دەبێ دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت موچەی کرێکارانی ژینگەپارێز بدرێت بەو ڕۆژانەشەوە کە مانیان گرتووە…

0

دەبێ دەستبەجێ و بێقەیدو شەرت موچەی کرێکارانی ژینگەپارێز بدرێت بەو ڕۆژانەشەوە کە مانیان گرتووە…

زیاتر لە هەزاران کرێکاریی ژینگە پارێز لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکان کە کاریان کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و فڕیدانیەتی، بەهۆی دواخستنی موچەکانیان، کە هەندیكیان، ٧٠ رۆژە موچەیان پێ نەدراوە دەستیان داوەتە مانگرتن. ئەو کرێکارانە کە کارێکی یەکجار قورس و هاوکات کارێکی گرنگ و ئینسانی دەکەن، بەوەی کە شەقام و گەڕەکەکان لەخۆڵ و خاشاک و پیسی پاک دەکەنەوە، سیمای جوانی شار وەکو خۆی دەخەنە ڕوو، کەچی لە جێگای ئەوەی کرێیەکی شیاو و دەرماڵەو چەندین ئیمتیازیان هەبێت، موچەیەکی کەمیان پێدەدرێت کە هیچ خێزانێکی کرێکاریی بەشی هەفتەیەکی بەڕێوەچوونی ژیانی ناکات، بەو حاڵەشەوە ئەو موچە کەمە لەکاتی خۆیدا بە کرێکارەکان ڕەوا نابینن و بەپاساوی پوچ موچەکانیان دوادەخەن. کۆمپانیاکان بە بیانووی وەرنەگرتنی پارەکانیان لە حکومەت موچەی ئەو کرێکارانە نادەن، لە کاتێکدا ئەو کرێکارانە کار بۆ کۆمپانیا دەکەن، نەک بۆحکومەت و پەیماننامەی کاریان لەگەڵ کۆمپانیا هەیە، نەك حکومەت، کەچی کۆمپانیا چاوچنۆکەکان شانی خۆیان لە دانی موچەی ئەو کرێکارانە خاڵی دەکەنەوە و گوێ بەژیان و گوزەرانی ئەو کرێکارانەو گرێبەستی نێوانیان نادەن، کە ئەوان بەرپرسن لە دانی موچەکانیان لەکاتی خۆیدا.

مانگرتنی ئەو کرێکارانە بۆ موچەکانیان هێندە رەوایە، کە پێویستە تەواوی بەشەکانی چینی کرێکار و جەماوەرەی بەشمەینەتی کوردستان پشتیوانیان بکەن. شایانی باسە مانگرتنی کریکارانی ژینگە پارێز، سلێمانی، ڕاپەرین و تەکییە، شۆڕش و چەمچەماڵ، بازیان و سەنگەسەر و قەڵادزێ و  چەندین شوێنی تری گرتۆتەوە و دەستیان داواتە کۆبونەوە و مانگرتن و خۆپیشاندان. کرێکاران بە بەردەوام بوونیان لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکانیان لە بەردەم کۆمپانیاکان و شوێنی کاریان و بە رێکخراوبوون یەکگرتووبوونیان، دەتوانن کۆمپانیاکان ناچار بەداخوازییەکانیان بکەن و لەوەش زیاتر ئەزموونی یەکگرتوویان، لە پێناو زیادکردنی کرێ و خواستەکانی تریاندا، بەدەستەوە بگرن. پاساوی کۆمپانیاکان پوچەو تەنانەت گەر مایەپوچیش بن، دەبێ دەستبەجێ و بێ قەیدو شەرت موچەکانیان پێبدرێت و بەموچەی رۆژانی مانگرتنیشەوە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.