پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا… bopeshawa@gmail.com لەم ژمارەیەدا جیهاد محەمەد وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە پشووە ڕەسمیەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

0

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

لەم ژمارەیەدا جیهاد محەمەد وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

پشووە ڕەسمیەکانی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت؟

جیهاد موحەمەد: ڕاستی لە هەموو وڵاتێکیدا، لە هەموو ئیدارەیەکی سەربەخۆدا، وەک ئیدارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ساڵانە چەندان پشووی ڕەسمی هەیە. پشووەکان سەرجەمیان بە یاسا ڕێکخراوان. وەک پشووی ڕۆژانی نەتەوەیی و ئاینیی و جەژنەکان. هەندێک پشووی لە ناکاو هەیە، بە هۆکاری ڕوودانی کارەساتەکان، وەک جەنگێکی کوتوپڕ، کارەساتی لافاو، کارەساتی بەفر و باران و زریانی زۆر و ترسناک یان کارەساتی بوومەلەرزە. هەڵبەت زۆرجار ئەم پشووە لە ناکاو و پێویستیانە، کە مەبەست پاراستنی گیانی هاوڵاتیانە، تەنها ئەو ناوچە و شار و شارۆچکانە دەگرێتەوە کە کارەساتەکە تیایدا ڕوو دەدات.

پشووە ڕەسمیەکان لە هەرێمی کوردستاندا، جەژنە ئاینیەکان و نەورۆز و هەندێک بۆنەی تایبەتی دەگرێتەوە، وەک پشووی یانزەی ئازار. بۆ جەژنە ئاینیەکان وەک جەژنی ڕەمەزان ٣ سێ ڕۆژ پشووە، جەژنی قوربان ٤ چوار ڕۆژ پشووە. پشووی فێرگەکان بە پێی ستانداری جیهانی ئەبێت تەنها ٢ مانگ بێت، بە نموونە لە ٢٠ی مانگی شەشەوە تا ٢٠ی مانگی هەشت. دیارە هەر وڵاتە و بە پێی سارد و گەرمی و مەناخی وڵاتەکەی خۆی بڕیار دەدات لە چەندەوە دەست پێ بکات بۆ چەند، گرنگ ئەوەیە تەنها ٢ دوو مانگ بێت.

بە پێی یاسای/پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا ئەبێت ڕۆژانی خوێندن و کرانەوەی فێرگەکان ١٧٠ ڕۆژ بێت، هەفتەیەک لانی کەم پێنج ڕۆژ و ڕۆژی لانی کەم ٤ چوار سەعات ئەبێت خوێندن هەبێت.

 ئەم پێشەکیەم بۆیە بۆ خوێنەران نووسی، کە لەگەڵ ڕەخنەکانیشمان لەسەر ئەم پشووە زۆرانە، بە چاوپۆشیمان لە ڕەخنەکانمان. بۆچی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندان جار ئەم پشووانە درێژ دەکاتەوە بە پاساوی بێ مانا؟ ڕاستیەکەی ئەوەیە، کە ئەم ئیدارە و حکومەتە وەک هەر کارێکی تریان گوێ نادەن بە گەشەی ئابووری و کارکردن و چالاکیەکانی پەروەردە و خوێندن، ئەوەی لایان گرنگە داپۆشینی ئەو بێکاریە زۆریە کە یەخەی خەڵکی کوردستانی گرتووە، چونکە لە هەر پشوویەکدا کە چەندان ڕۆژ دەخایەنێت، ئەیکەن بە پاساو بۆ ئەوەی کە خەڵک لە ماڵەکانی خۆیاندا بمێنەوە و بیانووی هەلی کارکردنیان ببڕن بە ناوی پشووەوە. جگە لەوەش ئەم پشووە بێ مانا و بێ بەها و نا پێویستیانە بۆ ئەوەیە کە ناڕەزایەتییە یەک لە دوای یەکەکانی خەڵکی ناڕازی بوەستێنن. هەر ئەوەندەی فێرخوازانی زانکۆکان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان و پێیان داگرت لەسەر مافە ڕەواکانی خۆیان بۆ بێدەنگکردنیان حکومەت پەنا بۆ داخستنی زانکۆکان دەبات. بێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کە داخستنی مەڵبەندی مەعریفی لەگەڵ هەموو ڕەخنەیەکمان لەسەر خوێندنی باڵا، زیانێکی گەورە بە مەعریفە و خوێندن دەگەیەنێت.

سەرەڕای ئەمانە هەمووی لە بەفربارینێکی وەک ئەوەی ئەم ساڵ کە چەند ناوچەیەکی گرتەوە، حکومەت یەکسەر پشووی بۆ چەند هەفتەیەک ڕاگەیاند، کە ڕاستیەکەی تەنها لە سلێمانیدا دوو رۆژ پێویست بوو، لە پێنجوێن و تەوێڵە و بیارەدا ڕەنگە یەک هەفتە زیاتر پێویست نەبووبێتت.

پشووی یانزەی ئازار وەک ئاماژەمان پێدا یەک ڕۆژە، بەڵام ساڵانە لە ١١ی ئازارەوە دەکرێت بە پشوو هەتا ٢٢ی ئازار.

Leave A Reply

Your email address will not be published.