خەونی  سندباد.. جەمال نوری

0

خەونی  سندباد..

جەمال نوری

 

لە خەونی پەڵە هەورێک دا

” با ”  وتی ..

بارانێک بەڕێوەیە..

تا گەڵای درەختە بەژنزراڤەکان شانە بکا

شەونم بکا بەتاوە دەزوو

لە پرچی یادەکانەوە بئاڵێنێ

ئەو یادانە،

لە دوکەڵێکەوە  ئاڵان،

کەلەگەرووی  مندا  هەڵیکردبوو

دەبووە شاخێک لەکا

ئۆقیانوسێک لە لەپی دەستا

شیعرو شاعیر لەلافاوی وشەدا ..!

باران و ئاسمان

دوو هاوڕێی  هەمیشەیی,

 

”  لەزمانی  ئێمەدا “..!

زمان چەندە هێمای لەخاچ دراو بوون بەداهۆڵەوە..

 

داهۆڵ، چەندە فریوو دەربوو

لە چاندنی تۆوی ترس،

لە چاوی فڕینی باڵندەکانا،

ئەو باڵندانەی هەتا ئێستا بێ سۆراغن

لە مەملەکەتی  وەرزی  کۆچ …

ئەو وەرزەی درەختەکان گەڵاکانی تیا ناوەرێ

کارێزەکانی تیا ناتەقێ

کانیەکان ناڕژێنە سەر جۆگەو جۆبار

جۆگە سەری خۆی هەڵگرتوە

ئاوڕناداتەوە لەزێ و ڕووبار

شوان، دەختێک شکا نابا،

سایەک لەگەڵیا نایە، بۆ حەوانەوە

و  لێدانی شمشاڵێک

بۆ مەرگی زیندووی  گەڵاکان

بۆ  وشک بوونی باڵی فڕین،

لە ناو هەوری

“با ” بردەڵەی گریە نشین *..!

 

* گۆرانیەکی فۆلکلۆری یە.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.