تۆ ئاویشت فێری دڵڕەقی كرد

0

تۆ ئاویشت فێری دڵڕەقی كرد

 

واز لەبێتاقەتی چۆلەكەكان و

كەوتنە خوارەوەی ئەستێرەكان بێنە

ئێمە بەخوامان وت

بەردمان فێری دڵڕەقی كرد

ئاومان سەربەرەو خوار هەڵواسی

چاوی درەختە نەزۆكەكانمان پڕكرد لەگریان

بەهەورمان وت بۆت نییە لەم دەڤەرەوە بڕۆیت

ئێمە ڕێگاكانمان كوشت و بەسەر كۆڵانەكانیشا

گریاین

نەمان دەزانی لەدوای مردنی باران

گیرفانەكانمان پڕ دەبێت لەگلەیی سۆفیە

دڵ شكاوەكان

 

واز لەم شەڕە جنێوە بێنە

ئەمەندە بەرد مەگرەرە شەپۆلی دەریا نوستوەكان

نەبا خوا لەسەر كورسیەكەی بێتەخوارەوەو

لێمان عاجزبێت

 

نامەوێت من ناتوانم بەدڵێكی شكاوەوە

بەم گۆڕستانەدا پیاسەبكەم و

بەمردوەكانی هاوڕێم بڵێم

ئەرێ دەكرێت بەبێ دەستدنوێژ نوێژی

ئێوارە لێرەدا بكەم و

یاسینی خۆم بخوێنم

 

من لەبێتاقەتی ئەو پایزانەش تێدەگەم

كەبەسەر قەراغی مردندا دەڕۆن و

لەهیچ ڕەشەبایەکیش توڕەنابن

ئێستا تێدەگەم

بۆهەموو ئێوارانێك دایكم لەبەردەرگا چاوەڕوانی دەكردم و

پێی دەووتم كوڕم ئەوەندە تەماشای ئەوسەری

كۆڵانەكەم كرد خەریكبوو خۆم لێدەبوو بەتۆ

ئێستا تێگەشتم

بۆباران دەبارێت و بۆئێمەش چەتر هەڵدەدەین

هەمیشە ئەو پرسیارەم لەمامۆستای

وانەی دین دەكرد پێمدەوت مامۆستا ئەرێ

ڕۆژی حەشر یەعنی چی و بۆدەبێت

كفن هەرسپی بێت

 

ئێستا تێگەشتم

هیچ ئەستێرەیەك لەخۆیەوە ناكشێت

ئەگەر تیشكی دەریاكان غەرقی بێتاقەتی نەبێت

ئەم چاوە چاوەی ژیان بێزاری كردوم

هاتوچۆم بەناو تەنیایی خۆمدا فێری بیرچونەوەم دەكات

 

ئێستا تێگەشم

ئێمە بۆیەكتری دەدەینە بەرگوللەو

بۆچی بەشانو باڵی مردوەكاندا هەڵدەدەین

دایكم توڕەیە لێم

زوزو بەچاوێكی پڕلەگریانەوە پێمدەڵێت

پیاهەڵدان بەشانو باڵی مرۆڤە دڵڕەقەكاندا

وەك ئەوە وایە بە ڕەشەبا بڵێیت

ئەرێ بۆئەوەندە دەچیتە بەرئاوێنە و بۆ ئەوەندە

لەخۆت ورد دەبیتەوە

 

ئێستا تێگەشم

شێتی جوانیە و فڕینیش بەسەر ئاسمانی

ماڵی ئاودا پڕمان دەكات لەخەونی ڕەنگاو

ڕەنگ و لەكەوتنە خوارەوەی بریقەدار

بەدەست خۆم نییە وافێربوم

پێش ئەوەی بنوم دەبێت شەوشاد لەمردوەكان بكەم و

بەبەچكەی قەسیدەكانم بڵێم ئەرێ دەموو دانتان شتوەو شایەتومانتان هێناوە

 

ئێستا تێگەیشم بۆئەو چەقۆی  بەبنە ژێر پیاڵە تیژدەكردەوەو

دەستی دەكرد بەناو گیرفانی

كراسەكانی ژیانی مندا

منێك كەهاوڕێی پەپولەو چۆلەكە دڵسافەكان بووم

بەبیرم نایەت بەئاوم وتبێت دەمت بەرە بەولاوە

بۆنی هەناسەت هەراسانی كردوم

 

ئێستا تێگەشم ڕاكەڕاك بەدوای سەرابدا

وەك ئەوە وایە بەگوێێ بەردا بچرپێنیت و

پێی بڵێیت ئەگەر تاقەتت هەیە وەرە باپیاسەیەك

بەناو كۆڵانەكانی ئەم ژیانە

مەشلولەدا بكەین

وەرەو با بەسەر نووسەری ئەو ڕۆژنامانە بڵێین

ئەوەندە هەواڵی خۆكوشتن و ژن كوشتن

بڵاومەكەنەوە

چونكە دایكم لەبەردەرگا چاوەڕوانم دەكات

 

واز لەم گڕۆزییە بێنە

من تا ئێستاش هەڵماقۆ لەگەڵ باراندا

دەكەم و پێی دەڵێم  ئەرێ باران مانای چیدەگەێنێت

بۆ وەك من بیر لەفڕین

ناكەیتەوەو ببیتە دراوسێی ماڵی سەرابێكی

سەر سپی

ئێستا تێگەشم بۆتۆ ڕقت لێمەو

دایكیشم سەرم دەگرێتە باوەش

………………..

حەکیم میرزا

Leave A Reply

Your email address will not be published.