خەباتی شەقام بەگەشەدانی خەباتی چینایەتی سەرکەوتوو دەبیت نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

خەباتی شەقام بەگەشەدانی خەباتی چینایەتی سەرکەوتوو دەبیت

نووسینی: عبدالرحمن رسول

لەکاتێکدا جیاوازی چینایەتی زۆر بێت بەدڵنییایی کاریگەری نەرێنی دەکەوێتە سەر ژیانی کۆی گشتی خەڵک بۆئەوەی بە ناڕەحەتی و ناخۆشی ژیان بگوزەرێنن، هەروەها لەگەڵ بەرزبوونەوەی جیاوازیە چینایەتییەکاندا ژیانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ناخۆشتریش دەبێت و لەبەرئەوەی لەگەڵ زیاتربوونی کەلێنی چینایەتی دا هەژاری وبێکاری وبرسێتی زیاتر دەکات.

پێویستە ئەوەش بزانین ئەرکی کۆی گشتی چینی چەوساوە و هەژار و کرێکارو خەڵکی ناڕازییە کە لەدژی چەوسانەوە و نایەکسانی چینایەتی بێتەمەیدانی تێکۆشان، کاتێکیش بەشێک لەخەڵک لەچینە بێ بەشەکەی لەماف وئازادی، وشیار دەبێتەوە دێتەمەیدانی تێکۆشانی جەماوەری لەجۆری ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان، ئەرکی کۆی گشتییە بەرگری لەخواستە چینایەتییەکان بکات، پشتگیری و پشتیوانی ئەو بەشەبکات کە داوای هێنانەدی ماف وئازادییەکانیان دەکەن.

 بەپشتیوانی کردنی ئەو بەشەی کەهاتۆتە سەرخیابان وشەقامەکان بۆ مافە ئینسانییەکانی ئێمە ڕاستەوخۆ دەبینە بەشێکی واقیعی لەگەشەدانی تێکۆشانێکی باشتر و چالاکتر بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر.

 بەمانایەکی ڕوونتریش بەم جۆرەیە کە کاتێک ئێمە بەرگری لەخواست و مافی چینایەتی دەکەین واتە بەرگری لەبەشی خوارەوەی کۆمەڵگە دەکەین کەبەهۆی دابەشکاری و جیاوازی چینایەتییەوە بارودۆخی شێوەی ژیانیان زۆر نالەبارو سەخت و دژوارە لەڕووی دەست ڕاگەیشتنیان بە ژیانێکی زۆر سادەی ئینسانی کەلەنێوان مەرگ مانەوەیاندا شەپۆل دەدات، کە بەشێک لەمرۆڤەکان زۆرجار ناتوانن ژەمەکانی خواردنیش بۆخۆیان دابین بکەن. واتە پارەی دابینکردنی ژەمەکانی خواردنیان دەست ناکەوێت و بەردەوام بەهۆی بێ خانەولانەیییەوە لەئاوارەیی و قەراغ شارو شوێنە کۆن و ڕووخاوەکانی شارەکان ژیان بەناخۆشی بەسەردەبن. وێڕای ئەوەی کاتێک تووشی نەخۆشی دەبن هیچ جۆرە ئیمکاناتێکی ماددییان لەبەردەستدا نییە.

 هەربۆیە گەشەدان بەخەباتی چینایەتی بەئامانجی کەمکردنەوەی جیاوازییە چینایەتییەکان، نەک ئەرکێکی سادەیە. بەڵکو ئەرک وپێویستێکی بەردەوامە بۆ هەر مرۆڤێک.

 لێرەدا دەتوانین بڵێن ئەوانەی لەسەر شەقامن، خاوەن ئیرادەیەکی شۆشگێڕانەی کردارین کە داوا و خواستی ئینسانی بەرز دەکەنەوە، یان لەدژی هەبوونی چەوسانەوە و نایەکسانی وگەشەی برسێتی وهەژاری دێنە سەر شەقامەکان .

 ئەگەر ئێمەی ناڕازی باشتر خۆمان بناسین لەناسینی هێزی ئیرادەی شۆڕشگێڕیدا، ئەوا چالاکانەتر لەهەنگاوەکانی تێکۆشانی جەماوەری دا سەرکەوتوودەبین. هەر کەمتەرخەمێک وتەمەبەڵێکیش لەناخی خەڵکی ناڕازی دا هەبێت ئەوا بێ ئومێدی زاڵدەبێت وتووشی پەرتەوازەیی دەبێت لەم تێکۆشانە چینایەتی ئینسانی یە.

 هەربۆیە زۆر گرینگە بەگشتی خەڵک بەرپرسیاریێتی لەخۆ بگرێت بۆ گەڕانەوەی ئیرادەی ئینسانی بوونی شۆڕشگێڕانەی خۆی وەک مرۆڤ، کاتێک لەدڵەوە ناڕازی دەبێت بەرامبەر هەبوونی دزی وچەوسانەوە وگەندەڵی وهەژاری زیاتر لەکۆمەڵگەکەی دا کەپێویستە ئەوبیرکردنەوە ناڕازیییە کە لەناخی دایە لەدژی هەبوونی نادادی و نایەکسانی و هەژاری وبێکاری وسەرکوتگەرییەی لەکۆمەڵگەکەدا هەیە بباتە بواری کرداری شۆشگێڕی سەرشەقامەکان شان بەشانی هاوچینەکەی خۆی.

 کە وەک مرۆڤێکی خاوەن ویژدانێکی زیندوو کە هەمان ئەرک دەکەوێتە سەرشانی ئەندام وکادیرانی (حیزبەکانی دەسەڵاتدار بەئۆپۆزیسیۆنەوە) کە لەچینی زەحمەتکێشادان یان ناڕازین  لەهەبوونی چەوسانەوەو گەشەی بێکاری و هەژاری لەکۆمەڵگەدا. دەرئەنجام پێویستە دەکات کە ببنە پشتیوانی خواست وداواکارییە ئینسانییەکان، کاتێک خەڵکی ناڕازی لەمەیدانی تێکۆشانەکاندایە بۆ هێنانەدی مافە ئینسانییەکان.

 هەر کەمتەرخەمییەک لەو ئاستەدا خزمەت بە ملهوڕی  چەوسێنەر دەکات و دواتر ناڕاستەوخۆ بەبێ خواستی خۆیان  دەبنە هاوبەشی تاوانەکانی دەسەڵاتی چەوسێنەرو دزو گەندەڵکار.

هەبوونی ئەم هەستە ئینسانییە بۆ هێزە چەکدارەکان وسوپا وپۆلیسەکانیش هەر ڕاستە ئەگەر ویژدانی ئینسانیان هەیە، ئەگەر دڵیان بۆ هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر لێدەدات، دەبێت دەست هەڵبگرن لەئازاردان وئەشکەنجە وزیندانیکردنی گەنج ولاوان و خوێندکاران و تێکۆشەرانی سەرخیابانەکان و بچنە ناوهێزی خەڵکی ناڕازییەوە پشتیوانی خواست و مافە ئینسانییەکانیان بکەن.

هەرکاتێکیش لەسەروی خۆیانەوە فەرمانی تەقەکردن یان ئازاردانی خۆپیشاندەران کرا جێبەجێی نەکەن. ئاخر زۆر شەرمەزارییە گەنج وخوێندکارێک یان کرێکارو مامۆستایەک داوای پێدانی هەقدەستی کارکردن یان (دەرماڵە) بیمەکەی بکات، بەڵام بەرشەق و زلە و بەر فیشەک بدرێت و ئازاربدرێت، ئەم کردەوەی مرۆڤە فاشیزمەکانە، ئەگەر ناتانەوێت پێتان بگوترێت فاشیزم ومرۆڤکوژ چیتر بەرگری لەو دسەڵاتە بۆگەن وچەسێنەرو دزو گەندەڵە مەکەن بەخۆتان وچەکەکانتانەوە بچنە ناوخەڵکی ناڕازی سەرخیابان وشەقامەکان ئەودەسەڵاتە دزو چەوسێنەرە لەگۆڕبنێن، دەنا لەکۆتایی ئەو دەسەڵاتەدا بەدەستی خەڵک تفباران دەکرێن نەفرەتان لێ دەکرێت.

 ئەم خەڵکەی ناڕازیییەی کە لەخیابانەکان ڕوبەڕووی دەسەڵات و حکومەت دەنگ بەرزدەکاتەوە لەدژی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری وبێکاری وبرسێتی وئاوارەیی ئەم مرۆڤانە بەهەبوونی ئیرادەی ئینسانی چەمانەوەو سواڵکردن و کڕوزانەوەی خۆیان لەبەرامبەر دزو گەندەڵکارانی دەسەڵات بەهەموو شێوەیەک ڕەد دەکەنەوە.

 ئەوانە گەنج و لاوی لێهاتوویی ئازان لەسەر دەستی ئەم مرۆڤە ئازایانە کۆمەڵگەیەکی نوێ تر وباشتر بەدی دێت، نەک لەسەردەستی مرۆڤە دزو گەندەڵکارانی دەسەڵاتدار کەبەزۆر خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.

 ئەم چینە شۆڕشگێڕە باش  تێگەیشتووە کە هێنانەدی نان، کار، ئازادی و کەهێنانەدی پێکەوە ژیان کەهێنانەدی ئارامی و ئاسایش مەحاڵە بەبێ تێکۆشانێکی یەکگرتوانەی جەماوەری کە ئامانجی هێنانەدی  یەکسانی ئابووری و نەمانی جیاوازی چینایەتییەکان بێت.

 هەروەکو کارڵ مارکس دەڵێت: داواکانی ئێوە بۆ ئازادی و برایەتی و ئاسایش و پێکەوەژیان، مەحاڵە بەبێ یەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە بەبێ جیاوازیی ڕەگەز و ئاین و نەتەوە، واتە مەحاڵە بەبێ ژیانێکی هەرەوەزکاری لە کۆمۆنەکادا.

 زۆرجار مرۆڤ لەتێکۆشانی هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر بێ ئومێد و بێ هیوا دەبێت هەربۆیە لەدەست چەوسانەوە ونایەکسانی وگەشەی بێمافییەکان بەناچاری پەنا بۆ ئاوارەیی دەبات، ئەمەشیان بەشێکە لەتاقیکردنەوەی ململانێکان بۆ ‌هێنانەدی ژیانێکی باشتر، ئەگەرچی زۆرجار تووشی قوربانی دانی سەختیش دەبیت لە ڕێگای هێنانەدی ئامانجەکەی دا.

 مرۆڤەکان بەردەوام ڕێگای جیاواز بۆ هێنانەدی ژیانێکی نوێ تر دوور لەبرسێتی و چەوسانەوە دەگرنە بەر بەڵام دواجار بەهۆی شکست و کەوتنەکانیانەوە دەگەن بە وشیاری چینایەتی وخۆی لەتێکۆشانی چینایەتی دا دەبینیێتەوە. کە لەئاکامدا بەتێکۆشانی چینایەتی خۆی وکۆمەڵگە ڕزگار دەکات لەدەست زوڵم و دزی وتاڵانی وچەوسانەوە.

 لەبارەی ئەم جۆرە تێکۆشانەوە ترۆتسکی دەڵێت: هەڵسن بەڕێکخستن و کۆکردنەوەی مرۆڤە یاخییەکان . خۆتان بە دوور بگرن لە جوێندان، جوێندان میراتی کۆیلایەتییە، خۆتان بە دوور بگرن لەو ڕەفتارە نەشیاوەو هەڵسن بە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی مرۆڤە یاخییەکان. ببنە ناوەندێک بۆ ڕێکخراوبوون، ببنە دەنگی هۆشیاری و بەرەنگاربوونەوە، تا لەبری جوێندان و دەنگ و هاواری بێ ئەنجام، ببنە ڕێکخراوێکی سەرتاسەری و تێبکۆشن بۆ شۆڕشێکی بونیادنەر.

 کەوایە کارە دروستەکە بۆ هەر مرۆڤێکی ناڕازی لەهەبوونی دەسەڵاتێکی دزو چەتەو تاڵانچی ڕێكخراوبوونە لە بزوتنەوەی جەماوەری ناڕازی چینایەتیدا کە ئامانج و خواست و مافە ئینسانییەکان بەدی بهێنێت.

 ئەوە ئاشکرایە بەرپرسانی باڵای دەسەڵاتە ملهوڕەکان زۆر باش دەزانن و بەئاگان لەوەی کە خەڵک چی دەوێت و داواکاری چییە کەلەخیابانەکان ناڕەزایەتی وخۆپیشاندان ئەنجام دەدات، بەڵام خواست وداواکارییەکانیان بەبیانوی جۆراوجۆر بۆ جێبەجێ ناکات کەخودی خۆشی دەزانی بیانوەکانیان هیچ و فریوکارانەیە.

 پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی خواست و داواکارییە سادە ئینسانییەکان جێبەجێ ناکات؟ وەڵامە دروستەکە ئەوەیە زۆر باش دەزانێت کاتێک بەشێک لەخواستەکانی جێبەجێ کرد خەڵک دەست هەڵناگرێت لەداواکاری و نارەزایەتی، لەبەرئەوەی بەردەوام داوایی ژیانێکی باشتر دەکات .

 کاتێکیش خەڵک داوای ژیانێکی باشتر بکات و حکومەت جێبەجێی بکات ئەوکات دەبێت هەڵسێت بەکەم کردنەوەی جیاوازە چینایەتییەکان و زیادبوونی داهاتی ڕۆژانەی هەژار وبرسییەکان وکرێکار وزەحمەتکێشان لەکاتێکیشدا ئەم هەنگاو بگرێتە بەر دەبێت ڕێگری بکات لە زۆربوونی داهاتی سەرمایەدار وخاوەن کۆمپانیاو بازرگانەکانی دەسەڵات، هەرگیزیش ئەو هەنگاوە نانێت، چونکە سەرۆک وبەرپرسەکانی حکومەت نایانەوێت پارەوداهاتیان کەم بکات، تەنها ئامانجیان قازانجی زیاتر و کۆکردنەوەی پارەی زیاترە لەو پێناوەشدا باکییان نییە بە لەبرسان مردن وخنکاندن وبەنەخۆشی مردن و قوربانی دانی مرۆڤە کرێکارو هەژارو چەوساوەکانی کۆمەڵگە، چونکە لەلای دەسەڵات بەپلە دوو ئەژمار دەکرێن.

 لەژێر ڕۆشنایی ئەو ئامانجە دژە ئینسانیانەدایە کاتێک هەنگاو بەگەشەدانی کەرتە تایبەتەکانی خوێندن و تەندروستی و کارەبا و ئاو و هاتوچۆو بەشەکانی تری کۆمەڵگە دەدات، هەر بۆیە لەبێ ئاگایی یەوە نییە کە خزمەتگوزاری پەروەردەیی و تەندروستی و کارەبا و ئاو بێ ئەرزش دەکات و گرینگی پێنادات، بەڵکو بەوشیارییەوە چەندەها ساڵە هەمان هەنگاوی دژەئینسانیان ناوە، بەڵام خەڵک بەگشتی خۆشباوەرو ساویلکانە بە بەڵێن ونووسین وقسەکانی دەسەڵاتداران هەڵخەڵەتاوە، دواتر حیزبەکانی بەناو ئۆپۆزیسیۆنیش بەناوی چاکسازی و ڕیفۆرمی حکومەتەوە جارێکی تریش خەڵک فریودراو ئەمەش بۆتە هۆکاری گەشەی بێ ئومێدی لەتێکۆشانی جەماوەری بۆ ڕێکخراوبوونیان لەبزوتنەوەی چینایەتیدا بەناچاری لەدوایی قوربانیدانی سەرخیابان وشەقامەکان ئاوارەی وڵاتان دەبن کەدواتر بەشێکیان دیسان دەبنەوە قوربانی و ئازار ونارەحەتی زۆر دەبینن.

 هەربۆیە دەسەڵاتەکان زۆر بێباکن لەناڕەزایەتییەکان، چونکە خەڵکی ناڕازی ڕێکخراو نەکراون لەبزوتنەوەی چینایەتی خۆیاندا.

 بەئاسانی دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر دەیەوێت ئەم کردەوە دژە ئینسانییانەی بۆ بچێتە سەر. گەر ئەمانەی بۆ چووەسەر، نەک چیتر پشتگیری ئەو دەزگاو دامەزراوانە ناکات کە خزمەت بە زۆرینەی هاوڵاتیان دەکەن، بەڵکو هەوڵ ئەدا، ئەوەی پێی دەڵێن جۆرەکانی  دەرماڵە یان (بیمەیە)  بۆ مامۆستا و خوێندکارو کرێکارو فەرمانبەرو خانەنشین نەیدا، یان کەمی بکاتەوە،  هەروەها هەوڵ ئەدا، کار  بۆ پێدانی هیچ جۆرە بیمەیەک نەکات، بیمەی بێکاری، بیمەی تەندروستی ئەوانە دەبێتە خەون. لەژێر ئەم جۆرە سیستەم ودەسەڵاتە کۆنەخوازو چەوسێنەردا.

بەکورتی و کوردی ئامانجی  ئەم جۆرە دەسەڵاتانە، تەنها کۆکردنەوەی سەرمایەو پارەو پولێکی زیاترە بۆئەوەی ئەوانەی لەناوحکومەت و پەرلەمان وحیزبەکانی دەسەڵاتدان هەر زیاترو زیاتر ببنە خاوەن پارەو کۆمپانیای گەورەی جیهانی.

 چارەسەر بۆ دەسەڵاتێکی بەم جۆرە تەنها ڕاماڵین و ڕوخاندنیەتی بەڕاپەرین وتێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری کەبتواندرێت لەبزوتنەوەی جەماوەری شوراکاندا ڕێکخراو بکرێت وکۆمیتەی چەکداری وکۆمیتەی نهێنی بۆ دابمەزرێندرێت، بۆئەوەی هەنگاو بە هەنگاو باشتر پارێزگاری لەخەڵکی ناڕازی وخۆپیشاندەران بکرێت، شێوازێکی جیاوازتر لە کاری حزبی بێتەکایەوە کە بتوانێت ڕادیکاڵانە و چالاکانەتر گۆڕانکاری بکرێت لەسیستەم و دەسەڵات وکۆمەڵگەدا. تا بۆ هەتا هەتایە سەری ئەوزێرابەی دەسەڵاتی مهلوڕ دابخرێت. خەڵک خۆی ئیدارەی کۆمەڵگا بە هەرەوەزکاری لەحکومەتی شورایی دا بەڕێوەبەرێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.