هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دەركەوتەكانی نووسینی: علی عەزیز

0

هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و دەركەوتەكانی

نووسینی: علی عەزیز

لەئەنجامی فراوانبوونەوەی ناڕەزایەتی فراوانی چین و تویژە جیاجیاكان لە عێراق، دەسەڵاتدارانی عێراق ڕێككەوتن لەسەر هەڵبژادنی پێشوەختە. هەر چەندە هەموو لایەنەكان كۆك نەبوون لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە ئەیانزانی كە تا ئەم ساتەوەختە هیچ دەستكەوتێكیان بۆ گەلی عێراق نەبووە چ گەورە چ بچووك، بەتایبەتی لایەنە میلیشیاییەكان كە دەستێكیان لە گەندەڵی و دەستەكەی تریان لەتاوان و پێشێلكردنی ماف و ئازادییە گشتییەكاندایە. بەو دوو پێوەرەش ئاستی پشتگیری خۆیان دەزانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا.

 كۆمەڵانی خەڵكی ناڕازی هەر لەسەرەتاوە هیچ ئومێدێكیان بەو هەڵبژاردنە نەبوو, چونكە لە ماوەی هەژدە ساڵی حوكمڕانیدا هەڵبژاردن چ لەعێراق و چ لە كوردستان لە پرۆسەیەكی گاڵتەجاڕی و بەیعەتدان بەولاوە هیچی تر نەبووە! ئیدامەدان بووە بە حوكمێكی تایەفی و قەومی بەهێزی میلیشیایی سەركوت و تۆقاندن، و زیاتر تاڵانی و زەوتكردنی قوت و مافی ژیان و گوزەرانی خەڵكی، و سنورداركردنی ماف و ئازادییەكان. دواجار بۆكپكردنەوەی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵك؛ هەڵبژاردنی پێش وەختە هەڵپروكێنرا بە پیرۆزبایی هێزە دەست رۆیشتووە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكان، بەڵام بە بایكۆتی فراوانی خەڵك و چینە بێماف و زەحمەتكێشەكان ڕووبەڕوو بۆوە. چونكە لەكۆتاییدا هەڵبژاردن وەك دەسكەوتێكی حزبایەتی و بەش بەشێنەی حزبی وتایەفی و قەومی سەیر دەكرێت، هەرچەندە زۆر بانگەشەكرا بۆ جۆرایەتی و پاكی هەڵبژاردن، بەڵام ئەمە مەقسەد و خواستی خەڵك نەبوو؟ بەڵكو خەڵكی زیاتر ئاو و كارەبا و هەلی كار و ئەمن و ئاسایشیان بەلاوە گرنگ تر بووە لە نوێنەرایەتییەكی ساختە كە خەڵك نە متمانە بە ئیسڵاحە چەواشەكارییەكەی مقتدی ئەكات، نە بەرەوتی قەومچی و سونگەرایی و شیعە گەرایی لایەنە فریودەرەكانی سەرساحەو مەیدانی براوەكانی هەڵبژاردن. مقتدی و پارتی وحلبوسی سێ هێزی سەرەكی براوەی یەكەمی هەڵبژاردن هەرچەندە ئیدعای جۆرجۆراو دەكەن، بەڵام لەراستیدا هیچ باشترنابن لەوانەی پێش خۆیان و درێژە پێدەری هەمان سیاسەتی ساڵانی پێشووی سەركوت و تاڵانكارین. رەوتی رووداوەكانی ئاییندە بەو شێوەیە كە لەماوەیەكی كەمدا حكومەتی نوێی عێراق دووچاری قەیرانی ئابووری و سیاسی قوڵ دەبێتەوە كەبەم هێزە بیرتەسك و دژە خەڵكییە چارەسەر ناكرێ و عێراق و كوردستان دەباتەوە قۆناغێكی تری شەپۆلی ناڕەزایەتییەكان، كە دوور نییە ناڕەزایەتییەكان بەشێوەیەك فراوان بێت، دابڕانی یەكجاری و یەكلاییكەرەوە دروست بكات لەنێوان خەڵك و دەسەڵات! كە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت و نوێنەرایەتی ساختە كۆتا ویستگە نەبێ، و ئاستی داواكاری بگاتە گۆڕانكاری گەورە، تاڕادەیەك وەڵامدەرەوەی داخوازییەكان بێت، بەڵام تا ئەو كاتەو ئەو قۆناغە راگوزەرە پێویستە جەماوەری زەحمەتكێش و خەڵكی كوردستان و عێراق خۆیان بە شێوەك ڕێكبخەن كە جارێكی تر رێگر بێت لە حكومەتی تایەفی و قەومی سەركوتگەر، و خەڵك خۆی بڕیار لە ئاییندە و چارەنوسی خۆی بدات، نەك خەڵكانی تر بەناوی پەرلەمان و هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی فریویان بدەنەوە و یاری بە مقدراتیان بكەن….

Leave A Reply

Your email address will not be published.