بڕیاری دژە کرێکاریی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، دەبێ توڕ بدرێت…

0

بڕیاری دژە کرێکاریی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، دەبێ توڕ بدرێت…

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و بەنووسراوێک کە بەرواری ٣١/١/٢٠٢٢ لەسەرە، بڕیاری داوە کە کەمترین موچەی کرێکارانی لە کەرتی تایبەت (٣٥٠٠٠٠ ) سێ سەدو پەنجا دینار کەمتر نەبێت و بۆ هەر سەعات کارێک (٢٥٠٠) دوو هەزار و پێنجەسەد دیناری دیاری کردەووە.

وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیرە ویژادن مردوەکەی، هەر سەعات کارێکی خۆی بە موچەو دەرماڵەو ئیمتیازاتەکانیەوە چەند بەرابەری موچەی مانگێکی کرێکارە. موچەی ژن و مناڵی ئەو وەزیرو وەزارەتخانەی کە جگە لە بوکەڵەیەکی ساختە بۆ پارێزگاری لەدەسەڵاتی سەرمایەو سەرمایەداری و پاراستنی دەسەڵات و تاڵانچێتی حزبەکان زیاتر شتێکی تر نین، زۆر زیاترە لە موچەی مانگانەی کرێکارانی ژینگە پارێز.  کەچی هێندە ویژدان تۆپیوون سەعات کاری کرێکارێک کە شیلەی گیانیانی تیادا دەڕێژرێ و جەستەیان بەرەو داڕمان دەبات، تەنها ٢٥٠٠ دینارە، کەچی موچەی هەر سەعاتێکی وەزیرەکان، ئەندام پەرلەمان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، بەرپرسان لە سلکی سەربازی و هەواڵگری و جاسوسی…دا، لە هەر سەعاتێکدا چەند سەد هەزارێکە. ئەوە لە کاتێکدایە ئەم وەزارەتخانەو پەرلەمانە… ئەگەر دابخرێن، هیچ لە دۆخی کۆمەڵگە ناگۆڕێت، جگە لەوەی وەکو بارێکی قورس لەسەر کۆمەڵگە لادەبرێن، بەڵام کرێکاران بۆ یەک سەعات کار ڕابگرن، کۆمەڵگە توشی ڕاوەستان دەبێت… ئەو بڕیارە دژە کرێکاریی و دژە ئینسانی و دژە ویژدان زیندووە، بەسە بۆ ناسینی دەسەڵاتی سەرمایە و لەوەش زیاتر بۆ خستنەرووی دەسەڵاتی میلیشیایی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی کە وێنەی لە دنیادا نییە.

ئەو بڕیارەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەبێ وەکو ماڵی قەڵب بدرێتەوە بەسەروچاوی وەزارەتە پوچ و تاڵانچیەکەی و وەزیرەکەی کە بەناوی “دەیگۆرێن” ئەو دیوەخانەی پێبڕاوە. ئەو وەزیرەی” گۆڕان و پەیرەوی ڕێبازی باوکی هەژاران” گۆڕانەکەی ئەوەیە خۆی بۆتە ملیۆنێر و ئینسانی کرێکاریش وەکو سواڵکەر تەماشا دەکات. وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو بڕە سواڵکەرانەیەی بۆ مانگانەی کرێکار دەریکردەوە، بڕیارێکی کویلە ئاسایی بەخشە، بۆیە دەبێ توڕ بدرێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.