کاکەلاو تەحسین: سەرۆك كۆمار ھیچ نییە جگە لە پۆستێك بۆ دەستكەوتی كەسی و شەڕی ئیرادەی تەسكی حیزبایەتی یەكتری… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کاکەلاو تەحسین چاودێری سیاسی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت لە عێراق…
کاکەلاو تەحسین: سەرۆك كۆمار ھیچ نییە جگە لە پۆستێك بۆ دەستكەوتی كەسی و شەڕی ئیرادەی تەسكی حیزبایەتی یەكتری…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کاکەلاو تەحسین چاودێری سیاسی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت لە عێراق…
بۆپێشەوە: ناو ماڵی “شیعەكان” لێكترازاوە، ئەم لێكترازانە چ كاریگەرییەكی لەسەر پێكهێنانی حكومەت دەبێت؟
كاكەلاو تەحسین: ئەم لێك ترازانە بەسەرەتایەكی باشی دەبینم بۆ دروستكردنەوەی بنەماكانی دەوڵەتداری لە عێراق، جا دەرئەنجامەكەی بە باشی تێپەربێت یان بە توندوتیژی، چونكە دەبێت ئەو بلۆك بەندیەی شیعە، كورد، سونەی عەرەب تێكبشكێت. دەبێت بلۆك و كوتلە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گشتی و كۆكردنەوەی جیاوازی پێكبێت. بۆیە سەرەتایەكی ئاسان نابێت بەس گرینگە.
بۆپێشەوە: لەهەڵبژاردنەكاندا لایەنە شیعەكانی سەر بە ئێران پاشەكشەیان كرد، و باس لەوە دەكرێت ئەو لایەنانە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن، ئایا ئەمە چ كاریگەریەكی لەسەر حكومەتی داهاتوو، و شەقامی عێراقی دەبێت؟
کاکەلاو تەحسین: گەر ئەمە رووبدات؛ ھەنگاوی دووەمی چەسپاندنی بنەماكانی سیستەمی سیاسی تەندروستە، چونكە بوونی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی بەھێز لە لایەك ململانێی چەكداری و توندوتیژی شەقام دەگوازێتەوە بۆ ھۆڵی پەرلەمان، لە لایەكی تر چاودێرێكی بەھێزی حكومەت دروستدەبێت، بەڵام ئەقلیەتی ئۆپۆزسیۆن بوون بە گشتی لە عێراق واتە توندوتیژی و ھەڵتەكاندن و رووخاندنی ھەموو شتێك كە خۆیان بەژدار نەبن تیاییدا.
بۆپێشەوە: موقەتەدا سەدر پێداگری لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زوربە دەكات و دەیەوێت كۆتایی بە حكومەتی تەوافوقی بهێنێت، چۆن دەڕواننە ئەو پێداگرییەی موقتەدا سەدر؟
کاکەلاو تەحسین: ئەوەی سەدر داوای دەكات شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، چونكە دەرئەنجامی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو، كاتێك تۆ یاساكە لە ١٨ بازنەوە دەگۆڕیت بۆ٨٣ بازنەی ھەڵبژاردن، بێگومان ھێزی بچوك ناتوانن سەركەوتووبن، و دەبێتە ھۆی ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی ئاسانتر پێكبێت، ئەمەش بە مەبەستی رزگار بوون بووە لە حكومەتی بنكەفراوان كە تا رادەیەك حكومەتێكی سست و لاواز و ناجێگیرە. ئیتر ئەوەی سەدر داوای دەكات وەك سەرەتا من بە باشی دەزانم بۆ ئەوەی ئەو لایەنەی زۆرینەی حكومەتی دەبێت ناتوانێ خۆی لە ھەڵگرتنی لێپرسراوەتی بدزێتەوە. ھەرچەندە سەدر سیاسیەكی ھەڵبەزودابەزە.
بۆپێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی) لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبینن؟
کاکەلاو تەحسین: جێگەو رێگەی حیزبە دەسەڵاتدارەكانی ھەرێم لە رابردودا تەنھا رۆڵی نێوەندگیریان بینیوە. لە ساڵی ٢٠٠٥ كورد ھاوكاری پێكھێنانی حكومەتی عێراق بووەو نەبۆتە بەشێك لە لایەنداری، كەچی لە بەرامبەردا مافە دەستوریەكانی كورد بەردەوام پاشەكشەی كردووە، بۆ نمونە جێبەجێ نەبوونی مادەی ١٤٠، دروستنەبوونی ئەنجومەنی باڵای ھەرێمەكان، برینی بودجەی ھەرێم، شانزەی ئۆكتۆبەر …بەڵام ئەمجارە كورد بۆتە لایەندار لە پێكھێنانی حكومەت، ئەمەش مانای وایە لە ئەگەری خراپی دۆخی حكومەتی عێراق كاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی حكومەتی ھەرێمیش وە بە پێچەوانەوەش.
بۆپێشەوە: زوربەی خەڵكی عێراق و كوردستان بڕوایان بە حزب و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەكان نەك نەماوە، بەڵكو لێیان بێزارن و لە دەرفەتێك دەگەڕێن بۆ ڕاماڵینیان، چۆن دەكرێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئەو حزبانە بهێندرێت؟
كاكەلاو تەحسین: سەرەتا گرینگە بزانین ئەو ھێزانە لە عێراق و كوردستان بە پشتیوانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ماونەتەوە كە پشتیوانیانیان لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، لەگەڵ بوونی ھێزی چەكدار. وە یاریە سیاسیەكە لە چوارچێوەی شانۆگەری دیموكراسی و ھەڵبژاردن بەردەوامی دەدەن. كەواتە بۆ ڕاماڵین سەرەتا دەبێت ھەڵبژاردنەكان لە كاتی خۆیدا بكرێت تاوەكو لە ھەموو جارێك بازنەی بەرژەوەندیە ھاوبەشەكان بەریەك بكەوێ، بە نمونە ھەڵبژاردن نەبوایە بێحورمەتی دكتۆر بەرھەم بۆ خەڵك روون نەدەبۆوە! ھەڵبژاردن نەبوایە ماڵی شیعە دابەش نەدەبوو، ھەڵبژاردن نەبوایە بارزانی دوو خولی تەواو نەدەبوو ، ھەڵبژاردن نەبوایە گۆڕان رووی راستی دەرنەدەكەوت…بۆیە نابێت بڵێین ھەڵبژاردن ھیچ ناگۆڕێت بەڵكو ھەڵبژاردن روی راستەقینەی دیكتاتۆری ھێزەكان ئاشكرا دەكات، لەوێوە شەرعیەتی حوكم داریان لە چوارچێوەی درۆی ھەڵبژاردن و دیموكراسی رونتر دەبێت، لێرەوە ھێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەكان بە ناچاری توشی پاشەكشە دەبن، تۆ سەیر بكە كاتێك شۆرشی خومەینی دەبێت فەرەنسا نزیكترین دۆستی شایە، بەڵام كە ئەزانێت شەرعیەتی لە كەوتنە پشت دەكاتە شاو بە خومەینی دەڵێ لە فەرەنسا بمێنەوەو لەوێوەش وتارەكانی تۆمار دەكرد. بە كورتی دەبێت ئەو ئیعجابە بۆ دەسەڵاتی ئەمریكاو ھاوپەیمانی كۆتایی پێ بێت لە لایەن بەرەی دژە دەسەڵات، چونكە ئەو زلھێزانەن ئەو دەسەڵاتە دەپارێزن كەچی بۆ سكاڵاكردن لەو دەسەڵاتە دەچینە لای پارێزەرەكەیان كە وڵاتە زلھێزەكانە.
بۆپێشەوە: خەڵكی عێراق و كوردستان لە هەلومەرجێكی سەخت و ناخۆشدان، خواستی نان و كار و خزمەتگوزارییەكان، خواستی زوربەی هەرەزۆری خەڵكی عێراقە… تا چەندە لاتان وایە حكومەتی داهاتوو دەتوانێت وەڵام بەو خواستە سەرەتاییانەی هاوڵاتیان بداتەوە؟
کاکەلاو تەحسین: ئەوەی حەقیقەتە لە عێراق ئەوەیە كە ئەگەر پێكھێنانی حكومەت ئاسان بێت ئەوا بەرێوەبردنی حكومەت ئاسان نابێت، تۆ سەیر بكە جارێك ھیچ نەبووە ماڵی حەلبوسی ساروخی ئاراستە دەكرێ و بارەگای ھاوپەیمانی ئەو سێ لایەنە پەلامار دەدرێت، بیرمانە حكومەتی عادل عەبدوالمھدی چۆن روخێنرا. ئەوەی كاردانەوە بێت بۆ باشتر بوونی ژیانی خەڵك شتێكی ئەوتۆ ناگۆڕێت، چونكە بنەمای كێشەكان نەگۆڕاوە كە خۆی دەبینێتەوە لەدەست تێوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، گەندەڵی، میلیشا، نەبوونی دامەزراوەی دەوڵەتداری بەھێز، سەروەر نەبوونی یاسا، تیرۆر …….ھتد.
بۆپێشەوە: عێراق سیستەمی پەرلەمانییە، لە سیستەمی پەرلەمانیشدا سەرۆك كۆمار پۆستێكی تەشریفاتی و رەمزییە و دەسەڵاتی سنوردارە… هۆكاری ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، چییە؟ پێتوانییە ململانێكانی نێوانیانە لە كوردستان دەیگوازنەوە عێراق؟
کاکەلاو تەحسین: بەر لەهەرشتێك یەكێتی و پارتی ھێز بەیەكتر دەبەخشن لە ململانێی یەكتر، نەك یەكتری لاواز بكەن، واتە پارتی بوونی خۆی لە ھەبوونی یەكێتی دەبینێتەوە، وە یەكێتیش بە ھەمان شێوە. با كەمێك بگەڕێینەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ كە سەرۆك كۆمار دەسەڵاتی ڤیتۆی ھەبوو، كە سەر كۆمار سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای عێراق بوو، كە دەسەڵاتی ھاوشێوەی ئەنجومەنی ھەرێمەكان و پیرانی پێ درابوو وە لە سێ كەس پێكدەھات كە سەرۆك كۆمارو دوو جێگرەكەی بوو، من دەپرسم چی كرا بۆ مادەی ١٤٠ ؟ چی كرا بۆ دەرچواندنی یاسای دروستكردنی ئەنجومەی ھەرێم و پارێزگاكان كە لە دەستور ھاتوە؟
ئەوكات دۆخی عێراق ناجێگیر بوو لە رووی سیاسی و ئابوری وە شەڕی تایفی لە لوتكە بوو، و كورد یەك ریزو یەك فراكسیۆن بوو. ئەی ئێستا بە پێچەوانەوە كورد ململانێی یەكتر دەكەن لەسەر ئەو پۆستە، دۆخی ئابوری ھەرێم پێچەوانەی عێراق لاوازە، دیموكراسی لە ھەرێم پێچەوانەی عێراق زیاتر لە پاشەكشەیە، بۆیە سەرۆك كۆمار ھیچ نییە جگە لە پۆستێك بۆ دەستكەوتی كەسی و شەڕی ئیرادەی تەسكی حیزبایەتی یەكتری، گەر نا چۆن لە كۆبونەوەی سەركردایەتی یەكێتی باڤل و بەشێك لە مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی دەڵێن بەرھەم ٪٨٥ بە كەلكی سەرۆك كۆمار نایەت و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو بێھەڵوێست بووە! كەچی بە زۆرینە كاندیدی دەكەن!!! ئەی چۆن پارتی ھەموو قسەو وتارێكی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و پێشمەرگەیە، ئێستا لە پێناو سەرۆك كۆمار، لەگەل سەدرێك كەوتووە كە بە پێشمەرگە دەڵێ میلیشیا.؟
وە بەڵێ بە كاندیدكردنی دوو كەسی جیاواز لە یەكێتی و پارتی دووبارە درێژەدانە بە ململانێ نێوانیان.
بۆپێشەوە: كارنامەی سەرۆك كۆمار لە دوای لە ١٨ ساڵی رابردوودا، چ دەستكەوتێكی بۆ خەڵكی كوردستان بووە؟
کاکەلاو تەحسین: لە ماوەی ١٨ ساڵی رابردوو دەستكەوتی حیزبی و كەسی تیابووە نەك نەتەوەیی. تۆ سەیر بكە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو ١٤ پارێزگار لە عێراق گۆردرا، بەڵام سەرۆك كۆمار كە گوایە كاضمی ھاورێیەتی و پشتیوانی بووە نەی توانی پارێزگایەك بۆ كەركوك دابنێت! نەك ئەوە بەڵكو سەر كۆمار نەیتوانی بۆ یەك جاریش سەردانی بەغدا بكات.