ژەهری گومان!!

0

ژەهری گومان!!

ژەهر خواردکردنی بەشێک لە بەرپرسانی یەکێتی بۆتە پرسی رۆژ و بەپێی سەچاوە راگەیاندنەکانی باڵی دەسترۆشتووی یەکێتی ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئەو حزبە لەپێش هەشتی تەموز و دواتردا ژەهر خوارد کراون.

ئەم هەواڵانە کە باسی ژەهرخواردنی ئەو بەرپرسانە دەکەن، بەر لەهەموو شتێک ئاماژەیە بۆ داڕمانی هەموو مۆراڵ و بەهایەکی ئینسانی و لەناوخۆی یەکێتیدا… دیارە کارنامەی بزوتنەوەی کوردایەتی خاڵی نییە لە تەسفیەی و سرینەوەی جەسەدی و دەستبردن بۆ سوکترین و نائینسانیترین شیوازی لەبەینبردن و سوکایەتی پێکردن، بەڵام ئەوەی بەو ئاستە ئاشکرایەو لەناوخۆی یەک حزبدا رووبدات، پێشرەوییە لە زەمینەی تەسفیەی جەسەدی لەناوخۆی حزبدا بەدەستی هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوفکر و هاوخەباتی یەکتری. وە ئەگەر ئەمانە لەناوخۆی یەک حزبدا دەست بۆ ئەوشێوازە ناشیرین و قێزەونە ماوەبەسەرچووە لەباری میژوویەوە لەبەرامبەر بە یەکتریدا بگرنە بەر، دەبێ لەبەرامبەر بە کەسانی دەرەوەی حزبەکەیان و نەیارانی سیاسیاندا چییان لێ چاوەڕوان بکرێت… جگە لە ناوبردنیان بە ژەهری سەردەم و کۆمەڵگە…

دیارە هێشتا بەشێکی بەرینی جەماوەری کوردستان باوەر بەراستی هەواڵی ئەو ژەهر خواردنانە ناکەن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جەماوەری بێبەشی کوردستان هیچ متمانەیەکیان بە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و کاراکتەرەکانی نەماوە. بۆیە ئەگەر هەموو بەلگەکانی ژەهرخواردنەکانیش بڵاوبکرێتەوە، ناتوانێت باوەری خەڵکی کوردستان بەو راستیانە لەق بکات، کە حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لە سیناریۆ سازکردن و دۆرسازیدا، هێندە شکست خواردوون، کە ناتوانن باوەریان پێ بکەن.

خەڵکی کوردستان پرسی ئەو ژەهر خواردنانە بە سیناریۆ ناوخۆیی بۆ تەسفیەی نەیارانی سیاسی یەکتری لەناوخۆی یەکێتیدا، دەبینن و باوەڕیان بەراستی ئەو ژەهر خواردانانە نییە، تەنانەت وەکو نوکتە باسی ژەهر خواردنەکان دەکرێت و دەوترێت: لە هێنانی ژەهرەکەشدا گەندەڵی و دزی کراوە، و ژەهری ئیکسپایەریان هیناوە، بۆیە ژەهرەکان کاریگەریان نەبووە و هەموو ئەوانەی ژەهرخوارد کراون دوای هەفتەیەک وەکو بنیادەمی ساغڵەمی وەزشکار دەردەکەون.

حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە ٣٠ ساڵ زیاترە تاڵاو و ژەهراوی دەسەڵاتدارێتی خۆیان بە ئاشکرا لە رێگای هینانی مواد و خواردن و خواردنەوە و دەرمانی ئیکسپایەرەوە، دەرخواردی خەڵکی کوردستان دەدەن، هیچ لەوە سادەتر نییە کە لە قوڵبوونەوەی ململانێی نێوخۆشیاندا، “ژەهری گومان” و ئیکسپایەر و تەنانەت ژەهری پاکەتی و تازە لەدژی یەکتری بەکار ببەن. بەڵام خەڵکی کوردستان باوەریان پێ ناکەن و میژووی درۆ و سیناریۆ سازیان، وای کردووە، راستییە بەڵگەنەویستەکانیشیان، بە ساختە و سیناریۆ لێوەربگرن.

Leave A Reply

Your email address will not be published.