ئۆڵۆمپیاتی پەکینگ و چەند ڕووی سەرمایەداری…. نووسینی: بنار مستەفا

0

ئۆڵۆمپیاتی پەکینگ و چەند ڕووی سەرمایەداری

نووسینی: بنار مستەفا

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە پەکینگی پایتەختی چین ڕێوڕەسمی دەسپێکی ئۆڵۆمپیاتی زستانە بەڕێوەدەچێت. لە پاڵ کۆرۆنا و حاڵەتی نائاسایی دنیای ئەمڕۆدا، هاوکات لاوازی دۆخی مافی مرۆڤ لە چین هاتۆتە ئاراوە و باسێکی گەرمە. تا ئاستی ئەوەی هەندێک لە وڵاتان بایکۆتی دیپلۆماسی ئۆڵۆمپیات بکەن.

بایکۆتی ئۆڵۆمپیات بابەتێکی نوێ نییە و لە سەردەمی جەنگی ساردا دیاردەیەکی بەرچاو بوو. ئەمریکا و زیاتر لە ٤٠ وڵاتی تر ساڵی١٩٨٠ بایکۆتی ئۆڵۆمپیاتی مۆسکۆیان کرد. لە بەرانبەردا یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی نزیک لەم بلۆکە بایکۆتی ئۆڵومپیاتی ١٩٨٤ی لۆس ئانجلسیان کرد. هەروەها لە زۆر پاڵەوانێتی وەرزشی تردا لەسەر بنەمای هێڵی سیاسی و هاوپەیمانی بڕیاری بایکۆت پیادە دەکرا.

لە جەنگی ساردا وەرزشکاران دەبوونە قوربانی جەنگی سیاسییەی زلهێزان و هەڵبژاردەی بایکۆت. گەیشتن بە ئۆڵومپیات خەونی سەرەکی وەرزشوانانە و لە پێناویدا ڕاهێنانی بەردەوام ئەنجام دەدەن و لە دەوری ڕوتینی ژیانی بۆ دادەڕێژێن. بەڵام بڕیاری بایکۆت بەهۆی سیاسەتی وڵاتانەوە ڕەنگە ئەو تەنها چانسەی بۆ گەشتن بە ئۆڵۆمپیات هەیانبوو، بە ناچاری لە گۆڕ بنێت.

بایکۆتی ئەم جارەی وڵاتان لە بەرانبەر چین دیپلۆماسییە. واتە وەرزشکاران نابنە قوربانی و وڵاتان دیپلۆماتکارانی خۆیان نانێرینە پەکینگ. تا ئێستا دە وڵات و لە نێویاندا بەریتانیا، ئوستڕالیا، هۆڵندا، دانیمارک و کەنەدا ڕایانگەیاندووە، کە بە هۆی خراپی دۆخی مافی مرۆڤ لە چین، بایکۆتی دیپلۆماسی ئۆڵۆمپیات دەکەن.

ئەوەی وەرزشوانان نابنە قوربانی لە هەڵبژاردی بایکۆتی وڵاتاندا، هەنگاوێکی ئەرێنییە بە بەراورد بە سەردەمی جەنگی سارد. هەروەها ئاماژەدان بە لاوازی دۆخی مافی مرۆڤ لە چین و گرتنەبەری ڕێوشوێن لە شکڵی بایکۆتی دیپلۆماسی، خاڵی پێشڕەون و پێویستە هەمیشە لە بەرانبەر ئەو وڵاتانەدا بگرێتە بەر، کە بە ڕێکخستنی بۆنەی وەرزشی هەوڵی داپۆشینی سیاسەتی چەپەڵ و دژەمرۆییان دەدەن. بەڵام کاتێک فراوانتر لە سیاسەتی ئەم وڵاتانە ورددەبینەوە، ئەم هەڵوێستەیان بەرگەی پێداچوونەوە ناگرێت.

ئەم وڵاتانەی بڕیاری بایکۆتی دیپلۆماسی ئۆڵومپیاتی پەیکینگیان داوە بەهۆی خراپی دۆخی مافی مرۆڤەوە، پەیوەندی دیپلۆماسیان بە گشتی لەگەڵ چین نەپچڕاندووە. بەجیا لەوەش پەیوەندیییەکی فروانی ئابووریان لە نێواندا هەیە. گەورە سەرمایەدارانی ئەو وڵاتانە بۆ گەشتن بە هێزی کاری هەرزان بەشێک لە کارگە و پڕۆژە پیشەسازییەکانیان دەبەنە چین. بۆچی هەموو ئەم پەیوەندییە فراوانانەی تر بە ئاسایی تەماشا دەکەن و نیازیان نییە هەڵوێستێکی تر نیشان بدەن؟

ئەمە نمونەیەکی بچووکە لە دووڕووی “یان دروستتر چەند ڕووی” وڵاتانی سەرمایەداری لە هەڵویست و سیاسەتیاندا. وڵاتانی وەک چین و قەتەر بە ڕێکخستنی بۆنەی وەرزشی ناتوانن پێشێلکارییەکانیان بشارنەوە، وڵاتانی ڕۆژئاواش بە هەمان شێوە بە ڕاگەیاندنی بایکۆتی دیمپلۆماسی ڕووخساریان بە بەرگیرکاری مافی مرۆڤ ناگۆڕدرێت، بەڵکو دووڕووی و چەند ڕووی ئەم سیستەمانە، نیشان دەدات.

 

کۆتایی جانیوەری ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.