێتەوە. ئەگەر ئەمریکا بیەوێ وەڵامێک بە جێگەوڕێگەی نادیار و چارەنوسی خۆی لە دنیای دوای نەمانی دوژمنی ستراتیژی کۆن پەیدا بکات و دنیایەک ڕیک بخاتەوەکە تیایدا وەک پۆلیس و گۆپاڵ بەدەستی نێونەتەوەیی دنیای سەرمایەداری قبوڵ بکرێ، دەبێ عێراق بکوتن، دەبێ ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی و  ژیانی مەدەنی وێران بکەن، دەبێ نمایشی هەڵدانی کرۆز و تەکنولۆژیای زیرەکی کوشتن و وێرانکاری بە هەر ئاستێک کە لە توانایدایە لە ڕێگەی دوور و لەوسەری دەریاکانەوە بە دنیا نشان بدەن و  ژیان و سەلامەتی پیرو لاو و منداڵی کۆمەڵگەیەک بەبارمتە بگرن، دەبێ سوریا وێران بکەن و دەبێ لیبیا هەلاهەلا بکەن. دیمەنی وێرانی و کاولکاری و وێرانی و داد و فیغانی مرۆڤ تا ئەو کاتەی لە بەغداد و دیمەشق و تەڕابلسەوە بەرز دەبێتەوە، کێشەیەکی ئەوتۆی نییە و بگرە بەهایەکە ئەو مرۆڤایەتییە دەبوایە بیدا لەپای ئەو دیموکراسیە بیدەن کە بڕیار بوو لەڕێگەی موشەکەکانی کرۆز و تەکنۆلۆژیای زیرەکەوە، سەرقفڵانەکەی ڕادەستی کۆنەپەرسترین و هەمەجیترین دەستەوتاقمی  ئیسلامی سیاسی و قەومی و تایفی بکرێ.

بەڵام ئەمەش کەڵکی نەگرت، ناڕۆشنی و نادیاری لە شوناسی غەرب و ناتۆ وەک کیانێک کە بە تەواوی بەرهەمی هاۆکێشەکانی دنیای پێشوو بوو، بەهێزی خۆی مایەوە، نادیاری و لێڵی و پشێوی لە جێگەی ئەمریکا نەک هەر وەڵامی وەرنەگرتەوە، بەڵکو هەرچی زیاتر لەو ڕەوەندەدا چوونە پێشەوە، سەریان تەقی بە پرسیاری گەورەتر و ناڕوونی زیاتر و شکستەکانی ئەمریکا ئاکامی مەنتیقی و ناچاری ئەم واقعیەتە بوون.

سەرەنجام بورژوازی ڕۆژئاوا کە لەڕێگەی ناردنی جەنگ و میلیتاریزم و برسێتی و وێرانکاری بۆ بەشەکانی تری دنیا ئیمتیاز و میداڵی  ئارامی و ئاسایشی بە دەسەڵات و کەمپی خۆی دا بوو، ئەمڕۆ باس لە شەڕی ئەتۆمی و جەنگی تەکنۆلۆژیای زیرەک دەکا، سەرانی باس لە برسیکردن و کەمەرشکاندنی و هاوڵاتیان دەکەن تا لە برسێتیدا ناچار بن هەر کارێک کە ئەو ئێلیتە سیاسیە و گانگەستەری ڕاستی ئەوروپا و ئەمریکا داوای دەکەن جێبەجێ بکەن.

ئیتر جارێکی تر و لە یەکێک  لە خاڵەکانی وەرچەرخانە مەترسیدارەکان و تەنیا دوای چەند دەهەیەک لە جەنگ و کوشتارگا قەومی و مەزهەبیەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا بەڕێیان خست، خەریکە ئەمە بۆ مرۆڤایەتی دەبێتە واقیع کە مرۆڤایەتی بڕیار نییە تەنیا لە بەغداد و دیمەشق و تەڕابلوس و کابول شاهیدی ڕاکردنی بە کۆمەڵ و برسێتی و جەنگ و وێرانی بێت، بەڵکو دەکرێ خارکێیف و کێیف و مۆسکۆ و پایتەختەکانی خودی ئەم کەمپەش ببنە شانۆی ئەم  دیمەنی وێرانی و کوشتار و بێدەرەتانیە.

جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا نمونەی بچوکتری جەنگێکی گەورەترە لەلایەک لە نێوان کەمپی ڕۆژئاوا و ناتۆ و ئەمریکایەک کە سەباری هەموو وەحشیەت و میلیتاریزم و وێراکارییەک کە لە گۆشەکانی تری دنیا خولاندویەتی هێشتا وەڵامێکی بە  ناڕوونی و نادیاری جێگەو ێگەی خۆی و بە شوناسی خۆی پەیدا نەکردوە و بڕیارە لەم ڕێگەیەوە بە پێناسەیەکی جێگیرتر لە شوناسی خۆی بگا لە نێوان ڕوسیایەک کە سەرباری دەرکەوتنەوەی وەک گەورە هێزێکی سیاسی و سەربازی و ئابوری و دەرچونی  لەسەردەمی فیترەتی دوای هەڵوەشانەوە پاش ڕوخانی سۆڤیەت، بەڵام تا کاتێک کە لە حەوشەکەی خۆیدا و لە قەڵەمڕەوی جیوسیاسی خۆیدا لە گەمارۆدا بێت، دورترە لەوەی کە وەک ئەندامێکی موحتەرەمی یانەی گەورەکانی سەرمایەداریەکانی ڕۆژئاوا دا قبوڵ بکرێ.

سەرەنجام دەبوایە ئەم پرسە لە هەمان جێگەدا لە هەمان قەڵەمڕەوی جیوسیاسیدا، لە ئۆکرانیا واتە لە ئەوروپادا یەکلابکرێتەوە ئیتر ژیان و گوزەران و ئاسایشی میلیۆنان مرۆڤ لە ڕوانگەی پوتین و ڕوسیایەک کە خولیای گەڕانەوەی سەردەمی قودرەت و گەورە هێزی ئەوروپای لەسەردایە دەکرێ بکرێتە قوربانی.

ئەمە دورنمای بەربەرییەتە کەسەرمایەداری هاوچەرخ بە کردەوە خستویەتییە بەردەمی مرۆڤایەتی و جارێکی تر ئەو ڕاستییە دوپات دەکاتەوە کە دنیا بەبێ لە ئارادابوونی مەترسی سۆسیالیزم، بەبێ لە مەیدان بوونی چینی کرێکاری سۆشیالیست و کۆمۆنیزم بۆ لە دەستگرتنی کۆمەڵگە و دەسەڵات، دنیا دەگۆڕێ بە  زەلکاوێک. تا ئەو کاتە ئەوە پوتین و بایدن و زلینسکیەکانن کە یاری بە ژیان و چارەنوسی مرۆڤایەتی دەکەن و برینی قوڵتر لە ویژدانی ئەو مرۆڤایەتیەدا هەڵدەکەنن و موقەدەراتی ئەو مرۆڤایەتیە بە بارمتە دەگرن.

دنیا بەبێ بانگەوازی سۆشیالیستی چینی کرێکارو شۆڕشی کرێکاری، ڕێگە و قەدەرێکی تری جگە لە بەربەریەتی کاپیتاڵیستی لەبەردەمدا نییە. هیچ ئەوەندەی ئێستا دنیا و مرۆڤایەتیە پێویستی بەو بانگەوازە، بە ئامادەبوونی چەپێکی سۆسیالیستی کرێکاری نەبووە و هیچ کات ئەوەندەی ئێستا مرۆڤایەتی بە ئەندازەی ئێستا باجی لاوازی سۆسیالیزم و چەپی کرێکاری نەداوە. بەرەی سێهەم، هێزی سێهەم، ئەو غۆلەی گەورەیەی کە سەروەت و سامان و هەموو پێداویستیەکانی ژیانێکی لایق دەخوڵقێنێ، ئەگەر بیەوێ بەڕاستی لەبەرگری لە ژیان و کەرامەتی خۆی دەنگێکی هەبێ دەبێ لە بەرامبەر ئەو شەقاوەگەریەی بەناوی وڵات و سنور و ئاڵاکان بەڕێخراوە ڕابوەستێ و بێتە مەیدان و ئەم  شەقاوەگەری و ڕاستڕەویە ڕەت بکاتەوە.

۲٨.۲.۲۰۲۲

Leave A Reply

Your email address will not be published.