خەباتی شۆرشگێری بۆ راماڵینی فاشیزمی بنەماڵەیی… نووسینی: عبدالرحمن رسول

0

خەباتی شۆرشگێری بۆ راماڵینی فاشیزمی بنەماڵەیی…

نووسینی: عبدالرحمن رسول

خودی کۆمۆنیزم لەسەر ئەساسی ڕەخنەگرتن دامەزراوە و گەشە دەکات لەبەرئەوەی پێویسته ڕەخنە لەسیستەم و دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر دەگرێت لەسەر هەبوونی یاسا چەوسێنەرو نایەکسانییەکانی،  بەهەمان شێوەش پێویستە بەردەوام ڕەخنەش ئاراستەی سەرجەم بزوتنەوەو حزبە کۆمۆنیست و شیوعییەکان بکرێت لەشێوازی تێکۆشان بەئامانجی گەشەدانی تێکۆشانی باشترو چالاکتر. هەردوو جۆری ڕەخنەکەش بۆئەوەیە کە هەرچی زووترە خەڵکی کۆمەڵگە ڕزگار بکرێت لەدەست سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەر دواتر هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی باشتر. کاتێک ڕەخنە ئاراستەی حزبە شیوعی و کۆمۆنیستەکان دەکرێت لەبەرئەوەیە کە بەخۆداچوونەوەیەک بەجۆرو شێوازی هەڵسوڕانیان بکەن تا هەرچی زووترە خەباتی کلاسیکی ومەحفەلیزم تێپەڕێن بەرەو خەباتی گشتگیری جەماوەری لەهەناوی کۆمەڵگەوە کاروچالاکی بۆ گەشەدانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بکەن. تا ئاراسته بکرێن بەرەو خەباتێکی بەهێزی چینایەتی، بەوشیارێکی بەهێزەوە ناڕەزایەتییەکان درێژە پێ بدەن وئامانج وخواستە ڕەوا ومافە ئینسانییەکانی کرێکاران وچەوساوەکان بەدی بهێندرێت.
دەبوایە لەکاتی کۆنگرەی حزبی شیوعی کوردستاندا سکرتێر مەکتەبی ساسی و سەرکردایەتی گۆڕانکاری تێدابکرایە بۆئەوەی گۆڕانکاری لەتێکۆشانی جەماوەرییان بکرایە. دەبوایە کۆنگرە بەراوردێکی خاڵە بەهێزو لاوازی و نەبوونی کاریگەری حزبی شیوعی بکردایە، ئەوکات سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و سکرتێری حزبی هەڵبژاردایە کەلەو تێکۆشەرانەی کە ئیرادەی ڕابەرایەتی جەماوەرییان تێدا بەهێزو کاریگەرە بە ئامانجی هێنانەکایەوەی حزبێکی تەواو جیاواز بەئیرادەیەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریانە لەدژی سیستەم و دەسەڵاتێکی چەوسێنەرو کۆنەخواز، لەیەکەم هەنگاویشیدا ئەڵتەرناتیڤێکی شۆڕشگێڕانەی بخستاتەڕوو کەڕاشکاوانە لەمەیدانی ناڕەزایەتییەکاندا تێکۆشانی بۆ لەگۆڕنان و ڕووخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەرو کۆنەخوازو دزەی بکردایە. بەڵام بەداخەوە هێشتا نەگەیوەتە ئەو بڕیارە حزبییە کە داوای  ڕووخانی ئەو سیستەم و دەسەڵاتەی کوردستان بکات کە پڕاو پڕە لەچەوسانەوە و دزی وگەندەڵی. زیاتر بەرەو پڕوپاگەندەی خەباتی پەرلەمانی و ڕیفۆرم و چاکسازی ملدەنێ. ئەمەش لەبەرژەوەندی و سوودی سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەیی و سەرمایەداری کوردستاندایە و پایەکانی مانەوەی بەهێزتر دەکات. هەربۆیەش لەدوای کۆنگرە پیرۆزبایی لەلایەن بەرپرسانی باڵای پارتی بارزانی و یەکێتی تاڵابانی ئاراسته دەکرێت، کە ئەم دوو بنەماڵەیە بەدرێژایی سی ساڵ هەرچی داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوی کوردستان بەئارەزوویی خۆیان  دەی دزن و تەخشان وپەخشانی دەکەن و  خۆیان و بنەماڵەو خانەوادەکەیان نەوە دوای نەوە دەیانەوێت شانشایی بژین و خەڵکی هەژارو کرێکارو زەحمەتکێشی ڕۆژ لەدوای رۆژ هەژارترو برسیتر دەکرێن .
بۆیە زۆر ڕاشکاوانە دەڵێم  ناڕەوایە و نادروستە کە حزبێک خۆی بەکۆمۆنیست وشیوعی بزانێت، بەڵام ڕاشکاوانە نەیەتە مەیدان بۆ ڕوخان و ڕاماڵینی سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دزو گەندەڵکارانی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی. هاوڕێ لینین ده‌ڵێت: شیوعیه‌كان ئه‌وانه‌ نین ئه‌ندامی حزبن و له‌ چوارچێوه‌ی شانه‌كاندا خۆیان قه‌تیس كردووه‌، به‌ڵكوو شیوعیه‌كان ئه‌وانه‌ن له‌ناو خه‌ڵكن و به‌شداری كارایان له‌ سه‌ندیكاو رێكخراوه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كاندا هه‌یه‌ و له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامن له‌گه‌ڵ چینی پرۆلیتاریادا. کەوایە بەم تێڕوانینەی هاوڕێ لینین بێت حزبی شیوعی لەکوێی شەپولی شۆڕشی کۆمۆنیستی دایە. هاتنە سەرخیابان وەکو حزب هیچی سوودی نییە بۆچینی کرێکار، چونکە تێکۆشانێکی کرچ وکاڵی ڕیفۆرمییە هاوشێوەی حزبە لیبڕاڵ وبۆرژواکان کە باسی ڕیفۆرم وچاکسازی پەرلەمانی دەکەن، ئەوا زیاتر لەچەندین ساڵە بەم ڕێگایە تێکۆشان دەکرێت، بەڵام کرێکاران و زەحمەتکێشان بارودۆخی ژیانیان خراپتر بووە سەرەڕایی هەبوونی چەندەها خۆپیشاندان وناڕەزایەتی. کەوایە پێویستە ئەم جۆرە خەباتە بگۆڕدرێت، ئەگەر ئەو حیزبە نەبێتە ژیلەمۆی گەشەی شۆڕشگێڕانەی بزوتنەوەی چینی کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگەی کوردستان کەوایە ناوی شیوعی بوونی هەروەک دیکۆرات و بۆ جوانی هەڵگرتووە، نەک بۆ هێنانەدی سۆشیالیزم. لەبەرئەوەی هێنانەدی سۆشیالیزم تەنها بە وتارو بەرزکردنەوەی دروشم نابێت، بەڵکو لەگرەوەی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکانی کۆمەڵگەدایە لەناو بزوتنەوەی جەماوەریدا بۆ دەسەڵاتدارێتی شوراکانی خەڵک.
راستە بێکاری و ھەژاری ھۆکارێکە بۆ کۆچکردن، بەڵام ئەو خەڵکەی رێگای کۆچی گرتووەتە بەر ھەمووی برسی و بێکارو ھەژار نییە، بەڵکو ھۆکاری دیکەی ھەیە مرۆڤ بەتەنھا نان تێری ناکات، بەڵکو پێویستی بەئارامی و ئازادی و پاراستنی کەرامەتیی مرۆڤ بوونی  ھەیە بۆ ئاسودەی و سەقامگیری ژیانی. کێشەی بنەرەتییەکەی بریتیە لە بێ ئومێدی بێ ھیوا بوون لەتێکۆشانی سیاسی بۆ گۆرانکاری لە نادادپەروەری و نەبوونی ئازادی و قۆرخکاری سیاسی و ئابوری و ساختەکاری.  کەوایە ئەرکی کۆمۆنست وشیوعییەکانە بە خەباتی شۆڕگێڕانەیان تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەیان گەشەپێبدەن. هەموومان دەزانین کە ئەو دوو  بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی سیاسەتی فاشیزمانە پیادە دەکەن هەربۆیە حوکمرانەکان و دەورو بەرەکانی دەسەڵات کورو کچ و نەوەکانیان لەئێستەوە لە پێگەی پۆست و دەسەڵات قایم دەکەن و  پیشانی نەوە دوای نەوەی ئەدەن راستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەڵێن بۆ داھاتووش  ھەر ئێمەین و ئەم شێوازو حوکمرانیەی لێی بێزارن بەردەوام دەبێت.
ئەوەیە ھۆکاری بنەرەتی کۆچی بەکۆمەڵ. دەرئەنجام  گەنجەکان بەهۆی نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین و نەبوونی کار و نەبوونی ڕەوتێکی شۆڕشگێڕی جەماوەرییە کەهێزی گەنجان بۆ تێکۆشانی جەماوەری بۆ ڕاماڵینی سیستەم و دەسەڵاتی دزو گەندەڵکاران ڕێکخراو بکات هەربۆیە لەبێ ئومێدی وبێ هیوایی دا کۆچ ئەکەن. حزبە کۆمۆنستەکان بێکارن و بێ کاریگەرن لەڕێکخستنی خەباتی جەماوەری کرێکاران  وبێکاران وگەنجەکان، پێویستە هێزی تێکۆشانیان ڕاستەوخۆ بگوزانەوە لە تێکۆشانی کلاسیکییەوە کە شێوازی مەحفەلیزمە بۆ شێوازی خەباتی جەماوەری کە بەئاراستەی گەشەدانی شۆڕشگێڕی لەناوەندە کرێکاری و جەماوەرییەکاندا. ڕاستەوخۆ گەنجان بەرەو پێشەنگی تێکۆشانی بزوتنەوەی جەماوەری ئاراستە بکەن .لە٧٠ کانی سەدەی بیستەمەوە کۆمەڵگەکانی گۆی زەوی بەهۆی سیستەمی ملهوڕی سەرمایەدارییەوە چاوەڕوانی گۆڕانکارین. ئەوەی لەسەردەمی ئێستای کوردستان ڕوودەدات درێژکراوەی هەلومەرجی سیاسی زاڵی ڕابردووە کە ئێستا بەرەو کامڵبوون دەچێت و زوڵم و زۆری نایەکسانی و چەوسانەوە، بەڵام شێوازی لەناو جیاوازە ئەگەرچی لەناوەڕۆکدا هەمان جۆر سیستەم و دەسەڵاتی فاشیزم  حوکم دەکات بەزۆر بۆیە لەبەرامبەری دا تارمایی شۆڕشی چەوساوەکان سات دوایی سات بەهێزتر دەبێت لەناو ناخی هەر تاکێکی کۆمەڵگادا. لەسەدا ٪٨٠ی کەزۆرینەی خەڵکی کۆمەڵگەیە بەشداری دەنگدانی ڕەتکردەوە ئەمە نیشانەی هەبوونی شۆڕشە لەکۆمەڵگە. بۆیە پێویسته بەهەرجۆرێک بێت گەشە بەخەباتی جەماوەری شۆڕشگێڕی بدرێت لەناو بزوتنەوەیەکی جەماوەری دا بۆ ڕاماڵینی دەسەڵاتی دزو گەندەڵکارانی بنەماڵە خێڵگەرەکانی کوردستان. ئەمەش پێش هەمووان ئەرکی هەر ئێستای حزبە کۆمۆنیست و شیوعییەکانە ئەو هەنگاوە ڕادیکاڵە جەماوەرییانە بنێن بۆ هێنانەکایەوە کۆمیتەی شوراو ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکان لەناو بزوتنەوەیەکی جەماوەری دا لەژێر ناوی بزوتنەوەی شورایی دا. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری (مەبەستم هەموو ئەوانەیە بەناوی کۆمۆنیستی کرێکاریی هەڵسوڕان دەکەن) دەبێت لەنووسین و شیکردنەوەو وتار داناوە بپەڕنەوە بۆ ناو هێزی فراوانی جەماوەری ناڕازی گەنجان وکرێکاران و بێکاران بەئامانجی هێنانەکایەوەی ئەڵتەرناتیڤێکی ڕادیکاڵی پڕچالاکی جەماوەری هاوخەباتی کۆی کۆمۆنیست وشیوعی و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکانی کۆمەڵگە بۆ ئاراستەکردنی  گەشەدانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان هەتا لەژێر ئاسۆیەکی ئینسانیدا بەخەباتێکی شۆڕشگێڕانە کۆمەڵگە بەرەو گۆڕانکارێکی باشتر ونوێتر ئاراستە بکرێت بۆئەوەی لەجیاتی کۆچ و ئاوارەیی هاوخەباتی بۆ ڕاماڵینی سیستەم و دەسەڵاتی دزو گەندەڵکاران گەشەی پێ بدرێت.
ئەوە دەرکەوتووە ناشاردرێتەوە کە سیستەمی سەرمایەداری نەبەسیستەمی کۆلۆنیال و نەبەسیستەمی ئیمپرالیزمی نەیانتوانی کۆنترۆڵی ڕەخنەی بەرەی ناڕازی لەم سیستەمە پاشەکشە پێبکەن. ئەوا هەرگیز دەسەڵاتی فاشیزمی بارزانی و تاڵەبانییەکان ناتوانن پاشەکشە بەخەباتی جەماوەری ناڕازی و ڕەخنەی شۆڕشگێڕانەی گەنجان و لاوانی کوردستان بکەن. هەرچەندە لەزۆرێک لەقۆناغەکاندا ئامانجی ئەحزابەکان لەگۆڕانکاریان ڕوو لەکۆمەڵگە ڕیفۆرم بووە بەتەوسیفی شار ئەوانەشی ڕوو لەشاخ بوون لەنێو کارکردە چەتەگەرایی و جاسوسی و بەکرێگیراویی و ڕەشەکوژی و ئاژاوەگێڕی و خۆداسەپاندن بەسەر هەلومەرجی ترانسفێری ئاڵوگۆڕانەکاندا کەمیان نەهێناوە. کە لەئەنجامدا دەبێت بڵێن کە
٭ تیۆرو فکری  شۆڕشی ڕزگاری چەوساوەکان  بۆئەوەیە لەڕووی پراکتیکیەوە خۆی لەخۆیدا دەستبەکاربێت. نەک دەستەو ئەژنۆ دابنیشێت تەنها بانگەوازو پێشنیار… بدات، بەڵکو پێویستە ئەرکە لەشوێنێک بکرێتە خەباتی شۆڕشگێڕانەی کرداری مەیدانەکانی خیابان و شەقامەکان.
٭ ئەوە زۆر ڕاستە کە شۆڕش و خەباتی شۆڕشگێڕی  بەکەسی  ترسنۆک و خۆپارێز ناکرێت، بەڵکو ئیرادەی پۆڵاین و ئازایەتی ئەوێت، پێویستە مرۆڤی شۆڕشگێڕ دەست هەڵبگرێت لەقازانجە کەسێتی  و بەرژەوەندییەکانی، تەنها ئەرکی ئەوەبێت کە بەرژەوەندی و سوودی کرێکاران و چەوساوەکانی کۆمەڵگە لەتێکۆشانیدا لەبەرچاو بگرێت .
٭ ئامانج لەگۆڕانکاری کۆمەڵگە ئامانجەکانی پێداگیریە لەمافەکانی کۆمەڵگە لەڕووی چینایەتیەوە بەمەبەست ناساندنی چینی سەرمایەدار لەپرۆسەی بەرهەمهێنان و وەگەڕخستنی ملیۆنی کۆیلایەتی لەچینی کرێکار بۆ ئامانجی قازانجی سیستەمی سەرمایەداران و تاڵانچییەکانی کوردستان .
٭ پێویستە ئێمەی کۆمۆنیست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازان بەهەرجۆرێک لەدەستمان دێت پشتیوانی ئەم جۆرە خەباتە شۆڕشگێڕییە بین لەناو کۆڕی ناڕەزایەتییەکانەوە شەپۆلەکانی شۆڕشگێڕی گەشە پێبدەین بەئامانجی ئەوەی  کە ڕۆژ دوایی ڕۆژ بەهێزتر وکاریگەرتر بێت. سەرجەم ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان   بۆ ئەوەی هەرچی زووتر ببێتە بزوتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری چینایەتی کەڕاستەوخۆ  پێشڕەو ڕابەڕانی ناڕەزایەتی لێهاتوویی شۆڕشگێڕ بێنێتە سەرپێ و لەدایک ببن و ئاسۆیەکی نوێتر و گەشتر بەدی بێت تا ببنە  ڕابەرو ڕێنیشاندەری هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر.
کەوایە لەئێستاوە وەرنە مەیدان بۆ گەشەدانی خەباتی شۆڕشگێڕی  لەدژی چەوسانەوەو نایەکسانی و دزی وگەندەڵی. هەتاوەکو دوای ڕوخانی سیستەم و دەسەڵاتی فاشیزمی بنەماڵەیی، خەڵک خۆی لەڕێگای شوراکانییەوە ئیدارەی کۆمەڵگە بەڕێوەبەرێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.