بەشێكی تر لەدەقی شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەكەوێت

0

بەشێكی تر لەدەقی شەو نییە شانم بەر شانی مردن نەكەوێت

 

دڵم كەوتە خوارەوە

بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم

درۆم لەگەڵ ئەستێرەكان كرد

سێبەری تەنیایی خۆم لەژێر سەرینەكەی

دایكما شاردەوە

بەدەم ڕێگای مردنەوە قاقای پێكەنینم

لێدەدا

بەوپەڕی قەلەقیەوە سەرم بەكۆشی

كافرو جولەكەدا دەكرد

جارجارە سەرێكم ڕادەوەشاندو عارەقەیەكی سارد ساردم دەكردەوە

 

بەخۆم نەزانی نامەیەكم بۆ ئەو ناردوو

تێیدا نوسیم بمبورە ئیتر لەمەولا

بەیانی باشت لێناكەم و قاوەت لەگەڵ ناخۆمەوە

من پیاوێكی درۆزنبوم

بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم كڕین و فرۆشتنم

پێوە دەكرا

هەر ڕۆژەی یەكێك لەدواوە چەقۆی بەپشتە ملم تیژ دەكردەوە

 

زۆر قەلەقم ئەڵێی ماخۆلانم پێكەوتووە

جێگە بەخۆم ناگرم

هەموو جەستەم ئەڵێی شەقشەقەیە دەلەرزێت

دایكم بەتیلەی چاو سەیرم دەكات و

وەك ئەوەی دڵی نەیەت پێمبڵێت

كوڕم بڕۆ بەر ئاوێنەكەو سەیرێكی ڕوخساری خۆت بكە هەر بەتەواوی ڕەنگی

مردوت لێنیشتووە

 

زۆر سترێسم

جێگا بەخۆم ناگرم

خۆمم بۆناخرێتەوە شوێنی خۆم

چاوم ڕەشكەو پێشكەدەكات

بێتاقەتیم پیادەچۆڕێتەوە

زۆر قەلەقم نازانم لەكوێ دەژیم

لەسواڵكەرێكی بێ ئەدرێس دەچم

كەمەست دەبم حەزدەكەم بفڕم

هەموو شتێكم لێ دەبێتە ئاسمان و

لەتێك نان

 

ئەزانم هیچ كەسێك بیر لەمردنم ناكەتەوە

بەڕۆژەكانی حەفتەدا دەزانم

باوكم لەبەهەشتەوە چاوەڕوانیم دەكات

هەموو شەوێك نامەیەكم بۆدەنێرێت و

بۆم دەنوسێت

كوڕم ئاگاداربە هەموو دونیا بەستویەتی

 

زۆر قەلەقم

شەوانە نازانم لەسەر چ لایەك بخەوم

كەگوێم لەلێدانی دڵی خۆم دەبێت

هەردوو چاوم دەكەوێتە فڕین

ماتەمینیەكی قوڵ قوڵ دام دەگرێت و

هێزی تف قوتدانیشم نامێنێت

زۆر سترێسم

كەدەگەمە ئەوسەری كۆڵانەكەی

ماڵی مردن هەموو جەستەم

دادەمركێت

شەو نییە شانم بەرشانی مردن نەكەوێت

…………….

١/١٢/٢٠٢١

میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.