شەپۆلی سەرما و بەفرو باران، هێندەی تر ژیان لە هاوڵاتیانی نەدار و هەژار تاڵ دەکات!

0

شەپۆلی سەرما و بەفرو باران، هێندەی تر ژیان لە هاوڵاتیانی نەدار و هەژار تاڵ دەکات!

بەم دوایانە شەپۆلێکی سەرما و باران و بەفر، هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، لە کاتێکدا جەماوەری بێبەش و نەداری کوردستان، چاوەروانی باران بوون بۆ ئەوەی لە هەرەشەی وشکە ساڵی و لێکەوتەکانی بەدوور بن، کەچی بارانێکی کەم، سەدان خانووی بەسەریاندا ڕوخاند و بەدەیان کەسیش بوونە قوربانی. چاوەروانی بەفر بوون و

سەرمایەک کە لەگەڵ بەفرەکە هات، ماڵە ساردو سرەکانی، بەهۆی نەبوونی سوتەمەنیەوە ساردتر و ژیانکردن تیایدا سەختر کرد، چەند خێزانیکیش بوونە قوربانی غازی سۆباکان و گیانیان بەخشی.

جەماوەری بێبەش و هەژاری کوردستان، لەپاڵ گرانی و بێکاری و نەبوونی سەرەتاییترین خزمەتگوازرییەکان، شەپۆلی سەرما و باران، ژیانی بەرەوە شێواوی بردون، هۆکاری ئەمەش بێدەربەستی دەسەڵاتی سیاسییە، کە لەگەڵ ئەوەدا کۆمەڵگە لەسەر دەریای نەوت و غازە، بەڵام هاوڵاتیەکانی دەستیان پێی ناگات و گرانی نەوت و غاز، بەجۆریکە کە خێزانە کریکار و زەحمەتکیشەکان توانای کرینیان نییەو دەسەڵاتیش ئامادەنییە سوتەمەنی پێویستیان بۆ دابین بکات. لەوەش واوەتر ئەم دەسەڵاتە هێندە لاباکە، کە تەنانەت ئامادەیی بۆ روبەڕووبوونەوە لەگەڵ کەمترین شەپۆلی سەرما و باران و بەفردا نییە، و جەماوەر بەهۆیەوە یان رەق دەبنەوە یان دەبن بە خەڵوز و یانیش لافاو لەناو ماڵەکانیادا ئامبازیان دەبێت و ئازیزانیان دەرفێنێت… ئەو کارەساتانە لە کاتێکدا روودەدەن، کە چەند مەتر ئەولای خانووە هەژار نشینەکان، ژیانی شاهانەی بێ مەترسی کۆشکەکانی سەرمایەداران و بەرپرسە حزبیەکان، دەچەرخێ و خەبەرێک لەسەرماو و لافاو نییە. ئەمە چ دنیایەکە کە بۆ کەمایەتیەک بەهەشت دەچەرخێ و بۆ جەماوەرێکی فراوان، دۆزەخێک هەڵدەسوڕی و هەدا نادات و قوربانی دەوێت.

هۆکاری ئەم واقعیەتە تاڵە، نابەرابەری چینایەتییە. بوونی دەسەڵاتێکە کە پایەکەی لەسەر زوڵم و بێمافی جەماوەری فراوانی خەڵک رۆنراوە، تا کەمایەتیەک تەنها بەو هۆیەوە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهینان و سامانن، شاهانە بژین و جەماوەری نەدار و هەژاریش، نەدارتر و هەژارتر بن و ببنە قوربانی نەبوونی و دەست تەنگی… دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، دەسەڵاتی کەمایەتیەکی تاڵانچییە کە نوێنەرایەتی چینی داراو سەرمایەداران دەکات، ئەو دەسەڵاتە تاوانباری سەرەکی هەموو موسیبەتەکانی ئێستای جەماوەری بێبەشە و سەرئەنجامیش دەبێ لە راپەرین و خرۆشانی سبەینێ چەوساوەکاندا باجی ئەم تاڵانیی و ستەم هەزار سەرە بدات، بەتایبەتی کە ئینسانی ناچار بەوە کردووە بەهۆی نەبوونی ماڵی تۆکمەو و کارەبا و سوتەمەنییەوە، قوربانی بدات.

Leave A Reply

Your email address will not be published.