“ئاکامە مەترسیدارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت” نوسینی: دکتۆرە ڤیان سلێمان
“ئاکامە مەترسیدارەکانی توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت”
نوسینی: دکتۆرە ڤیان سلێمان
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت کە دەمارگیری ڕەگەزی پاڵنەریەتی دیاردەیەکی جیهانییە و لە زۆرینەی کۆمەڵگەکاندا، ئافرەتان لە نەتەوە و پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکان لە توێژ و چینە کۆمەڵایەتی و گشت ئاستەکانی تەمەن ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەوپێیەش یەکێکە لە بەربڵاوترین فۆرمەکانی توندوتیژی، بەدڵنیایشەوە دیاردەیەکی ترسناک و زیانهێنە، دەستدرێژیکردنە بۆ سەر بەهای مرۆڤبوون و پێشێلکردنی بەڵگەنامەکانی مافی مرۆڤە. هاوکات دوژمنێكی سەرسەختی گهشهسهندن و دیموكراتیزهبوون و پێشکەوتنی جڤاكییە.
ژیانێکی پارێزراو و پڕدڵنیایی، دوور لە ترس و دڵەڕواکێ، شکاندنی شکۆ و ژێردەستەیی مافی هەر مرۆڤێکە بەبێ جیاوازی لەسەر هیچ جۆرە بنەمایەک. توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت هەموو ئەو پێدراوە سروشتی و گەردوونیانە لە ئافرەت زەوت دەکات و دەیخاتە نێو بارێکی پڕ له نادڵنیایی و ترس و شڵەژان و گۆشەگیری و دواکەوتن. توندوتیژی چەندین جۆری وەک فیزیکی، سایکۆلۆژی، سێکسی، ئابووری و هی تریشی هەیە و لە چەندین فۆرمدا خۆی دەنوێنێ. توندوتیژی جەستەیی وەک: لێدان و دەستدرێژی و خەتەنەکردن؛ دەروونی لە شێوەی: هەڕەشەلێکردن، بەنەفرەتکردن و نزم لێڕوانین و تانە و تەشەره یان بێبەشکردن لە ئازادییە کەسیی و مافە مەدەنی و ڕێگەنەدان بە چوونە دەرەوە بە پاساوی پارێزگاریکردن لە شەرەف. توندوتیژی ئابووری وەک ڕێگەنەدان بەکارکردن هەروەها دەستگرتن بەسەر مووچەی ئافرەت و ڕێگەنەدان بە ئازادانە بەکاربردنی. بەکارهێنانی هێز بەرامبەر ئافرەت بە ئامانجی ملکەچی پێکردن و گوێڕایەڵکردن و کۆنترۆڵکردنی، ئەمەش بە واتای شکاندنی ئیرادە و دەستەمۆکردن و لاوازکردن و دواکەوتنی. دەکرێت ئافرەت ڕووبەڕووی یەکێک یان زیاتر لەو جۆرانەی توندوتیژی ببێتەوە، ئەو جۆرانەش یەکتری بەهێز دەکەن و بەشێوەیەکی گشتیش کاریگەری نەرێنی دەخەنەسەر ئافرەت و هاوسەنگی کۆمەڵایەتیش لە نێوان هەردوو ڕەگەز زیاتر لاسەنگ دەکەن، بە هەمان شێوە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دادەنێن.
توندوتیژی بەرامبەر ئافرەت ڕەگێکی قووڵی مێژوویی و زادهی و بەرهەمی کۆمەڵگەی چینایەتی و هزرو دیدی پیاوسالارییه كه لهسهر بنهمای نابهرابهری پارسەنگی هێزی جهسته لە نێوان هەردوو توخمی مرۆڤ و باڵادەستبوونی پیاو لەو هاوکێشەی هێزەدا، بنیات نراوه. بهم پێیه لهگهل پێشكەوتنی ژیان و دروستبوونی شارستانییهت ئهم دیده خزایهوه نێو تهواوی ڕەهەنده فکری، کولتوری، ئابووری، ئایینی و سیاسی كۆمهڵگەی مرۆڤهوه و ئیتر بوو بەشێكی دانهبڕاو له تێگهیشتنی مرۆڤهكان له پهیوهندی نێوان ههر دوو مرۆڤ و ئهرك و ڕۆلیان بهرامبهر به یهكتر له ناو ژیانی خێزانی و ژیانی جڤاكی؛ كه بێبهشكردنی پیاو له باوهشی خێزان و بێبهشكردنی ئافرهت له ئامادهیی و باوهشی جڤاك له سیما دیارهكانێتی. بۆیه له پرۆسهی چارهسهریدا دهبێ لهسهر تێگهیشتنی ههر دوو ڕهگهز و لهسهر عەقڵی گشتی كۆمهڵگەدا كار بكرێت سهبارهت به چهمكی هێز له نێو پهیوهندی ههر دوو نێر و مێی توخمی مرۆڤ كه له پێناو دروستكردنی وابهستەیی و هاوبهشی تهواوكاری و هاوسهنگانهی ههر دووكیانه بۆ بهردهوامی ژیان نهك دهسهڵاتداری نێر و بێدهسهڵاتی مێ. بهڵام لهبهر ئهوهی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ئافرەت به دهستی نیزام و پیاوی خێزان: هاوسهر، باوك و برا ئەنجام دەدرێت. دەبێت سەرەتا لەنیزامی چینایەتی و پیاوسالاریدا بە شوێن چارەسەری توندوتیژییەوە بین، ئەویش بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پیاو سەبارەت بە مەترسی و نامۆڕاڵی و قێزەونی و تاوانکاری ئەو کردەیە و ئاسەوار و لێکەوتە پڕ زیانەکانی، لەلایەکی دیکەش هەنگاوێکی دیکەی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بێدەنگ نەبوونە لەئاستیدا لەلایەن ئافرەتەوە، ڕەتکردنەوە و سازش نەکردنە لەگەڵ بکەرانی.
هەندێ جار وەرگرتنی توندوتیژییەکان وەک کردەیەکی ئاسایی و ڕێگەپێدراو، ئەمەش لە ڕوانگەی باوەڕهێنانی خودی ئافرەت لە ئەنجامی پرۆسەی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی بە پلەدوویی و سەرداری پیاو یاخود بێدەنگی لە ئەنجامی وابەستەیی ئابووری و ترسی لەدەستدانی منداڵ و بژێوی و شوێنی نیشتەجێبوون، یاخود وابەستەیی بە دابونەریت و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان لە ترسی پاراستنی ناوبانگی خێزان. هۆکاری دیکەش وەک نەبوونی هۆشیاری یاسایی و هۆشیاری سەبارەت بە مافەکان.
بە شێوەیەکی گشتی باشترین میکانیزمی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی خێزانی بەرامبەر به ئافرەت بە تایبەتی، ڕێگریکردنە لێی، بەرلەدایکبوون و بەکرداربوونی و هەروەها ڕێگریکردن لە ڕەخساندنی زەمینە و ئامرازەکانی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و پلەبەندی لەسەر بنەمای هێزی جهسته بۆ بهررژهوهندی پیاو و لهبهرچاو نهگرتنی ههردوو هێزی عهقڵ و هێزی ڕووحی كه ئافرهت و پیاو تیادا هاوسهنگن، بە تایبەتیش لەو کەناڵ و ڕێوشوێنانەی کە کاریگەریان لەسەر ڕای گشتی هەیە. لەگەڵ ئەوەش گرتنەبەری پرۆگرامی هۆشیاری سەبارەت بە ترسناکی ئەم دیاردەیە و لێکەوتە نەرێنییەکانی بە تایبەتی لەلایەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن و بوونی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی پرسی ئافرەت. لەلایەکی دیکەش دەرکردنی یاسای توند و جێبەجێکردنی سزای یاسایی دەرهەق بە ئەنجامدەرانی توندوتیژیی؛ ههروهها پێداچوونەوە بە میکانیزمی پڕکردنەوەی بەڵێننامە لە ڕادەستکردنەوەی قوربانیانی توندوتیژی بە کەسوکار و پێشکەشکردنی پشتیوانی زیاتر بە ڕزگاربووان لە توندوتیژی؛ لە دوبارە بارهێنانەوە و دابینکردنی دەرماڵەی مەترسی وەک دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ڕادەستنەکردنەوە بە کەسوکار و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی پارێزراو. هەموو ئەمانە و کارکردن بۆ گۆڕینی ئەو چەمکە کۆمەڵایەتیانەی لە تێگەیشتنی گشتی و بەتایبەت لە تێگەیشتنی پیاودا ڕەوایەتی بە توندوتیژی دەدەن بەرامبەر ئافرەت بە پاساوی پاراستنی شەرەفی خێزان و پابەندی بە نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان.