پێویستە بێریڤان ئەیوب و سەرجەم گیراوەکانی بادینان دەست بەجێ و بێ قەیدو شەرت ئازاد بکرێن!
پێویستە بێریڤان ئەیوب و سەرجەم گیراوەکانی بادینان دەست بەجێ و بێ قەیدو شەرت ئازاد بکرێن!
بێریڤان ئەیوب ژنە چالاکوانی بادینان، یەکێک لەو کەسانەیە کە لەگەڵ دەیان هەڵسوڕاو و چالاکوانی تری بادینان، لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠٢٠ دا دەستگیرکراوە. بێریڤان بەهۆی بەشداری لە خۆپیشاندانەکان و لە پێناو داخوازی موچە و خزمەتگوزارییەکان، دەستگیر کراوە، بەڵام دەسەڵاتی سەرکوتگەر و مافیایی پارتی بە یاسای تایبەت بە تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانی دەستگیری کردووە، واتە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی بۆ داتاشیوە. لەوەش زیاتر ساڵێک و چوار مانگە لە زینداندا راگیراوە بێ ئەوەی دادگایی بکرێت و ڕێگەش بدرێت وەکو پێویست پارێزەرەکەی ببینێ… لەو ماوە دوورو درێژەی زیندانی کردنیدا تەنها چەند جارێک ئەویش لەو چەند مانگەی دواییدا ڕێگە بەبینینی پارێزەرەکەی دراوە. بێریڤان لەبەرامبەر بە… مامەڵەی دادگادا کە دادگایی خستنی دواخستوەو دوا دەخات، چەندین جار دەستی داوەتە مانگرتن، بەو هۆیەشەوە تەندروستی تێکچووەو توشی نەخۆشی شەکرە بووە.
ئەم مامەڵەیەی پارتی لەگەڵ گیراوەکانی بادینان و هەڵسوراوانیدا، و تۆمەت بۆ داتاشینیان، هێندە رەفتارێکی قێزەون و نا ئینسانییە، کە دەزگا سەرکوتگەرەکانی بەعسی گۆڕ بەگۆرمان بەبیر دێنیتەوە. پارتی لە کاتێکدا تۆمەتی تێکدانی ئاساێشی نیشتیمانی دەداتە پاڵ هەڵسوڕاوان و چالاکوانانی بادینان، کە بەرچاوی خەلکی کوردستان و دنیاوە، هیزی سەبازی و دەیان بنکە و بارەگای تورکی و ئیرانی لەسەراسەری کوردستاندا هەن و تەراتێن دەکەن. لەقوڵایی کوردستاندا بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان و کادر و ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکی و ئیرانی تیرۆر دەکرێن و دەفرێنرێن…
بەخشینەوە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، بۆ هەڵسوڕاوانێک کە بۆ موچەو خزمەتگوازرییەکان بەشداری خۆپیشاندانیان کردووە، هێندە درۆیەکی ئاشکرایە، ناتوانێت کەس فریوبدات، جگە لەوەی دەسەڵات هێندەی تر دەخاتە بەردەم بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە و رقی شۆرشگێرانەی جەماوەری ئازدایخواز ئەستورتر دەکات.
پارتی بە دەستگیرکردنی هەڵسوراوانی بادینان و هێشتنەوەیان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێک بی داگایی و یەکێتی بە دەستگیرکردنی هەڵسوڕاوان و لەبەرکردنی جلی پرتەقاڵی… ترس و هاوکات ماهیەتی سەرکوتگەرانەو کۆپی ئاسای داعش و بەعسی خۆیان، نیشان دەدەن.
جەماوەری ئازادیخوازو ئینسان دۆست، لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ و دادوەرانی سەربەخۆ و پێشکەوتنخواز، هەموو حزب و ریکخراوەیەکی سیاسی ئازادیخواز و رێکخراوە جەماوەری و پیشەیی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەرکیانە بۆ ئازادکردنی بێریڤان ئەیوب و سەرجەم گیراوەکانی تر، تەوژمێکی تری نارەزایەتی فراوان وەرێبخەن و ئەو رەفتارە بەعسی و داعش ئاسایەیەش، ریسوا بکەن و دنیای شارستانی لی ئاگادار بکەن….