ڕاگەیاندن لەنێوان پڕوپاگەندەی بازرگانی و تێکۆشانی چینایەتییدا نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

ڕاگەیاندن لەنێوان پڕوپاگەندەی بازرگانی و تێکۆشانی چینایەتییدا

نووسینی: عبدالرحمن رسول

گەشەی وشیاری بۆ کۆمەڵگە زۆرگرینگە، لەبەرئەوەی جۆری ئاراستەی کۆمەڵگە دیاری دەکات. گەشەی وشیاری کۆمەڵایەتیش لەژێر کاریگەری چەند لایەنێکی کۆمەڵگەوە ئاراستە دەکرێت لەوانە سیستەم و دەسەڵاتی قۆناغی هەنوکەیی کۆمەڵگەیە کە کۆمەڵگە ڕاستەوخۆ دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، هەروەها زانکۆو لایەنەکانی خوێندن وپەروەردە کەئەمانیش لەژێر کاریگەری دەسەڵاتەوە ئاراسته دەکرێن بۆئەوەی کاریگەری گەشەی وشیاری و پەروەردەیی زانکۆ ڕاستەوخۆ ببێتە کۆڵەکەیەک بۆ پارێزگاریکردن ومانەوەی دەسەڵاتی هەنوکەیی.

دەرئەنجامی ئەمە زانکۆ و لایەنەکانی خوێندن و پەروەردە تاکێکی مرۆڤ بەرهەم دەهێنن کە دەستەمۆی یاساکان و سیستەمی جۆری دەسەڵات بێت بەگشتی، ڕاگەیاندن و بوارەکانی میدیایی بەهەمان جۆری بەشەکانی تر دەخرێنە ژێر چاودێری و پشکنینی سیستەم و دەسەڵاتی هەنوکەیی، هەربۆیە لەژێر هەبوونی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری و نادیموکراتی ئەم جۆرە پاڵەپەستۆیە زۆر زیاترو پڕ هەبوونی سیناریۆ و چەواشەکاری زیاترە بۆ هاوڵاتیان، ئەمەش بۆ ئەوەی هاوڵاتی زیاتر دەستەمۆ و ڕازی بێت بە مانەوەی هەمان دەسەڵات و سیستەمی کۆنەخواز و چەوسێنەری نەگۆڕی چەندەها ساڵە بێت.
هەربۆیەش ڕاگەیاندن و بەشەکانی میدیایی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەهۆی بڵاوکردنەوەی چەندەها نووسین و بابەت و بەرنامەی جۆراوجۆر کاریگەری نیگەتیڤ و خراپ دەخەنە سەر تاکەکانی کۆمەڵگە. خراپی ڕاگەیاندنەکان زیاتر ئەوەیە گیانی ئیرادەی تێکۆشانی چینایەتی کۆمەڵگە دەکوژن و لاوازی دەکەن. کە ماوەی چەندین ساڵە کۆی ڕاگەیاندنەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەوجۆرە بەرنامەو نووسین وبابەت و هەواڵەکانیان بڵاوکردۆتەوە ئەمەش لەبەردوو هۆکار، یەکەم بەهۆی ئەوەی ئەوەی کەلایان گرینگ و بەبەیاخ بووە پەیداکردنی پارەو قازانج بووە، بەلاوە گرینگ نەبووە کە چ دەبێت لەسەر ئاراستەکردنی کۆمەڵگە بەتەنها بەلایانەوە گرینگ بووە پارەی زیاتر پەیدا بکەن، هەروەکو ئامانجی حیزبەکان لەکوردستان. هەربۆیە زۆر ئاسان کێ پارەی زۆرتری پێداون لەوێ و بەدڵ و بەپێی سیاسەتی ئەو کاری میدیاییان ئەنجامداوە. دووەم هۆکار ئەوەیە کە پێگەی دەسەڵاتی جۆری یاسایی شارستانی و ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەجێبەجێکاری یاسایی دا ساڵ لەدوایی ساڵ بەهۆی دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرەوە بەزۆر پاشەکشەی پێکراوە.

ڕاگەیاندنەکان بەردەوام بەرنامەی بەسیناریۆ داڕێژراو بڵاودەکەنەوە بۆئەوەی مرۆڤەکان بەگشتی و گەنجەکان بەتایبەتی بێ ئومێدو بێ هیوا بکەن لەتێکۆشانی ڕێکخراویی چینایەتی و هێنانەدی ماف و ئازادی و کۆمەڵگەیەکی باشتر.

هەروەها  چەندین پارت و ڕێکخراو و گرووپی شێواز جیاواز بەدامەزراندنی میدیای لەشێواز جیاواز دادەمەزرێندرێت، بەڵام بەهیچ جۆرێک ناتوانن خۆیان بدەن لەدانانی  بەرنامەکانی کە تایبەت بە گەشەدانی چینایەتی بۆ ڕێکخراوی چینایەتی خۆیان، وەک خەڵکی کرێکارو بێکارو زەحمەتکێش و چەوساوە ئاراستە و هان بدەن، چونکە وەکو هێڵێکی سووری دەسەڵاتی ملهوڕ و چەوسێنەر دەست نیشانکراوە و کاریگەری نەرێنی خستۆتەسەر بەشەکانی میدیایی و ڕاگەیاندن کەخۆیان لەو هێڵە سوورە نادەن، کەمترین باس و بابەت کە وشیاری چینایەتی لەخۆبگرێت ناکەنە ئەرکی بەرنامەی ڕۆژانەی ڕاگەیاندن و زانکۆ و پەروەردەیییەکانی کۆمەڵگە.

لەگەڵ ئەوەشدا هەر میدیایەک و ڕاگەیاندنێکی  ئەو کۆمەڵگەیە خۆی وەکو میدیاکارێکی پڕۆفیشناڵ و ڕاستکۆ و بوێرو دڵسۆزو متمانەی خەڵک دەناسێنن، بەڵام ناوەڕۆکی گشتیان دوورە لەو وشانە کە وشیاری چینایەتی گەشەپێبدات.

کارەساتی گەورەتر ئەوەیە میدیاکاران و ڕاگەیاندکارانی ژێر دەسەڵاتێکی کۆنەخوازو چەوسێنەر بابەتە سادە و نا گرینگەکانی ڕۆژانەی خەڵک پێچەوانە دەکەنەوە و گرینگی وبایەخی زۆری پێدەدەن بۆئەوەی لەلای خەڵکەوە گرینگی پێبدرێت و کاتی بۆ تەرخان بکرێت، چونکە ئامانجیان ئەوەیە کەلەکۆتاییدا بۆخەڵک دەردەکەوێت کەئەوەی  بینەری بوون یان خوێنەری بوون هیچ سوودێکی ماددی ومەعنەوی بۆئەوان نییە و هیچ لەئازارو ناخۆشی و خەم وکێشە وگرفتەکانی ڕۆژانەیان کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر هاندەدرێن کە دەستەمۆی ڕۆژگاری بێ ئومێدی و چەمانەوەی زیاتری یاساکانی کۆنەخوازو چەوسانەوەی دەسەڵاتی ملهوڕی هەنوکەیی بن.

لەجیاتی ژیانی واقیعی خەڵک بکرێتە بابەتی ڕۆژ و ڕووداو و گرفت و کێشە بەردەوام و ڕۆژانەکەیان بکرێتە بابەتی ڕۆژانەی میدیاکان کە لەگەڵ باسکردنی کێشە وگرفت و قەیرانەکانی کۆمەڵگە گرینگی بە هاوخەباتی چینایەتی خەڵک بدرێت بۆ تێکۆشانێکی باشتر بۆ هێنانەدی ماف و ئازادییەکانیان، ڕێک میدیاکان بەگشتی لەسەر پێچەوانەکەی کار دەکەن و بەرنامە و هەواڵ وبابەت و نووسراوەکانیان بڵاودەکەنەوە. میدیاکان بەگشتی بەئاراستەی بێ هیواکردنی خەڵک و تێکشکاندنی خەباتی چینایەتی خەڵکی چەوساوە وەشان وهەواڵ وبابەتەکانیان بڵاودەکەنەوە.

بەرنامەی هەفتانەیان بەموبەلیغان وئاژیتاتۆران و هەڵسوڕان وقسەکەرانی کۆنەخوازو دواکەوتوو یان خاوەن بیروباوەڕی دژەئینسانی درێژە پێدەدەن. کاتێکیش باسی بارودۆخی ژیانی کرێکارو هەژاران دەکرێت بەجۆرێک باسی دەکرێت وبەرنامەی لەسەر دەکەن کە زۆر لاواز و بێ ئیرادە لەژیان نیشان دەدرێت، داوا دەکەن کە خەڵک خێرو سەدەقەی پێ بکات و بۆئەوەی کرێی خانوو یان خواردن و چارەسەری نەخۆشییەکان بۆ ئەنجام بدرێت. ئەم جۆرە ڕاگەیاندن ڕێک جارێکی تر ملشکاندنی خەڵکی هەژارو زەحمەتکێش و کرێکارو بێکاری کۆمەڵگەیە. لەبەرئەوەی ڕاگەیاندنی دروستی ئینسانی ئەوەیە کە دڵسۆزانە و ڕاستگۆیانە و بوێرانە پشتیوانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و بێکار بکات وەکو ئەوەی کە مافی ڕەوای خۆیەتی کەدەستی ڕابگات بە سەرجەم خزمەتگوزارییەکان و کرێی هەقدەستی ڕۆژانەو مانگانەو بیمەی بێکارو بیمەی تەندروستی و سەلامەتی و خانەنشینی و کۆی بیمەکانی تر وەکو مافێکی ڕەوا هەقی خۆی پێی بدرێت و ناکرێت لەژێر هیچ بیانووێکەوە و ئەومافانەی لێ زەوت بکرێت و پێی نەدرێت، نەک وەکو ئێستا ڕاگەیاندنە کوردییەکان بەرنامەی بۆساز دەکەن بۆ کردنەوەی سندوقی خێر بۆیان کەدواتر کەسیش نازانێت ئەو پارە چۆن و چی لێ بەسەردێت و چەند بەدەست ئەوکەسانە دەگات!! ئەرکی ڕۆژنامەنووسانە ئەمانە پێچەوانە بکاتەوە دڵسۆزانە بەرگری لەهێنانەدی ماف وئازادییەکان بکات.

ئەم جۆرە میدیایانە ڕێک دژایەتی بەرژەوەندی و مافی و چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کۆمەڵگەیە، هەرچی دەیکەن و ئەنجامی دەدەن دەچێته سەبەتەی  بەرژەوەندی دەسەڵاتی چەوسێنەرەوە.
ئەم ڕاگەیاندنانە بەهەمان شێوەی ئەو حیزبە دروستکراوانەی دەسەڵاتە کە بەناوی هەبوونی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن لەکۆمەڵگەدا، کاتێک کرێکارانی ژینگە پاککەرەوەی خیابان وکوچەو شەقام و گەرەکەکان بەهۆی پێنەدانی بیمەو قەدەستەکانیانەوە مانگرتن ئەنجام بدەن و ناڕەزایەتی نیشانبدەن، داوای لەدەسەڵاتی چەوسێنەر بکەن هەتا بیمەو هەقدەستەکانمان بۆ دابین نەکرێت ئێمە لەمانگرتن و خۆپیشاندان وناڕەزایەتی بەردەوام دەبین، کەچی ڕێک لەوکاتەدا ئەو حیزبەی خۆی بە ئۆپۆزیسیۆن ناساندووە بچێت کرێکاری تربەرێت خیابان و کوچەو شەقامەکان خاوێن بکاتەوە، ئەمە ڕێک شکاندنی ئیرادەی کرێکارەو هاوکاریکردنی دەسەڵاتی چەوسێنەرە.

ڕاگەیاندنی دڵسۆز و میدیای دڵسۆزی پێشکەوتنی  کۆمەڵگە پێویستە پەیامە مرۆڤ دۆستەکانی لەسەروویی پڕوپاگەندەی سیاسی و حیزبی  و بازرگانییەکانییەوە بێت. واتە دڵسۆزانە لەخەمی گەیاندنی پەیام و بانگەوازی چینایەتی خەڵکی بێکارو کرێکارو هەژارانی کۆمەڵگەکەیدا بێت زیاتر گرینگی و بایاخ بە پەیامی  هاوخەباتی و تێکۆشانی چینایەتی خەڵکی کۆمەڵگەکەی بدات.
ئەم کارەی ناو میدیاکانی ڕاگەیاندنەکان شەڕێکی ترە بەرامبەر بە خەڵک بۆ تێکشاندنی ئیرادەی ئینسانی، کەلەلایەک دەسەڵاتی ملهوڕو کۆنەخوازو چەوسێنەر بەربۆتە گیانی خەڵک. ڕۆژانە لەڕێگای گەشەدان بە جیاوازی چینایەتی و زیاتربوونی هەژاری و بێکاری و گرانی و خراپی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ڕێگای هاتووچۆو و پیسکردنی زیاتری ژینگەی کۆمەڵگە مرۆڤەکان تووشی نەخۆشی کوشندە دەکات و دواتر لەناویان دەبات. لەلایەکی تریش کاتێکیش خەڵک هاتە سەرخیابان و شەقامەکان بەرفیشەک و گوللەیان دەدات و زیندانیان دەکات و تۆمەتیان بۆ دروست دەکات هەتا دادگایان بکات سزایان بدات بە زیندانیکردن و لەسێدارەدانیان. ئەمەش بەئامانجی چاوترسێنکردنی خەڵکی تێکۆشەری ناڕازی کۆمەڵگەی کوردستانە. هەتا ئەوانەی ناڕازین بەتایبەت گەنجە تێکۆشەرەکان لەبێزاری و تووڕەییان کۆمەڵگەکەیان بەجێ بهێڵن و سەنگەری تێکۆشانی خیابانەکان لاواز بکەن و ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپابن، بەلای دەسەڵاتەوە گرینگ نییە چۆن دەبنە قوربانی و چارەنووسیان چیان لێ بەسەر دێت. ئەوەی لەلای بەرپرسانی دەسەڵاتی چەوسێنەرو دز گرینگە تەنها مانەوەیانە لەدەسەڵات.

بەکوردی و بەکورتی  لەهەموو لایەکەوە فشار دەخرێتە سەر شانی گەنجان و خەڵکی کۆمەڵگەی  کوردستان بەگشتی ڕۆژ دوایی ڕۆژ زیاتر دەیکەنە قوربانی و گیانیان لە چەوسانەوە وبێمافی وسەرکوتدا هەڵدەلوشن.

خاڵێکی تریش کەپێویستە زیاتر گرینگی پێبدرێت وەکو… لایەنێکی نەرێنی و لاواز کە ئەویش زیان بە گیانی تێکۆشانی خەڵکی ناڕازی دەگەیەنێت وەکو مەکینەیەک ئیرادەی مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەهاڕێت و لاوازو بێ ئیرادەی دەکات، ئەویش پەرتەوازەی هێزی ڕاگەیاندن و میدیایی بزوتنەوەی کۆمۆنیستییە بەسەرجەم باڵ و لق و گرووپ و ڕێکخراو حیزبەکانیانەوە، ئەم پەرتەوازەیە بۆتە مۆرانەیەک بۆ جەستەی تێکۆشانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی چینایەتی خەڵکی چەوساوەو کرێکارو زەحمەتکێش وبێکارانی کۆمەڵگە. بەردەوام ڕوحیەتی فیداکاری دادەڕوخێنێت ئەم پەرتەوازەییە کە لەڕوویی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی شیوعی و کۆمۆنیستییەوە هەیە.
ئەم گرووپ و حیزبانە لەڕوویی ئۆپۆزیسیۆن بوونەوە لەجۆری شۆڕشگێڕی زیاتر دادەخورێن و کاڵ دەبنەوە دەچنە چوارچێوەی بزوتنەوەیەکی ناوچەیی گرووپ بەندییەوە، نەک بەرەو گەشەکردنی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی چینایەتی ناو خیابان و شەقامەکان لەئێران عێراق و کوردستان هەنگاوبێنێن، زۆر بەداخەوە دەڵێم هەریەکەیان بوونە گرووپێکی کەم لەچوارچێوەی حیزبی شۆڕشگێڕی  چینایەتی وا خەریکە زیاتر دەچنە دەرەوە، وا لە مەیدانی تێکۆشانە جەماوەرییە چینایەتییەکە خەریکە هێواش هێواش خەریکە بەخشکەیی گوزەر بکەن بچنە دەرەوە، تەنها لەچوارچێوەی گرووپ بەندی شیکاری و مەکتەبی، باسی کۆمۆنیزم و شۆڕشی کرێکاری وسۆشیالیزم دەکەن، بەڵام شەقام و خیابان و کارگە و مەیدانەکانی کرێکاران و بێکاران خاڵییە لە بزوتنەوەی ناڕەزایەتی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی کەمۆری ئاڵای سووری لێدرابێت.
هەر حیزبە و گرووپ و ڕێکخراوێک خاوەن میدیایەکە لەسایت و ماڵپەڕو پەیج و ڕادیۆیەک، بەڵام هەروەک بزوتنەوە کۆمۆنیستییەکە خاڵییە لەڕاگەیاندنێکی هاوبەشی پڕ کاریگەر. ئەمەش جارێکی تر لێدان وفشارێکی ترە بۆسەر شانی گەنجانی شۆڕشگێڕ بەتایبەتی و خەڵکی ناڕازی شەقامەکان بەگشتی کە بەرەو بێ ئومێدی و بێ هیوایی ئاراستەیان دەکات.

کاتێک دەبینێت لەهەموولایەکەوە بەرەی شۆڕشگێڕی چینایەتی دادەڕووخێت و پەرتەوازەتر دەبێت، دیسان وەکو بێ پشتوو پەنا هەنگاو دەنێنەوە لەخیابان و شەقامەکان کەخۆیان نازانن چۆن و چ کاتێک دەبنە قوربانی، ناشزانن کام هێزو کام حیزب بەرهەمی تێکۆشانەکانی ناڕەزایەتی شەقامەکان و ڕاپەرینی  ئەم قۆناغ و سەردەم دەچنێتەوە.

دەرئەنجام ئەرکی حیزبە شیوعی و کۆمۆنیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانە گەشە بە ڕاگەیاندنی هاوبەشی بدەن لەپێناوی گەشەو سەرکەوتنی خەباتی چینایەتی چینی چەوساوەو کرێکار و زەحمەتکێشانی کۆمەڵگەدا بەرەو ڕاگەیاندنێکی ڕادیکاڵانە هەنگاوبنێن. لەژێر ناونیشانی نان، کار، ئازادی، ئیدارەدانی شورایی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.