لە سایەی رەئیسی جەلاددا توندوتیژی بە دژی ژنان زیادی کردوە نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

0

لە سایەی رەئیسی جەلاددا توندوتیژی بە دژی ژنان

زیادی کردوە

نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی

کۆمەڵگەی ئێران ساڵەهایە گیرۆدەی پەتای ماڵوێڕانکەری توندوتیژی بووە و تاکەکانی بوونە قوربانی. کۆماری ئیسلامی ئێران دوای خۆسەپاندنی بەسەر خەڵک زۆر زوو رواڵەتی دژە ژنی خۆی دەرخست و یاسای سەدە ناوەراستی بە پشت بەستن بە یاسا و شەرعی ئیسلام کە تا سەر ئێسقان دژ بە ماف و ئازادی تاکەکان بە تایبەتیی ژنانە پەسەند کرد. ڕژیمی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بەوە گەیشت کە ژنانی پیشڕەو و خەباتکار گەورەترین مەترسین بۆ سەر دەسەڵاتەکەی و هەموو ئامرازەکانی خستە گەڕ تا بەڵکوو بتوانێ ئەو توێژەی کۆمەڵگە بخزێنێتە کونجی ماڵەوە. کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتی خومەینی خوێنڕێژ ئەوەندە ڕوهەڵماڵڕاو بوو کە تەنانەت سزای کوشتن و بەردبارانی ژنانی بە تاوانی خۆشەویستی پەسەند کرد و دەیان ژن لەو ولاتە بەردباران و ئێعدام کران و تا بە هەنووکەش کوشتنی ژنان لەلایەن هاوسەر و برا و باوک و پیاوانی بنەماڵە بە تاوانی داتاشڕاو و بە پشت بەستن بەو شەرع و یاسایە بەردەوامە. چەند ڕۆژ لەمەوبەر لە کرماشان سێ ژن بە دەستی زاوای پێشووی بنەمالە بەبێ تاوان درانە بەر دەسڕێژی گوللە و جەستەیان سڕدرایەوە. هەر وەک ئاماژەمان پێ کرد ژنان لە لایەن ڕژیمەوە هەموو مافە ڕەوا و مرۆڤیەکانیان لێ زەوت کرا، ئەوان تەنانەت لە مافی پۆشش کە سەرەتاییترین مافی هەر مرۆڤێکە بێ بەشن. ساڵەهای ساڵە ژنان لە بەرامبەر ئەو یاسا دژە مرۆڤیانە دەوەستن و  سەرەرای زەبر و زەنگ و سەرکوت  وگرتن و زیندانی هەردەم لە ریزی پێشەوەی خەبات دژ بە ناعەدالەتی دابوون. توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، تیزاب پێداکردن لە لایەن کەسانی سەر بە ڕژیم، پەسەندکردنی یاسای سەدە ناوەڕاستی، ڕوانگەی سێکسیست و بە کەم زانینی ژنان، لێ سەندنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی و پۆستە گرینگەکانی وڵات بە بیانووی ئەوەی ژنان خاوەن هەستن و نیوەی پیاو عەقڵ و شعوریان هەیە، پێناسەی هاولاتی پلە دوو بۆ ژنان و  بەرهەم هێنانەوەی بەردەوامی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی بە دژی ئەو توێژەی کۆمەڵگە شیرازەی کۆمەڵایەتی ئێرانی شێواندوە و کۆماری ئیسلامیش پیلانی دزێوی خۆی بۆ ڕوالەتی نیشان دانی پرسی توندوتیژی و سەرکوتکردن و ملکەچ کردنی ژنان خستۆتە گەڕ، بەلام بە خۆشیەوە تا هەنووکەش هەر ڕژیمی جینایەتکارە بە چۆکدا هاتووە و ژنان بوونە چقڵی چاوی رژیم و لایەنگرانی. لە هەر دەورەیەک لە سەرۆکایەتی پاڵێوراوانی جینایەتکار کە هەموویان سەر بەو ڕژیمە و پەروەردەی ئەو سیستەمە و لایەنگری وەلی فەقیهن بە دروشمی بریقەدار دێنە مەیدانەوە و تاکەکان بە لاڕێدا دەبەن، بزوتنەوەی ژنانی لیبراڵیش بەداخەوە زۆرجار بەپیر ئەو دروشمە بریقەدارانەوە دەچن  و دەبنە سەرەکیترین هۆکاری پەرتەوازەیی و دوبەرەکی لە نێوان بزوتنەوەی بە هێزی ژنان، وەک لە دەورەی خاتەمی دا بینیمان بزوتنەوەی لیبراڵ بە کۆکردنەوەی واژۆ و لەژێر ناوی کەمپەینی  یەک میلیۆن واژۆ چەندە پۆتانسیل و هێزی ژنانیان لەباربرد و دواجاریش بە هیچ ئاکامێک نەگەیشتن. ئەمجارەش دوای هاتنە سەر کاری رەئیسی جینایەتکار بارودۆخەکە زۆر لە ڕابردوو مەترسیدارترە و ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێ.

رەئیسی خۆی یەکێک لە مۆرە جینایەتکار و توندڕەوەکانی کۆماری ئیسلامیە کە دەستی بە خوێنی دەیان ڕۆلەی ئەو وڵاتە بە تایبەتی بەرەی چەپ و ئازادیخواز سوورە و یەکێک بووە لەو جینایەتکارانەی لە ئێعدامەکانی هەشتاکانی ئێران کە بە هەزاران کەسی ئازادیخواز تەنیا بە تاوانی بیروڕای جیاواز بە تایبەتی کۆمۆنیست بوون  کوژران ڕۆڵی مەترسیداری بووە. کۆماری ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی خامنەیی جینایەتکار لە بارودۆخی هەنووکەیی دا کە گڵۆڵەی کەوتۆتە لێژی و سەرەرای ئابلۆقە ئابوریە قورسەکانی کە بە سەری دا سەپاوە و هۆکارەکەشی سەرەرۆیی دەسەلاتەکەی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و دەست راگەیشتن بە چەکی ناوەکی و ملهوڕیەکانی لە بەرامبەر دنیای دەرەوەدا بووە و هەروەها دەمێک ساڵە لە لایەن خەڵکی وەزالەهاتووی ئێران مەشروعیەتی لە دەست داوە، بە دانانی کەسێکی جینایەتکاری وەک رەئیسی ویستی پەرە بە توندوتیژی و سەرکوت بدات و سیاسەتی لە مێژینەی خۆی واتە شەلم کوێرم و هیچ نابوێڕم بەرێوەببات. لەو کاتەوە رەئیسی جینایەتکار وەک سەرۆک کۆمار بەسەر خەڵکدا سەپاوە ڕەشبگیری و  زیندان و ئەشکەنجەی ئازادیخوازان زیادی کردووە و سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلام لە تاکی ئازادیخواز ئاخیندراوە. لەناو ڕەشبگیریەکاندا ژنانی سەربەخۆ و چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەری و ژینگە پارێزێکی زۆر دەبیندرێن، ئەوە نیشانەی ئەکتیڤ بوونی ژنان و بەردەوامیان لە خەبات هەروەها  ترسی ئەو دەسەڵاتەیە لەو توێژە ئازادیخوازە. دەسەلاتی دژە ژن ماوەیەکی زۆرە مینبەرەکانی مزگەوتی کە تێدا پڕوپاگەندە بۆ بیری چەق بەستوو و خورافە دەکەن کردووە بە ئامرازی پەرە پێدانی توندوتیژی بە دژی ژنان و مەلا مێشک بۆگەنەکان بەردەوام پروپاگەندە بۆ توندوتیژی بە دژی ژنان دەکەن و پیاوان رادەسپێرن ژنان سەرکوت بکەن. توندوتیژی و کوشتنی ژنان بە تایبەتی لە ناوچە کورد نشین  و عەرەب نشینەکان کە بوژانەوەیەکی ئابوری لێ نییە و هیچ هەلێکی کاری لەبار بۆ خەڵک لە ئارا دا نییە و هەژاری ڕەها بەرۆکی خەڵکی گرتووە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیاد بوونە. لە مانگی سێپتامبری ٢٠٢١ تا بە هەنووکە نیزیک بە چل ژن لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کە هەموو شارەکان دەگرێتەوە لەلایەن پیاوانی پلەیەکی بنەماڵەوە کوژراون کە تازەترینیان سێ ژن لە شاری کرماشان بوون. مادەی سڕکەر، بێکاری، بێ هیوایی، هەژاری ڕەها کە ژێربینای هەموو توندوتیژیەکانە، سەرهەڵدانەوەی کەم ئەندامکردنی جەستەی ژنان واتە خەتەنە، ڕوانگەی چەواشە، زوو بە شودانی کچانی مناڵ بەهۆی هەژاری ئابووری و بێ دەسەڵاتی، کوشتن ژنان هەروەها  خۆکوژی ژنان و زیادبوونی ڕیژەی ژنانی لەش فرۆش کە ئەویش هەر بۆ نەبوونی ئەمنیەتی ماڵی و سەربەخۆیی ئابووری ژنان دەگەرێتەوە و دەیان و سەدان دیاردەی لەم جۆرە کۆمەڵگەی ئێرانی کرمۆڵ کردووە کە کۆماری ئیسلامی هۆکاری هەموو ئەو دیاردە و کێشە وگرفتانەیە. بەو گشتە نەهامەتی و توندوتیژی و زەبر و زەنگ و سەرکوتە دەبینین کە ڕێژەی ژنانی وشیار و ئەکتیڤ و چالاک ڕۆژ بە ڕٶژ روو لە زیادبوونەو، ژنان ساڵەهایە توانیویانە خۆیان بە ڕێکخستن بکەن و شوێندانەریی ئەرێنیان لە بەرامبەر کێشەکان هەبێ و ئەوان پشت بە هێزی خۆیان دەبەستن و بێ گومان ئەو گشتە ئازارو سەرکوتە ژنانی  لە خەبات نەک سارد نەکردۆتەوە، بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ پێداگرتریان دەکات کە خۆیان چارەنوسی خۆیان بە دەستەوە بگرن. وەک دەبینین لەناو ڕێبەرانی بزوتنەوەی  کرێکاری لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەکی یەکجار زۆر لە  ژنانی تابۆشکین و چالاکی  تێدایە. ساڵەهایە هەر تاکێکی ئازادیخواز دەنگی لە بەرامبەر زوڵم و زۆر هەڵبڕیبێ ژنان بە هانایەوە هاتوون و دەنگیان خستۆتە پاڵ دەنگی و هاواری ئازادیخوازیان سەرداوە. ژنانی ئێران تا گەیشتن بە مافە رەواکانیان دەست لە خەبات هەڵناگرن  وتا هەڵتەکانی ئەو ڕژیمە دژە ژنە و دامەزراندنی سیستمێکی یەکسانیخواز بەردەوام لە ڕیزی پیشەوەی خەبات دا دەبن. بە هیوای نەمان و ڕوخانی ڕژیمی دژە ژن و دژە مرۆڤی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراندنی سیستمێکی سۆسیالیستی و مرۆڤتەوەر کە هەموو تاکەکان خاوەن ماف و ئازادی ڕەها  و وەک یەک بن…

Leave A Reply

Your email address will not be published.