پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا… لەم ژمارەیەدا کامەران محەمەد وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

0

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

لەم ژمارەیەدا کامەران محەمەد وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

توندوتیژی بۆ بەرهەمهێنانەوەی جەلاد

لە پەراوێزی دەستشکانی کچە فێرکارێکی پۆلێ شەشی سەرەتایی لە لایەن مامۆستاکەیەوە لە خوێندنگەی ڕاپەڕین.

پرسی ڕۆژ: ئایا دەتوانین لێدان لە قوتابی وەکو ئامرازێکی پەروەردە ببینین؟

کامەران محەمەد: ئەمن پێموایە ئەگەر یەک دانە  مامۆستا ڕێگە بەخۆ بدات توندوتیژی بەرامبەر قوتابی بەکار بێنێت، کەواتە تەواوی سیستەمی پەروەردە لەژێر پرسیار دایە؟ چونکە ئەگەر سیستەمێکی تۆکمە و پێشکەوتوو ھەبێت، نابێت نەک ڕێگە بدات مامۆستا لە منداڵ بدات، بەڵکو نابێت ڕێگەش بەبیرکردنەوە لە ڕەفتارێکی وادا بدات!

ئەوەی لە سیستەمی  پەروەردە و فێرکردنی ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت، سیستەمێکی داپڵۆسینە! سیستەمێکە لەسەر تۆقاندن و شکاندن بەڕێوە دەچێت، ئەم داپڵۆسینە ھەر بەتەنیا لەسەر قوتابی نییە، بەڵکو  لەسەر مامۆستاشە، بۆ نمونە کاتێک مامۆستایەک بۆ مافی خۆی دەنگ ھەڵدەبڕێت، دەسەڵات لە ڕێگەی شەقوەشێنەکانییەوە، لەبەر چاوی دونیا پەلاماری مامۆستاکە دەدات و دەیداتە بەر شەق! لێرەدا مامۆستا وەکو قوربانییەکی گەورە دەبینین و دەشبینین ئەو مامۆستایە ھیچ مافێکی بەرگری نییە! خودی ئەم ڕەفتارەی دەسەڵات، ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی مامۆستاکە ( ئەگەر لە بێئاگاییش بێت) قەرەبووی ئەو شکاندنەی،  بەتوندوتیژی لەبەرامبەر قوتابییەکەی بکاتەوە. واتە پڕۆسەکە بەرھەمێنەرەوەی جەلادە لە فۆڕمێکی دیکە، واتە بەجەلادکردنەوەی قوربانییە!

لەسەردەمی بچوکبوونەوەی دونیا بۆ گوندێک، ھەموومان ئاگادارین، کە بەکارھێنانی توندوتیژی لەگەڵ منداڵ، نەک لە قوتابخانە، تەنانەت لە ماڵیش وەکو تاوان سەیر دەکرێت، و دایک و باوکیش بۆیان نییە لەگەڵ منداڵەکانیان توندوتیژ بین، خۆ ئەگەر حاڵەتێکی وا ڕووبدات، حکومەت و دەزگا مەعنییەکان ھەر لە پەروەردەوە ھەتا دەگاتە پۆلیس دێنە ناو کێشەکە و کەسی توندوتیژ ڕەفتار، جا مامۆستا بێت یان باوک و دایک، سزا دەدرێن، کەچی لای خۆمان پۆلیس لە مامۆستا دەدات و مامۆستا لە قوتابی، دایک و باوکیش جگە لە توندوتیژییەکانی ماڵەوە، بەوەش ناوەستن بە مامۆستا دەڵێن “منداڵەکەمان گۆشتەکەی بۆ تۆ و ئێسکەکەی بۆ ئێمە” .

حیکمەتی یاسا لە جێبەجێکردنەکەی دایە، ئەوە ڕاستە لە کوردستان ساڵانێک زۆرە بە فەرمی لێدان لە قوتابی قەدەغە کراوە، بەڵام وەک دەبینین بریارەکە تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزە، چونکە ھەتا ئێستا  نامانبیبیوە مامۆستایەک لەسەر بەکارھێنانی توندوتیژی سزا درابێت!.

کۆمەڵگەیەک بەلایەوە ئاسایی بێت مامۆستا، یان دایک و باوک لە منداڵ بدات، کۆمەڵگەیەکی ناتەندروستە و نەوەی تێکشکاو بەرھەم دەھێنێت، دەشێت ئەو تێکشکاویەی ئێستای خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی ستەمکار، ھۆکارەکەی بۆ ئەو توندوتیژییە بگەڕێتەوە کە لە منداڵیەوە بەرامبەرمان بەکارھێنراوە، ئەگەر ئێمە بە منداڵی تێکنەشکێنرابین، ھەرگیز دوو حزب ناتوانن سی ساڵ ستەممان لێ بکەن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.