هەموو ڕۆژێك بەناوەڕاستی خنكاندا ئەپەڕمەوە ئەوبەر

0

هەموو ڕۆژێك بەناوەڕاستی خنكاندا

ئەپەڕمەوە ئەوبەر

…………..

 

لەوێ هیچ شتێكم بۆ نانوسرێتەوەو

هەموو جەستەم لەجوڵە جوڵ دەكەوێت

ئەوەی بەلای گوێچكەما دەڕوات

تەنها ورتە ورتی مردوەكانەو بەشانو باڵی یەكتردا هەڵدەدەن

خۆمم لەبیرچۆتەوە

لە گڵۆپێكی شكاو دەچم نیوەم وردوو خاش بووەو نیوەم

بەسەرمەوە جێماوە

 

لەوێ كۆڵان نییە

ئەمسەرو ئەوسەری شەقامەكانیان

توندتوند گرێداوە

بەدبەختی پیاوێكی سەرخۆشیان

بەلقی زڕتویەكدا شۆڕكردۆتەوە

تینوێتیم بەم ئاوە ناشكێت

گەڕان بەدوای خوادا هیلاكی كردوم

 

ڕۆشتنم بەبێ پەسپۆرت بۆماڵی

نیشتیمانە نەعلەتیەكان نائومێدیان كردوم و

لەخۆمیان هێناومەتە دەرەوە

حەزم بەبیستنی ئەم دەنگە زبرانە نییە

نازانم بۆئەوەندە حەزدەكەم لەبەر باراندا بگریم

سەرم زۆر زۆر ئەێشێت بەئاستەم خۆمم بۆڕادەگیرێت

 

خیزە خیزی هەناسەم ڕۆژە ڕێیەك دەڕوات

كراسەكەم بۆداناكەنرێت

یەك وشەی ساردوو سڕم بۆلەبەر ناكرێت

شەقە شەقی ئەم یەختە پڕیكردوم لەمردن

بۆڵە بۆڵی ئەم ئیجەیە نیشتیمانی لەبەرچاو خستم

 

نازانم بۆئەوەندە حەزم لەمردنە لەبەر باراندا

هەموو ڕۆژێك بەناوەڕاستی خنكانێكدا

دەپەڕمەوە ئەوبەرو كەچی مۆرێكم

لەناوچەوانی خۆم بۆنادرێت

مۆرێك لەم نیشتیمانە ڕەقوو تەقەم جیاكاتەوە و لەم مەزاتخانەیە دەربێنێت

 

لەوێ هیچ شتێكم بەبیر ناێتەوە

نازانم كەیبوو دوا جار بەدایكم وت خودا حافیز

تەقە تەقی ئەم یەختە بەناوەڕاستی

مردنا ڕامدەكێشێت

بەشەق تائەوبەری ماڵی دزەكانم دەبات

ئیجەو سەركردەكانی ئێمە لەیەك دەچن

 

نازانم بۆئەوەندە حەزدەكەم

لەبەر باراندا بمرم

……………..

من هیچم نەبوو بۆسەری ساڵ، پێشم ناخۆشبوو ئەو خەڵكە ئاهەنگیان گێڕا، لەكاتێكدا ئەو هەموو مناڵ و گەنجە لە ئاوی ئیجەدا خنكان هەزار سڵاو لەگیانی پاكیان…

میرزا

١/١/٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.