عادل ئەحمەد: قبوڵ نەکردنی ئەم دەسەڵاتانە ئاوات و ئامانجی سەرجەم کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی عێراقە. ئەم هەڵبژاردنە ئەم پەیامەی دا بە کۆمەڵگە… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز (عادل ئەحمەد) هەڵسوڕاوی  کۆمۆنیستی و کرێکاری، سەبارەت بە عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق…

0

عادل ئەحمەد: قبوڵ نەکردنی ئەم دەسەڵاتانە ئاوات و ئامانجی سەرجەم کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی عێراقە. ئەم هەڵبژاردنە ئەم پەیامەی دا بە کۆمەڵگە…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز (عادل ئەحمەد) هەڵسوڕاوی  کۆمۆنیستی و کرێکاری، سەبارەت بە عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق…

بۆپێشەوە: شكستی هەڵبژاردنەكان لەرێگای بەشداری نەكردنی زوربەی زۆری خەڵكەوە، هەڵگری چ پەیامێكە؟

عادل ئەحمەد: ئەو پەیامەی کە جەماوەری ناڕازی لەم هەڵبژاردنەدا دای بە دەستەوە؛ پەیامی ڕەتکردنەوەی تەواوی عەمەلیەی سیاسییە. جەماوەری کرێکار و زەحمتکێش و نەداری عێراق و کوردستان، نەک هەرهیچ بەرژەوەندیەکیان نییە لە هەڵبژاردن و مانەوەی ئەم دەسەڵاتدارێتیە، بەڵکو ئەم دەسەڵاتە قەومی و تایفی و ئیسلامیانە بە سەرچاوەی تەواوی مەینەتیەکانی خۆیانی دەزانن. هەر بۆیە قبوڵنەکردنی ئەم دەسەڵاتانە ئاوات و ئامانجی سەرجەم کرێکاران و بێبەشانی کۆمەڵگەی عێراقە. ئەم هەڵبژاردنە ئەم پەیامەیدا بە کۆمەڵگە.

بۆپێشەوە: خەڵكی عێراق و كوردستان بە رەتكردنەوەی بەشداری لەهەڵبژاردندا، “نا” یەكی گەورەیان بە حزب و لایەنە سیاسیەكانیدا، ئەركی داهاتووی خەڵكی عێراق و كوردستان لەبەرامبەر ئەو هێزانەدا چییە؟

عادل ئەحمەد: ئەوەی لەم هەڵبژاردنەی ئەخیری عێراق و کوردستان ڕوویدا، یەک وەرچەرخانی گرنک بوو لە هاوکێشەی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداـ وەرچەرخانێک کە قڵشتی نێوان دەسەڵات و خەڵکی زۆر فراوانتر و گەورەتر کردۆتەوە، کە بووەتە هۆی نیگەرانی سەرجەم ئەحزاب و کتلە سیاسیەکانی نێو گەمەی سیاسی عێراق و کوردستان. لەم هەڵبژاردنەدا وێرای نەچوونی خەڵک بۆ دەنگدان، یەک کەمپینی خۆرسکی جەماوەری لە دژی هەڵبژاردن و تەواوی عەمەلیەی سیاسی بەڕێوە چوو کە تەواوی ئەحزابەکان وێڕای فریو و درۆ و بەڵینی درۆزنانە و تەنانەت هەڕەشەی نان بڕین، توشی سەرە گێژە و شپرزەیی کردبوون، تا ئیستا نەهاتوونەتە هۆشی خۆیان. تەماشای ڕەوتی بەدر و ئەهلی حەق و حەشدی شەعبی بکەن لە عێراق، و تەماشای یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بکەن، لەزاری ڕابەرەکانیانەوە گوێ بیستی قسەکانیان بین دەزانین چەندە ئەم هەڵبژاردنە گوشاری لەسەر داناون. قسەکانی پاڤێڵ تاڵەبانی لەگەڵ نوێنەرانی خوێندکارانی ناڕازیدا کە دزەی کردبووە دەرەوە، لەسەر ڕێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنەکان، و بە وتەی پاڤێڵ تاڵەبانی لە ٦٥٪ی خەڵکی نەک ئەوانی ناوێت، بەڵکو ڕقیشیان لە دەسەڵاتی ئەوانە، ئەمە خۆی ئیعترافێکی ڕاشکاوانەیە لەسەر ڕاستی ئەم بۆچوونەی ئێمە. بە بڕوای من کۆمەڵگەی عیراق و خەباتی چینایەتی پێی ناوەتە قۆناغێکی تازەوە. ئەم بەرامبەرکێ تازەیە مۆرکی سەرهەڵدانێکی سەرەتایی هۆشیاری چینایەتی پێوە دیارە. تەیفێکی فراوان لە کرێکاران و بێکاران ڕۆڵێکی گەورەیان بینیووە لە هوشیارکردنەوەی جەماوەریدا بە دژی هەڵبژاردن و پەرلەماندا، گەرچی سەرەتایی و دەسپێکە، بەڵام گەورەو کاریگەرە لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە.

سەبارەت بە ئەرکی داهاتووی خەڵکی عێراق و کوردستان لە بەرامبەر ئەم هێزانەدا؟ بریتیە لەخۆ ئامادەکردنی زیاتر بۆ ڕووبەڕو بوونەوەی زیاتر بۆ بەدەستهێنانی داخوازیەکانیان، هاوتا خۆ ڕێکخستن و خۆ سازدان لە دەوری داخوازی ڕۆشن و سەراسەریدا. بە بێ خۆڕێکخستن، بە بێ ئامادەیی ڕێکخراوبوون، ئەوەی تا ئێستا کاری بۆ کراوە دەچێتە گیرفانی لایەنێکی تری دەسەڵاتەوە…هەر بۆیە دوای ئەم سەرکەوتنە نیسبیە نۆرەی ئامادە باشی و یەکگرتوویی جەماوەرییە بۆ سەرکەوتنی یەکجاری.

 بۆپێشەوە: جەماوەری كرێكارو بێبەشی عێراق و كوردستان، رۆڵیان لە پێکهێنانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق، چۆن دەبێت؟ 

عادل ئەحمەد: من پێم وا نییە تا ئێستا جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان هیچ ڕۆڵێکیان هەبوو بێت لە حکومەت و پەرلەماندا، ئەم ڕووداوەی ئەخیری هەڵبژاردن ئەوەندەی تر ئەم مەسەلەیەی ڕۆشنتر کردۆتەوە کە هەڵبژاردن و دەنگ کۆکردنەوە بۆ دەسەڵاتداران بێجگە لە چەکێک بۆ دابەشکردنی محاصصە (بەشبەشێن) و بەشە داهات هیچ بایەخێکی تری نییە. لە  دوای هەموو هەڵبژاردنێکدا ژیان و گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپتر چووە و هەژاری و برسیەتی و بێکاری بەرەو سەرەوە هەڵکشاوە. هەر بۆیە ئەم هەڵبژاردنەی ئەخیر کە لە ٨٠٪ی جەماوەر بایکۆتی کردووە، هیچ پاساوێک بۆ دەسەڵاتداران ناهێڵێتەوە کە بەناوی زۆرینەوە دەسەڵاتدارێتی بکەن. من پێم وایە ڕۆڵی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عێراق و کوردستان بۆ قوڵکردنەوەی ئەزمەی دەسەڵات زۆر گەورە تر ئەبێتەوە.

 بۆپێشەوە: چەندین خۆپێشاندان بەدژی ئاكامی هەڵبژاردنەكان لە بەشێك لە شارەكانی عێراق دەستی پێكرد، ئەم خۆپێشاندانانە تا چەندە كاریگەری لەسەر ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەبێت؟

عادل ئەحمەد: ئەو خۆپێشاندانەی تا ئێستا لە ئارادایە لە دژی ئاکامەکانی هەڵبژاردن، خۆبێشاندانی ئەو بەشە لە دەسەڵاتە کە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی کەمی هێناوە وەک بەدر و حیزبوڵا، یان بە کورتیەکەی نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق. ئەم ڕەوتانە خۆپێشاندان وەک کارتێک بەکارئەهێنن بۆ بەدەستهێنانی بەشی زیاتر لە  دەسەڵات کە لەم هەڵبژاردنەدا پایە و نفوزی جەماوەریان زۆر هاتۆتە خوارەوە. ڕاپەڕینی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩  گورزێکی گەورەی دا لە نفوزی (پێگە) ئێران و دارو دەستەکانی لە عێراق. بۆ هەمووان ڕۆشنبوو کە ئەو هەموو قوربانیانەی ئینتفازەی ئۆکتۆبەر و ئیغتیالات (تیرۆر) و ئەشکەنجەی ڕابەرانی خۆپێشاندەکان، لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پشتیەوە بووە، هەر بۆیە وەڵامی جەماوەری بۆ ئەو دەست درێژیەی کۆماری ئیسلامی ئێران  لەم هەڵبژاردنەی ئەخیردا  بە ڕۆشنی خۆی نیشاندا. بە بڕوای من ئەم خۆپێشاندانانە هیچ ئاکامێکی ئەوتۆی نابێت لەسەر ئاکامی هەڵبژاردنەکان، ئەوەیان بڕاوەیە کە کتلەی سەدر بەشی هەرە زۆری کێکەکەی بەر دەکەوێت، ئەمجارە کە تا حەدێک ئەمریکا پشتیوانی لێدەکات. ئەوەی کە کاریگەری ڕاستەقینە لەسەر داهاتووی عێراقدا دەبێت ناڕەزایەتیە جەماوەرییەکانە، ئەوەشی کە کۆتایی بەم دەسەڵاتە ئەهێنێت یەکگرتوویی و ڕێکخراوبوونی جەماوەری کرێکاران و زەحمەتکیشانی عێراق و کوردستانە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.