ناسیونالیزمی کورد و ”یەکڕیزی“ نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

ناسیونالیزمی کورد و ”یەکڕیزی“

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

لەیەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقدا، پارتی بەپێی ڕێکەوتنێکی پێش وەختە پشتیوانی لە “رەوتی سەدر و سونەکان” کرد و دەنگی بە کاندیدەکانی ئەواندا. یەکێتی نیشتیمانی لە ژێر ناوی نەبوونە بەشێک لە ململانیی ناو خانەوادەی شییعەی سیاسی، لەگەڵ گروپەکانی حەشدی شەعبی و سەر بەئێران هۆڵی کۆبونەوەی پەرلەمانیان بەجێ هێشت و دەنگیان بەکاندیدەکانی رەوتی سەدر و سونەکان و کاندیدەکەی پارتی نەدا، دوای ئەوە دوبارە مەسەلەی سواوی یەکرێزی کورد، هێنرایەوە ئارا.

بەشی زۆری ئەوانەی مەسەلەی یەکریزی ناو ماڵی کوردیان بەدەستەوە گرتووەو نیگەرانن لەوەی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە و لە ژێر یەک چەتر و بەیەک پڕۆژە مامەڵە لەگەڵ هێزە سیاسیەکانی عێراق ناکەن، ئەو خێڵە لە نووسەر و توێژەری سیاسیین، کەبەنرخی رۆژ نان دەخۆن و فرمێسکی تیمساحی بۆ کێشەی کورد هەڵدەوەرێنن، بێ ئەوەی هەڵگری هیچ رێگاچارە و بۆچوونێکی شیاو بن بۆ ئەم پرسە. بەشکیشیان کادر و بەرپرسانی راسپێردراوی حزبین کە دەیانەوێت لەهەر بڕگە و وێستگەیەکدا کە پارتی ویەکێتی هەڵوێستی جیا دەگرنە بەر، بەرگری لە سیاسەت و هەڵوێستی حزبەکانیان بکەن و خوڵ بکەنە چاوی جەماوەری بێبەشی کوردستانەوە.

هەموو ئەو خێڵە لە نووسەر و توێژەر و لێکۆڵەرو کادرە حزبیەکان، ئەو راستیە دەزانن کە پارتی و یەكێتی دوو ‌هیزی سیاسی خاوەن دەسەڵاتن کە هەر یەکیکیان نۆکەر پیشە و وابەستەی یەکێک لە وڵات و بلۆکەکانی ناوچەکەیە، کە لەگەڵ یەکتری لە ململانێدان، کەچی دەخوازن یەکڕیز بن!!. دەزانن ئەو دوو حزبە لەڕیگای میلیشایی چەکدار و سەرکوت و دەست بەسەراگرتنی داهاتی خەڵکی کوردستانەوە خۆیان داسەپاندووە، کەچی دەیانەوێت پارتی و یەکێتی دەستیان لەناو دەستی یەکتریدا بێت. یەکێتی و پارتی لە جەنگێکی هەمیشەیدان لەگەڵ یەکتری لە پێناو قەڵەمرەوی دەسەڵاتی زیاتردا کەچی دەڵێن یەک ریز بن. یەکێتی و پارتی دوو هێزن کە سەربەخۆیی سیاسی و بریاری سیاسی و زۆرجار بریاری رێکخراوەیشیان، سەربەخۆ نییە و هەمیشە لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی وابەستەیانن ئاراستە دەکرێن.

یەکیتی و پارتی ئەگەر لە حاڵەتێكی تایبەت و لەهەندێ کاتدا ڕیک بکەون لەگەڵ یەکتری، دوور و نزیک پەیوەندی بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستانەوە نییە، بەڵکو لە رێگای هەژمونی دەرەکی و بۆ بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەییان، دەست دەبەن بۆ ئەو ڕیکەوتننامانە، کە دیارە هیچ رێکەوتننامەیەکیشیان نییە کە هەردوولا بەتەواوەتی پێوەی پابەند بووبن، بەڵکو هەمیشە پەراوێز و کەناڵەکانی دژایەتی یەکتریان هێشتۆتەوە و بوونی ئەو دژایەتیەی یەکترشیان وەکو کارتێک بۆ مانەوەی خۆیان و ڕاگرتنی جەماوەرەکەیان بەدەستەوە گرتووە.

گەورەترین لێکدانەوەی هەڵە ئەو بۆچوونەیە کەدەڵێت، ناتەبایی پارتی و یەکێتی لە بەغدا و دنیای دەرەوە کاریگەری لەسەر ناتەبایی و لێکترازان لە هەرێمی کوردستاندا دەبێت، لەکاتێکدا پێچەوانەی ئەو بۆچوونە دروستە. ئەوە ناتەبایی و ململانێی دەسەڵاتی نێوان پارتی و یەکێتی لەهەرێمە کە لە دنیای دەرەوەو بەرامبەر هیزە سیاسیەکانی عێراقدا، بە پەرتەوازەیی زۆرتر خۆی نمایش دەکات. هۆکاری ناتەبایی لە بەغدا، رەنگدانەوەو دەرهاویشتەی ململانێی و بەردەوام نەپساوەی ناتەندروست و نائاسایی دەسەڵاتە لە هەرێم.

لەو کاتانەش کە پارتی و یەكیتی بەیەکەوە لەگەڵ بەغدا و هێزە سیاسیەکانیدا چوونەتە دانوستاندن و سازانەوە، مەبناکەی هیچ خواست و داواکارییەکی خەڵکی کوردستان نەبووە و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان هیچ جێگایەکی نەبووە، بەڵکو بەناوی خەڵکی کوردستان و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانەوە، گیرفانی حزب و بنەماڵەیان پڕ کردووە، پۆستیان وەرگرتووە، بەڵام بۆ خەڵکی کوردستان بوونەتە بەڵاو مایەی دەردەسەری و ئەو کاتانەش لەگەڵ بەغدا و دنیای دەرەوە توشی بنبەست بوون، دوبارە خەڵکی کوردستانیان وەکو زەخیرەی دەربازبوون لە ئەزمەکانیان بەدەستەوە گرتووە. لە بیست ساڵی رابردوودا پارتی و یەکێتی بەتەباییان یان بەنایەکرێزی” چ دەستکەوتكیان بۆ خەڵکی کوردستان بووە؟ نەک دەستکەوتیان نەبووە بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو خودی پرسی سیاسی خەڵکی کوردستانیان پاشەکشە پێکردووە، خواستی خەڵکی کوردستان و کیشەی سیاسی خەڵکی کوردستانیان گۆڕیوەتەوە بە بودجە و پۆست و بۆ حزب و بنەماڵەکانیان.

پارتی و یەكێتی تەبا بن و یان لێکترازاو، هیچ لەو راستییە ناگۆڕیت کە ئەوان دوو هیزی بۆرژوازی کوردن و کە بەخۆ هەڵواسین بە ستەمی دەیان ساڵەی سەر خەڵکی کوردستان، دۆزخەیان بۆخەڵکی کوردستان بەتایبەتیش بۆ چینی کریکار و جەماوەری نەدار خوڵقاندووە. دیارە وەفدی هاوبەش، یان ڕیکەوتنی کاتی، بەدەستەوەگرتنی یەک پڕۆژە لەهەندێک بڕگەدا، بەمانای “یەکڕیزی” نایەت.

ئەوەی تائێستا پێگەی ناسیونالیزمی کوردی هێشتۆتەوە لە عێراقی دوای سەدام حسێندا، هیچ پەیوەندی بە یەکڕیزی یان ناتەبایی پارتی و یەکێتیەوە نییە، بەڵکو بەرهەمی بینانەبوونەوەی عێراق و لاوازی حکومەتی ناوەندییە بەبەراورد بە هێزی میلیشیایی حزب و رەوتە بۆرژوازییەکانی عێراق. بە واتایەکی تر پارتی و یەکێتی و بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر لاوازی و حکومەت لە ناوەند و ململانێی نێوان هێزە بۆرژوازییەکان لە عێراقدا، توانیویانە بەشییان لە عێراقدا بمێنێتەوە، کە دیارە تا هاتووشە ئەو بەش و بەشداریەیان کلک و گوێ کراوەو لە ئێستادا تەماحی پارتی و یەکێتی بەشێوەی سەرەکی بودجە و پۆستە، پۆستەکانیش پۆستی تەشریفاتی و بێ دەسەڵات، بەڵام بەئیمتیاز و موچەی چەورەوە کە حزبیش خێری لێ ببینێت.

پارتی و یەکێتی و سەرجەم هیزەکانی بۆرژوازی کورد ئەگەر بەتەواوەتیش یەکریز بن و خاوەن یەک پرۆژەی گشتی و دوورمەوداو ستراتیجی بن، بە پێیەی نوێنەرایەتی هیچ خواست و ویستیكی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر بەبەغدا و بزوتنەوەی ناسیونالیستی و ئیسلامی سیاسی لە عێراقدا ناکەن. ناتوانن بەر بەرەوتی داروخان و داکشانیان بگرن. لە ئێستادا ناسیونالیزمی کورد تەنها رۆڵی چاولەدەستی لە بەغدا بۆ بودجەیەکی نارۆشن و چەند پۆستێک دەگێرێت و لە کوردستانیش رووبەڕووە لەگەڵ نارەزایەتیەکی فراوانی جەماوەری و خواست بۆ راماڵینیان، شەپۆل دەدات.

پارتی و یەکێتی دوو دەسەڵاتی خاشاکن. دوو دەسەڵات کە دەتوانرێت بڵێین خڵتەی سەرجەم دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دژە ئازادی، کۆنەپەرست و خێڵەکی، نۆکەر پیشەو کرێگرتە، و دیکتاتۆر و دواکەوتوەکانی میژووی هاوچەرخن. رێگاکانی “یەکریزی” نێوان ئەو دوو هیزە، بن بەستن. پارتی و یەكیتی بەهۆی بێ ئاسۆیی سیاسیان بۆ ئایندەی سیاسی کوردستان ناتوانن، پرۆژەیەکی هاوبەشی دوورمەودا، ستراتیژیەکی هاوبەش بۆ ئاییندەی سیاسی کوردستان، وەڵامی گونجاو لەبەرامبەر پێشهات و ڕوداوە گرنگەکاندا، بەدەستەوە بگرن.

یەکڕیزی نیوان پارتی و یەکێتی بە شێوەی نەنووسراو گشتی بەڵام بە کردەوە، وەستانەوەیانە بەرووی خەڵکی کوردستان و ماف و ئازادییەکانیاندا، تاڵانی و دزی و ئاشکرایە، بەرامبەرکێیە بۆ کپکردنەوەی دەنگی ئازاد و ئازادیخوازی. بەرگریکردنە لە کۆنەپەرستی. پێشبرکییە لەسەر نۆکەر پیشەیی بۆ وڵاتانی ناوچەکە. ساتو سەودایە لەگەڵ رەوت و حزب و لایەنە سیاسییە کۆنەپەرستە قەومی و دینی و تایفیەکانی عێراق، لە پێناو پارەو پۆستی ناچیز.

ناوەراستی جەنیوەری ساڵی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.