ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن! (هەرێمی کوردوستانی عێڕاق بە نموونە)  (لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.) نووسینی: حەسەن ڕازانی

0

ئەو وڵاتەی کە تێیدا تاوانباران لە جیاتی سزادانیان پەنا دەدرێن و دەربازدەکرێن!

(هەرێمی کوردوستانی عێڕاق بە نموونە)

 (لە پەراوێزی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.)

نووسینی: حەسەن ڕازانی

پوختەی کارەساتەکە: لە ئێوارەی درەنگانی ٤-١٢-٢٠٢١ لە تانجەڕۆوە ژنێک تەلەفۆن دەکات بۆبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی توندوتیژی دژی ژنان و پێیان دەڵێت کە هەڕەشەی کوشتنی لەسەرە. نەقیب محمد لەتیف لەگەڵ سێ پۆلیسی تر بە پەلە دەگەنە شوێنەکەو هەر بە گەییشتنیان دەدرێنە بەر دەستڕێژی گوللەو لە ئەنجامدا نەقیب محمد گیان لەدەست دەداو سێ پۆلیسەکەش بریندار دەبن. تاوانبارانیش بۆی دەردەچن و تا بەرواری ئەم نووسینەش کەسیان لێ دەستگیر نەکراوە. هەندێک دەنگۆ بڵاوبووەتەوە کە گوایە بەرپرسێکی گەورەی سەربازی لە پشتی تاوانبارەکانەو دەربازی کردوون یان پەنای داون.

جا لەوبارەوە یەک پرسیاری گەورە دەبێ بکرێت ئەویش ئەوەیە کە: ئایا بە ڕاست دەسەڵات دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و تاوانبارانیش سزابدرێن و دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژیش بەرامبەریان بوەستێنرێت؟ ئەگەر وەڵامی ئەو پرسیارە بەڵێ بێت کەواتە دەبێ دەسەڵات و حکومەت هەم پشتی پۆلیس و دادوەرو دەسەڵاتی جێبەجێکار بگرێت و هەمیش نابێت تاوانباران لە ژێرهیچ بیانوویەکدا پەنا بدات یان دەربازیان بکات. ئەگەر ئەم کارە بکات کەواتە ئەو دەسەڵاتە نە دەیەوێت یاسا جێبەجێبکرێت و نە دەشیەوێت تاوانباران سزابدرێن و نە دەشیەوێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەریان کۆتایی پێ بهێنرێت. ئیتر لەمەودوا نە دادوەر دەتوانێت کارەکەی خۆی بە پێی یاسا بەڕێوەبەرێت و نە پۆلیسیش دەتوانێت بە دوا تاوانباراندا بڕواو بیان گرێت و نە هیچ لایەنێک و خەڵکی تریش دەتوانن لەوبارەوە هاوکار بن. کەواتە تەواوی شانەکە هەمووی لەسەری ئەو دەسەڵات و حکومەتەدا دەشکێتەوە.

بە پێی کۆمەڵگەی کوردی و ئەو هەلومەرجەی کە خەڵکی کوردوستان تێیدا ژیان بەسەر دەبەن پێم باشە لەوبارەوە چەندین پرسیار بکەم. بۆ نموونە: ئایا دیفاعکردن لە ژنان بۆ ئەوەی توندوتیژییان لە بەرامبەردا نەکرێت تەنها ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە؟ ئایا لایەنی جێبەجێکار لەنێوحکومەتی هەرێمی کوردوستاندا دەتوانێت یاسا لەبەرامبەر هەمواندا بە یەکسانی جێبەجێبکات؟ دەبێ ڕاستەوخۆ ئەرکی کێ بێت کە نەهێڵێت توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا ئەنجام بدرێت؟ ئایا پۆلیس وەک تیپی سەنگەری پێشەوەی لایەنی جێبەجێکار، دەتوانێت یاسا جێبەجێبکات لە هەرێمی کوردوستاندا؟ بۆچی تاکو ئێستا نەتوانراوە توندوتیژی لەبەرامبەرژناندا بوەستێنرێت و ژن کوشتن کۆتایی پێ بهێنرێت؟ ڕۆڵی دەسەڵات لە کوردوستاندا لەو بارەوە چییە؟ ئەدی ڕۆڵی ئایین و مەزەبەکان؟ ئەدی باشە ڕۆڵی ئەو هەموو ڕێکخراوانەی ژنان و خانمان و ئافرەتان کە هەندێکیان خاوەن لانەو شەڵتەرو شوێنی حەوانەوەی ئافرەتانی لێقەوماویشن چی بووە؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر.

بە بڕوای من، بە پشتبەستن بە سەرخانی فکری کۆمەڵگەی کوردوستان، بە ڕۆڵی ئایین و مەزەب، بە کەلتووری باوو هێنراوو داسەپاو، بە پاشخان و باکگڕاوندی هێزو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە دەسەڵاتی هەرێم، هەروەها بە مێژووی دوێنێی سەردەمی حوکمی بەعس لەو بارەوە، پێویستە زۆر لایەن و کەس و ڕێکخراو بێنە مەیدانی کارو لە چوارچێوەی شیعارو گوتاری سیاسی و بێکرداردا بێنەدەر.

ئەم کارە پێشی هەموان، بە بڕوای من، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وڵاتە. بۆیە دەبێ ئەم حکومەت و دەسەڵاتە سیاسییە بە یاسا لەڕێگەی دام و دەزگای تایبەت بەوکارەوە، کە پۆلیس ڕاستەوخۆ یەکێکیانە، ئەو کارە ئەنجام بدات. وە دەبێ حکومەت خۆی بە بەرپرس بزانێت لە دابینکردنی ئاساییشی سەرو ماڵ بۆ تەواوی کۆمەڵگە کە ژنانیش بەشێکن لەو کۆمەڵگەیە. دەبێ کۆمەڵگە لە لای ڕۆشن بێت کە بەرپرسی ڕاستەوخۆی یەکەم و کۆتایی لە ئەنجامدانی ئەوکارە دا حکومەت و دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوای وڵاتە.

دوای حکومەت و دەسەڵاتی سیاسیی و فەرمانڕەوا، بە بڕوای من، دەبێ زۆر لایەنی تریش ڕۆڵیان هەبێ و هاوکار بن  لەوبارەوە. پێویستە کۆمەڵگە بە گشتی بە ئەرکی خۆی بزانێ کە ڕێبگرێت لە توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا و نابێت کۆمەڵگە بهێڵێت کە ژنان بەهەر بیانوویەکەوە بێت بکوژرێن. ئەم کارە ئەرکی هەموو ئەو لایەنە سیاسسیانەشە کە مەسەلەی ژنیان بۆ گرنگە، ئەرکی هەموو تاکێکی ئازادیخوازو مرۆڤ دۆستە، ئەرکی هەموو ئەو نووسەرو ڕۆژنامەنووس وچالاکوانانەیە کە مەسەلەی ژنیان گرنگە، ئەرکی کۆمەڵگەی مەدەنییە، تەنانەت ئەرکی (ئایین و ئایینزاکانیشە)!! بە گشتی، دەبێ لەو بارەوە ڕۆڵی ئەرێییانە بنوێنن لە نەهێشتنی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان دا، ئەرکی خودی ژنان خۆیانە لە ڕێگەی یەکگرتوویی خۆیان و خۆڕۆشنبیرکردن وهەروەها لە ڕێگەی ڕێکخراوەکانی ژنانی سەربەخۆیانەوە، هەروەها ئەرکی هەموومانە لە ئەوپەڕی چەپمانەوە  بۆ مامناوەندی و لیبڕالیمانەوە کە دەبێ ڕۆڵمان هەبێ لە نەهێشتنی توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا. ئەبێ ژن کوشتن کۆتایی پێبێت.

بۆیە نابێت ئەو ئەرکە، کە ئەرکێکی گەلێک قورس و ئاڵۆزە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا، بە تەنیا بخرێتە سەر شانی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس. بۆ وەستاندن و کۆتایی پێهێنانی دیاردەی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان،  ژن کوشتن و  تاوان لەبەرامبەریاندا، تەنیا نابێ بە ئەرکی پۆلیسی بزانین و بە تەنیاش ئەو کارە بە پۆلیس ناکرێت. بە تایبەتیش لە شوێنێکی وەکو کوردوستاندا.

بە پلەی یەکەم ئەرکی ڕێکخراوەکانی ژنانە کە ڕاستەوخۆ پشتگیریی لەو ئۆفیس و دامەزراوە فەڕمیانە بکەن کە ئەرکیان پاراستنی ژنانە لە توندوتیژی و دەبێ لەوبارەوە بە بەردەوامی بەدواداچوونیشیان هەبێ کە ئاخۆ ژنان وەکو پێویست پارێزراوون؟ بۆیە ئەگەر هەموومان بەشدار نەبین لەو کارەدا ئەوا، بە بڕوای من، بە بوونی چەند ئۆفیسێکی پۆلیس یان یاسایەک کە توانای جێبەجێبکردنی ئەو یاسایەش نەبێ، ئەو ئەرکە بە تەواوی و بە سەلامەتی جێبەجێ ناکرێت. کۆمەڵگەش لەو بارەوە بێ خەتا نییە.

جا کاتێک کە هەموومان وەک و پێویست بەشدار نابین ئەوا بەردەوامی دەبێ لە ڕوودانی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە لە وێنەی کارەساتی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد لەتیف و برینداربوونی سێ پۆلیسی تر.  هۆی ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەوەیە کە نەقیب محمدەکان بە تەنیا ناتوانن ئەو ئەرکە قورس و ترسناکە لە نێو کۆمەڵگەیەکی بێ سەرەوبەرەی وەک و کوردوستاندا جێبەجێ بکەن. بۆیە ئەگەر پشتیان نەگیرێت لە لایەن هەموانەوە بە تایبەتی لە لایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا بەم شێوەیە دەبنە قوربانی و گیانیان تێدا دەچێت لە پێناوی بەرگرتن بە تێداچوونی گیانی کەسانی تردا. بۆیە دەبێ دەسەڵات بە بەرپرس دابنرێت. هەروەها نابێت ڕێکخراوەکانی ژنان لەو بەرپرسیاریەتیە بەدەربکرێن.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دوێنێی کوردوستان لە سەرەتای نەوەدەکانەوە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا نەتوانراوە بوەستێنرێت. ئامارەکانی ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژناندا ئەوە نیشان دەدەن کە نە حکومەت و نە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و خانمان نەیان توانیوە وەک پێویست دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان دا کۆتایی پێ بهێنن. سەردەمی پێش نەوەدەکان دیاردەی ژن کوشتن و توندوتیژی لە بەرامبەر ژناندا بە بەراورد بە دوای نەوەدەکان لە کوردوستاندا زۆر کەمتر بوو. تاوانباران سزا دەدران و نەیان دەتوانی بە ئاشکرا و بە ئازادی بسوڕێنەوە. بەڵام ئێستا بەڵێ بە ئاشکراو بە ئازادی دەسوڕێنەوە.

دەسەڵاتی ئێستای هەرێم بە ڕاستەوخۆیی و بە ناڕاستەوخۆیی لەباتی ئەوەی ببێتە لانەو پەناگەی ژنانی لێقەوماو هەڕەشەلێکراو، کەچی بووەتە بە پەناگەو لانەی تاوانباران و بکوژانی ژنان.

بەرپرس و کاربەدەستە دەسەڵاتدارەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کوردوستان خۆیان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ  تاوانبارەکان گل دەدەنەوەو  ناهێڵن دەستی یاساو سزا بیان گاتێ. بۆیە کاتێک کە لایەنی جێبەجێکاری یاسا توانای جێبەجێکردنی یاسای نەبێت و پشتی نەگیرێت لەلایەن حکومەت و دەسەڵاتەوە ئەوا کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد هەمیشە ڕوودەدەن. نەک هەر ئەوە بەڵکو نەقیب محمدەکانی تریش کە ئێستا لە ژیاندا ماون، کەمن هیوادارم هەمیشە سەلامەت بن، ئەوانیش ئیتر ناتوانن وەکو پێویست ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن و ناتوانن یاسا بسەپێنن.

کەم کردنەوەی ڕێژەی تاوانی توندوتیژیی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنیان پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاساوە. تا یاسا زۆرترو باشترو بە بەردەوامی بەسەر هەموو لایەکدا جێبەجێبکرێت ڕێژەی تاوان کەم دەبێتەوەو بە پێچەوانەش ڕێژەی تاوان بەرەو هەڵکشان دەچێت. کەواتە لەو نێوەدا ڕێژەی کارەساتەکانی لە وێنەی نەقیب محمد زۆرتر دەبن. لە ئەنجامی جێبەجێ نەکردنی یاساشدا لە لایەکەوە  ژنان دەبنە قوربانی و لە لایەکەی تریشەوە بە بەردەوامی نەقیب محمدەکان لەو ڕێگایەدا دەبنە قوربانی.

لە هەمووشی گرنگتر و ترسناکتر ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی و فەرمانڕەوا  دوولایەنە خودی خۆی تێوە گلاوەو هاوکارە لە زیادبوونی توندوتیژی لە بەرامبەر ژنان و کوشتنی ژناندا. چونکە لە لایەکەوە وەک و پێویست پشتی لایەنی جێبەجێکار ناگرێت و هاوکاری ناکات، وە لە لایەکی تریشەوە هەندێک لە بەرپرسانی نێو ئەو دەسەڵاتە دەچن تاوانباران دەپارێزن و لای خۆیان پەنایان دەدەن یان دەربازیان دەکەن و ڕەوانەی هەندەرانیان دەکەن یان لە ڕێگەی فشار لەسەر دادگا دەچن کەیسەکانیان یان بە لاڕیدا دەبەن یاخود لەسەریان سووک دەکەن.

ڕەفتارو سیاسەتی دەسەڵاتە کەوا دەکا لە لایەکەوە پۆلیس و لایەنی جێبەجێکار نەتوانن وەک و پێویست یاسا جێبەجێبکەن یان دەبنە قوربانی لەو ڕێگایەدا، وە لەلایەکی تریشەوە دەسەڵات خودی خۆی دەبێتە هۆی ساردکردنەوەی لایەنی جێبەجێکار لە جێبەجێکردنی یاسادا. کەواتە تا ئەم دەسەڵاتە سیاسەتی بەم شێوەیە بێت، ژن کوشتن و توندوتیژی لەبەرامبەر ژنان کۆتایی نایەت و تاوانیش هەر بەرەو سەر دەڕوا و کارەساتی لە وێنەی گیان لەدەستدانی نەقیب محمد و برینداربوونی هاوڕێکانی هەر بەردەوامی دەبێ…

لە کۆتاییدا قسەی یەکێ لە ئەفسەرە هاوڕێکانی نەقیب محمد دەهێنمەوە کە وتی:

“ئێمە چۆن بتوانین یاسا جێبەجێبکەین لە کاتێکدا دەسەڵات تاوانباران گل بداتەوەو بیان پارێزێت. ئێمەش بە مەرەدی نەقیب محمد دەچین. بکوژانمان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و دەرباز دەکرێن لە لایەن بەپرسە گەورەکانی نێو ئەو دەسەڵاتەی کە ئێمە یاسای بۆ جێبەجێ دەکەین. کەواتە ئەگەر پشتمان نەگیرێت ناشتوانین یاسا وەکو پێویست جێبەجێ بکەین. ئەگەر یاساشمان وەکو پێویست پێ جێبەجێ نەکرا ئەوا لە لایەکەوە هەم خۆمان دەبینە قوربانی و هەمیش ناتوانرێت کوشتنی ژنان و توندوتیژی لەبەرامبەریاندا کۆتایی پێ بهێنرێت و هەمیش تاوانباران هەر لە زیادبووندا دەبن”..

Leave A Reply

Your email address will not be published.