هەلومەرجی سیاسی تازەی عێراق و کاریگەری لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت!   نوسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

هەلومەرجی سیاسی تازەی عێراق و کاریگەری لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت!

 

نوسینی: عەبدوڵا مەحمود

دوای هەڵبژاردنی پیش وەختەی عێراق، پرسی پیکهیانی حکومەت لە ئێستادا سەرەکیترین پرسی سیاسی کۆمەڵگەی عیراق و بزوتنەوە کۆمەلایەتییە بۆرژوازییەکانیەتی. سەرجەم رەوتە بۆژوازییەکان بە قەومی و دینیەوە، بەسونی و شیعیەوە، بە کورد و عەرەبەوە، بە گەورەو بچوکەوە… بەدوای ئەوەوەن جێگای خۆیان لە حکومەتی ئایندەدا بگرن و بەشیان پێ ببڕێت. پیکهێنانی حکومەتی عیراقیش گەلێک کۆسپ و لەمپەری گەورەی دەرەکی و ناوخۆیی لەبەردەم دایە و ناتوانرێت لە پرۆسیسیکی ئاسایی و کورت مەودا، پێک بێت.

حکومەتەکانی پێشووش کە پێکهاتوون بەهەمان رێرەوی سەختی و گرفت ئامێزدا تێپەڕیوون… سەرجەم ئەو حکومەتانە کە پێکهاتوون، کەمترین رۆڵ بەدەست هێزە سیاسیە ناوخۆیەکانەوە بووە و ئەوەی پرسی پیکهێنانی حکومەتی یەکلاییکردۆتەوە هیزە دەرگیرەکانی دەرەوەی عیراق بوون، واتە هیزە دەرەکی و ناوچەیەکەیان بەسازش و سازان لەگەڵ یەکتری و جۆری ئەو حکومەتە و بەشەکان، پێکهاتوون و پاشان هیزە ناوخۆیەکان، بە ئەندازەی دووری و نزیکیان لە هیزە دەرەکیەکان، بوونەتە نوێنەری بۆچوونی لایەنە دەرەکیەکانیان تا لەو ڕێگایەوە لە حکومەتدا شانسی بەش پێبرانیان هەبێت و هاوکاتیش خواست و ویستی ئەوان پەیرەوی بکەن.

هەروەها ئەوەی کەمترین حسابی بۆ کرابێت و لەبەرچاوگیرابێت، رۆڵی دەنگدەران و ئاکامی هەڵبژاردنەکان بووە و حکومەتیش هەمیشە لەچاو هیزی حزبە میلیشیاکاندا، رۆڵی لاواز و لە دۆسیەدا چارەنووسازەکاندا بێ ڕۆڵ بووە.

دیارە تا عێراق مەیدان و سەکۆیەک بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی جیهانی و ناوچەییەکان بێت، نە هیچ هەڵبژاردنێک دەتوانێت بە پرۆسیسی ئاساییدا بەڕێوە بچیت و نە هیچ حکومەتیکیش بە شیوەی یاسایی وەکو بەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئاکامی دەنگەکان یەکلایی دەکرێتەوە.

پیکهێنانی حکومەتی داهاتوو، لەگەڵ چەندین روداو و پرسی تازە بەرەو ڕووە، کەلە پیکهێنانی حکومەتەکانی پێشوودا، ئامادەیان نەبووە. لەوانە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا، خۆی نمایش کرد. بریاری چونەدەرەوەی هیزە سەربازی و مەیدانییەکانی ئەمریکا. لێکترازانی خانەوانەی بۆرژوازی شیعی و رەوینەوەی خۆشباوەری جەماوەری پێیان. هەرکام لەم پرسانە کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پرسی سیاسی عیراق بەگشتی و پیکهێنانی حکومەت، بەتایبەتیدا هەیە.

پیکهێنانی حکومەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری کە لەسەرتاسەری عێراقدا هەیە، لەسەرەتاکانی کاری حکومەتدا، حکومەت دەخاتە بەردەم شەپۆلێکی تر لە بزوتنەوە و تورەیی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشی عێراق… بۆیە حکومەت ناچارە ئەگەر بەشێوەی روکەشیش بووە، دەست ببات بۆ هەندیك هەنگاو، بەڵام ئەمەش خۆی دەرگیرە لەگەڵ گرفتی بناغەیی تر کە ریشەی لە پیکهاتەی رەوتە سیاسیە بۆرژوازییەکان و ناکۆکی نێوانیان دایە… زۆرێک لەو هێزانە دزی و تاڵانی بوونی میلیشیایی تایبەتی خۆیان بۆتە تایبەتمەندیان و هاوکات رێگایەک بۆ مانەوەیان، ئەگەر دەست لەدزی وتاڵانی هەڵبگرن و دەست ببەن بۆ کەنارخستنی هیزە میلیشیایەکانیان، توشی پاشەکشە و داڕمان دەبن و بۆیە چاوەروانی لەوەی چاکسازی بکەن یان بیانەوێت بەشیک لەخواستەکانی جەماوەری نارازی جێبەجی بکەن، بەکردەوە زۆر لەوە سەخترە کە بە بەڵێنی میدیایی رای دەگەیەنن.

پاشەکشەی هیزە سەربازییەکانی ئەمریکا، لەگەڵ خۆیدا هەلومەرجێکی تا ڕادەیەک تازە دێنێتە ئاراوە. دیارە پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکا وەکو هیزی داگیرکەر ئاستی کردەوە تیرۆریستیەکان کەم دەکاتەوە و ئەو هیزانەش کە کاری خۆیان بە دژایەتی ئەمریکا و بەرەنگاری لەگەڵ داگیرکاری پێناسەکردووە، ئەو چەکەیان لەدەست دەردێت… بەڵام هاوکات لەگەڵ ئەوانەدا پاشەکشەی ئەمریکا لە عێراق، ئەو هیزو لایەنە سیاسیانە وەکو براوە لە بەرامبەر ئەمریکادا دەخاتە ڕوو، وە بوار دەکاتەوە بۆ هیزو لایەنەکانی وڵاتانی ناوچەکە تا رۆڵی زیاتر لە دۆخی عێراقدا بگێرن و بۆ جێبەجێکردنی سیاسەت و ئامانجەکانیان دەست کراوەتر دەبن. دیارە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق، چۆن بەسودی بزوتنەوە رەوتە دژە ئەمریکایەکان تەواو دەبێت، هاوکات بە زیانی بزوتنەوەی ناسیونالیستی کوردە. بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد هەمیشە ئومێدی هەرە زۆری بە پشتیوانی ئەمریکا و غەرب بووە، نەمانی ئەو پشتیوانییە، هیزەکان و بۆرژوای کورد دەخاتە بەردەم دۆخێکی تازەوە و ڕۆڵیان لە عێراقدا لاواز دەکات، ئەمەش لەلایەکەوە بۆرژوازی کورد توشی سەرەگیژەو بئ ئاسۆی زیاتر دەکات و لەلایەکی تریشەوە ناچاریان دەکات زۆتر بچنە باوەشی بۆرژوازی عێراقی و ئاستی داخوازی و ویستەکانیان بێنە خوارەوە.

لێکترازنی ناوخۆیی خانەوادەی بۆژوازی شیعی، تا رادەی بلۆک بەندی بەرامبەر بەیەکتری و تەنانەت ئەگەری کاردانەوەی زبر لە نێوانیاندا… راستەوخۆ کاریگەری لەسەر سەرجەم بزوتنەوە شیعیەکان دەبێت و ڕۆڵی دەبێت لەوەی ناسیونالیزمی عەرەبی سونی لە پێگەیەکی باشتر بەهرەمەند بن، بەتایبەتیش کە کۆمەڵگە و جهانی عەرەبی لەرێگای چەند وڵاتێکی عەرەبیەوە لەهەوڵی ئەوەدان دەستێوەردانی خۆیان زیاتر بکەن لەعێراقدا و پشتیوانی فراوانتر بۆ بزوتنەوەی سیاسی ناسیولیست- سونەکان، دەستەبەر بکەن.

هەرکام لەو هۆکارە تازانە کە هەلومەرجی تازە هێناویەتە ئاراوە، پرسی پێکهینانی حکومەت سەختر دەکات و بەشێکی زۆری هیزە و بزوتنەوە سیاسیە بۆرژوازییەکان روبەرووی ئەزمەو سەرلێشواوی و سەرگەردانی دەکات. لەو نێوەدا پرسی دابینکردنی خواست و داوا رەواکانی جەماوەری بیبەشی عێراق، لەپێشیانەوە ئەمنیەت و ئارامی، هەلی کار و دابین بوونی خزمەتگوازرییەکان، سایەی دەستێوردانی دەرەکی، شەقاوەچیتی میلیشیاکان… وەکو پێشوو دەهێڵتەوە و ئاسۆیەکی رۆشن لە ژێر سایەی ئەو هێزانەدا بۆ جەماوەر و خواستەکانیان ناهێڵێتەوە.

ڕێگایەک بۆ جەماوەری عێراق و بەشی پیشرەو و ئاڵاهەلگری خواست و داواکارییە سەرەکیەکانی جەماوەری دریژەدانە بە خەبات و نارەزایەتی کە لەساڵی ٢٠١٩دا بەتوانایەکی زۆرەوە خۆی نمایش کرد و لە هەڵبژاردنەکانیشدا بە بەشداری نەکردن جارێکی وەڵامی تەسلیم نەبوون بە هیزە بۆرژوازییەکانیانی دایەوە و بەکردەوە ئامانجەکانی پشت هەڵبژاردنەکانی بەشکست کیشا. لەپیش هەموویانەوە ئامانجی پاشەکشەپیکردن بە نارەزایەتیە جەماوەریەکان و خامۆشکردنەوەی ئیرادەی خەباتکارانەیان و دەستهەڵگرتن لە خواستەکانیان و تەسلیم کردنیان بە ئاکامی هەڵبژاردنەکان و سەندنەوەی شەقام لێیان.

لەکوردستانیشدا بۆژوازی کورد، لەڕیگای هەڵبژاردنەکان و بە دەغدەغەدانی و هەڵخراندنی هەستی نەتەوەپەرستی، نەیتوانی جەماوەری نارازی کوردستان، بکاتە زەخیرەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان و بەهیزکردنی پێگەی خۆی، بەپێچەوانەوە بەشداری نەکردنی خەڵکی کوردستان لەو هەڵبژاردنەدا بەو ئاستە بەرین و فراوانە، ئامانجی پشتی هەڵبژاردنەکانی بۆرژوازی کوردی بەشکست کێشاو هاوکاتیش پێداویستی بزوتنەوەی نارەزایەتی شەقامی دوپات کردەوە.

بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، لە ئێستادا بەجیا لەوەی رووبەڕووە لەگەڵ بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بەرینوونەوەو فراوانبوونی لە داهاتوودا، هاوکات رووبەڕووە لەگەڵ دۆخی سیاسی عێراقی بەتایبەتیش لە ئەگەری بەکردەوەی کشانەوەی هیزەکانی ئەمریکا، کەناسیونالیزمی کورد بە بڕبڕەپشتی پشتیوانی خۆی لە عێراقدا دەزانی. هاوکات لێکترازانی زۆرتری ریزەکانی و ئاڵۆزییەکی ناوخۆی کە خانەوادەی بۆرژوازی کورد ڕووبەڕووی بۆتەوە، هێندەی تر دۆخی بزوتنەوەی کوردایەتی رووبەڕووی ئاڵنکاری و سەختی کردووە. بەتایبەتیش لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکەدا، رەوتی داکشانی بزوتنەوەی کوردایەتی تادێت زیاتر دەبێت.

ئەو دۆخە تازەیە چ لە عێراق و چ لە کوردستاندا، بوارو دەرەتانی تازە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و بێبەش و نەدار دەدات، بە ئیرادەبەخۆبوونێکی زۆرترەوە درێژە بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و پرسی راماڵینی دەسەڵات بدات. دیارە لەو راستایەدا بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ پێشرەوی زیاتر و بۆ سەرکەوتنی گەورەتر، پیویستی بەوەیە بەسەر خاڵەلاوازاەکانی خۆیدا زاڵ بێت. نارێکخراوبوون، نەبوونی ئاسۆیەکی سیاسی رۆشنی هێڵ جیاکراوە لە نەریت و ئاسۆی بزوتنەوە بۆرژوازیەکان لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، نەبوونی رابەرییەکی سەراسەری کە بزوتنەوەی جیاجیا نارەزایەتیەکان هاوئاهەنگ بکات و بەپێی هاوسەنگی هیز کردەو هەنگاوی پیویست بگرێتە بەر… ئەمانە لەو خاڵە لاوازانەن کە دەبێ لەرێرەوی چونە پێشەوەی خەباتدا وەڵامی دروست و شیاویان پێبدرێتەوە. ئەم بزوتنەوەیە لەسەر ئاستی عیراق و کوردستاندا ئەگەر بەسەر ئەو لاوازیانەی خۆیدا زاڵ بێت. دەتوانێت بە ئامادەیەکی زیاتر و بە هێزی گەورەتر و رێکخراوتر دەربکەوێت، کە ئەمەش هیندەی تر رەوتە بۆرژوازییەکان لە دەسەڵاتدا بەرەو ئەزمەو لاوازی و کەنار دەبات و شانسی سەرکەوتنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بۆ ژیان و گوزەرانی باشتردا، فەراهەم تر دەکات. دیارە ئەمەش بە بێ ئەوەی حزبی رابەرو شۆرشگێری چەپ و کۆمۆنیست ئامادەیی بەکردەوەو بەنەخشەی هەبێت، بەشوێنێک ناگات.

 

ناوەراستی نۆفەمبەری ٢٠٢١      

Leave A Reply

Your email address will not be published.