دوڕیانی درێژەکێشان و لە بنەوە دەرهێنانی بەدبەختی چینایەتی لە کوردستان. لە پەراوێزی ڕاکردنی هەزاران مرۆڤ نووسینی: ئیبراهیم حسێن

0

دوڕیانی درێژەکێشان و لە بنەوە دەرهێنانی بەدبەختی چینایەتی لە کوردستان.

لە پەراوێزی ڕاکردنی هەزاران مرۆڤ

نووسینی: ئیبراهیم حسێن

بە ڕاکردن ڕەوکردنی سەدان خێزان و هەزاران مرۆڤی ڕاکردو لە بێمافی و بێ ئایندەیی و بەدبەختیەکەی ئەمڕۆی کوردستان، جارێکیتر ئەو پرسیارە بە هەموو هێزی خۆیەوە هاتەوەپێش کە ئایندەی ئەم مرۆڤایەتیە لە سایەی ئەم بازاڕە بێ حیساب و کتابە چینایەتیەی کوردستان چی لێ دێت؟ تاکەی بڕیارە ئەم لێشاوی لەبەر ڕۆیشتن و لە دەستدان و وێران بوون و سەرکزی وبێدەرەتانیە سیاسی و کۆمەڵایەتیە بەردەوام بێت؟ تاکەی ئەم کۆمەڵگە پێنج میلیۆنیە ئەم سەرەڕۆیی و دەستڕۆیشتوییە بێ ئەوپەڕەی ئەو کەمایەتیە بێکەڵکە بۆرژواییە بە موقدەراتی، بە ژیانی، بە نانی، بە ئازادی و خۆشبەختیەکەی تەحەمول دەکا؟ سەرەنجام بەو لێشاوەی ڕاکردنە بە کۆمەڵە  لەهەر کات زیاتر سەلما کە نە ئەو کەمایەتییە دەتوانێ هیچ سازشێک لەگەڵ خواست و داوای ئەو مرۆڤایەتیە بۆ ژیان و ئازادی و خۆشەختی بکا و نە ئەو مرۆڤایەتیە دەتوانێ چیتر ئەم شێوە ژیانە و ئەو بەدبەختیە چینایەتیە و دەسەڵاتی ئەو کەمایەتیە قبوڵ بکا.

ئیتر ئەم ڕەوەندە، ئەم ئاڵوگۆڕە بێگەڕانەوەیە. ئەم دەسەڵات و شێوە ژیانە، ئەم ستاتوسەی کە لە کوردستاندا بە ناوی هەرێم و دەسەڵاتەوە ناسراوە و خۆی شتێک نەبووە جگە لە پاسەوانێکی کاتی بۆ ئیدارەکردنی بازاڕێکی کاری هەرزانی بێحیساب و کتابی سەرمایە و کۆمپانیاکان و بازارگانی نەوت و سەرچاوەکانی ژیان و داهات، بە تەواوی بێکەڵک و بەسەرچوەو نەک هەر ئەوەش، بەڵکو خۆی بۆتە کۆسپێکی سەرەکی  هەرجۆره پێشکەوتنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و هەرتەقەلایەکی ئەو مرۆڤایەتیە بۆ دەستڕاگەیشتن بە ژیانێکی باشتر .

ڕووقایمی و زماندرێژی نوێنەرانی ئەم دەسەڵات و دەورو دوکانەی ناویان لێناوە حکومەتی کوردستان بەرامبەر بە شەرافەت و کەرامەتی ئەو ئینسانە ڕاکردوانە تەنیا زمان درێژی نییە بەرامبەر بەو سەدان خێزان و هەزاران مرۆڤەی ئێستا لە کەیسی ئەوانەوە خەریکە چاوی دنیا و بەشەرییەت بەسەر ئەو بێدەرەتانیەی کۆمەڵگەیەکی پێنج ملیۆنیدا دەکاتەوە، بەڵکو زماندرێژی و سوکایەتیکردنە بە تەواوی کۆمەڵگەی کوردستان، زماندرێژیە بەرامبەر بەشەرافەت و کەرامەتی مرۆڤایەتی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستانی ئەمڕۆ و ئەگەر شتێک بسەلمێنێ ئەوەیە کە ئەو بەدبەختیەی ژێر سایەی ئەمانە هەر دەبێ لەڕێگەی شۆڕش و ڕاسانێکی سوشیالیستی و ئازادیخوازانەی چینی کرێکار و مرۆڤایەتی بێبەشەوە لە کۆڵ بکرێتەوە.

هەرچیەک بێت مەسەلەی ئەم سەدان خێزان و ئەم هەزاران مرۆڤە لە پیر و گەنج و لاوی مەملەکەت، مەسەلەی کۆمەڵگەی کوردستانە، مەسەلەی هەر خێزانێکی کرێکار و زحمەتکێشە. بێدەنگ دانیشتن و بێکارەیی و تەماشاکردنی ئەم چارەنوسە تاڵە، هیچ پاساوێکی نییە. قبوڵکردنی زماندرێژی سەرانی ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە مرۆڤایەتیە کە لە پای شەرافەت و کەرامەتی مرۆڤایەتی خۆی و لە پای ڕەتکردنەوەی ئەم شێوە ژیان و دەسەڵات و سیستەمە چینایەتیە خەریکه هەر ریگایه‌ک تاقی دەکاتەوه، هیچ پاساوێکی نییە. نەک هەر دەبێ و پێویستە بەرگری لەو مرۆڤانە و لە ژیان وسەلامەتی و کەرامەتیان بکرێ و زماندرێژی سەرانی دەسەڵاتی بۆرژوازی لە کوردستان دابخرێ، بەڵکو هەر ئەمڕۆ دەبێ یەخەیان بگیرێ و لەسەر شەقام وکۆڵان و بە دەنگی بەرز ئەو هاوارە بەرز بێتەوە کە ئەم ژیانە، ئەم دەسەڵات و ئەم بەدبەختیە قابیڵی قبوڵ نییە و  لەسەر هەر برینێک کەئەو دەسەڵاتە لەدڵی هەر دایکێک خوڵقاندویەتی، لەسەر هەر ناسۆرێک کە ئەم دەسەڵاتە چینایەتیەی ئەم کەمایەتیە سەرمایەدارە لە دەرونی هەر باوکێک هەڵی کەندووە، لەسەر هەر دەستدرێژییەک کە ئەو کۆنەپەرەستیە کردویەتی سەر کەرامەتی هەر ژنێکی ڕوسوری ئەم کۆمەڵگەیە، لەسەر هەر هەر دەرەتانێک کە ئەو کەمایەتیە بۆ ژیانێکی شایستەو خۆشبەخت و ئازاد لەومرۆڤایەتیە زەوتیکردوە، یەخەی ئەم  ئەم کەمایەتیە ودەسەڵات و دەورو دوکانە چینایەتیەکەی بگیرێ. ئەگەر کاتێک بێت بۆ دەستردن بۆ کارێکی لەوجۆرە، بۆ لەخۆ نیشاندانی ‌ئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەی لەو جۆرە، ئەمڕۆیە. ناکرێ دابنیشین و لەگەڵ ئەو بەدبەختیە هەڵبکەین و بسازێین،  بەڵام چاوەڕوانی ئەوە نەکەین کە ئەم لەبەرڕۆیشتن و ڕاکردن و لەبەریەک هەڵوەشانەوە سەرتاپاگیرە ئینسانی و کۆمەڵایەتییە بەردەوام نەبێت.

ئەگەر ئەم حاکمیەتە بێکەڵکە بۆرژواییە نەبێ، ئەگەر دەسەڵات و موقدەراتی کۆمەڵگە بە دەستی  کرێکاران و خەڵکی ڕێکخراو لەشورا و ئورگانەکانی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەریەوە بێ، ئەکەر دەسەڵات و موقەدەراتی کۆمەڵگە بە دەست چەپی کۆمۆنیستی و ڕادیکاڵی کۆمەڵگە بێت، کوردستان ئەوەندە توانای ئینسانی، ئەوەندە  ئەندازیار و دکتۆر و پەرەستار و مامۆستا و تەکنیسیەن و کارزانی تێدایە کۆمەڵگەیەک بخاتە سەرپێ مرۆڤەکانی لەبەر بێکاری پەرێشان نەبن، لەبەربێخانەو لانەیی سەرگەردان نەبن، لەبەر بێ ئاوی و بێکارەبایی بێهیوا نەبن، لەبەر بێ داودەرمانی و خزمەتگوزاری تەندروستی بێچارە نەبن. ئەوەندە پێشکەوتن و جۆردۆستی و ئینساندۆستی تێدایە ئەوەندە بە دەست کۆنەپەرستیەوە سەرکز و داماو نەبن.

ژیانی کۆمەڵگەیەکی پێنج میلیۆنی، نەک تەنیا ئەو چەند هەزارە لە مەحکدایە. یان درێژەکێشانی ئەم بەدبەختیە چینایەتیە ئەمڕۆی کوردستان، یان ڕاچەنین و هاتنە مەیدان ویەکگرتنێکی چینایەتی جیددی بۆ لەکۆڵکردنەوەی لە بن وبێخەوەی دەسەڵاتی چینایەتی ئەمڕۆی کوردستان.

19.11.2021

Leave A Reply

Your email address will not be published.