تاڵیبان بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی خەڵکی ئەفغانستان ناکات نووسینی: ئەکرەم عەبدوڵا

0

تاڵیبان بە هیچ جۆرێک نوێنەرایەتی خەڵکی ئەفغانستان ناکات

نووسینی: ئەکرەم عەبدوڵا

رۆژی یەک شەممە رێکەوتی 23  ی ئەم مانگە وەفدێکی تاڵیبان لەسەر بانگهیشتی وەزارەتی دەرەوە گەیشتنە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج. میوانداریەکەیان 3 رۆژی خایاند، تێچووی ئەم سەفەرەیان لەسەر حکومەتی نەرویج کە برەکەی نزیکەی 20 ملیۆن کرۆن بوو. ئەمەریکا دوای فەشەلی سیاسی و سەربازی لەعێراق، ئەفغانستان دووەم ولاتە کە هێزەکانی پاشەکشە پێ ئەکات و ئەو کۆمەلگەیە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 40 ملیۆن ئینسان ئەبێت دایە دەست تیرۆریستانی تاڵیبان. ئەمانە نەک نامۆن بە کۆمەڵگەو کەسانی ئازادیخوازو سیکۆلاری ئەم سەردەمە، و بەهیچ پێوانەیەک ناگونجێن بۆ دەسەلاتدارێتی و بەرێوەبردنی کۆمەڵگە، بەڵکو ئەگەر بەرژەوەندی ئەمەریکاو چاوچنۆکی ولاتانی سەرمایەداری جیهان نەبوایە، ئەبوایە تاڵیبان و دەستەوتاقمە ئیسلامیەکانی تر وەک و شتە ترسناکەکان و زیانبەخشەکان لە کۆمەڵگە دوور بخرایانەتەوە. لەماوەی مانەوەی 3  رۆژی وەفدی ئەفغانستان بێجگە لەنەرویج، ولاتانی تری ئەوروپی وەک ئەلمانیاو فەرەنساو بەریتانیا کۆبوونەوەیان لەگەل کردووە. ئەم کۆبوونەوانە بەشێوەیەکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ نیشانەی دانپێدانانی ئەم ولاتانەیە بە دەسەلاتە کۆنەپەرست و دیکتاتۆریەکەی تاڵیبان. لە سالی2001 دا کە گروپی تیرۆرستی قاعیدە کارە تیرۆریستەکەی ئەمەریکای ئەنجامدا، ئەمەریکاو ولاتانی ئەوروپی قاعیدەو تاڵیبانیان خستە ناو لیستی تیرۆرەوە. دوای ئەو هێرشە ئەمەریکا بە ولاتانی جیهانی راگەیاند یان لەگەڵمان بن یان دژ، دواتر دەستی دایە هێرش بۆسەر ئەفغانسان و داگیری کرد، کە بووە هۆی روخانی دەوڵەتی تالیبان و داسەپاندنی دەولەتێک بەخواستی خۆی بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا . 20 ساڵ جەنگ لە ئەفغانستان بووە کوشتنی هەزارەها سەربازی ئەمەریکی و خەلکی بێ دیفاعی ئەو وڵاتە. پێنج  ملیۆن ئینسان ئاوارەبوون بۆ ولاتانی ئێران و پاکستان بێجگە لەو ژمارە زۆرەی کە ئاوارەی ئەوروپا بوون، وێرانکردنی سەرخان و ژێرخانی ئەو کۆمەڵگەیەو تا کار گەیشتە بەوەی خەلکی لەنزمترین ئاستدا ژیان بەسەر بەرن. رادەستکردنی ئەفغانستان بە گروپی تیرۆریستی تالیبان کە خاوەن میتۆدێكە کە هی 14  سەدە پێش ئێستایە، جارێکی تر خەڵکی ئەفغانستان بەگشتی و ژن و منالانی ئەو کۆمەلگەیە خرایەوە ژێر دەسەلاتی شەریعەت و کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی، نابوت کردنی هەر وێنەو سیمایەکی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئەفغانستان کە ئەمەش سەرەنجام باجە گەورەکە خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش ئەبێت بیدات. ئامانج له‌م سه‌ردانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌ مرۆییه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ و خوێندن بۆ كچان و ژنان و به‌شداری ژنان له‌ حكومه‌ت و داموده‌زگاكانی تاڵیباندا، له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ناوبراودا گفتوگۆ بكرێت، لە بەرامبەریشدا داوای تالیبان لەم دەولەتانە بەپێی راگەیاندنەکانی دەوڵەتی نەرویج، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئەفغانستان لە ئەمەریکاو دانپێدانانی دەسەلاتەکەیی و بەردەوامی کۆبونەوەکانیان بێت لەگەل وڵاتانی ئەوروپیدا. بانگهێشتکردنی تالیبان وەک و نوێنەرو قسەکەری ئەو کۆمەڵگەیە ناحەقیەکی گەورەیە کە نەوریج و ولاتانی ئەوروپی بەرامبەر خەلکی ئەفغانسان ئەنجامی ئەدەن، ئەوان سەپێندراون بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا، نەک لەرێگەی هەلبژاردنێیکی ئازادانەوە دەنگیان پێدرابێت. هیچ هێزو لایەنێک ناتوانێت ئەو هەقە بەخۆی بدات کە دان بەو تاوانبارو تیرۆریست و ئینسانکوژانە بنێت وەکو نوێنەری خەلکی مەحرومی ئەفغانستان. خۆشباوەرییەکی زۆری سیاسەتمەدارانی نەرویج و ئەوروپا بە ئیسلامی سیاسی گەیشتۆتە ئاستێک کە پێیان وایە ئەتواندرێت میانرەوبن و رێز لەمافەکانی مرۆڤ و ژنان و منالان بگرن و ئازادی هەلسورانی سیاسی بۆ خڵلک دابین بکەن. تێروانینێکی ساویلکانەو خۆڵکردنە چاوی کۆمەڵگەی ئەورپییە دەربارەی حیزب و گروپە ئیسلامیەکانی خۆرهەلاتی ناوەراست کە بوونەتە هۆی وێرانکردنی کۆمەڵگەکانیان. تیرۆری ئازادیخوازو رۆشنبیر و داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ئافرەتان و بەرەوابونی ئیغتیصابی منالان بەناوی زەواجەوە و سەرکوتکردنی هەر دەنگێکی ئازادیخواز کە دەنگ هەڵبرێت لەو کۆمەڵگەیانەدا کە تالیبان و حیزبە ئیسلامیەکانی تر بالادەستن تیایاندا. بانگکردنی شاندی تاڵیبان بۆ ئەوروپاو کۆبوونەوە لەگەڵیدا و هێنانیان بە فڕۆکەی تایبەت بە پارەی نەرویج کە ملیۆنەها کرۆنی تێ ئەچیت، پاریزگاریکردن لێیان، هەموو ئەو ئیدیعایانە پوچ ئەکاتەوە کە زیاتر لە 20 سالە لەسەر تیرۆر لەدەزگا راگەیاندنەکان و کۆبونەوە رەسمیەکانی خۆیاندا ئەمەریکاو ولاتانی ئەوروپی ئەیدەن بەگویی خەلکی ئەم گۆی زەویە. درۆیەکی گەورەو مایەپوچە کە بە تالیبان و داعش و بوکوحرام و گروپ و حیزبە ئیسلامیەکانی تر ئەلێن دژیانین و ناویان لە لیستی رەشی تیرۆردا داندراوە. یەکێك لە بەشداربوانی شاندە 15 کەسەیەکەی تالیبان بۆ گفتووگۆ هاتببون بەناوی (ئەنەس حەقانی) تەمەن 27 سال لە ئەمەریکادا خراوەتە لیستی رەشەوە، ناوبراو برای بچوکی سەراج الدین حەقانیە (سەراجەدین حەقانی سەرۆکی بزووتنەوەی حەقانیە و ئێستا وەزیری ناوخۆی تاڵیبانە. ئەو بزووتنەوەیە لەپشت زۆربەی کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەم ساڵانەی دواییەوەیە کە بۆتە هۆی مەرگی هەزاران کەس لە خەڵکی مەدەنی.) ئەنەس حەقانی لەلایەن لێکۆلەرەوانی فیدرالی ئەمەریکا داواکراوە بە تۆمەتی هێرشی تیرۆریستی یەکێک لەوکارە تیرۆریستیانەی ئەنجامیداوە هێرش بوو بۆ سەر هوتێل سیرینا سالی 2008 لەکابول، وە یەکێک لە کوژراوەکانی ئەوهێرشە رۆژنامەنوسێکی نەرویجی بوو بەناوی (کارستن تۆماسن) تەمەن 38 ساڵ. بەم هەنگاوەیان نەرویج و ولاتانی تری بەشدار بوو لەکۆبونەوەکانیان لەگەل شاندی تالیبان سەلماندیان، ئەوانەی کاری تیرۆریستی ئەکەن و پێشتر لە لیستی رەشدا بوون ئێستا ئەتوانن بە فرۆکە هاتوچۆ بکەن و ولاتانی ئەوروپا بگەرێن بێ ئەوەی هیچ کەسێک لێیان بپرسێتەوە، کە ئەمە هیچی تر نییە بێجگە لە سوکایەتی بە خەڵکی ئازادیخوازی ئەفغانستان و ولاتانی دونیا، کە سالانێکی زۆرە خەبات لەدژی حیزب و گروپە ئیسلامیە تیرۆریستەکانی ناوچەکە ئەنجام ئەدەن. بۆیە نە حکومەتی نەرویج و نە هیچ ولاتێکی تر بۆی نییە تالیبان وەک و نوێنەرو قسەکەری خەلکی ئازادیخوازی ئەفغانستان بناسێنن. نابێت کۆمەک و ئیمکاناتێک کە بۆ خەلکی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەفغانستان رەوانە ئەکرێت لەم وەزعە ناخۆشەی کە تێێ کەوتوون بدرێتە دەست بەرپرس و چەکدارانی تاڵیبان، چونکە ئەوان بە هاوکاری ئەمەریکا داسەپێندراون، نەک هەلبژێردراوبن لە لایەن خەلکی ئەفغانستانەوە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.