ڤلادیمیر ئۆلیانۆف لینین  ”تۆلستۆی و خەباتی پرۆلیتاریا”. وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالارحمەسەعید

0

ڤلادیمیر ئۆلیانۆف لینین

”تۆلستۆی و خەباتی پرۆلیتاریا”.

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: سالارحمەسەعید

لە ١٨ ی دیسەمبەری ١٩١٠دا لە ”رابوچایا گەزێتە” دا بلاوکراوەتەوە.

تاوانبارکردنی چینە دەسەلاتدارەکان لەلایەن تۆلستۆیەوە بەهێز وتوانا ودڵسۆزییەکی ئێجگار زۆرەوە کرا، بە رۆشنی وڕوونییەکی تەواو پەردەی هەڵماڵیوە لەسەر ناواخنی پووچی ئەو دامودەزگایانەی کەکۆمەلگەی نوێی پێدەپارێزێت لە کڵێسا و دادگا و لەشکر و سوپا ومیلیتاریزم و زەواجی یاساییەوە تا زانستە بۆرژواییەکان. بەڵام بیروباوەڕو بۆچوونەکانی سەلمانیان کە لە دژایەتیەکی تەواودایە لەگەڵ ژیان وکارو تێکۆشانی گۆڕهەڵکەنەرەکانی سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ واتە پرۆلیتاریا.

مێژوو و ئاکامەکانی شۆڕشی گەورەی رووسیا پیشانیاندا کە بەدڵنیاییەوە ئەوە خەڵک بوون کە خۆیان بینیەوە لەنیوان پرۆلیتاریای سۆشیالیستی هۆشیار بە چینەکەی و بەرگریکارانی موتلەقی رژێمی کۆن. ئەم جەماوەرە کە لەبنەرەتدا لە جوتیاران پێکهاتوون پیشانیاندا لە شۆڕش دا کە چەند ڕق وکینەیان گەورەیە بەرامبەر سیستەم و رژێمی کۆن و چەند بەپەرۆشەوە  هەست بەو ئازارانە دەکەن کە سیستەم و رژێمی نوێ پێێ گەیاندوون، وە چەند  گەورەیە ئەو حەسرەت و ئارەزوە بۆ ڕزگاربوون لەدەستیان بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. هاوکات ئەم جەماوەرە لەشۆڕشدا دەریانخست کە لەڕووی سیاسیەوە هێندە وشیارنەبوون لە ڕق وکینەیاندا و لەتێکۆشانیاندا هاوئاهەنگ و سازگارنەبوون و هەوڵ تێکۆشانیشیان بۆ ژیانێکی باشتر لە سنوورێکی بەرتەسکدا پەنگخواردو بووە.

ئەم ئۆقیانووسە مەزنە مرۆییە، کەتا ئەوپەڕی ناخی هەژێنراوە و سەرەڕای هەموو لاوازی و ڕووخسارە بەهێزەکانی، ڕەنگدانەوەکەی لە ڕاوبۆچوونەکانی تۆلستۆی دا بینیوەتەوە.

بەخوێندنەوەی کارە ئەدەبیەکانی لیۆ تۆلستۆی کرێکارانی روسیا باشتر تێدەگەن وفێردەبن کە دوژمنانیان باشتر بناسن، بەلام بە لێوردبوونەوە لە بیروبۆچوونەکانی تۆلستۆی تەواوی خەلکی روسیا تێدەگەن کە لاوازی و کەموکوڕیەکانیان لەکوێدایە، ئەو لاوازی و کەموکوڕیانەی کە ڕێگەی پێنەدەدان کە پرسی ڕزگاربوونیان بگەیەننە کۆتا ئەنجامی. ودەبێت لەمە تێبگەین تابەرەو پێشەوە برۆین.

ئەم پێشکەوتنە تەگەرەی تێدەکەوێ لەلایەن هەموو ئەوانەی کە تۆلستۆی وادەناسێنن کە ”ویژدانێکی جیهانی ” و ”مامۆستای ژیانە”.  ئەمە درۆیەکە کە لیبرالەکان بەئەنقەست بڵاویدەکەنەوە بەو ئومێدەی کە سوود لە لایەنە دژە شۆڕشگێریەکانی بیروبۆچوونەکانی  تۆلستۆی وەرگرن. ئەم درۆیە دەربارەی تۆلستۆی وەک ”مامۆستای ژیان” کەلەپاش لیبرالەکان دەوترایەوە لەلایەن هەندێ لە کۆنە سۆشیال دیمۆکراتەکانەوە.

خەڵکی روسیا تەنها کاتێ رزگاربوونیان زامن دەکەن کاتێ کە تێدەگەن کە ئەوە لە تۆلستۆیەوە نییە کە دەبێ فێربن تابە ژیانێکی باشتر بگەن، بەڵکو ئەو چینەی کە تۆلستۆی لە گرنگی و ئەهەمیەتی تێنەدەگەیشت کە بەتەنها دەتوانێ ئەو جیهانە کۆنە لەناوبەرێت و بیڕوخێنێ کە تۆلستۆی ڕقی لێدەبوەوە. ئەو چینەش چینی پرۆلیتاریایە.

لیۆ تۆلستۆی: نووسەر ورۆماننوسی بەناوبانگی جیهانی لە ساڵەکانی نێوان ١٨٢٨ تا ١٩١٠ ژیانی بەسەربردوە و  خاوەنی رۆمانی ”جەنگ وئاشتی” و”ئانا کارنینا” یە…

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.