پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا… لەم ژمارەیەدا بەهار مونزیر وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

0

پرسی ڕۆژ گۆشەیەکە ئاراس ڕەشید هاوکاری سەرنووسەری بۆپێشەوە ئامادەی دەکات. هەوڵدەدات یەکێک لەپرسە گەرمە سیاسی یان کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بخاتە بەرباس لە ڕێگەی کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی شارەزا لەو بوارەدا…

bopeshawa@gmail.com

لەم ژمارەیەدا بەهار مونزیر وەڵام بەپرسی رۆژ دەداتەوە

پرسی ڕۆژ/ ڕووداوی کوژرانی نەقیب محمد لەتیف و بریندارکردنی هاوڕێکانی لەکاتی بەجێگەیاندنی کاری فەرمی بۆ داکۆکیکردن لە ژنانێک کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە شاری سلێمانی لە لایەن کەسانێک کە چەکیان پێبووە. لەم ماوەیەدا شاری سلێمانی و هەولێر شایەدی ئەو جۆرە ڕووداوانە بووەتەوە. بەرپرسان دەڵێن دەبێت یاسا سەروەر بێت، بەڵام ئەم ڕووداوانە وامان پێناڵێن. ئێوە چۆن لەو ڕووداوانە دەڕوانن و پێشنیارەکانتان بۆ چارەسەر چییە؟ چونکە قوربانیەکان خەڵکی مەدەنی هەروەها جێبەجێکاری یاساش بوون!

بەهار مونزیر چالاکوانی مافەکانی ژنان لە کوردستان لە وەڵام بەپرسی ڕۆژدا دەڵێت؛

ڕووداوی کوژرانی نەقیب محمد وەك داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان:

نەقیب محمد یەکێك بوو لە ئەفسەرە ناسراوەکانی شاری سلێمانی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، بەداخەوە بۆ ئەم تاوانەی ناخی هەموومانی هەژاند و توڕەی کردین. محمد لەتیف بە یەکەم گیانبەختکردووی سلکی حکومی دادەندرێت لەهەرێمی کوردستان کە کاری پاراستنی ژنانی کردبێت.

 بەجیا لەوەی کە یەکێک بوو لە تاوانە زۆر ناخهەژێنەکان، لە هەمان کاتدا زەنگێکی یەکجار ترسناك بوو بۆ هەموو داکۆکیکاران لە پرسەکانی ژنان؛ چ لە ناو دامودەزگاکانی حکومەت لە هەموو شارو شارۆچکەکان، چ لەناو داکۆکیکارانی پرسەکانی ژنان و بەڕێوبەرانی کەیسەکانی توندوتیژی لە ناو ڕێکخراوەکاندا. وەك دەزانن ئێمە زۆربەی کات لە کاتی کارکردنمان لەسەر کەیسەکانی کوشتن و توندوتیژی و دۆزینەوەی تۆمەتباران وەك رێکخراوەکان، هەمیشە گەورەترین ئاستەنگیمان بووە. بەڵام کەیسی کوشتنی نەقیب محمد؛ ئەوەی سەلماند کە دۆزینەوەی تۆمەتبارانی کوشتن ئەگەر دۆسیەکە پەیوەندیشی هەبێت بە پرسەکانی  ژنانەوە هەر کەمتەرخەمی تێدا دەکریت.

لە کوردستان چ پەرلەمان و چ دادگاکان سەربەخۆنین، بەو هۆکارەشە کە تۆمەتباران پەنا دەدرێن و دەشاردرێنەوە، هەر کەس سەر بە عەشیرەتێکی گەورە بێت، ئەوە بیردەکەنەوە گرتنی تۆمەتبار گرنگترە یاخود پشتیوانی یەك عەشرەت لە یەکێك لە حزبەکان بۆ دەنگدان؟ بە باوەڕی من ئەمە پرسێكی گرنگە هەمووشمان دەیزانین، بەڵام زۆر جار لە زۆر کەیسدا ئێمە بێدەسەڵات دەمێنینەوە لەبەر ئەوەی دەنگی خەڵكی لەگەڵ دروست نابێت، دۆسیەی تاوانێکی وەك کوشتنی نەقیب محمد زۆر دۆسییەکی تایبەتە و دەبێت ئەو دەنگە گشتییە پشتیوانیە زۆرەی خەڵک و ڕێکخراو و دەزگا حکومیەکان سودی هەبێت بۆ ئەوەی بەزیندویی بمێنێتەوە و بگاتە سزا، هاوڵاتیان لە دادگا و دامودەزگاکان خۆش نەبن لە کەمتەرخەمی.

ئەمە لایەك؛ لە لایەکی دیکە ئێمە ئاستەنگیەکانی ئەو بەڕێوبەرایەتیانەمان دەمێکە خستۆتە ڕوو بە پشتیوانی ڕێکخراوە نیودەوڵەتی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بەردەوام بووین، چونکە لە بناغەوە بۆ حکومەتی هەرێم شکلیە! بەڵام بۆ کارمەند و ئەفسەرەکان کارێکی جدیەو هەیە.  دەیان کەسیان ژیانی خۆیان خستۆتە خەتەرەوە، بەڵام بەداخەوە لەم ڕوداوەدا کەمتەرخەمی حکومەت و نەبوونی پلانی سەلامەتی بۆ کارمەندان و ئەفسەران بەو بەڕێوەبەرایەتیانە بەرجەستە بویەوە. لەلایەکی دیکە دیاردەی زۆربوونی چەك لە ماڵەکاندا، هۆکاریکی دیکەیە بۆ ئەم هەموو ڕووداوی کوشتنانەی ڕوودەدەن، کوشتنی ژنان وەك یەکێک لە دیاردە زۆر زەقەکانی هەرێم؛ من پێم وایە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەك لە ماڵەکاندا، واتە یەکێك لە هۆکار و پاڵنەرەکانە.

سیستمی پیاو سالاری لە هەرێم لە ئاستیکی زۆر بەرزدایە! بۆیە ئەم کەیسانە ئەوەندە قورس دەبن کە دەبێت کەسێکی وەك نەقیب محمد گیانی خۆی بۆ بکاتە قوربانی و ٣ هاوپیشەشی بریندار بکرێن. ئەوەی لە کۆتاییدا دەمویست بیڵێم؛ ئومێدێك بۆ لاوازبوونی سیستمی پیاوسالاری هەبێت؛ تەنها سیستمی بەدیلە کە ئەویش کارکردن بۆ بەهێزکردنی بەرەی یەکسانیخوازان و تێکەڵبوونی ئەم پرسە خەتەرو هەستیارە بە خەڵك و هێنانی دەنگێکی بەهێز بۆ ڕازینەبوون بەم پشتگوێخستن و گرنگی نەدانەی ئەمڕۆ هەیە لە کوردستان.

لە لایەکی دیکەوە ئەم زەنگە درا بەگوێی ناوخۆ ودەرەوەی کوردستانیش کە کارکردن لەگەڵ دۆسیەکانی کە پەیوەستە بە پرسی ناموس و پرسەکانی توندوتیژی خێزانی چەند سەختە بۆ هەموو ئەوانەی کار لەم مەیدانەدا دەکەن. دۆسیەی کوشتنی نەقین محمد پێویستە ببێتە سیمبولی ئەم سەختی و دژواریە، ببێتە سیمبولی ئەم کەمتەرخەمیە تەنها لە لایەن حکومەتەوە نا، بەلكۆ چەند گرنگە هاوڵاتیان لەهەر گەڕەکێک و هەر شوێنێکی کاریان پشتیوان بن، چەند گرنگە دەبێت هەموو گەڕەکێك قسە لەسەر ئەم هەموو کوشتنی ژنانە بکەین بۆ وەستانەوە و ڕێگەنەدان بە کوشتن لەسەر ناموس.

من پیێموایە ئەوکات سنورێك بۆ ئەم ناشرینیە دادەنێت، کە کۆمەڵگەی کوردستانی پیادەناسرێتەوە… چەند گرنگ دەبێت هەموو کارمەندان لە لایەن خەڵکەوە پارێزراوبن، نەك بێدەنگ بن! من پێموایە بۆ وەڵامدانەوە بەم تاوانانە ئەمە ڕێگایەکی جدی بێت. کە ئێمە ئێستا لەم ڕێکخراوەی کاری تیادادەکەم دەچینە گەرەکەکان و لەگەڵ دانێشتوانی گەرەکەکان گفتوکۆدەکەین، کۆمەڵێك ڕێکخراوی دیکە لە جیێاکانی تر هەمان ئەم کارە دەکەن.

 لە کۆتایدا جاریکی تر هاوخەمی دەردەبڕم بۆ نەقیب محمد وەك یەکەم داکۆکیکار لە پرسەکانی ژنان لە هەرێمی کوردستان. هیوای چاکبونەوەش بۆ بریندارانی ڕوداوەکە کە لە ئێستادا لە نەخۆشخانەن …

Leave A Reply

Your email address will not be published.