پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا… bopeshawa@gmail.com لەم ژمارەیەدا پشدەر بابەکر وەڵام بە پرسی ڕۆژ دەداتەوە

0

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

لەم ژمارەیەدا پشدەر بابەکر وەڵام بە پرسی ڕۆژ دەداتەوە

دوای سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیروان بارزانی) بۆ توركیا، و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەردۆگان سەرۆكی توركیا، دەنگۆی ڕێكەوتن لەسەر گرێبەستی هەناردەكردنی گازی سروشتی لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ توركیا گەرم بووە. پرسیار ئەوەیە؛ ئایا ئەو گرێبەستە بەدەردی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نەوت دەچێت یان نا؟ كە تاوەكو ئێستا داهات و ناوەرۆكی گرێبەستەكە بەنادیاری ماوەتەوە؟ هەروەها بێدەنگی حزبەكانی ناو پرۆسەی سیاسی كوردستان و میدیای فەرمی ئەو حزبانە خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت!

پشدەر بابەكر رۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی وەڵام بەو پرسە دەداتەوە.

پشدەر بابەکر: مادام هێشتا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەنین ناوەرۆكی گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت ئاشكرابكەن كەواتە؛ دەیانەوێت غازی سروشتی هەرێمیش بە هەمان دەرد بەرن.

حكومەتی هەرێم تا ئێستا یاساكانی پەرلەمانی كوردستانی بۆ دروستكردنی سندوقی داهاتەكانی نەوت وغاز و شەفافیەتی نەوت جێبەجێ نەكردووە. گومانم نییە ئەوانەی دەیانەوێت لەئێستادا غازی سروشتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بكەن نیازی باشیان نییە و بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن، بۆیە ئەركی هەموو لایەكە (خەڵكی كوردستان و حزب و ڕێكخراوە سیاسی و مەدەنیەكانی) ڕێگریان لێبكات. لەكاتێكدا خەڵكی هەرێمی كوردستان بەدەست قەیرانی سوتەمەنی و كارەباوە دەناڵێنێت، لەكاتێكدا چەندین وێستگەی كارەبا دەیان ملیۆن دۆلار لەدروستكردنیان خەرجكراوە بەهۆی نەبوونی غازەوە كارناكەن، و توانای دابینكردنی 3 هەزار مێگاوات كارەبایان هەیە، لەكاتێكدا عێراق كڕیاری غاز و كارەبای وڵاتانی دراوسێیە، چ زەرورەتێكی تێدایە ئێمە غازی خۆمان ڕادەستی توركیا بكەین! بەهۆی هەناردەی سەربەخۆی نەوتەوە بودجەی هەرێم لەبەغدا بڕدرا كە لە ٢٠١٤ وە تا ئێستا  دەكاتە نزیكەی ٦٠ ملیار دۆلار، و دەسەڵاتدارانیش بانگەشەی ٣٣ ملیار دۆلار قەرزدەكەن، سەرباری ئەوەش دەیانەوێت غازیش تاڵان و هەڕاج فرۆش بكەن. دڵنیاشن بەغداد بێدەنگ نابێت، كەواتە دیارە دەیانەوێت نەهامەتیەكی تر بەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان بهێنن.

یەدەگی دڵنیایی غازی سروشتی هەرێم ٥ تریلێۆن و ٧٠٠ ملیار مەتر سێجایە ئەگەر بەشەفافی و دوور لەدزی و گەندەڵی هەناردەبكرێت؟ دەتواندرێت بازدانێكی گەورە لەژیان و ژێرخانی ئابوری دانیشتوانی هەرێم دروستبكات، بەپێچەوانەشەوە قەیرانێكی تر چاوەڕێی خەڵك دەكات.

ئەوەی جێگای نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و مەترسیە، بێدەنگی حزبەكانی هەرێمی كوردستانە، هیوادارم بەزوترین كات هەڵوێستی خۆیان لەوبارەیەوە ڕوون بكەنەوە نەبنە بەشێک لە نەخشە داڕێژەرانی ئەو گرێبەستە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.