هێرش بۆ سەر لەشفرۆشان و باندەکانیان… نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
هێرش بۆ سەر لەشفرۆشان و باندەکانیان…
نووسینی: سەردار عەبدوڵا حەمە
دەزگا راگەیاندنەکانی کوردستان بەشیوەیەکی بەربڵاو باسی هەڵمەتێکی فراوانی ئاسایش و هێزەکانی تر کرد کە کراوەتە سەر یەکێک لە یانەیەکی شەوانە، کە دەوترێت کاری لەشفرۆشی و بازرگای سیکسی تیادا بەڕیوەچووە. وەک باسیش دەکرێ بەرپرسی پارتی و یەکێتی لەپشتی ئەم باندانەوەن. بەڵام تا ئێستا هیچ لەم بەرپرسانە دەستگیر نەکراون ئەوەی دەستگیر کراوە سەدان ژنی لەشفرۆشی عەرەب و ئێرانی وسوری و کورد بوون. دیارە ئەگەر تەنها لە یانەیەکی شەوانەدا نزیکەی سەد کەس دەستگیر کرابن، دەبێ لەو هەموو یانە شەوانەی تردا، چ لە شکرێک لە ژنان و کچان، ناچار بە کاری لەشفرۆشی کرابن؟ وە چەند بازرگان و قاچاخچی سیکسی هەبن و چەند لە بەرپرسانی باڵای حزبەکان لە پشتیان بن؟
ئاشکرایە کۆمەڵگەی کوردستان وەکو هەر کۆمەڵگەیەکی چینایەتی و لەژێر سایەی دەسەلاتێکی کۆنەپەرستی ناسیونالیستی پشت بەستوو بە نەریتە کۆنەپەرستەکاندا، کە هەموو مافە فەردی و مەدەنیەکانی ئینسانی کڵۆم داوەو ئازادییە فەردیەکانی یاساغ کردووە، دەیان و سەدان باندی مافیایی و ئاشکراو نهێنی، بازرگانی سیکسی تیایدا دروست بووە، کە بەر لەهەر کەس و باندێک و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسیارییەتی.
ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبکرێت، ئەوەیە تا سەرچاوە و زەمینەی دروست بوونی ئەم دیاردەیە بوونی هەبێ، تا هۆکارەکانی ناچاربوونی ژنان و کچان بە لەشفرۆشی هەبێت، بەدەستگیرکردنی بکەرانی دیاردەی لەشفرۆشی کۆتایی نایەت و جارێکی تر بەجۆرێکی تر سەرهەڵدەداتەوە. سەرچاوەو زەمینەی ئەم دیاردەیە سیستەمێکی ئابوری چینایەتییە کە پێی دەووترێ سەرمایەداری و تا دەسەلات و حوکمرانی بۆ درێژەدان بێت بەم سیستەمە ناعادیلانەیەی سەرمایەداری، دیاردەی لەشفرۆشی وباندو مافیاکانی بازرگانی سیکسیش هەردەمێنێ. کێشەکە لەوە قوڵترە کە بەدەستگیرکردن و زیندانیکردن چارەسەر بکرێ و دەسەڵاتی سیاسیش شانی خۆی لەو دیاردەیە خاڵی بکاتەوە.
لە سیستەمێکدا بێکاری و گرانی و بێمووچەیی هەبێت، لە سیستەمێکدا کاری تاقەت پروکێن بەپارەیەکی کەم هەبێ کە بەشی کەمترین پێداویستی ژیان نەکا، لە سیستەمەێکدا دزی وتاڵانی هەبێ و کۆمەڵێ کەسی سەر بەدەسەڵات و نزیکەکانیان ببنە ملیاردێرو ملیۆنەر و زۆربەی خەڵکیش ببنە هەژار و کەم دەرامەت، لە کۆمەڵگەیەکدا هەلی کار نەبێت، گرانی و بێکاری یەخەگیری زوربەی دانیشتوانەکەی بێت، تاکەکانی ئەم چینە هەژارە بۆ بەردەوامی دان بە ژیان، ناچار بە گرتنەبەری ڕێگای جۆراو جۆر دەبن. بەشێکیان کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵن و کۆچ دەکەن. بەشێکیان دەست بە کارێکەوە دەگرن بەژیانی کولەمەرگی خۆیان درێژە دەدەن و بەشێکیان دەچنە ناو گروپە تیرۆریست و باندو مافیاکان و قاچاخچیەکانەوە و بەشێکیان دەبنە چەکداری دەسەڵات بۆ مووچەیەکی بچووک و بەشێکیش دەبنە لەشفرۆش بە تایبەتی ژنان. تەنانەت بەشێک منداڵی خۆیان یا ئەندامی جەستەی خۆیان دەفرۆشن. هەموو ئەمانە سەرچاوەکەی سیستەمی ئابوری قازانج پەرستانەی سەرمایەی و بازرگانانی چاوتێر نەبووی سەر بەدەسەڵاتی مافیایی کوردستانن. بۆ لەبەین بردنی لەشفرۆشی و بازرگانی سیکسی پێش لەهەموو شتێک دەبێت زەمینەو هۆکارەکانی وشک بکرێت. تا سیستەمی سیاسی نەگۆڕدرێ بەسیستەمێک کە بەرژەوەندی سەرجەم کۆمەڵگە بپارێزی و ژیان و گوزەران و ماف و ئازادییەکانی تاکەکانی مسۆگەر بکات، ئەم دیاردانە دەمێنن و لەناو ناچن .
دیاردەی لەشفرۆشی بەپەروەردەی ئەخلاقی یان بەدەستگیرکردنی چەند کەسێک لەناو ناچێت. دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد کە نوێنەری چینی بۆرژوازی کوردە و خۆی سەرچاوەی سەرهەڵدانی ئەم دیاردانەیە، توانای لەبەین بردنی ئەم دیاردەی نییە. بەپێی سەرچاوە میدیاییەکانیش بەرپرسانی باڵای حزبی لە پشت کاری لەشفرۆشی یانەکانی شەوان و باندەکانی بازرگانی سیکسیەوەن. هەروەها بە پەروەردەی ئەخلاقی وەک ئەوەی ئایینەکان باسی دەکەن، دیاردەی لەشفرۆشی کۆتایی نایەت، هەزاران ساڵە ئایینەکان و پیاوانی ئاینی باسی پەروەردەی ئەخلاقی دەکەن، لە کاتێکدا بەپێی سەرچاوە شەرعیەکانی خۆیان، خودی ئایینەکان بوونەتە هۆکارێک بۆ لەشفرۆشی شەرعی. شیربایی و مارەیی و سیغە، گەورە بەبچووک، حەڵالکردنی چوار ژن بۆ پیاوێک، تادەگات بەوەی کەدەڵێن فەقیر و دەوڵەمەند هەر هەربووە خوا رسق دەدات و بەشی عەبدەکانی دیاری دەکات….تاد، باشترین بەڵگەی ئەو راستیەن کە دینەکان نەک دژی کاری بازرگانی و سیکس فرۆشی نین، بەڵکو خۆیان هەڵگری فایلێکن، کە رەوایەتی بە لەشفرۆشی و بازرگانی سیکسی، ڕەوایەتی بە جیاکاری و جیاوازی ئابوری لە ژێر ناوی جۆراو جۆردا دەدات. بەکورتی خۆشیان هۆکاربوون بۆ بەردەوامیدان و زیاتر بوونی ئەم دیاردەیە، چونکە سەرجەم ئایینەکان پشت و پەنای ئەوسیستەمە ئابوریەن کە سەرچاوەی ئەم دیاردەیەیە، و پاساو بۆ سەرمایەداری دەهێننەوە و بوونی هەژاری بە کارێکی ئیلاهی دەزانن. وە دەڵێن هەژاری و دەوڵەمەندی بەدەست خواکانیانە مرۆڤ هییچی لەدەست نییە، بەبێ قودرەتی ئیلاهیەکان هیچ کەس دەوڵەمەند و هەژار نابێت.
بەپێچەوانەی فریوکاری پیاوانی ئاینی و بانگەشەکانیان، دیاردەی لەشفرۆشی لەو وڵاتانەی ئیسلامین و سەرچاوەی یاساو ریساکانیان ئیسلامییە، زۆر زیاترە بە بەراورد بەو وڵاتانەی کە تاڕادەیەکی زۆر دین پەراوێز خراوەو کراوەتە کاری شەخسی و تایبەتی.
خهباتی چالاكانه له دژی لهشفرۆشی و بازرگانی سێکس له ڕێگهی لهناوبردنی زهمینه ئابووری و كۆمهڵایهتی و كهلتووریهكان و ڕوبهڕوبوونهوهی لێبڕاوانه لهگهڵ تۆڕهكانی سازدانی لهشفرۆشی، بازرگانانی سێكس، دهڵاڵ و باجخۆرهكان و قهدهغهكردنی بێئهملاوئهولای ههرجۆره بازرگانیەك بە کاری لهشفرۆشییەوە مەیسەر دەبێت، نەک داخستنی چەند یانەو بنکەیەکی ئاشکرا و دەستگیرکردنی چەند کەسێکی موچەخۆری ئەو بوارە.