بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك

0

بەشێكی تر لەدەقی قسەی من بۆ مردویەك

 

من هیچ ناڵێم

ئێوە لەو درەختە بریندارە بپرسن

ئەو شەقامە كوژراوە بخەنەوە

سەر ڕێچكەی خۆی

سەرێك بەدرزی ئەو دیوارە شەق و شڕەدا شۆڕكەنەوە و

گوێیەك لەو ڕەشەبا كەساسە بگرن

نامەی ناو گیرفانی ئەو بارانە حەزینە بخوێننەوە

 

من هیچ ناڵێم

ئەگەر سێبەری پیاوێكی كوژراوتان بینی

لەخوێنی خۆیدا گەوزابوو

بەئاگر بڵێن تینێك هەیە لەتۆ بەتینترەو

لەتۆش بەسۆزترە

بابسوتێم باكم بەو پەڵە زەردانە نییە

كە لەسەر ناوچەوانم دروستدەبێت و

بۆ هەرشوێنێك بڕۆم بەودا جەلادەكان ئەمناسنەوە

 

نامەوێت ئەم ژوورە چۆڵ ناكەم و بیر لەگەڕەكێكی ترناكەمەوە

حەزناكەم هاوڕێكانی گۆڕستانم لەخۆم عاجزكەم و كەنامەی سەرەخۆشیم بۆناردن

نەیخوێننەوە

هیچ ناڵێم

ئەگەر سێبەرەكەی خۆمم بەپۆستا

بۆ نەناردیتایە تۆش ئاوا بێڕەحمانە

بەكۆڵانەكانی ڕەشەبادا ڕات نەدەكێشام

 

دەرناچێت سەرم لەم هەموو بێدەنگییەی

خۆم دەرناچێت

بەلای هەر درەختێكی وشك هەڵهاتودا دەڕۆم ناوەكەی خۆم بەسەربەرەو خواری دەبینم

هیچ شتێكم لەگەڵ ئاو و بۆ ناوترێت

وەك ئەوسا حەزناكەم گوێی لەترپەی دڵی خۆم بگرم

 

دراوسێكانم گاڵتەم پێدەكەن

بەدرزی دیوارەكاندا دەزانم

زەنگی كڵێساكان خەڵكی ئەم گەڕەكەی

بێزار كردووە

خۆزگە جارێكی تریش مریەم بەڕوتوو قوتی بێرەدا دەڕۆشتەوەو

هەموومانی  پڕ دەكردەوە

لەگۆرانیەكی نەوتراو

 

هیچ ناڵێم

وەرە با بەگاڵتەوە دەستبەینە یەخەی

یەكترو بەدرۆوە یەكتری خەڵتانی خوێن كەین

ئای خودایە ئێمە چەندە دڵی تۆمان شكاندو

خۆشمان دایە بەر گوللە

نایڵێم لەمەولا هیچ شتێك ناڵێم

………….

میرزا

١٦/١/٢٢

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.