دانا ڕەشید: پێگەی هەرێمی كوردستان نە لە ڕابوردودا ئەو سوودو قازانجەی بۆ گەلی كورد هەبووە، و نە لە داهاتوشدا دەیبێت… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز (دانا ڕەشید) چالاكوانی مەدەنی سەبارەت بە عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق…

0

دانا ڕەشید: پێگەی هەرێمی كوردستان نە لە ڕابوردودا ئەو سوودو قازانجەی بۆ گەلی كورد هەبووە، و نە لە داهاتوشدا دەیبێت…

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز (دانا ڕەشید) چالاكوانی مەدەنی سەبارەت بە عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق…

بۆپێشەوە: بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردنەكاندا بەرێژەی لە ٢٠% واتە ٨٠% لەسەدی خەڵكی عێراق، هەڵبژاردنیان رەتكردۆتەوە، ئایا هەڵبژاردنێكی ئاوا هیچ شەرعیەتیكی قانوونی هەیە؟ ئەو ئەندام پەرلەمانانە نوێنەری لەسەدا بیستی خەڵكن، لەبەرامبەر بە رەتكردنەوەی هەشتا لەسەدا، ئەمە چ خوێندنەوەیەكی بۆ دەكرێت؟

دانا رەشید: بەرای من لە دۆخێكی وەك ئەم دۆخەی ژیانی كۆمەڵگەكانی عێراق بە گشتی، هیچ جۆرە هەڵبژاردنێك شەرعیەتی نییە، ئەوەش لەبەر نەبوونی حكومەتێك كە لایەنی كەم ماف و ئازادی تاكی لە كۆمەڵگەدا دەستەبەركردبێ. لە لایەكی ترەوە دەسەڵاتی حیزبی كە هەر حیزبە خۆی كردووە بە حاكمی ناوچەو شارێك و دەستی مافیا و كۆمپانیا خوێنمژەكان، و بوونی بێدادی و هەژاری و نابەرامبەریەكی لە ڕادە بەدەر، كە هەڵبژاردن ئەگەر رێژەی بەشداریكردنیش بەرز بێت؟ بەڵام لە دۆخێكی وەهادا چ گۆرانكاریەك بەدوای خۆیدا دەهێنێت، كە ئەم رێژە كەمەی بەشداریكردن جۆرێك بوو لە رەتكردنەوەی ئەم بارە سیاسیە، و لە ئەساسدا بۆ لێسەندنەوەی ئەو شەرعیەتە كە پێی دەوترێت شەرعیەتی هەڵبژاردن .

 بۆپێشەوە: پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنەكان چۆن دەبینن؟

دانا ڕەشید: پرۆسەی پێكهێنانی حكومەت دوای هەڵبژاردنەكان، من وای دەبینم كە لە شوێنێكی ترەوە گفتوگۆ دەكرێت و دەسەپێنرێت، ئەگەر ئێران و ئەمەریكا لەسەر هەر كەسایەتیەك رازی نەبن، ئەوە پلەی سەرۆك وەزیران یان سەرۆكی پەرلەمان یان سەرۆك كۆمارو ئیتر هەر وەزیرێك و كەسێكی گرنگ بێ رەزامەندی بە پلەی یەك ئێران و ئەمەریكا هیچ پۆستێك وەرناگرێ، بۆیە  ئەو پرۆسەیە وابەستەیە بە ئێران و ئەمەریكاوە لە ناوچەكە.

بۆپێشەوە: پێگەی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا چۆن دەبێت، ئایا لاتان وایە دەتوانن پۆست و جێگا و رێگای پێشوویان بەدەست بهێننەوە؟

دانا ڕەشید: پێگەی هەرێمی كوردستان نە لە ڕابوردودا ئەو سوودو قازانجەی بۆ گەلی كورد هەبووە، و نە لە داهاتوشدا دەیبێت، بەتایبەت كە هەمیشە هەردوو پارتی خۆسەپێن یەكێتی و پارتی؛ هەمیشە ململانێێ دەسەڵات و حیزبیان قەزیەی كوردی كردووە بە ژێر پێێ خۆیانەوە، تەنها كۆمەڵێ موچەخۆرن بە پلەی ئیمتیازو هیچی تر.

بۆپێشەوە: حكومەتی داهاتووی عێراق، وەكو حكومەتەكانی پێش خۆی لە ژێركاریگەری دەستێوەردانی وڵاتانی ناوچەكەدا پێك دێت، یان دەتوانێت لانی كەمی سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت؟

دانا ڕەشید: لەراستیدا هەمیشە وا بووە، پڕۆسەی سیاسی بەگشتی وحكومەتە یەك لەدوای یەكەكان لە عێراق  لەژێر كاریگەری و هەیمەنەی دەوڵەتە ئیقلیمیەكان و ئەمەریكا بووە. حزب و دارودەستەكانیش بەپێی بەرژەوەندی ئەوان حكومەتیان بەڕێوەبردووە.

بۆپێشەوە: چەندین خۆپێشاندان بەدژی ئاكامی هەڵبژاردنەكان لە بەشێك لە شارەكانی عێراق دەستی پێكرد، ئەم خۆپێشاندانانە تا چەندە كاریگەری لەسەر ئاكامی هەڵبژاردنەكان دەبێت؟

دانا ڕەشید: راستە بەردەوام خۆپیشاندان كراوە و بەردەوامیش دەكرێ، ئەوەش بۆ دروستكردنی فشار نییە لەسەر ئاكامی هەڵبژاردنەكان، بەڵكو لەتاو بێدادی كۆمەڵایەتی و نابەرامبەری ژیانە زیاتر. ئەوەی دەگەڕێتەوە بەخۆپیشاندانەكانی ئەم دواییانە كە لەلایەن هێزە دۆڕاوەكانەوە بەڕێوە چوو، بەڕای من هیچ كاریگەریەكی نابێت.

 بۆپێشەوە: مقتەدا سەدر دەڵێت “دەبێت ملیشیاكان هەڵبوەشێنەوە، تاچەندە لاتان وایە میلیشیا چەكدارەكان هەڵدەوەشێنەوە، بە میلیشیاكانی سەدریشەوە؟

دانا ڕەشید: موقتەدا سەدر سەرەتای رووخانی حكومەتی صدام دژی داگیركاری ئەمەریكا بوو، و بەو دژایەتیكردنە هێزی گرت، دوایی كە تێگەیشت بەوجۆرە بێهێزو ریسوا دەبێت، بۆیە ئەویش خۆی وەك لایەنەكانی تر گونجاند، بەڵام باجی ئەو دژایەتیەی ئەمەریكایدا، بەوەی كە چەندین ساڵ لە پرۆسەی  خۆ فەرزكردن دواكەوت. ئێستا كە بەتەواوی لەژێر هەیمەنەی ئێران و ئەمەریكادایە، بۆ یاریەكی نوێ هەڵیان بژاردووە، ئەگەر بیەوێ میلیشاكان هەڵبوەشێنێتەوە ئەوە یەكەمجار دەبێ میلیشیاكەی خۆی تەفروتونا بكات! چونكە خۆی خاوەنی میلیشیایەكی بێ رەحم و وێرانكەرە. بۆیە دەستبردن بۆ ملیشیاکان کە زۆربەی هێزەکان هەیانە، بەمانای نەمانی ئەو هێز سیاسیانە دەکات. بەنموونە ملیشیاکانی یەکێتی و پارتی، ئەگەر هەڵبوەشێنەوە؟ ئەوا ناتوانن بۆ ماوەیەکی کەمیش نەحوکم بکەن و نەدەسەڵاتیشیان بەوجۆرەی ئێستا دەبێت.

بۆپێشەوە: چۆ دەڕواننە لێدوانی مقتەدا سەدر سەبارەت بەوەی دەڵێت “حكومەتێكی نیشتیمانی پێكدەهێنین كە دوور بێت لە پشك پشكێنەی قەومی و تایفی؟

دانا ڕەشید: نە موقتەدا سەدرو نە غەیری ئەو  ناتوانێ حکومەتێکی نیشتمانیی دروست کات! لەبەر هۆیەکی سادە، لە عێراق نیشتمان بەمانا راستیەکەی کۆتایی پێ هاتووە. ئەوەی هەیە گۆرەپانی تاڵانی و ململانێیە لە نێوان کێ دەستی درێژ بێ و کێ بەهێزی گۆرەپان بێت ئەو بەشە کێکە گەورە و زۆرەکە بۆخۆی دەبات.

بۆپێشەوە: خۆپیشاندان و ڕەوی بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان و عێراق بۆ دەرەوە، لەدوای هەڵبژاردنەكان چیمان پێدەڵێن؟

دانا ڕەشید: کۆچ و رەو بێهێزترین هەڵبژاردە و قەراری مرۆڤە لە دۆخی بێهێزترین و نابەرامبەرترین جۆری ژیاندا، مرۆڤ کە هیچ هەڵبژاردنێکی تری بەدەستەوە نەما لە ژیانیدا، پەنا بۆ کۆچ و ڕەو دەبات، واتە رەو خۆی رەت کردنەوەی ئەو بارە ناهەموارەیە کە تێیدایە و نائومێدی کردوە لە توانای گۆڕانکاری.

Leave A Reply

Your email address will not be published.