بەهزاد موحسین: خودی بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان بەو ڕێژە پێوانەییە، نەوەك هەر پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵكو سەرلەبەری حیزبە گەورەكانی ئێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانی بە تایبەتی خستە ژێر گومانێكی ئێجگار گەورە، گومانێك بەتامی یەقین…   دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بەهزاد موحسین چالاكوانی مەدەنی لە هەولێر سەبارەت بە “عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكان”.

0

بەهزاد موحسین: خودی بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان بەو ڕێژە پێوانەییە، نەوەك هەر پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵكو سەرلەبەری حیزبە گەورەكانی ئێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانی بە تایبەتی خستە ژێر گومانێكی ئێجگار گەورە، گومانێك بەتامی یەقین…  

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ بەڕێز بەهزاد موحسین چالاكوانی مەدەنی لە هەولێر سەبارەت بە “عێراق و كوردستان دوای هەڵبژاردنەكان”.

بۆپێشەوە: شكستی هەڵبژاردنەكان لەرێگای بەشداری نەكردنی زوربەی زۆری خەڵكەوە، هەڵگری چ پەیامێكە؟

بەهزاد موحسین: خودی بەشدارینەكردنی هاوڵاتیان بەو ڕێژە پێوانەییە، نەوەك هەر پرۆسەی هەڵبژاردن، بەڵكو سەرلەبەری حیزبە گەورەكانی ئێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستانی بە تایبەتی خستە ژێر گومانێكی ئێجگار گەورە، گومانێك بە تامی یەقین. هاوڵاتیان تەواو لە خەمخۆری و دڵسۆزی و قوربانیدان و خزمەتگوزاریی ئەم حیزب و سەركردانە بێئومێد بوونە. بەهەموو شێوەیەك حیزب و سەركردە ئایینی و تایفی و ڕاستڕەو و بەناو عەلمانی و دیموكراسی و چەپەكانیشیان ڕەت كردەوە.

ئەزیزی من! هەر خودی ئەو كۆڕەوە هەزاران كەسیەی وا لە نێوان سنوری بەلەڕوس و پۆڵۆنیا گیریان خواردوە، گەورەترین ڕاپرسیە بۆ ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی كوردی و تەواو مەئیوسبون و ڕشانەوە بەسەر دەسەڵاتی بنەماڵەیی و دزی و جەردەیی ئەو دەسەڵاتە كوردی و ئێراقیە. پێم وایە گەر وڵاتانی ئەوڕوپا ڤیزا و مافی پەنابەری ڕابگەیەنن، بەلای كەم ٥٠٪ هاوڵاتیانی هەرێم ئیش و كاریان جێ دێڵن و ڕوو لە هەندەران دەكەن.

بۆپێشەوە: تا چەندە لاتان وایە داخوازییە سیاسی و حقوقیەكانی خەڵكی كوردستان، لەڕێگای بەشداری لە حكومەت و پەرلەمانی عێراقدا، بەدی دێت؟

بەهزاد موحسین: كورد پەندێكی هەیە، “گەر لەگەڵ بوكێ نەبی، لەگەڵ بەربوكیش نابی”. بوكەڵەكەی ئێمە كە حكومەتی هەرێمە، دەسەڵاتی ڕەهای هەبووە و هەیە، چەندە مافە سیاسی و حقوقە ئازادیەكانی ڕادەربڕین و چالاكی جەماوەری و داوای موچە و پشتگیریی زیندانیانی بادینان و دەیان كەیسی مەدەنی تر دراوە؟! تا بە بەشداریكردنی لە حكومەتی ئێراقدا بە پشكە دەسەڵات بیەوێ مافەكانی تاكی كوردی بدا.

هاوڕێ! گەورە حیزبەكانی هەرێم كە بریتین لە یەكێتی و پارتی، ئەوان هاوكێشەیەكی زۆر سانای نانەتەوەیی و ناسیاسی و نائینسانی كار دەكەن، كە بریتیە لە مانەوەی خۆیان بە هەر نرخێكی سەركزەڵۆكی و ملكەچبوون و خودی جاشایەتی. لای ئەوان هاوكێشەكە ئەوەیە، خەمی گەورەم مانەوەمە، بۆ ئەوەش پێویستم بە میللەت نییە، نە بە دەنگدانیان نە بە بایكۆتیش، من هێزی كۆڵەکەی مانەوەم لەم وڵاتە دراوسێ دوژمنەكانی كوردی وەك توركیا و ئێران وەردەگرم، بەرامبەر هەرچیەك ئەوان بیانەوێ.

دوژمنان دەزانن، هێز و توانای نەتەوەیی كوردی لە هاوڵاتیە ئازادیخواز و چینی چەوساوە و هەژارەكاندایە، بۆیە ڕۆژانە بە دراما و دەرمان و خۆراكی ئیكسپایەر و دەیان هۆكاری تر خەڵك بە زۆر نەخۆشی و كارەسات ئاڵودە دەكەن، كە لای ئەوان سەری هەرەسەرەوەی دەسەڵات و حیزبەكانیان بێ پێن و هەركات كاتی بێ، وەك سویچپلاكێك بە پلێك دەیانكوژێننەوە.

بۆپێشەوە: جەماوەری كرێكارو بێبەشی عێراق و كوردستان، رۆڵیان لە پێکهێنانی حكومەت و پەرلەمانی عێراق، چۆن دەبێت؟

بەهزاد موحسین: ئەم پرسیارە دەمانباتەوە سەر مێژوووی ئێراق و پێویستبوونی ناساندنی هێزە ئێراقی و كوردیەكان و سپۆنسەرە دەرەكیەكانیان. لە دروستبونی دەوڵەتی ئێراقەوە و لەسەردەمی پاشایەتیەوە تا ئەمڕۆ، هەر با ئاشكرا و بە بێشەرمی و پێچوپەنا لە بەرنامەی هیچ حیزبێكی دەسەڵات لە پەیام و پرۆگرامیاندا مافەكانی كرێكار و جوتیار و چینی چەوساوە، وەك ئەركێكی ئەولەوی و سەرەكیی باس نەكراوە.، جگە لە چوار ساڵەكەی حوكمی “قاسم”.

ئێستاش كە تەواوی حیزبە خاوەن كورسیەكانی ئێراق ئایینی و تایفین و پێچەوانەی ڕەوتی پێشكەوتنی مێژووی مرۆڤایەتی بەرەو دوێنێ و پێرێ دەگەڕێنەوە. هەروەها پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی چەكدار و تۆتالیتار و دژە ئازادی و دزیكەر لە قوتی خەڵك و لە پێشمەرگەی دڵسۆز و تەنانەت لە كۆیلە گێلەكانیشیان خەمسارد و بێمنەتن، ئەی دەبێ، چی بەرنامە و خەمخۆریەكیان بۆ چینی كرێكار و چەوساوە هەبێ، كە زۆر لێیان توڕەن، كە دەنگیان پێنەداون و لە  دڵەوە ڕەتیان كردونەتەوە و خستویاننەتە ژێر پێی نەهامەتیەكانیان.

ئەوان چ باكیان بە كرێكارێكی قوربەسەر هەیە، كە لە خانوە قوڕەكانی ئەوپەڕی شارە و لە هەفتەیەك دوو ڕۆژ كارێكی ئارەقڕژێن و پشتێشەی تا ئێوارەی دەست ناكەوێ. كرێكارێك لە شەشی بەیانیەوە دەچێتە مەیدانی كرێكاران، تا خاوەنكارێك لە هەشتی بەیانیەوە تا چواری ئێوارە بەرامبەر٢٠٠٠٠ دینار بیڕەتێنێ و ئارەقەی شین و مۆری پێبڕێژرێ، تا ١١ی نیوەڕۆ چاوەڕێیە و هێشتا ئەو ئارەقڕشتنەی دەست ناكەوێ و سەرمایەدارێك بازووی ئەو ناخوێنێتەوە. ئیتر پارتی و یەكێتی چ باكیان بەو شەرمە هەیە، كە ١٢ی نیوەڕۆ دەگاتەوە ماڵ و دەڵێ” ئەمڕۆش كارم دەست نەكەوت”، وەك پیاوی ماڵ و كەسێكی بەشكۆ و نەشكاوە، ناتوانێ بە خێزانەكەی بڵێ، بۆ نیوەڕۆ چیمان هەیە! ئەوان  و ئەوانی سەرانی ڕەزاقورسی دەسەڵات باكیان بە مۆدێلە شەهوەتمركێن و مەلا قاتیلەكانه، تا گەنجەكانیان بۆ بگەوجێنن و بخافڵێنن و نەچنەوە سەر ماف و ئازادیە پێشێلكراوەكانیان.

بۆپێشەوە: سەرقاڵبوونی یەکێتی وەك هێزێکی سەرەکی لە کوردستان بە کێشە ناوخۆییەکان، و جموجۆڵە تاك لایەنەکانی پارتی بۆپێکهێنانی حکومەت لە بەغدا، ئاماژەیە بۆپێکهێنانی چ جۆرە حکومەتێک؟

بەهزاد موحسین: من پێم وانییە لەبەر ئەوەی یەكێتی لە كێشە ناوخۆییەكانی ناوخۆی خۆی چەقیوە و پارتیش كە هێشتا كێشە ناوخۆییەكانی سەرگیراوە، ئیدی لە بەشدارییان لە حكومەتی بەغدا جیاوازیەكی ئەوتۆیان هەبێ، كە ببێتە جێی پرسیار و وەك دوو توخمی جیاواز لێكیان جیابكاتەوە. دیارە كە ئێران و توركیا یەكێتی و پارتی وەك دوو داشی دامە دەجوڵێنێ، نەوەك هەر لە ئێراق، تەنانەت لە كوردستانیش.

كەواتە نە یەكێتی چاوبەست و تاریكەڕێیە لە بەشداری حكومەتی بەغدا، و نە پارتیش بەوەی بێ كێشەیە و بە سی و سێ كورسیەوە سەروەری و دەسەڵاتی خۆی وەك هێزێزێكی كوردی بپارێزێ و كاری كوردانەی لەسەر بكا، هەر بە لای كەم یەكێتی و پارتی لە دەرەوەی هەرێم و لە حكومەتی بەغدا بریتین، لە ئەجێندای ئێران و توركیا.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەددامەوە زۆرترین كاریگەری لەسەر هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەتی بەغدا، ئەمریكا و ئێران بوونە و سعودیە و ئێرانیش دوای ئەوان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا توركیاش بە هەمان گوڕ و لە ئێرانیش كاریگەرتر هاتە ناوەوە. كەچی لەبەر ئەوەی توركیای دوای ئەردۆگان و بەسەرۆكبوونی ئەردۆگان و مەرامە سوڵتانیە ئیسلامیەكەی، ئیتر چیتر وێنەیەكی دیكەی ڕۆژئاوا و ئەمریكا نییە و خۆی بە هێزێكی سەربەخۆ دەزانێ و مەرامەكانی چەندە نەرمیش بێ، ئەوا لەگەڵ بەرژەوەندیە سیاسیەكانی ئەمریكا و ڕۆژئاوا لەم ناوچەیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ دەكەوێتەوە و بەرژەوەندیەكانیان بەریەك دەكەون، بۆیە كە توركیا وەك یەكێ لە یاریزانە نوێ و بەهێزە هەرێمایەتیەكان هاتۆتە ناو ئێراق. ئەم كابینەیەی بەغدا لە ڕووی پێكهاتن و بەردەوامی قورسترین و زەحمەتترین دەبێ، لێرەوەش پارتی و یەكێتی نەوەك توانای مەرجدارییان بۆ كوردایەتی و خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێم نابێ، تەنانەت لەوپەڕی گوێڕایەڵیدا دەبن و دیسان كاری سەرەكییان لە بەغدا بەڕكیان دەبێ.

Leave A Reply

Your email address will not be published.