لەوەرزی ئازادیدا، ژەنەڕاڵی پایز گەڕایەوە ‏               نوسینی/ جەمال  نوری

0

لەوەرزی ئازادیدا، ژەنەڕاڵی پایز گەڕایەوە

‏               نوسینی/ جەمال  نوری

‏  ژەنەڕاڵی پایز لەبەرلین بوو، ئەم تایتڵە یەکێکە لەو چیرۆکە تازانەی برای چیرۆکنووس بەکر حەسەن کە لەتاراوگە  نوسیویەتی  و پێشکەش بە گیانی هاوڕێ شاعیرەکەی (محمد عومەر عوسمان) ژەنەڕاڵی  پایزی  کردوە.

‏سەرەتای چیرۆکەکە نوسەر وابەستەی شوێن وکات و شارستانێتی خۆرئاوامان دەکا لەڕێگای کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکەی ،  ئەتمۆسفیری ڕوداوی ناوچیرۆکەکەی بەنمایشکردنی کاراکتەرە سەرەکیەکەی دەست پێ دەکات کە لەواقیعدا وێنای کەسایەتی نوسەر خۆیەتی، بەڵام لەسیاقی گێڕانەوەی چیرۆکەکە بەڕوونی ئەوەمان پێ ناڵێ مەگەر دوای خوێندنەوەیەکی ووردو هەڵکۆڵینی دەق بگەینە ئەو بڕوایە، کاراکتەری سەرەکی چیرۆکەکە ڕۆڵێکی پانتۆمایم دەگێڕێ لەناوپانتایی دەق دا، لێرەوە بۆمان ڕوونە کاراکتەر بەهۆی ژیانی غوربەت و تاراوگە دووچاری دۆخێکی دەروونی کردۆتەوە، چون هەڵکەندن لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و بۆ دنیایەکی تەواو جیاواز لەیەک و دابڕان  لە  هاوڕێ و دۆست و ئازیزان و لەنیشتمانی زێدی  باب و باپیران کارێکی سانا نییە، بۆ مرۆڤ، دەکرێت مرۆڤێک لە نیشتیمانەکەی دەرکرێت، بەڵام هەرگیز ناکرێت نیشتمان لەناومرۆڤ دەربکرێت) *ئێریش کێستنەر.” مرۆڤ خەسڵەتێکی تایبەت بەخۆی هەیە و دەتوانێ خۆی بگونجێنێ لەگەڵ دەوروروبەرو ژینگەی سروشتی و دەوروبەری، پێ بەپێی ئەزموونکردنی پەیوەست دەبێت بەو شوناسە گشتگیرەی کەتیایدا دەژی، گەر بەهۆکار گەلێک تاکی کورد لەناو نیشتمانەکەشیدا نەژی یان دەربکرێ، دەتوانێ لە شوێنێکی تردا بمێنێتەوە، بەڵام ئەوەی بۆ خودی مرۆڤ، مایەی مەترسی یە نیشتمان دەربکرێت لەناو خودی هەستەکانی مرۆڤ بوونی . .

مرۆڤ خاوەنی ئەندێشەیەکە لە هەر سەردەم و کاتێکدا بێت دەیەوێ بگەڕێتەوەو بۆ ئەو شوێنەی خۆی کە بەزۆر دووریان خستۆتەوە. ئەمە  هۆکار گەلێکە  دۆخی دەروونی کارەکتەری شێواندوە، لە ساتی  تەنیایی دا  بکەوێتە  وتوێژ لەگەڵ خودی خۆی، لەڕووی  نەفسیەوە کەسایەتیەکەی ناو دەروونی زاڵە بەسەر کاراکتەری ناوچیرۆکەکە، وەک  ڕەقیبێک  بەسەریەوە ئاڕاستەی  دەکات. و بەردەوام وەک مۆتەکە بەدواوەیەتی.

‏سەرەتا نووسەر هونەرمەندی  بەناوبانگی جیهانی ( ڤانکوخ) مان پێ دەناسێنێ، بەڵام چیرۆکی ناسینی خودی  نوسەر بۆ ئەم هونەرمەندە جیهانیە دەگەڕێنێتەوە بۆ یەکێک لەهاوڕێ  شاعیرەکانی کەلەڕووی شێوەی ژیان و کۆتایی ژیانیشی هاوشێوەی یەکن لەناوەڕاستی ساڵانی حەڤتاکان لەڕێگای هاوڕێ شاعیرەکەیەوە (ڤانکوخ) دەناسێ، لەو دەمەدا شاعیرەکە شیعرێکی خۆی پێشکەش بە ڤانکوخ  کردوە کاتێکیش دەبینێ لەبەرلین لەدوای نەمانی ڤانکوخ  پێشانکای تایبەت بە تابلۆکانی دەکرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستەش بلیتی پێشانگاکە دەبڕێ، پاشان چاوەڕوانی هاتنی میترۆکەیە تاوەکو بگاتە شوێنی پێشانگاکە ئەم چاوەڕوانییە دەیخاتە حاڵەتێکی ناجێگیرەوە، گەر  بەحەزی ئەوبوایە هەرئێستا لەپێشانگاکە ببوایە، هەربۆیە خۆی بە مۆبایلەکەی دەستیەوە خەریک دەکات، یەکەم هەواڵی ناو سۆشیال میدیا ئەوەیە هاوڕێ شاعیرەکەی (محمد عومەر عوسمان) ناسراو بە (ژەنەڕاڵی پایز) لە کوردستان خۆی کردوە بە پەتاو کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، نوسەر دووچاری دۆخێکی ناهەموار دەکات، جوانی چیرۆکە لەوەدایە نوسەر لەڕێگای ڤانکوخی هونەرمەندی شێوەکارییەوە (محمد عومەر عوسمان) ژەنەڕاڵی پایز بەخوێنەرانی دەناسێنی واتە  نوسەر ژەنەڕاڵی پایزی وەک شاعیرێک لەئاستێکی بەرزی شیعریدا بەراورد ئەکا بە نوسەرو شاعیرو هونەرمەندە جیهانیەکان و ئاوها دەیناسێنێ، ئەمەش  لووتکەی  بڕوابوونە بە کلتوری نەتەوەکەی لەناو کلتوری گەلانی دنیادا، واتە نوسەر شانازی  بە شوناسی نەتەوەکەی خۆیەوە دەکات کەدەتوانێ لەڕێگای  هاوڕێ شاعیرەکەیەوە ململانێی شارستانیەکان بکات.

‏پاشان نوسەر لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا دەژی دەیەوێ لەڕێگای ئەو دابو نەریتە  کۆمەڵایەتیەی کە لەوێ چۆنە  بەراوردی بکات بە دابونەریتی کۆمەڵایەتی گەلەکەی، لەساتی  ڕۆشتنی  بۆ بینینی  پێشانگاکەی  ڤانکوخ ، لەویستگەی میترۆ نزا دەکات کەسێک خۆی فڕێ نەداتە بەردەم میترۆکە و گیانی خۆی لەدەست بدات، چون فریای بینینی پێشانگاکەی ڤانکوخ ناکەوێ بەهۆی ڕوداوەکەوە هێڵی میترۆکە لێکۆڵینەوە لەو ڕووداوە ڕابگیرێ، نوسەر زۆر… بەجوانی حاڵەتە دەروونیەکەی وێناکردوە، خوێنەر هەست دەکات لەتەنیشت نوسەرەوە دانیشتوە لەویستگەی  میترۆکەدا، چاوەڕوانی گەشتنی میترۆکەیە تابیگەیەنێتە پێشانگاکە.

‏دیسان دەگەڕێینەوە سەر ئەو بارە دەرونییە ناجێگیرەی  نوسەر لەویستگەی میترۆکە، کاتێک دەیەوێ خۆی ئارام بکاتەوە دەبەیەک ئاو لەجانتاکەی شانی دەردەهێنێ و قومێکی لێ دەخواتەوە، لەلای  خۆیەوە  دایدەنێ، جارێکی تر بیری دەروا بۆ لای  هاوڕێ شاعیرەکەی و بیر لە کوێرەوەی ژیان و نەهامەتی ئەو شاعیرە دەکاتەوە، کاتێک  فیشکەی میترۆکە ڕایدەچەنێنێ دەبینێ پیاوێکی پیری هەژار دەبە ئاوەکەی ئەوی هەڵگرتوەو ئەو ئاوەی تیاماوەتەوە  دەیڕژێتە ناو سەلەی خۆڵەکەوە و دەیەوێ دەبەکە بەبەتاڵی هەڵبگرێ تابیفرۆشێتەوە بە چەند سەنتێک، کاراکتەر لەو دۆخە ناهەموارەدایەو ئەوەش دەبینێ کەپیرە چۆن دەبە ئاوەکەی بردوە، بەنیازە بچێت سەرکۆنەی پیرە پیاو بکات، لەناکاو دەنگێ لەناخیدا دێتە جواب و کاراکتەرەکە ڕادەگرێ و پێی دەڵێ نەکەی، ئەوە بەتەمای بچیت ئەو پیرە  پیاوە سەرکۆنە بکەی کەچەند قومێ ئاوی تیا مابوو ڕشتی لەپێناو بەدەستهێنانی چەند سەنتێک کە بەهۆی دەبەکەی دەستی تۆوە دەستی دەکەوێت، لێرەدا نوسەر دەکەوێتە ئەو دایەلۆگە دەروونیەی خۆیەوە لەوڕێگەیەوە  موخاتەبەی ناخی خۆی دەکات وجارێکی تر دەیەوێ هاوڕێ شاعیرەکەی بناسێنێ بە ئێمەی موتەلەقی و پێمانبڵێ، هاوڕێکەم کەسێکی میهرەبان بوو، کەسێک بوو چەندی لەگیرفاندا بوایە کاتێک هەژارو نەدارێکی بدیبایە نیوەی پارەکەی گیرفانی پێ دەبەخشی، پێمان دەڵێ ڕاستە محمد عومەر عوسمان  خۆی کوشت بە چەشنی  ڤانکوخی هونەرمەندی شێوەکاری هۆڵەندی، بەڵام ئەو ئێستا  تابلۆکانی بە هەزارەها یۆرۆ دەفرۆشرێ و لە گەلەری مەلیکی وڵاتان پێشانگا بۆ تابلۆکانی دەکرێتەوە، بەڵام (ژەنەڕاڵی پایز) ەکەی ئێمە ئێستاشی لەسەر بێت،  نەخوێندرایەوەو ئاوڕیان نە لەژیانی درایەوە تاکو لەژیاندا بوو نە لەدوای مەرگیشی هۆڵێک، باخچەێەک، کتیبخانەیەک، باخچەیەکی هاوینەو هەوارێ، شاقامێکی پایزانە کرا بەناویەوە، پێمان دەڵێ ئەو بۆئەوە خۆی نەکوشت کە نەدارو هەژارو کەم دەستە،  بەڵکو ئەو بەهیوا بوو بەتەنیشت چوار وەرزەکەی ساڵەوە وەرزێکی تر بوونی هەیە ئەویش وەرزی ئازادییە، واتە ژیان بەهەر چوار وەرزەکەیەوە مانایەکی نییە بەبێ ئازادی .!

Leave A Reply

Your email address will not be published.