چی لەپشتی ڕووداوەکەی حەسەکەوە بوو؟ ڕێگاچارە چییە؟ نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

0

چی لەپشتی ڕووداوەکەی حەسەکەوە بوو؟ ڕێگاچارە چییە؟

نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە

ئەوەی لەم ڕۆژانەدا لە حەسەکە ڕوویدا و پەلاماری زیندانی داعشە دەسگیرکراوەکان درا لەلایەن داعش و شانە نووستوەکان و ئەوانەی لە دەرەوە هاتبوون، لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت. یەکێک لەو ڕوانینانە  ئەوەیە کە ئەمە پیلانێکی نەخشە بۆدارێژراو بووە لە لایەن تورکیاو بەرەی ناتۆوە بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان لە بەرانبەر روسیاو هاپەیمانەکانی کە ئێستا سوپایەکی سەدان هەزار کەسی لە سنوری ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە بۆ هەڕەشە لە ئۆکرانیاو لە ناتۆش. ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کرد و بەیەکەوە داعشیان سەرکوت کرد. ئەوە وەکو سەرکەوتنێک بۆ بەرەی ئەمەریکا و ناتۆ، دێتە پێشچاو و هاوکات هۆشداریەک بوو بۆ روسیا لە ئۆکرانیا، کەویستیان لەو رێگایەوە بە روسیا بڵێن ئەوە هێزی ئێمەیە و هێرش بۆسەر ئیمە و هاوپەیمانەکانمان لە هەر سنورێکەوە، هێڵی سورە.

پیلانەکە بەتورکیا  سپێردراوەو لە سەرەتاوە تورکیاش بەمەبەستی لێدان لە ئەزموونی ڕۆژئاوا پێشوازی لێ کردووە، بەڵام  تورکیا لەم مەئموریەتەیدا و بەهۆی شکستی داعشەوە، توشی ریسوایەکی تر هات و شکستی خوارد. بەشداری و هاوکاری ئەمریکا بۆ هیزەکانی سوریای دیموکرات، لەم چالاکیەدا بۆ ئەوەبوو تا بتوانێت جارێکی تر هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنێ، لەبەرانبەر رەقیبە روسی و سوریەکەی گرنگی مانەوەی هێزەکانی خۆی  لە خاکی سوریا، بە پاساوی مانەوەو مەترسی داعس درێژ بکاتەوەو هاوکاتیش پەیامێک بدات بە هەرەشەکانی روسیا لەدژی ئۆکرانیا.

بۆ بەرەی ئازادیخوازی دونیا سەرکەوتن بەسەر تیرۆریزمی ئیسلامیدا لەلایەن هەر هێزێکەوە بێت جێگای پیشوازییە. لێرەدا هێزەکانی سوریای دیموکرات و ژنان پیاوانی چەکداری حەسەکە هیزی سەرەکی و بناغەیی لە تیکشکاندنی پلانی تورکیا و داعشدا بوون. بەڵام ئەمریکا و دەیەوێت ئەم سەرکەوتنە بەناوی خۆیەوە تۆمار بکات و لەڕۆڵی هیزەکانی سوریای دیموکرات کەم بکاتەوەو کەم رەنگی بکات.

 ئەمریکا و غەرب کە خۆیان هۆکاری دروستبوونی داعش و رەوتە هاوشیوە ئیسلامیەکانیانن، ناتوانن ئەم چالاکییە لەدژی پلانی داعش، بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەن، بەتایبەتیش کە ئەمریکا و غەرب خۆیان لەسەر ترۆپکی تیرۆریزمی نێو دەوڵەتیدا، جێگایان گرتووە. بەجیا لەوەش تیرۆریزمی نێو دەوڵەتی بەدژی تیرۆریزمی ئیسلامی، زۆتر تاکتیکی و بڕگەییە و ئەمریکا و غەرب زۆر سانایە بۆیان لە پێناو بەرژەوەندیەکانی خۆیان دەست بکەنە ملی تیرۆریزمی دەستەو تاقمە ئیسلامیەکان و ئەزموونە قێزەونەکەشی بە فەرمی بناسن، ئەزموونی جەنگ لە دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان باشترین بەڵگەی زیندووە، کە چۆن تاڵیبانیان روخاند و پاشانیش چۆن هەر خۆیان هێنایانەوە سەر دەسەڵات. ئەوە بەجیا لەوەی تیرۆریزمی نێو دەولەتی ئەمەریکا کە بووەتە هۆی کوشتن و برسیکردنی سەدان ملیۆن خەڵک لەشەرەکانی و گەمارۆکانی لە ڤیتنام و عێراق و ئەفغانستان و کوبا و ڤەنزوێلا و سۆماڵ و زۆر وڵاتی تر و یەکێکە لەو وڵاتانەی چەکی کیمیایی و فۆسفۆری و کۆکوژو ناوکی لەدژی بەشەریەت بەکارهێناوە.

بەرەی  کۆمۆنیست و چەپ و ئازادیخوازی دونیا، ئەمریکای ئەمپریالیست و بە سەرچاوەی تیرۆر و ژینگەسازکردن بۆ تیرۆر دەزانن. دەزانن ئەمەریکا چی دەوێ و چۆن ئامادەیە لە پێناو سیاسەتەکانی خۆیدا  دەست بخاتە ناو دەستی چەپەڵ ترین رژێمی ئینسانکوژ و تاقمی تیرۆریست. تورکیا بە بەرچاوی ئەمریکاو  غەربەوە، عەفرینی داگیرکردو لافاوی خوێنی خولقاند، کەچی بێدەنگەیان لێی کرد و بەم بێدەنگەکردنەش هەم پشتیوانیان لەم داگیرکارییە کرد و هەمیش بوونە پشتیوانی بەکردەوەی ئەو داگیرکارییە ئاشکرایە.

 بۆیە خۆشباوەڕی هاوپەیمانی کردن لەگەڵ ئەمەریکا لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاواوە جێگای رەخنەی بەرەی کۆمۆنیست وچەپ وئازادیخوازی دونیاو بەتایبەت کۆمۆنیزمی کرێکارییە .

پشتیوانیکردن لەدەسکەوتە مرۆیەکان کە لە ڕۆژئاوا کە بوونەتە یاسا وەک بەرێوەبردنی کۆمۆنی و هێنانە مەیدانی ژنان و هەوڵدان بۆ یەکسانی ژن و پیاو وە هەلوەشانەوەی سزای لە سێدارەدان و هاوسەرگیری مەدەنی وهەندێ یاسای تر و نەبوونی گەندەڵی  و دزینی سامانی گشتی لە لایەن دەسەڵاتدارانیەوە گرنگە. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە هاوپەیمانیەتی کردن لەگەڵ ئەمریکا و خۆ هەڵواسین بە سیاسەتەکانی ئەمریکاوە جێگای چاولێ پۆشین بێت. دیارە ئەو هەنگاوانەی دەسەڵاتی رۆژئاوا لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی چەپ وکۆمۆنیستەکان وهێزی رادیکاڵی کۆمەڵگای جیهانیە، کە لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەرەوە لەزۆر وڵاتی تری جیهان بوونەتە دەسکەوت و یاسا   .

لە هەر کۆمەڵگایەکی چینایەتی و باڵادەستی بۆرژوازیدا ئەم دەسکەوت و یاسایانە ناکاتە ئەوەی باڵی دەست ڕۆشتووی بۆرژوازی پێشکەوتووخوازو ئینسان دۆستە، بەڵکو دەکاتە ئەوەی ئەم باڵانە زیاتر کەوتوونەتە ژێر کاریگەرەی بەرەی پێشکەووتووخوازو ئینسان دۆستەوە. ئەو ‌هیزانەی لە ڕۆژئاوا حاکمن،  هێز گەلێکی پۆپۆلیست و ناسیونالیستی سەر بەچینی بۆرژوازین و پێشکەوتووخواز نین. چونکە هیشتا کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژئاوا لە ژێر رکێفی سیستەمی سەرمایەداریە و کاری کرێ گرتە وبێکاری دیاردەکانی تری ناو کۆمەڵگای چینایەتی سەرمایەداری بوونی هەیە، لێرەدا دەمەوێ بە ئاشکرا ئەوە بڵێم لە رۆژئاوادا هەر بۆرژوازی حاکمە و سەرمایەداری بوونی هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا لەدەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان جیاوازترن و بەشێکی جیاوازییەکانی خۆیان نیشانداوە، بەڵام ئەوەی جیاو دابڕاوبن لە رەوتی بۆرژوا- ناسیولیست، دورەو لە راستیەوە. دەسەڵاتدارانی باشور یا هەرێمی کوردستان، نەک لە ژێر کاریگەری چەپ وئینسان دۆستیدا نین، بەڵکو زۆر بە توندی دژی دەسکەوتەکانی مرۆڤن کە لە کوردستانی سوریا و وڵاتانی ئەوروپی و ڕۆژئاواو یابان و کۆریاو روسیاوچین وکوبا..هتد بەدەست هاتوون .

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەو راستیە دەزانن کە دەسەڵاتی ڕۆژئاوا لە ژێر کاریگەری چەپ و ئازادیخوازی و ئینسان دۆستیدایە، تەنانەت کۆپیەکی پەکەکەیشە کە خۆی دژیەتی، بەڵام هێشتا هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە پێکدەهێنێ، چونکە سوریا بەشیوەی گشتی تا ئێستا سەنتیزو ناوەندێکی یەکلایی کردنەوەی ململانێی نێوان بلۆکە جیهانیەکانە، هەر کام لەو بلۆک و قوتبانە دەیانەوێت کەڵکی خۆیانی لێوەربگرن.

 ئەم دووڕووییەی ئەمەریکا مەترسیدارە، چونکە ئەمریکا تا ئەوەندە هاوپەیمانی دەکا بەرژوەندییە ئیمپریالیستیەکانی خۆی بەدەست بێنێ.

بۆ ئەوەی ئەم مەترسییە نەمێنێ دەبێ چینی کرێکارو زەحمەتکێشی ئەو دەڤەرە خۆیان رێکخراو بکەن شان بەشانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی سوریا، لە هەوڵی رووخاندنی رژێمە فاشیەکەی سوریادا بن و دەسەڵاتی شورایی خۆیان دامەزرێنن، لە ڕێگای ریفراندۆمەوە چارەنووسی ڕۆژئاواش دیاری بکرێ خەڵکی کورد خۆیان بڕیار بدەن بۆ جیابوونەوە وسەربەخۆیی یا پێکەوە ژیانێکی یەکسان لەگەڵ خەڵکی سوریا.

بەم ڕێگایە دەکرێ سەرجەم یاریەکانی ئەمەریکاو روسیاو تورکیا وسوریا کۆتایی بێت ژیانێکی ئارام وخۆشگوزەران و ئازادی ویەکسانی بەدی بێ و چیتر بەرژوەندیە ئیمپریالیستەکان خەڵکی ئەم ناوچەیە نەخەنە ژێر نائارامی شەڕوکوشتاری تیرۆریستانەی خۆیان وداعش و تیرۆریستە ئیسلامیەکانی ترەوە .

Leave A Reply

Your email address will not be published.