سیناریۆی پوچی دادگاییکردنی گیراوەکانی بادینان، درێژەی هەیە!!

0

سیناریۆی پوچی دادگاییکردنی گیراوەکانی بادینان، درێژەی هەیە!!

هەشتی ئەم مانگە دادگای دووی تاوانەکانی هەولێر سزای پارتیانەی بەسەر چوار لە گیراوەکانی بادیناندا سەپاند، کە شیراون تەها بەدوو ساڵ و نیو و مەسعود عەلیش بە سێ ساڵ و نیو سزادراوە… هەروەها بەندەوار ئەیوب و کارگەر عەباس هەریەکەیان بەساڵ و دوو مانگ سزا دران، بەڵام بەوهۆیەوە زیاتر لەو ماوەیە لە زیندان راگیرابوون، ئازاد کران. پارێزەرەکانی ئەو بەندکراوانە دەڵێن ئەو بەڵگانەی لەدژی زیندانیەکان بەکارهێنراون و یاسایی نین.

کەم کەیسی وابەستە بە پرسی ئازادی و یاساوە هەیە، هێندەی پرسی گیراوەکانی بادینان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنابێت و درێژەی کێشابێ و هێندەش بە ئاشکرا تۆمەت و سیناریۆی پوچی بەباڵادا بڕابێت.

گیراوەکانی بادینان لەسەر بەشداری لە خۆپێشاندانی نارەزایەتی بەدژی گەندەڵی و بۆ داوای موچە و خزمەتگوازییەکان، دەستگیر کراون و سەرجەم تۆمەتەکانی تر وەکو دەستی دەرەکی لەپشت بوون، تیکدانی ئاسایشی نیشتیمانی، کار کردن بۆ لایەنی دەرەکی… زۆر لەوە پوچترن کەس فریوبدەن.

لایەنی بنەرەتیش بۆ ئەو سزا قورسەی بەسەر ئەو گیراوانەدا دراوە، لە تۆمەتەکانەوە تا راگرتنیان بۆ ماوەی زیاتر لەساڵێک و پاشان سزای قورسی زیندانی کردن، تەنها ئەوەیە کە ئەم چالاکوان و رۆژنامەنووس و کەسایەتیانە، لە زۆنی زەرد لەو زۆنەشدا لە بادیناندا نمایشی نارەزایەتی جەماوەریان بەدژی دەسەڵات و بەتایبەتی بە دژی پارتی کردووە… لە بادینانی سەرکوتدا، تەلیسمی ترسیان لەدەسەڵات شکاند. لە بادیناندا بە پارتیان وت ئیمە دژی سەرکوت و بێمافیەکانی جەماوەرین، بە پارتیان وت، ئیمە بەشێکی دانەبڕاو لە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرین کە لەسەراسەری کوردستاندا، ئامادەیی هەیە.

کاردانەوەی بەرەی ئازادیخوازیش لەبەرامبەر بەو گیراوانە و سیاسەتی سەرکوتگەرانەو نایاسایی پارتیدا، توانی پارتی ناچار بکات، دەست ببات بۆ دادگایی کردنی گیراوەکان و یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیەیە، دۆسیەیەک کە بە ئاشکرا ناوەرۆکی سەرکوتگەرانەی پارتی بەهەموو دنیا نیشاندایەوە. هاوکات ئەو مامەڵەیەی پارتی لەبەرامبەر گیراوەکاندا بەدەستیەوە گرت، لە جێگای ترساندنی ئازادی وئازادیخوازان، دەیان و سەدان چالکوانی و هەڵسوراوی تری دروست کرد.

دادگاییکردن بەشێوەی پلە پلەو هەرجارە بردنی چەند کەسێک بۆ بەردەم دادگایەکی نمایشی، سەپاندی سزای قورسی سیاسی بەسەر بێتاواناندا هەر لە درێژەی سیاسەتی ترساندن و بێدەنگە پێکردنی ئازادیخوازی و ترساندنی دەنگە ئازادەکانە، بەڵام ئەمە بەشوێنێک ناگات و ئازادی وئازادیخوازی بەسەرکوت ناخنکێنریت و رەوتی بزوتنەوەی ئازادیخوازی دەباتە سەرەوە. بێدەنگەی حزب و لایەنە سیاسیەکانی تریش لەسەر ئەم کەیسە و ئەو مامەڵە ناڕەوایەی پارتی، هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسیانە دەکاتە هاوبەش و پشتیوان لەم گەمژەییەی پارتی دەستی بۆ برد.

Leave A Reply

Your email address will not be published.