ئیسلامی سیاسی کوردستان و ژن کوشتن!؟ …. نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ئیسلامی سیاسی کوردستان و ژن کوشتن!؟
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
ماوەیەکە دیسانەوە دیاردەی ژن کوشتن لە کوردستان زیادی کردووە بابزانین کێ هۆکارە لەم تاوانی ژن کوشتنە؟ ئەگەر پرسیار بکەی لە هەر هەڵسوڕاوێکی گروپە ئیسلامیەکان بە سەلەفی و ئیخوانی و وەهابیەوە کە ئایا تۆ لەگەڵ ژن کوشتنی لەسەر ناموس؟ دەڵێ نەخێر. بەڵام لەڕاستیدا وەڵامێ پرسیارەکە بەڵێ یە، چونکە کۆمەڵگەی ئەم سەردەمە لێ یان قبوڵ ناکا ڕاستەوخۆ هانی پیاوان بدەن ژن بکوژن، بۆیە دەڵێن نەخێر. بەڵام بە ڕێگای تر هانی ژن کوشتن دەدەن بۆیە وەڵامەکە بەڵێ یە . کاتێ ئەوان بڵێن ژن ئەبێ حیجاب بکا، چونکە حەیاو حورمەت بەهای بەرز ئەبێتەوە ئیتر ئەو ژنەی حیجاب ناکا بێ حەیاو بێ حورمەت و سووک و بێ بەهایە، لێرەوە کۆمەڵگە بانگەواز دەکەن بۆ کوشتنی ئەم جۆرە ژنانە. کاتێ دەڵێن ژن یا کچ نابێ پەیوەندی خۆشەویستی ئەنجام بدا، چونکە حەرامە ئیتر ئەمە دەبێتە بڤە و هەرکەس لەوە لایدا و خۆشەویستی ئەنجام دا ئیتر موعەرەزە بۆ کوشتن . کاتێ دەڵێن ژن دەبێ گوێ ڕایەڵی پیاوەکەی بێ و هەرچی وت نابێ بڵێ نا ئەگەر بۆ خەوتنیش بێ، ئەگەر گوێ ڕایەڵی پیاوەکەی نەکا ئەوە ئەو ژنە بەیاخی بوو وە گومان لێکراو سەیر دەکرێ ئەویش هۆکارە بۆ کوشتن. کاتێ کچ یا ژن پێی بووترێ زەعیفەو کەم عەقڵ هەر کارێکی کرد و نیشانی دا کە بەهێزە وزەعیفە نییە دەبێتە هۆکار بۆ کوشتنی، چونکە دەڵێن ئەوە بەڕەڵایە. کاتێ کچێکی ٩ ساڵە بەحەلال بزانرێ بۆ شووکردن بە پیاوێکی بە تەمەن پاش ماوەیەک ژنەکە لەکێشەی گەورەدا دەژی لەگەڵ مێردەکەی بۆشایەکی گەورەی خۆشەویستی بۆ دروست دەبێ لەو رەسمیاتە یاخی دەبێ جا یا ڕادەکا یا کوڕێکی خۆش دەوێ، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ کوشتنی، چونکە ناموسی خێزانەکەی دەشکێنێ. کاتێ بە ژن دەووترێ تۆ دەبێ لە ماڵەوە بەبێ پیاو یا بە بێ ڕێنوێنیەکانی پیاو نابێ بچێتە دەرەوەو ئەگەر بەبێ ئەوە چووە دەرەوە ئەمە دەبێتە خاڵێکی ڕەش و لە دووبارە بوونەوەیدا ئەگەری کوشتن یا خۆ کوشتنی هەیە. ئیسلامی سیاسی و سەلەفیەکان لەڕێگای میدیاکانیانەوە یا لەڕێگای مزگەت و بانگخوازەکانیانەوە ئەم هۆکارانە فڕێ دەدەنە ناوکۆمەڵگەوە ئیتر زەمینەکە خۆش دەکەن بۆ کوشتنی ژنان لەلایەن پیاوانەوە چ ئەگەر مێرد بێ یا براو باوک و مام و خاڵەوە بێت. چونکە پێیان وایە ژنان ناموسی ئەوانن کە ڕۆژانە لە بڵندگۆی مزگەتەوە یا لە تەلەفزیۆنی ئیسلامی گوێی لێ دەبێ کە ژنان ناموسی پیاوانن. یا پیاو لە ژنەکەی دەدات لەسەر ئەوەی لایداوە لە ڕێنوینیەکانی شەریعەت، بێگومان لێدان و ئەشکەنجە دانی ژنیش ڕێگا پێدراوە لای شەریعەت وئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ژنەکە خۆی بکوژێ یا خۆی بسوتێنێ یا ڕابکات لە ماڵ دواتریش دەدۆزرێتەوە و دەکوژرێ. دووڕوویی ئیسلامی سیاسی بەتایبەت ئەوەی خۆی ناو دەبات بە نەرمتر لەوەدایە لەلایەک خۆی وانیشان دەدات کەدژی ژن کوشتنە کەچی لەولاوە هەموو ئامڕازو هۆکارێکی خستوەتە دەست پیاوانی کۆمەڵگە بۆ شەرعیەتدان بە ژن کوشتن. دەسەڵاتیش هەموو ئیمکانێ دەخاتە بەردەست پیاوانی ئایینی سەر بەم گروپانە تا هۆیەکان و فاکتەرەکانی ژن کوشتن زاڵ بکەن بەسەر کۆمەڵگەدا.