عوسمان محەمەد: بەرچاو ڕۆشنی سیاسی بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین یەكێكە لەو چەكە گرنگ و كارایانەی كە ئەبێ ڕابەرانی شۆڕش و ڕاپەڕین بەدەستیەوە بگرن…. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز عوسمان محمد كەریم چاودێری سیاسی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت لە عێراق…

0

عوسمان محەمەد: بەرچاو ڕۆشنی سیاسی بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین یەكێكە لەو چەكە گرنگ و كارایانەی كە ئەبێ ڕابەرانی شۆڕش و ڕاپەڕین بەدەستیەوە بگرن….

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز عوسمان محمد كەریم چاودێری سیاسی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت لە عێراق…

بۆپێشەوە: جموجوڵەكان بۆ پێكهێنانی حوكمەتی نوێی عێراق بەردەوامە…تاچەند لاتان وایە ئەم حكومەتە دەتوانێت سەربەخۆ بێت و دوور لە دەستێوەردانی دەرەكی پێك بێت؟

عوسمان محەمەد كەریم: حوكمەتی عێراق بەهیچ جۆرێك ناتوانێت سەربەخۆ بێ، چونكە ئەم دەسەڵاتە نە بەخرۆشانی جەماوەری و نە بەڕاپەڕین و شۆڕش هاتوونەتە سەر دەسەڵاتی سیاسی. ڕوخانی ڕژێمی بەعس و صدام بەهەڵمەتێكی سەربازی ئەمریكا و هاوپەیمانی ڕوخا، و هەرئەوكاتە بریمەریان وەك سەرۆكی مەجلیسی حوكم داناو هەرچی ئەحزابی كۆنەپەرست هەبوو لەعێراق سەریان لە كونەكانی خۆیان دەرهێناو بەشداریان كرد لە مەجلیسی حوكم.
ئەمریكا یاریكەری سەرەكی بوو لە مەیدانی سیاسی عێراق، تا ئێستاش دەورو  كاریگەری هەیە، و ئێرانیش یاریكەری دووەم، ململانێكان لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا بە توندی درێژەی هەیە. ئێستاش هەرچی ئەحزابی سیاسی هەیە لە عێراق دابەشبوونە بەسەر ئەمریكا، و دەسەڵاتی ئیسلامی ئێراندا، ئیتر شتێك نەماوە بەناوی سەربەخۆیی سیاسی و دەسەڵات لە عێراقدا.

بۆپێشەوە: ئایا لە هەلومەرجی ئێستای عێراقدا، پێكهێنانی حوكمەتی زۆرینە لەجێگای حكومەتی تەوافوق كێشە دروست ناكات؟
عوسمان محەمەد كەریم:
هەژدە ساڵە دەسەڵاتی سیاسی لە عێراقدا بەشێوەی تەوافق درێژەی هەیە، ئەم سیستەمە سیاسییە چەندین ساڵە کۆمەڵگەی عێراقی لەڕووی سەقافی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری بردۆتە دواوە. هەرچی نەهامەتی هەیە بەسەر تاكی عێراقیدا هاتووە، سەختی ژیان و بێزاری خەڵك گەیشتۆتە ئەوەی كە خۆزگە بە دەسەڵاتی دڕندەی بەعس ئەخوازن، برسێتی و بێكاری و بێخانەولانەیی تاكی عێراقی تا دێت زیاتر ئەبێت سەرانی ئەحزابی سیاسیش لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەیان كارگە و كارخانەو تەلاریان لەسەر حسابی خەڵكی عێراق لەسەر یەك كەڵەكە كردووە،
گۆڕینی شكڵ و شێوەی دەسەڵات لەعێراقدا كارێكی فریوودەرانەیە بۆ هێمن كردنەوەی بێزاری خەڵك، چونكە ناڕەزایەتییەكان تا دێت زیاتر ئەبێ، ترسی ئەوەیان هەیە ڕاپەڕینێكی جەماوەری گەورەتر دەسەڵاتی سیاسی ژێرەو ژوور بكات.
حوكمەتی زۆرینە دوولایەنی سیاسی هەیە،
یەكەم: ئەوەیە كەڕای خەڵك بگۆڕێ و كەمێك لە دژایەتیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی كامكاتەوە و بە خەڵكی بڵێ ئەوا ئێمە سیستەمێكی تازەمان هێناوە، ئەتوانێ خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی عێراق بهێنێت.
دووەم: ئەوەیە موقەتەدا سەدرو بزووتنەوەكەی وەك ڕابەری گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی سەیر بكرێت لەلایەن خەڵكی عێراقەوە.
بۆ پێشەوە: جێگەو ڕێگەی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانی كوردستان بەتایبەت (پارتی و یەكێتی)لە حوكمەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبێت؟
عوسمان محەمەد كەریم: یەكێتی و پارتی هیچ كاتێك بەدوای جێگەو ڕێگەی سیاسیەوە نەبونە تا ئەوەی بتوانن لە ڕێگەی  ئەم جێگەو پایە سیاسیانەوە دەسكەوتێكی  بۆ خەڵكی كوردستان بهێنن، هەمیشە دەستكەوتی ماددی لای ئەوان كاری لە پێشینە بووە، هەر پۆستێكیشیان لە حوكومەتی عێراق وەرگرتبێ هەموو خەباتیان ئەوەبووە كە چۆن و بەچ شێوەیەك بتوانن دزی و تاڵانی بۆخۆیان و حزبەكانیان فەراهەم بكەن، ئەوەی ئەهمیەتی نەبێ خەمخواردنیان بووە بۆ خەڵكی كوردستان و حاڵ و گوزەرانی ئەوان.
یەكێتی و پارتی هەموو دەورەكانی هەڵبژاردن ناكۆكیەكانیان گەیشتۆتە لووتكە لەسەر ئەو پۆستانەی كە ئیستیحقاقی كورد بووە، بەڵام بۆ یەكجاریش كەس نەیبینیووە لەسەر مەسەلەیەكی كە گرنگ بۆ خەڵكی كوردستان هەبووبێ ململانێی تووندیان نەبووە، هیچ كاتێك لەپێناوی بەرژەوەندی خەڵكی ستەمدیدەی كوردستان نە لەبەینی خۆیاندا ململانێیان هەبووە و نە لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی عێراق كەوتوونەتە ململانێوە،
بەڵام لەسەر پۆستێكی وەزاری كە ئیمكاناتی ماددی زۆریان بۆ ئەهێنێ دەیان شەڕو ناكۆكیان دروستكردووە.
بۆپێشەوە: دزی و تاڵانی و سەركوت و زەوتكردنی سەرەتایترین ماف و ئازادییەكان، تایبەتمەندی حزبە دەسەڵات بەدەستەكانە لەسەرتاسەری عێراق و كوردستاندا، خەڵكی عێراق و كوردستان چۆن دەتوانن لەدەست ئەم دەسەڵاتە ڕزگاریان ببــێ؟
عوسمان محەمەد كەریم:
كاسەی تووڕەیی خەڵك لەدەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان دەمێكە لێی ئەڕژێ، هەندێ دەستەو دائیرەی خۆیان نەبێ كە موستەفیدن لەدەسەڵات ئیتر زۆرینەی خەڵك نەفرەت لەم دەسەڵاتە ئەكات و ئەو ڕۆژە بەجەژن لەقەڵەم ئەدات كە ئەم دەسەڵاتە لەگۆڕنێت. بەڵام ئەوەی كە بۆچی ئەم هەموو بێزاریە هەیەو ئەم دەسەڵاتە وەكو خۆی ماوەتەوە ئەوە ناڕێكخراوبوونی خەڵكە، ئەگەر خەڵك ڕێكخراوبێ و یەك دەنگ و یەك دەست كاربكات، ئەوە ڕووخانی ئەم دەسەڵاتە كاری شەو و ڕۆژێكە.
دەسەڵاتی سەرمایەو پەیوەندیە ئابووری سیاسیەکانی زاڵە بەسەر چوارچێوە كۆمەڵایەتیەكەدا، چاوچنۆكی سەرمایەو هەڵپەكردن بۆ قازانجی زیاتر لەڕێگەی چەوسانەوەی هێزی كارەوە ستراتیژی سیستەمی ئابووری سەرمایەیە،
ناكۆكی كارو سەرمایە ململانێیەكی بەردەوام و ڕۆژانەیە، لەهەر وڵاتێك ناڕەزایەتی خەڵك بەردەوام بوو ئەوا نیزامی سەرمایەداری لە پاشەكشەدایە لەهەر وڵاتێكیش كە بزووتنەوەی ناڕەزایەتیەكانی كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێش خامۆش بوو ئەوا سەرمایەداران بە كەیفی خۆیان پێ لەسەر چەوساندنەوە دائەگرن، هەلومەرجی خەڵك ئەگاتە شوێنێ كە ئینسانە چەوساوەكان تاكو لێواری مردن بەرن،
تاكە چەكی كارای كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێش لەهەموو گۆی زەویدا ناڕەزاییەتی و ڕێكخرابوونە، تەنانەت ئەگەر ناڕەزایەتیەكان بگەنە لووتكەش بەبێ بوونی ڕێكخراوێكی پتەو ناتوانێت بە جێگەیەكی دڵخواز بگات و دەسەڵاتی سەرمایە ژێرەو ژوور بكات.
بۆپێشەوە: درەنگ یان زوو خەڵكی عێراق و كوردستان دەست دەبەن بۆ ڕاپەرین و شۆڕش، سەركەوتنی ڕاپەڕین و شۆڕش لە گرەوی چیدایە؟
عوسمان محەمەد كەریم:
سەركەوتنی شۆڕش لە گرەوی ڕێكخراوبووندایە؛ ئەگەر كرێكاران و خەڵكی ستەمدیدە پەی بەوە بەرن كە ڕێكخراوبوون چەندە دەوری كاریگەری هەیە بۆ ڕزگاری ئەوان لەدەستی ئەم نیزامە گەندەڵ و دڕندەیە، ئەوا لە نیوەی چەوساندنەوەكەیان ڕزگاریان دەبێ.
بەرچاو ڕۆشنی سیاسی بۆ شۆڕش و ڕاپەڕین یەكێكە لەو چەكە گرنگ و كارایانەی كە ئەبێ ڕابەرانی ئەو ڕاپەڕینە بەدەستیەوە بگرن.
زۆرجار ئەبینی ڕاپەڕین و شۆڕش لە وڵاتەكاندا دەست پێئەكات و ڕژێمی دڕندەش ئەڕوخێنن، بەڵام دەسەڵات ئەكەوێتە دەست بەشێكی تری بورژوازی و ئەوەش بەچەند ڕیفۆرمێ ناڕەزاییەتیەكان كپ ئەكاتەوە و سواری شەپۆلەكە‌ ئەبێت و هەمان نەزم و نیزامی سیستەمە كۆنەكە دووبارە ئەكاتەوە.
نموونەش بۆ ڕاستی دروستی ئەم مەسەلەیەش جمهووری ئیسلامی ئێرانە كە شۆڕش دەستیپێكرد زوربەی خەڵكی ئێران ڕاپەڕین و دەسەڵاتی سەرمایەی شای ئێرانیان ژێرە و ژوور كرد، بەڵام خۆشخەیاڵی چەپ ئەم شۆڕشەی لەباربرد، بەوەی كە پێیوابوو خومەینی ڕابەری ڕزگاری خەڵكەو بەهەموو توانایانەوە چوونە پشتی، ئەویش دوای چەسپاندنی دەسەڵاتەكەی كەوتە گرتن و لەسێدارەدانی ڕابەرەكانیان.
بەهاری عەرەبی ڕاپەڕینی خەڵكی وڵاتە عەرەبیەكان توانی دەسەڵاتی دڕندەی زەینەل عابدین بن علی لە وڵاتانی تونس ژێرەو ژوور بكات، بەڵام ناڕۆشنی سیاسی ڕابەرانی ڕاپەڕینەكە وایكرد كە شۆڕش و دەسەڵات لەدەستی خەڵك دەرچێ، ئەمە بۆ میسر و لیبیاش هەروایە خۆشخەیاڵی ڕابەرانی ڕاپەڕینەكە بە هەندێ لە ئەحزابی سیاسی عەناسرانی بەناوبانگ كە لە ڕیزی ئۆپۆزسێوندا بونە شۆڕشەكانی لەباربرد،
بەكورتی بڵێـــین سەركەوتنی شۆڕش لەگرەوی ئەم دوو خاڵەدایە:
یەكەم: ڕێكخراوبوونی خەڵك لە ڕێكخراوێكی پان و بەریندا كە بتوانێت یەكڕیزی و یەكدەنگی خەڵكی ناڕازی ڕێكبخات و ڕابەرایەتی بكات.
دووەم: بەرچاو ڕۆشنی ڕابەرانی ڕاپەڕینەكە بە پرۆسەی سەركەوتنی شۆڕش خۆتەیاركردنی ڕابەرانی شۆڕش بە تیۆری شۆڕشگێڕانە كە بتوانێ دەسەڵاتی خەڵك بسەپێنێ ئەمەیە ئەبێتە زامنی سەركەوتنی شۆڕش.
بۆپێشەوە: ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتی ئێستا چ سیستەمێكە؟ بەواتایەكی تر دەبێ چ سیستەمێكی سیاسی جێگەی دەسەڵاتی ئێستا بگرێتەوە؟

عوسمان محمد كریم: ئێمەی كۆمەنیستەكان ئەلتەرنایڤمان لە ئێستادا بۆ هەلومەرجی كوردستان سیستەمی شوراییە، شۆڕشی كرێكاران و خەڵكی زەحمەتكێش ئەبێ لە شوراكانی خۆیاندا ڕێكخراوبن و پرۆسەی شۆڕش بەئەنجام بگەیەنن.
سەرباری ئەم ئەنتەرناتیڤە ئێمە پێشوازی لە هەر جۆرێكی تری دەسەڵات دەكەین كە دەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵكی كوردستان بێت لە شێوەی ئەنجومەن یا هەرجۆرە ڕێکخراوبوونێك کە گونجاوە.
بەڵام لە كاتێكا كە كرێكاران بەرچاو ڕۆشنی سیاسی و ئاستی ڕێكخراوبوونیان نزمە، ئێمە داوای شورای خەڵك ئەكەین كە لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا لە خوارەوە بۆ سەرەوە ڕێكخراو بكرێ و ئامادە بكرێن بۆ شۆڕش.

Leave A Reply

Your email address will not be published.