کۆشکەکەی سەرۆک و سامانی تاڵانکراو!

0

کۆشکەکەی سەرۆک و سامانی تاڵانکراو!

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی” زە ئەمریکان پرۆسپێکت” ئەمریکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، موڵکێکی بە زیاتر لە هەژدە ملیۆن دۆلار، لە ناوچەی گەشتیاری “ساوس بیچ” ی میامی کە دەرمانخانەیەکی شوشەیی لەسەر بیناکراوە، کڕیووە. هاوکات باسی ئەوە دەکات کە بنەماڵەی بارزانی لەڕیگای دەستبەسەداگرتنی نەوت و تاڵانیەک کەلەو بوارە دەیکەن سەروەت و سامانی ملیاردیان کۆکردۆتەوە.

لەبەرامبەر بەو هەواڵەدا، نوسینگەی سەرۆکی حکومەت رونکردنەوەیەکی ئاست نزمی بڵاوکردەوە کە رەتی دەکاتەوە سەرۆکی حکومەت موڵکێکی لەو بابەتە کڕی بێت… هاوکاتیش بۆ بەلاریدابردنی هەواڵەکە هیرشی شەخستی و تۆمەتی ئەخلاقی بەدەستەوە گرتووە تا دیکۆمێنت و بەڵگەیەکی جێگا بڕوا. هەر دوای رونکردنەوەی سەرۆکی حکومەت رۆژنامەی ئەمریکان پرۆسپێکت و نووسەری راپۆرتەکە پێداگریان لەسەر راستی هەواڵەکە کردەوەو رایانگەیاند ئەگەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو موڵکە نییە، با لەدادگا سکالا لەسەر نووسەر و رۆژنامەکە تۆمار بکات و لە ئەمریکا دادگاکان سەربەخۆن.

دیارە ئەوە یەکەمین جار نییە میدیاکانی دنیا هەواڵی دزی و تاڵانی و سپیکردنەوەی پارەو  بازرگانی کردن بە داهاتی خەڵکی کوردستانەوە لەلایەن بەرپرسانی پارتی و یەکیتی بڵاودەکەنەوە، بەڵکو لە ٣٠ ساڵی رابردوودا بەردەوام باسی تاڵانی و دزی و بازرگانی کردن بە داهاتی خەلکی کوردستانەوە لە وڵاتانی رۆژئاوا و سپی کردنەوەی پارە سەردێری میدیاکانیان بووە… لەماوەی ئەو ٣٠ ساڵەدا و ئەو هەموو کەیسانەدا کە خراونەتە ڕوو، بۆ یەک جاریش دادگاو ئەوەی پێی دەوترێت داواکاری گشتی لەکوردستان مێشیش میوانی نەبووەو بەدوای هیچ کەیسێکدا نەچووە، ئەوەش پوچی ئەو دادگایەی نیشانداوە کە داواکاری گشتی ویژدان زیندوو لەناو کۆمەڵگەدا پیویستە حوکمی پوچی و نەبوونی ئەو دادگاو داواکاری گشتی لە کوردستاندا بدات.

دیارە بەجیا لەو موڵک و سەروەت و سامانەی میدیاکانی دنیا، لە دنیای دەرەوە لەسەر بەرپرسەکانی دەسەڵات بڵاویان کردۆتەوە… لە ناوخۆی کوردستانیش ئەو تاڵانیەی بە ئاشکرا و بە نایاسایی و بە یاسا بۆ داتاشین، لە سی ساڵی رابردوودا کردویانە، بەبەرچاوی کۆمەڵگەوە دیارە، و حاشالیکردن هەڵناگرێت. لەدەست بەسەراگرتنی بازار و بازرگانی و دەستبەسەراگرتنی بەڵیندەرایەتیەوە تا دەستبەسەراگرتنی کێلگەی نەوت و دەیان هەزار دۆنم زەوی و داهاتی نەوتی و نانەوتی… دزییەکی ئاشکراو سیستماتیکی بەرپرسانی دەسەڵات و دەستڕۆشتوانی بنەماڵە دەخەنە روو.

Leave A Reply

Your email address will not be published.