دەبێ دەست بەجێ و بێ قەیدو شەرت سەرجەم گیراوەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خوێندکاران ئازاد بکرێن…

0

دەبێ دەست بەجێ و بێ قەیدو شەرت سەرجەم گیراوەکانی بزوتنەوەی نارەزایەتی خوێندکاران ئازاد بکرێن…

خۆپیشاندانی خویندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان، لە پێناو گێرانەوەی دەرماڵەی دزراو و باشکردنی دۆخی خراپی بەشە ناوخۆییەکان و خواستی باشکردنی خزمەتگوزارییەکان… رووبەڕوبۆوە لەگەڵ سەرکوت و داپلۆسینی چاوەروانکراوی هیزە ئەمنیەکان و بەڵتەجیەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی.

شارەکان و زانکۆ و پەیمانگاکان کرانە سەربازگە و میلیتاریزە کران، خوپیشاندەران کەوتنە بەر هیرشی توند و تیژ و دڵرەقانەوە. لە سوکایەتی و لێدان و شەق وەشاندنەوە، بۆ ئاوپژین و رشتنی غازی فرمیسک رێژ، تا رفاندن و دەستگیرکردنی سەدان خویندکار و چالاکوان و هەڵسوڕاوی سیاسی.

چوار رۆژ خۆپیشاندان و نارەزایەتی دەربڕین، بۆ خواستی زۆر سادە، هەزاران سوکایەتی و شەق وەشاندن و تۆمەتی بەدوای خۆیدا هێنا، دەیان کەس رفێندران، بەسەدان کەس زیندانی کران، کە تائێستاش ژمارەیەکی یەکجار زۆریان کە مەزەندەی سەرو ٣٠٠ کەس دەبن، ئازاد نەکراون.

بۆیە یەکێک لە خواستەکانی خوێندکاران و جەماوەری ئازادیخواز دەبێ ئازادکردنی سەرجەم گیراوە سیاسییەکان و رفێنراوەکان و قەرەبووکردنەوەیان و هاوکات دادگاییکردنی ئەوانە بێت کەدەستیان لە زەبرو زەنگ و شەقوەشاندن نەپاراست و رەفتاری بەعسیەکانی بەبیر جەماوەری کوردستان و خوێندکاران هینایەوە.

خامۆش بوونەوەی ئێستای خۆپیشاندانەکان بەمانای کۆتاییهاتن بە پێداگری لەسەر خواستەکانیان نییە، بەمانای فریوخواردن بە بەڵێنی بەرپرسەکان نییە، بەتایبەتی کە بەڵێنی جێبەجێنەکراو هاوشانە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی… لەدوای هەموو خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکی جەماوەریدا کە گوشار و کاریگەری دەخاتە سەر دەسەڵاتی سیاسی، دەسەڵات بۆ خاوکردنەوەی نارەزایەتییەکان دەیان بەڵین دەدەن، بەڵام بەکردەوە جی بەجێکردنی ئەو بەڵێنانە، دەسپێرن بە خەواندن و جێ بەجێ نەکردن، بۆیە پێویستە خوێندکاران و جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان لەسەر گوشارەکانیان بۆسەر دەسەڵات بەردەوام بن، تا سەرجەم گیراوەکان ئازاد دەکرێن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.