هەناسە ونبووەکانی نیشتیمان                                          -جەمال  نوری-

0

            هەناسە ونبووەکانی نیشتیمان

                                             -جەمال  نوری-

هەناسە شیعرێکی جوان، دەستپێکێکی سەرنج ڕاکێش بەپرسیار گەلێکی ماریفی و کەینونەوە سەبارەت بەبوون و ژیان و نەبوون، چویتە ناو دەقەوە توڕەیی و پانتایەکی فراوانی لەناو  دەقدا  داگیرکردوە، هەڵبەتە ئەو توڕە بوونەش گرێدراوی مێژوویەکە، مێژووی ئەو ڕووداوانەیە کە زەمەنێکە بە نوسەرەوە بەستراوەتەوە، نوسەر  لەڕێگای پرسیارە بونیەوەکانیەوە توڕەیە لە مرۆڤ، ئەو مرۆڤەی  زەوی کردۆتە تاقیگەی  پرۆسەی لەناوبردن، توڕەیە لەژیان، چون لەسیاقی بوونی  نوسەردا، بەدوو چاوی ژیانی وەک ئەوەی کە بۆمرۆڤ  بەردەستە لەمسی  ئەو ژیانەی نەکردوە، هەروەک خۆی گووتەنی (وەک پرسیار، لەنێو چاڵێکی قوڵی گوماندا بێت… لەچرکەیەک و هەلهەلەیەکی بێ ئاگایی  ئارەزوویەکەوە، کەوتمە خوارەوە بۆ نێو شەرێکی  بێکۆتایی کەناوی ژیانە).

بەم جۆرە ڕەخنەی توند لەو ژیانە دەگرێ، کەسەرلەبەری لەشەڕێکی بێکۆتا  دەچێ، کە لەئەساسدا  نوسەر  داوایەکی نەبووە  بۆ  هاتنەبوونی، بەڵکو دەرئەنجامی ئارەزوویەکی بێئاگاییەوە  هێنراوەتە ناو ئەوەی پێ دەوترێ  ژیان؟ ئا لێرەوە  نوسەر توڕەیە لە ژیانێک کە هیچ  پرسێکی  پێ نەکرێ، ناڕازییە لەژیانێک، کە تائێستا مرۆڤ هەیە  نازانێ  مانای ژیان چییەو  ئەرکی  ئەو چییە لەناو  ئەو بوونەی  ژیانی لێ پێکدێت. ئەو ڕوودەکاتە مرۆڤ و دەپرسێ لێیان  دەی داخۆ، تۆی مرۆڤ کە بۆ ژیان خوڵقاوی چۆن دەکرێ سەرزەمینی ئەو ژیانە بکەیتە یەکپارچە  لەئازارو ژان و  ئەو شوێنەی  پێدەوترێ  نیشتمان نەزیفی خوێنی لێ بڕژێ لەجیاتی  تاڤگەی ئاو و جوانکردنی  سروشت و ژینگە. دواجار بێئاگا نییە لەوەی هەر دڵۆپە خوێنێک بڕژێتە ئەو خاکەوەی پێ دەوترێ نیشتیمان هەموو قوماربازو  قاچاخچییە سیاسیەکانی وڵات بەرپرسن، دەسەلاتداران تاوانبارن، گوناهی نیشتیمان نییە، کە تائێستا  بێ شوناسەو  بە ئارامە و ناتوانێ خەون ببینێ، ئەوەی  نیشتیمانەکەی تەنها و بێکەس کرد، ئەو دەم و چاوانەن کە بۆ  چڵێسی و کاسەلێسی خۆیان ئەوەی بەهای نییە لایان نیشتیمانە، چون ئەوانە لە”سۆزانی سۆزانی” ترن،  باکیان  نییە، هەر هەناسەیەکی نیشتمان بەدزیەوە لەنیشتمان  بدزن… کاتێک نوسەربەنیشتمان دەگاتەوە چی دەبینێ  ئەو ئازارە ئەزڵەییە، وەک مۆتەکەیەک دەستی لەبینەقاقای گیرکردوەو لێی نابێتەوە بە ویستی خۆی  دەیەوێ  قۆڵ بکاتە قۆڵی  ئەو درەختانەی گەڵاکانی وەریوە و لەسەر ڕووی خاکی نیشتماندا وەریوە، هەڵیان بگرێتەوەو لە ئینجانەی دڵیدا بۆ  بیرەوەریەکی جوان دایان بنێ؟! وەلێ نوسەر لەو ڕۆژەوەی هاتۆتە بوون هەربەدوای خۆی و نیشتماندا   دەگەڕێ…!

     دەقی شیعری / ئومێد حسین

‏وەک دڵۆپێک ژیان

کە لە هیچەوە تکابێت

وەک مۆمێک کە لە تاریکیدا

ڕاکشابێت

وەک پرسیار

لە نێو چاڵێکی قووڵی گوماندابێت

لە چرکەیەک و هەڵەیەکی بێ ئاگایی

ئارەزوویەکەوە

کەوتمە خوارەوە

بۆنێو شەڕێکی بێ کۆتایی

کە ناوی ژیانە

ئەمە یەکەمین تاوانی ڕاستەقینەی

مرۆڤە لەسەر زەوی

ئاخر من حەزم دەکرد وەک ئێکار بفڕم و

نەکەومە سەرزەوی

یان وەک پرۆم ئاگرم دابهێنایە

تا نیشتیمانمی تیا بسووتێنم

من دەمویست نیشتمانم وەک فەرشێکی نەرم وابوایە

تا بمتوانیایە بەپێ خاوسی و بە ڕووتی بەسەریدا

هەنگاوبنێم

نەک لەکوونی مێروولەدا بۆئازادی بگەڕێم

من ئێستا لە ناخی دڵمەوە ئازارم هەیە بۆنیشتیمان

ئەوینی ئەو بۆمن جگە لە فێڵیکی گەورە بۆ فریودانم

هیچیتر نەبوو

بەس بمزانیایە تۆبۆچی هێندە تەنهایت

ئەی نیشتمان

چۆن ئەتوانیت هەڵکەیت لەگەڵ ئەم هەموو

سەرە گێل وچەتە و ژنی ڕیشن وسیاسی بێ سەرانەدا

لەو ڕۆژەی بەتۆ گەشتم

ئازار وەک سایە لەگەڵمدایە

لەو ڕۆژەوەی بە گریان هاتم و

پێکەنین لە پێشوازیمدا بوو

جلی ئومێدیان لەبەر کردم

بەدوای تۆدا دەگەڕێم و

پێت ناگەم پێت ناگەمەوە

ئەی تەنهاترین ئومێدی من

ئەی نیشتیمان…!

Leave A Reply

Your email address will not be published.