وێڵ بوون بەدوای ژیاندا عەبدوڵا مەحمود

0

وێڵ بوون بەدوای ژیاندا

عەبدوڵا مەحمود

شەپۆلی بەردەوامی خەڵکی کوردستان بەگشتی و لاوان بەتایبەتی بەرەو وڵاتانی ئەوروپا و دنیای دەرەوە، گەڕانی ئینسانی کوردە بەدوای ژیاندا. ژیانکردن لە کۆمەڵگەی کوردستان لە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکیش و نەدار، سەندراوەتەوە.

ژیان، بەمانای بەهرەمەند بوون لەسەرەتاییترین ویستەکانی ئینسان، کار، پۆشاک، شوێنی حەوانەوە، کەشێکی ئارام، بڕیک ئازادی و کەمێک شکۆ و بەها و سەربەخۆی و ئازادی فەردی.

بەهەر پێوانەیەک تەماشای کۆمەڵگەی کوردستان بکەیت، دەسەڵاتی سیاسی و تاڵانچی بزوتنەوەی کوردایەتی، هەموو ویستەکانی جەماوەر کریکارو نەداری کوردستانی کردۆتە خەیاڵ. سەرەتاییترین داخوازی و ماف و ئازادییەکانی ئینسان، بوونەتە قوربانی چاوچنۆکی و کەمایەتیەکی کەمی حزبی و بنەماڵە دەسترۆشتوەکان… ئەوان لەسەر سامانێکی کەڵەکەبووی بێشوماری نایاسایی و سەرچاوەگرتوو لە دزی وتاڵانی و برسیکردنی زوربە، دانیشتوون. ئەم دەسەڵاتە سەدان و هەزاران پلانی بۆ دزی و تاڵانی، بۆ برسیکردن و نان بڕین، بۆ قفڵدانی ئازادی و ئازادییەکان، بۆ پایماڵکردنی مافە فەردی و مەدەنیەکان، بۆخاڵیکردنەوەی سفرەی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش هەیە، بێئەوەی تاکە پلانێکی بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین ویستو داخوازییەکانیان هەبێت.

لەو نێوەدا لاوان، قوربانیانی سەرەکی ئەم دۆخەن. کۆمەڵگەی کوردستان کە زیاتر لە سەدا ٦٠ ی لاوانی ئامادەبەکارن، خاوەن شەهادەو دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، هیچ ئاسۆ و دەروویەک بۆ داهاتوویان نییە. ئایندەیان ناروون و خەونەکانیان، لەبەین دەبرێن. ئەو دۆخە لە نەبوونی، بێکاری، گرانی و هەژاری لەلایەک و سەرکوت و ترس و تۆقاندن بۆ وەڵامدانەوە بەداخوازییە زۆر سادەکانیان و لە زیندان توندکردنیان، بۆتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ رۆشتنی بەردەوام و بەلیشاویان بۆ دەرەوەی کوردستان. تەنانەت باکیان بەو هەموو سەختی و پرۆسە ترسناک ئامێزە نییە کە لەڕیگادا توشی دەبن. بەرداشی برسێتی و بێکاری و گرانی و سەرکوت و بێمافی، لەو بەرداشە بەقورستر نابینن کە لەڕیگای هات و نەهاتدا، توشی دەبن.

٣٠ ساڵە ئەو دەسەڵاتە بەتایبەتی پارتی و یەکێتی و ١٠ ساڵ زیاترشە بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامیەکان بەکارنامەیەکی رەشتر لەرەش کە تۆماریان کردووە، هیچ رۆشنایەکیان بۆ ژیانی زوربەی هەرەزۆری کۆمەلگە، بەتایبەتیش بۆلاوان نەهێشتۆتەوە، جگە لەسەرهەڵگرتن و جێهێشتنی “نیشتیمان”!! یان بەرەنگاربوونەوەیەکی زبری بەردەوام.

ئەو شەپۆلی رۆشتن و جێهێشتنە بەکۆمەڵەی خەڵکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەدا بەرەنگارییەکی سلبییە و “نا” یەکی نیگەتیفە بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی، بەڵام هاوکات تەعبیرە لە نەویستی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتەکەیان و دەچێتە خانەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرییەوە کە لەسەراسەری کوردستاندا قوڵپ دەدات. بەڵام دیارە بەرەنگاری دەسەڵات، سەنگەر لێدان لە ناوخۆ، دەست خستنە ناو دەستی یەک، پەیوەست بوون بە بزوتنەوەی ئومێدەوە بۆ ئاڵوگۆڕ، کۆبونەوە لەدەوری سیاسەت و رێگاچارەی شۆرشگێرانە، بەرەنگاری ئیجابی و خەباتی پۆزەتیفە… نەک جێهێشتنی کوردستان و پشت خاڵی کردنی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری چین و توێژە بێبەشەکانی کوردستان بۆ ژیانێکی باشتر.

جێهێشتنی وڵات پرسێکی تایبەت بەخەڵکی کوردستان نییە، بەڵکو پرۆسیسێکی بەردەوامی هەموو ئەو ولات و دەوڵەتانەیە کە هاوڵاتیانی رووبەڕووی برسێتی، بێکاری، سەرکوت و دیکتاتۆریەت، جەنگ، ناسەقامگیری سیاسین… ئەوەی رۆشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان جیا دەکاتەوە لەهی زۆر وڵات و دەوڵەتی تر، بوونی چەندین هۆکارە بەیەکەوە. ئەگەر لە وڵاتێکدا خەڵک بەهۆی سەرکوت و دیکتاتۆریەتەوە، یان بەهۆی جەنگ و نائارامی و یان بەهۆی نەبوونی کار و برسێتیەوە، هاوڵاتیان ناچار بە هەڵبژاردنی رێگای رۆشتن بۆ وڵاتانی تر ببنەوە، ئەوا خەڵکی کوردستان لەیەک کاتدا، هەم ڕووبەڕوون لەگەڵ دەسەڵاتێکی سەرکوتگەر کە خەڵک بۆداوای نان و ئاو کارەبا و موچە دەداتە بە دەستڕیژی گوللە و لە زیندانیان توند دەکات، هەم برسێتی و بێکاری و نەبوونی تەنگی بە ژیانی هاوڵاتیان هەڵچنیوە، هاوکاتیش ئارامیەکی سیاسی سەقامگیر و دورمەودا لە ئارادا نییە و دەستێوردانی دەرەکی و جەنگی بەوەکالەت تیادا بەڕێوەدەچێت…

ئەم دۆخە وای کردووە زیاد لە هۆکارێک و زیاد لە توڕەیەک و کاردانەوەیەک لەسەر یەک کەڵەکە بن، کە خەڵک ناچار بکات بەهەر بەهایەک بووە سەری خۆی هەڵبگرێت و ئەو دۆزەخە بەجێ بهێڵێت کە بۆیان سازکراوە.

جەماوەری بێبەشی کوردستان بەگشتی و لاوان بەتایبەتی، کاتێک دەبینن، کوڕ و کچی بەرپرسە حزبی و حکومیەکان و بنەماڵەکانی دەسەڵات، بەهەشتیکی ناوازەیان لەسەر زەوی بۆخۆیان خوڵقاندووە، وە پاوانی دەسەڵات و جومگە سەرەکیەکانی کۆمەڵگەیان کردووە، لە زانکۆ و ناوەندە گەورە و ناوازەکانی دنیادا، وانەی ڕابەری و سەرۆکی دەخوێنن و دەرس دەدرێن و باوک و باوانیشیان سیستەمێکی وراسیان بۆیان داڕشتووە، ئومێدێک بۆ ئێستا و ئایندەیان نابینن یان سەختی تێپەراندنی ئەم دۆخە دەخوێنەوە بۆیە بریاری جێهێشتنی کوردستان دەدەن.

ئەوەی ئێستا لەسنورەکانی بیلاروسیا و پۆلەندا دەگوزەرێت، نزیک بە ٣٠ ساڵە لەدەیان سنوری تردا، بەتایبەتی لە سنورەکانی عیراق- تورکیا… تورکیا-یۆنان و دوبارە دەبێتەوە. ئەو کارەساتە ئینسانیەش، بەجیا لە مامەڵەی نائیسانی و درندانەی پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکانی سنور و وڵاتانی ئەوروپا لەگەڵ پەنابەران، هاوکات رووی دزیوی دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی نمایشی دنیا دەکات.

لە زوربەی زۆری وڵاتانی پیشکەوتووی دنیا و ئارام و کراوەدا، لاوان و هاولاتیان بۆ بردنە سەری توانایەکانیان، بۆ خوێندن و ئاشنا بوون بەزانست و بوارەکانی پیشکەوتنی کۆمەلایەتی سیاسی و ئابوری و داهینانەکانیان، یان بۆ پشو حەوانەوەیان…. بە ئازادانە دنیا دەگەڕین و لەزەت لە ژیانیان دەکەن یان بەدوای ژیانی باشتردا دەگەڕین… بەڵام خەڵکی کوردستان و جەماوەرە فراوانە بێبەشەکەی بەهۆی سەندنەوەی ژیان لێیان بەدوای ژیاندا وێڵن.

دروستکردنی ژیان، دۆزینەوەی ژیانی باشتر… لەرێگای جیهشتنی دۆزەخی ژیر سایەی دەسەڵاتی و پارتی و یەکێتی و بۆرژوازی کوردا، مەیسەر نابێت… بەڵكو لەرێگای خەبات و تێکۆشان و راماڵینی ئەم دەسەڵاتە مەیسەر دەبێت… وەلانانی ئەم دەسەڵاتەو بنیات نانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و خۆشگوزەران و ئارام، بە بەشداری راستەوخۆی ئیرادەی جەماوەری، هەم دەتوانێت ژیانێکی باشتر و دنیایەکی باشتر بسازێنی و هەمیش بواری ئازادانە بە هاوڵاتیان و لاوانی دەدات کەی ویستیان گەشت بکەن و بەدوای زانیاری و ئاشنابووندا بگەڕێن یان بۆ پشو برۆن یان بیانەوێت شوێنی ژیانیان بگوازنەوە.

 ناوەراستی نۆڤەمبەری ٢٠٢١

Leave A Reply

Your email address will not be published.