ناساندنی میتۆد لەپێوانە ڕەخنەیەکاندا …     نووسینی: جەمال  نوری

0

ناساندنی میتۆد لەپێوانە ڕەخنەیەکاندا …

    نووسینی: جەمال  نوری

*میتۆد بۆ پەردەپۆشکردنی ڕووە بۆش و ناشیرینەکانی تێکست نییە، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی هەموو دیوەکانی تێکستە..

پێوانە رەخنەییەکان بەشێوەیەکی گشتی ھوونەری بوون گرنگی داوە بە وشە و واتای جوان.

لەگەڵ ئەوەشدا چالاکی و بەرھەمی رەخنەییمان لەچاو بەرھەمی شیعریدا کز و لاواز دەبینرێت، چونکە تائێستاش وتار و لێکۆڵنەوەی رەخنەیی پێش سەدەی بیستەممان نەھاتووەتە بەردەست و ئەو بەرھەمە رەخنەییانەی کە ھەن مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی بیستی سەدەی رابردوو بەدواوە کە رۆژنامەگەری کوردی تیایدا بەرەو گەشەسەندن چووە و چاپەمەنی کوردیش بەرەو پێش ھاتووە.

زۆرجار تۆمەتی ئەوە دەدەنە پاڵ نووسەران و ڕەخنەنووسان کە پشتیان بە میتۆد نەبەستووە و ئاگاداری ئەلف و بێی ڕەخنەک نین. بێگومان بەشێک لەم قسانەی دروستی تێدایە، بەو پێیەی تا هەنووکەش بەشێک لەڕەخنەگران نازانن میتۆد چییە؟ یان بە هەڵە میتۆدەکان بەکار دەهێنن.

‏ میتۆد لەبری ئەوەی ببێتە دەروازەیەک بۆ ناسینی دەق، بەڵکو لای ئەو کەسانە دەبێتە ڕووپۆشێک بۆ جوانکردنی سیمای تێکست. ئەمە بێجگە لەوەی بەشێک لەوانەی بە حساب میتۆد بەکاردێنن ناتوانن پەنهانەکانی تێکست بپشکنن و قووڵایی، یان بۆشی تێکست پیشان بدەن…

لەگەڵ ئەو دیاردەی کزی و لاوازییەی رەخنەی کوردیشدا، دەکرێت ئەو راستییە بخرێتە بەرچاو کە لە قۆناغە جیاجیاکانی شیعری کوردی پێش سەدەی بیستەمدا چالاکی رەخنەیی لە ئارادا بووە و شاعیرانی کورد خۆیان لە بەرھەمە شیعرییەکانیاندا تێروانین و بۆچوونی رەخنەییان خستۆتە بەردەست و دەستنیشانی کۆمەڵێ پێوانەی رەخنەییان کردووە.

شاعیرێک لەو شاعیرانەش  ئەحمەدی خانییە، کە لە مەم و زینەکەیدا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی سەردەمەکەیمان بۆ دیاری دەکات، کاتێ دەڵێ:

لی ھێڤی دکەم ژ موستەعیدان حەرفان نەگرن ل موستەفیدان

ئەڤ نامە ئەگەر خراپە گەر قنج کێشایە مە دگەل وی دوو سەد رەنج

نەوبارەیی تیفلی نەورەسیدە ھەرچەند نەھن قەوی گوزیدە

لێ من ژ ڕەزان نەکر تەمەتوع مانەندی دزان بکەن تەتەبوع

لێرەدا خانی ئەو راستییە دەخاتە بەردەست کە دەقی شیعری دوای لەدایکبوونی، لەلایەن رەخنەگرانەوە رەخنەی لێ دەگیرێت بۆیە ئەمیش داوا لە رەخنەگران دەکات کە لەکاتی رەخنەگرتندا رەنج و ماندووبوونی شاعیریان لەبەرچاو بێت و ئەگەر کەم و کوڕییەکیش لە شیعرەکەدا ھەبوو ئەوا نەیکەنە بەھانە و بەیەکجاری دەقەکە بەبێ سود و بێ کەڵک دابنێن، چونکە ھەموو دەقێک کە رەسەن بێت و دزراو نەبێت وەک رۆڵەی شاعیر وایە و لای شاعیر خۆشەویستە و کەسیش پێی خۆش نییە کە بەخراپی لە منداڵەکانی بڕوانرێت. بەو تێروانینە خانی ئاوڕی لە باسێکی رەخنەیی گرنگ داوەتەوە کە کێشەی داھێنانە، لەبەرھەمی شیعری شاعیرانی کرمانجی خوارووشدا دەتوانرێت ئەو راستییە بەدەست بھێنرێت کە چالاکی رەخنەیی ھاوتەریبی چالاکی شیعر بووە و بەپێی کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی چ شاعیران خۆیان بووبن یان گوێگرەکانیان بووبن راوبۆچوونی رەخنەییان دەربارەی دەقی شیعری دەربڕیوە.

لەچەند بەیتێکی نالی دا کۆمەڵێک پێوانەی رەخنەیی خراونەتە روو کە واژەی جوان و زاراوە.

لەبنەما گرنگەکانی رەخنەی ئەدەبی سەردەمەکە بوون، لەو بەیتەدا کە دەڵێ:

کەس بە ئەلفاظم نەڵێ خۆ کوردییە خۆ کردییە

ھەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالبی مانا دەکا

دیارە لێرەدا، نالی روو لەو کەسانە دەکات کە رەخنەیان لێ گرتووە و توانجی ئەوەیان لێ داوە کە شیعر بەزمانی کوردی دەڵێت و شیعر نووسینیش بە کوردی بەھرە و ھوونەرمەندیی تیایدا نییە، پێیان دەڵێ کە ھوونەرمەندیی لەوەدایە کە چۆن توانیویەتی بەزمانی کوردی ئەو واتا جوان و ناسکانە دەرببڕێت، بەم پێیەش نالی لێرەدا بەو پێوانە رەخنەییە (وشە و واتا) شیعری ھەڵسەنگاندووە کە بەلایەوە بەھای دەق واتای جوان و نوێیە، نەک ھەر بەتەنھا وشە.

ئه‌گه‌ر مۆسیقا زمانێكی تر بێت، وێنه‌ زمانێكی تر بێت، ئه‌گه‌ر هونه‌ری په‌یكه‌رتاشیش له‌ خۆیدا زمانێك بێت، ئه‌وا شیعریش بۆ خۆی زمانێكی تره‌، به‌ڵام له‌ ناو زمان خۆیدا، واتای ئه‌وه‌ كه‌ شیعر زمانێكی تره‌ له‌ ناو زمان خۆیدا بۆ هه‌موو زمانێكیش راسته‌، له‌هه‌ر سه‌رده‌مێك و رۆژگار و رێباز و قوتابخانه‌یه‌كدا، چونكه‌ شیعر ته‌نها زمانێكی ئامرازی نییه‌ و ئایدۆلۆژیا و په‌یامه‌كان چه‌ند به‌هێزیشبن له‌ شیعردا، زمانیان له‌ شیعردا بۆ ده‌سته‌مۆ و كه‌وی ناكرێت تا له‌ بۆته‌ی تاك مانایی به‌ستێنێكی دیاریكراودا قه‌تیسی بكه‌ن، چونكه‌ شیعرییه‌ت بۆ خۆی ئه‌وه‌ی له‌ باردایه‌ و لێده‌وه‌شێته‌وه‌ كه‌ زمان له‌ مانا دیاریكراو و باوه‌كاندا تێكبشكێنێت بۆ مانای تر و ئه‌گه‌ری په‌یبردن و خه‌یاڵێ نوێ و بیری نوێ بسازێنێت وه‌ك هیگڵ ده‌ڵێت«ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ته‌عریفی هه‌قیقه‌ت بكه‌ین پێویستمان به‌ زمانێكی باڵا هه‌یه‌« به‌ هه‌مان شێوه‌ بۆ كاری شیعر و شیعرییه‌ت پێویستمان به‌ زمانێكی هه‌ڵكشاو و نا باو هه‌یه‌ كه‌ ده‌توانێت بیر یان خه‌یاڵی نوێ بسازێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.