سمکۆ ڕەشید: (پارتی و یەکێتی) هەوادارو نفوزیان زۆر دابەزییوە، بەڵام چونکە خاوەن هێزی چەکدارن، بە زەبری هێز لە دەسەڵات ماون…. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سمکۆ ڕەشید چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق

0

 سمکۆ ڕەشید: (پارتی و یەکێتی) هەوادارو نفوزیان زۆر دابەزییوە، بەڵام چونکە خاوەن هێزی چەکدارن، بە زەبری هێز لە دەسەڵات ماون….

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز سمکۆ ڕەشید چالاکوانی سیاسی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق

بۆپێشەوە: ناو ماڵی “شیعەكان” لێكترازاوە، ئەم لێكترازانە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەبێت؟

سمکۆ ڕەشید: لە پێشتردا کە ناومالی شیعە یەکگرتوو بوونە، لە دوای ٢٠٠٣ پەیوەندی بە ڕۆڵی ئێران و بەهێزی نفوزی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و حزبی دەعوەو مام جەلال تاڵەبانییەوە هەبوو، بەڵام ئێستا بزووتنەوە و حزبی نوێی بەهێز بوونی هەیە لە ناو شیعەدا، بەتایبەت موقتەدا و تەیاری سەدریی. ئێستا شەڕی موقتەدا سەدر تەنها بۆ دروستکردنی حکومەت نییە، بگرە شەڕی مەرجەعیەت دەکات.

بۆپێشەوە: لەهەڵبژاردنەكاندا لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێران پاشەكشەیان كرد، و باس لەوە دەكرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایا ئەمە چ كاریگەریەكی لەسەر حكومەتی داهاتوو، و شەقامی عێراقی دەبێت؟

سمکۆ ڕەشید: ڕاستە لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێران پاشەکشەیان کردوە، بەڵام بڕواناکەم دەستبەرداری دەسەڵاتبن لە عێراق و لە حکومەت بەشدار دەبن. ئێستا کێشەی سەدر تەنها بۆ دروستکردنی حکومەت لەگەل نوری مالکیدایە.

بۆپێشەوە: موقەتەدا سەدر پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زوربە دەكات و دەیەوێت كۆتایی بە حكومەتی تەوافوقی بهێنێت، چۆن دەڕواننە ئەو پێداگرییەی موقتەدا سەدر؟

سمکۆ ڕەشید: موقتەدا سەدر ئیش لە سەر حکومەتێکی بەهێزو مەرکەزی دەکاتەوە کە دەسەڵاتی هەبێت لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، و کۆتایی بهێنێت بە دیاردەی چەکداریی کە چەک لە حەشدی شەعبی و پێشمەرگە وەربگرێتەوە، تەنها چەک لە دەستی دەوڵەت بێت.

بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟

سمکۆ ڕەشید: ئەم دوو حزبە (پارتی و یەکێتی) لەبەرئەوەی لەلایەن تورکیاو ئێران و ئەمریکاو بەریتانیا وئیمارات و سعودییەوە باوەڕپێکراون، یاخود بەرژەوەندی ئابووری و سیاسییان هەیە پالپشتیان دەکرێت و بەشدار دەبن.

بۆپێشەوە: زوربەی خەڵكی عێراق و كوردستان بڕوایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان نەك نەماوە، بەڵكو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەكرێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بهێندرێت؟

سمکۆ ڕەشید: دەتوانین بڵێین لە عێراق هەندێ گۆڕانکاری ڕویداوە، بەڵام بە گوێرەی پێویست نییە، بۆ ئەو مەبەستە (ئێران و تورکیا)و وڵاتانی خەلیج و ئەمریکا دەوریان هەیە لە پالپشتیان، سەبارەت بە کوردستان (پارتی و یەکێتی) هەوادارو نفوزیان زۆر دابەزییوە، بەڵام چونکە خاوەن هێزی چەکدارن و بە زەبری هێزی لە دەسەلات ماون. هەروەها لە باشوری کوردستان معارەزەی راستەقینە بوونی نییە، کە پێشرەوایەتی ناڕەزایی و داخوازی خەڵک بکات.

بۆپێشەوە: خەڵكی عێراق و كوردستان لە هەلومەرجێكی سەخت و ناخۆشدان، خواستی نان و كار و خزمەتگوزارییەكان، خواستی زوربەی هەرەزۆری خەڵكی عێراقە… تا چەندە لاتان وایە حكومەتی داهاتوو دەتوانێت وەڵام بەو خواستە سەرەتاییانەی هاوڵاتیان بداتەوە؟

سمکۆ ڕەشید: لە عێراق و کوردستان سیاسەتی ئابووری حکومەت لەژێر ڕۆشنایی سندوقی نەقدی دراوی نێودەوڵەتی بۆ هەڕاجکردنی کەرتی گشتی وەک (کارەبا وخویندن و تەندروستی و ئاو)هتد.. هەروەها زیادکردنی باج لە سەر هاوڵاتیان پیادە دەکرێت، واتا هەژار هەژارتر دەبێت و دەوڵەمەند دەوڵەندتر دەبێت، ئەمە لە کاتێکدا داهاتی فرۆشتنی نەوت و گومرگی خاڵە سنورییەکان و ناچێتە خەزێنەی دەوڵەتەوە. داهاتەکە لە کوردستان بۆ دوو بنەماڵەیەو لە عێراقیش بەشێکی زۆری بۆ گروپە چەکدارەکان و مەرجەعیەتە! حکومەتی داهاتوویش ناتوانێت ژیان و گوزەڕانی خەڵک باش بکات .

بۆپێشەوە: عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا سەرۆک کۆمار پۆستێکی تەشریفاتی و رەمزییە و دەسەڵاتی سنوردارە… هۆکاری ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چییە؟ پێتوانیە ململانێکانی نێوانیانە لە کوردستان دەیگوازنەوە عێراق؟

سمکۆ ڕەشید: پۆستی سەرۆک کۆمار لە رووی نێودەوڵەتییەوە دەوروکاریگەری خۆی هەیە بۆ هەر حزبیک بێت. پارتی لەبەر ئەوەی خاوەنی زۆرینەی کورسی پەرلەمانی عێراقە وەک حزبیکی کوردستان، ئەیەویت چۆن زۆرینەی سوننەکان بۆ حەلبووسی یە و  بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق بریار وایە موقتەدا سەدر دیاری بکات، چونکە زۆرینەی شیعەکانە، بۆیە پارتی ئەیەوێت ئەمجارە پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ئەوبێت، بەپێچەوانەوە ناکۆکیەکانی پارتی و یەکێتی لە کوردستان زیاتر دەبێت، نەک بگوازنەوە بۆ عێراق. لای هەمووانیش ئاشکرایە ناکۆکی پارتی و یەکێتی هەمیشە لەسەر پۆست و پارە بووە نەک خزمەتکردن و بەرژەوەندی هاوڵاتیان.

بۆپێشەوە: کارنامەی سەرۆک کۆمار لە دوای لە ١٨ ساڵی رابردوودا، چ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی کوردستان بووە؟

سمکۆ ڕەشید: پۆستی سەرۆک کۆمار لە عێراق، پۆستیکی تەشریفاتییە و عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، زیاتر دەسەڵاتەکان لای سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانە، لە رووی پەیوەندی ئابووری و دبلۆماتی، سەرۆک کۆمار ڕۆلێکی ‌ئەوتووی نییە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.