گرینگی چینی کرێکار ناکرێت فەرامۆش بکرێت! نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

گرینگی چینی کرێکار ناکرێت فەرامۆش بکرێت!

نووسینی: عبدالرحمن رسول

کرێکاران بەردەوام کاری تاقەت پڕوکێن دەکەن لەپێناوی ژیانێکی سەربەرزانە و شکۆمەندانە، خاوەن کەسایەتییەکی بەئیرادە و بەهێزن بە کارکردنی ڕۆژانە و شەوانەیان کۆمەڵگە بەرەو ئاوەدانی و جوانترو باشتر و پاکتر دەبن. کەوایە لە هێزو بازووییان تەواوی کۆمەڵگە سوود بەخش دەبێت، لەپاککردنەوە و ئاوەدانکردنەوە وجوانکردنی کۆمەڵگەدا بەبێ وەستان و سڵکردنەوەیان کاریگەرو بنیاتنەری چالاکن.

کاتێک بەری مەنهۆڵەکان و ڕێڕەوەکانی ئاوی ناو شار و شارۆچکەکان بەهۆی پیسی و لایلۆن و کارتۆن وشمەکەوە دەگیرێت لەزستاندا کەبارانی زۆر دەبارێت و دەبێتە سێڵاو و لافاو دواتر خەڵک پاڵەپەستۆی ئاوی زۆری  دەکەوێتە سەر و زۆرجار تووشی زیانی ماددی و گیانی دەبێت.
ئەمە دەست و بازوویی هێزی کرێکارانە لەبەرامبەر پێدانی کرێیەکی زۆرکەمدا کە خیابان و ڕێڕەوەکانی ئاوەکانی شارو شارۆچکەکان پاک دەکەنەوە و خیابان وکوچە وکۆڵانەکان خاوێن و جوان دەبن.

خاوەن کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان و حکومەت زۆر بێ ویژدانانە دزی لەهەقدەستی کرێکاران بەردەوام دەکەن و ماف و هەقدەستی تەواویان پێنادەن و جیاوازی دەکەن و بەبیانوی جۆراوجۆر هەقدەستی کرێکاران دوا دەخەن و پێیان نادەن لەکاتی خۆیدا.

کاتێک چەند ڕۆژ کرێکاران کار نەکەن و مان بگرن و ناڕەزایەتی نیشان بدەن لەبەرامبەر پێ نەدان و دواکەوتنی هەقدەستیانەوە گەڕەک و شەقام و خیابانەکانی شار پڕ دەبێت لەپاشماوەی زبڵ و کارتۆن و پیسی. لەسەر پیسی ژینگە و گەڕەک و شاردا هەریەکەمان بەجۆرێک باسی خراپی و ئەگەری بڵاوبوونەوەی چەندەها میکرۆب دەکەین کە دواتر ئەگەری ئەوە هەیە نەخۆشی جۆراوجۆر بڵاوبێتەوە لەشارو شارۆچکەکاندا.
هەریەکەمان بەجۆرێک ڕەخنە لەبارودۆخی نەخوازراوی ژینگەی پیس کراو دەگرین.

بەڵام مرۆڤەکان بەگشتی گرینگی و بایەخی ئەو دەستانە نازانن کە بەردەوام ئەو مەنهۆڵ و ڕێڕەوانەی ئاوەکان پاک دەکەنەوە، کەپێیان دەگوترێت کرێکاران.

کرێکارانی ژینگە هێزی ڕاگرتنی خاوێنی و جوانییەکانی ژینگەی گەڕەک و شەقامەکانن، بەڵام پێداویستی ژیان و بیمەی تەندروستی و دەرماڵەو هەقدەستیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت، هەرچەندە ئەو هەقدەستەیان زۆرکەمە کەپێیان دەدرێت لەبەرامبەر کارکردنی زۆردا،  هەروەها جیاوازیش دەکرێت لەهەقدەستی کرێکارانی شارێک یان کۆمپانیایەک لەگەڵ شارو ناوچەیەکی تری جیاوازدا.

کاتێک بەشەقامێکدا لەگەڵ ئازیزان دەڕۆین و پیاسە دەکەین دەبینین شەقام و جادەو کۆڵانەکانی شار خاوێنە و دەوروبەری شەقامەکانیش پڕە لەسەوزایی و داری ڕازاوەی جوان، بەڵام وردتر بیرناکەینەوە لە گرینگی پێدانی ئەو دەستانەی کە  شەقام و کۆڵان وگەرەکەمان پاک دەکەنەوه و دارەکان ئاو دەدەن و سەوزایی شار بەجوانی دەڕازێننەوە.

کاتێک دەچین بۆ سەیران  بەئارەزوویی خۆمان وێنە دەگرین و خواردن دەخۆین و شایی و گۆرانی دەڵێین بەڵام باشتر خەیاڵ ناکەین بەبیرکردنەوەمان لەو دەستانەی کە ژینگەی سەیرانگاکانمان بەخاوێنی و جوانی ڕادەگرن. بەهیچ جۆرێک هاوکارییان نابین بۆ پاک ڕاگرتنی ژینگەی کۆمەڵگەکەمان.

کاتێک سەیری درامایەکی تەلەفیزیۆنی دەکەین لەگەڵ خانەوادەکەمان دانیشتووین و میوە و چەرەسات دەخۆین بەڵام  هەرگیز کەمێک بیر لەو دەستانە ناکەینەوە کە ئەو تەلەفیزیۆن و کارەبایەی بۆ ئامادەکردووین کە ئەویش  کرێکارانن بەهۆی شەونخونی ماندووبوونیانەوە ئێمە پشوو تێدا دەدەین.

کاتێک خەندە لەسەر لێوەکانمانە بەهۆی شادی خۆشی مناڵەکانم کە جل و بەرگی جوانی بەدڵی خۆیان لەبەرەو ئێمەش جل و بەرگ وپێڵاوی جوانمان هەیە، بەڵام کەمێک ئەندێشەمان وەرناچەرخێت بەڕووی ئەو دەستانەی کە ئەو جل وبەرگ وپێڵاوانەی بەرهەمهێناوە.

کاتێک بەئۆتۆمبیل بەجادەیەک شوفێری دەکەین کەجادەکەی خاوێن و باشە هەرگیز بیر لەو دەستانە ناکەینەوە کە ئۆتۆمبیلەکەیان بەرهەمهێناوە یان کە جادەیان ئامادە کردووە بەخاوێنی و باشی، ئەو دەستانەش دەستی پڕ بەرهەمی کرێکارانن. .
سەرجەم بینا بەرزو ئەپارتمان و میوانخانە و فڕۆکە و فڕۆکەخانە و قیتارو ومیترۆ و پاپۆڕو هەتا دەگاتە شمەک و کاڵا و پێداویستی و خزمەتگوزارییەکان بەهۆی کرێکارانەوەیە ئێمە لێیان سوودبەخش دەبین. بەکورتی کرێکاران هێزی بەشارستانی کردنی کۆمەڵگەن. بەردەوام بەدرێژایی مێژوویی کرێکاران ژیلەمۆی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی نوێتر و جوانترو باشترن، بەڵام زۆر بەداخەوە گرینگی و بایەخی ئەو جۆرە مرۆڤانە نەزاندراوە.

لەکاتی مانگرتن و خۆپیشاندان ناڕەزایەتی کرێکارانی ژینگەپارێزو کارەبا و شارەوانییەکان لەجیاتی دابینکردنی هەقدەست و بیمەی تەندروستی و پێدانی بەخشیش و دیاری، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی زاڵمانەی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوه فشار دەخەنە سەر کرێکاران هەتا مانگرتن و خۆپیشاندان وناڕەزایەتییەکانیان کۆتایی پێ بهێنن.

‎کە زەڕیەک ویژدانتان هەیە لەجیاتی فشاریان لێ بکەن بڕۆن هەقدەستەکانیان پێبدەن و موچەکانیان بۆبگێڕنەوە.
لەکوردستان لەژێر سایەی دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەری بنەماڵەدا  لەشارەوانیەکان لەجیاتی ئەوەی پشتیوانی مافەکانی کرێکاران بن بۆئەوەی موچەکانیان پێ بدرێت، ئەوەتا  بەشەو  دەیانەوێت بەناوی پاکردنەوەی بازاڕەکان فشار لەسەر کرێکاران دروست بکەن، کرێکاری تر بەکرێ دەگرن شەقامەکان پاک دەکەنەوە لەژێر ناوی پاراستنی ژینگە، بەڵام ئامانجی ئەم کارەیان ئەوەیە تاوەکو بانگەوازو پەیام و داوا ڕەواکانی  کرێکارانی ناڕازی  نەگات و دەسەڵاتی ملهوڕو چەوسێنەر زیاتر شیلەی گیانی کرێکارانی زەحمەتکێش بنۆشێت و دزی زیاتریان لێ بکەن و هەقدەست و موچەکانیان لێ دوابخەن.

ئەی خەڵکی ناڕازی لەچەوسانەوە و هەژاری و برسیکردن وەرنە مەیدان بۆ تێکۆشانی هاوپشتی و هاوخەباتی چینی کرێکار لەکوردستان. پێویستە ڕێگا نەدرێت چیتر ماف و هەقدەستی کرێکاران نەدرێت و بدزرێت. ئەو جۆرە فشارەی شارەوانییەکان بۆسەر کرێکاران  زیاتر دەسەڵات و پارێزەرەکانی ڕیسواتر و شەرمەزارتر دەکات.

بۆیە ئەو زەخت کردنە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، ئەگەر پارەتان هەیە کرێکاری ترتان بەکرێ گرتوە بۆ لابردنی خۆڵ و خاشاکەکان فەرمون سەرەتا موچەی سێ مانگی کرێکاران بگێڕنەوە ئەوجا ئەوهەنگاوە بنێن. بەڵام ئێوە دەتانەوێت زیاتر کرێکاران بچەوسێنەوە و بێمافیان بکەن ئەم ڕێگایەشتان هەتا سەر بۆ سەرکەوتوو نابێت چونکە هێزی ناڕازی کۆمەڵگە بەرەو ڕێکخراوبوونی چینایەتی خۆی هەنگاو دەنێت، دڵنییابن بەسەر پێکەوتن و ڕێکخراوبوونی ئەم هێزە چینایەتییە  خۆتان و دەسەڵات و سیستەمەکەتان دەخاتە گۆڕەوە، هەر بۆیە چاکترە هەرچی زووترە بەهۆش خۆتان بێنەوەو ژیانێکی باشتر بۆخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان مسۆگەربکەن و هەرچی زووترە مافەکانیان بۆ دابین بکەن  و هەقدەستی تەواویان پێبدەن.

بە بێ هێنانەدی مافی کرێکار  کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی نایە!
داکۆکیکردن لەماف و بیمەی کرێکاران ئەرکێکی جوانی ئینسانی یه.
کەوایە ئەی خەڵکینە  تکایە! پشتیوانیان بکەن لەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتی یە ڕەوا و بەرهەقەکانی کرێکاران.

ئەگەر ئێمە گرینگی بایەخی کرێکاران نەزانین کۆمەڵگەکەمان زۆر خراپتر وەردەچەرخێت بەرەو چەوسانەوەو نایەکسانی و جیاوازی چینایەتی و بەرزبوونەوەی هەژاری و برسێتی و بێکاری و خراپتر بوونی سەرجەم خزمەتگوزارەییە ڕۆژانەیەکانمان. .
ئەگەر ئێمە قەدری ئەو دەستە قڵیشاوانە نەزانین و گرینگی بایەخی ئەم چینە بەشمەینەتە نەزانین و ئیرادەی ئەم هێزە چینایەتییە باشتر نەبینین ئەوا زیاتر کۆمەڵگە بەرەو وێرانتر دەچێت لەسایەی هەبوونی  دەسەڵاتێکی دڕندە ئاسا و چەوسێنەردا.
لەهەرکۆمەڵگەیەکدا کە ڕۆژانە کرێکاران بێ ماف کران و ژنان کۆمەڵکوژی کران پێویستە شۆڕشی  ڕزگاری بۆ ڕوخانی  دەسەڵات و هێنانەکایەوەی دەسەڵاتی خەڵک و کۆمەڵگەیەکی باشتر ئەنجام بدرێت. ئەوەی لەکوردستان ڕوودەدات بۆ درێژەدانی بێکاری و هەژاری و چەوسانەوە وبێ مافییە  پێویستە خەڵکی ناڕازی بەپشتێوانیکردنی ماف و داواکارییە ڕەواکانی کرێکاران و مامۆستایان و خەڵکی بەگشتی  بەرەو ڕێکخراوبوونییان لەبزووتنەوەیەکی جەماوەری دا هەنگاوی چالاکانە بنێین بۆ گۆڕانکاری لەدەسەڵاتی ئیدارەدان و هێنانەدی نان کار ئازادی لەڕێگای دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی شوراکانی خەڵکەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.