عێراق دوای هەڵبژاردنەکان و پرسی پێکهێنانی حکومەت! نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

0

عێراق دوای هەڵبژاردنەکان و پرسی پێکهێنانی حکومەت!

نووسینی: عەبدوڵا مەحمود

هەڵبژاردنی ١٠/١٠… لەژێر گوشاری بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری بوو، بەڵام ملدانی هیزە بۆرژوازییەکانی عیراق بەو هەڵبژاردنە، بەجیا لەوەی داننان بوو بە کاریگەری ئەم بزوتنەوەیە، هاوکات وەکو ڕیگایەک بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکان و رۆڵی بزوتنەوەی نارەزایەتی و پاشەکشەپیکردنی بەدەستەوە گیرا. ویستیان لە رێگای ئەو هەڵبژاردنەوە بە جەماوەری نارازی بڵێن کە ئەوان خزمەتکاری جەماوەرن و لەئاست ویست و داخوازی ئەواندا ئامادەی وەستان لەسەر قاچێکن… ئیستاش کە سەقالێ پیکهێنانی حکومەتن، ناتوانن جیگاو ڕیگای بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و کاریگەرییەکانی نادیدە بگرن.

لەکوردستانیش هێزو حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەدوای ئەوەوەبوون لە رێگای هەڵخراندنی ئیحساساتی نەتەوەیی و نیشاندانی غولە ناسیونالیست و دینییەکانیان لە عیراقدا، دابران و ناکۆکی خۆیان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بشارنەوەو ریگای ئاشتبوونەوە بگرنەبەر و تورەیی جەماوەری بەرەوخاوبوونەوە ببەن.

چ لە عێراق و چ لە کوردستاندا جەماوەری توڕەو ناڕازی لە هەڵبژاردنەکاندا، بە شکستکیشانی هەڵبژاردنەکان و بەشداری نەکردن لەو گەمەیەی تەنها روخساری دەسەڵاتی میلیشیایی و نۆکەر پیشەیی سواغ دەدات و دەشارێتەوە، نیشانیاندا کە هەڵگری هەمان پەیامی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەرین کە لەسەراسەری عێراقدا قوڵپی دەدا. وە دیمەنی لە ئاشتی نەهاتووی چینی کریکار و جەماوەری بیبەش لەگەڵ بۆرژوازی و رەوتە سیاسیەکانیان، لەهەڵبژاردنەکاندا بە رۆشنترین شیوە خۆی نمایش کردەوە… بەمەش یەکەمین هەنگاو و هەوڵی بۆرژوازی بۆ پاشەکشەپیکردن بە بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری، بەشوێنێک نەگەیشت و شکستی خوارد.

لە ئیستادا، دوای ئەو ململانێیە لەسەر ئاستی شەقام و گەمەی فەرمی هەڵبژاردنەکان، خانەوادەی بۆژوازی عێراقی بە عەرەب و کوردەوە بەشیعەو سونەوە، خەریکی سیناریۆی دووەمن و لەوەش زیاتر رووبەڕوون لەگەڵ دەورەیەکی نوێ لە بزوتنەوەو تورەیی جەماوەری کە لەدریژەی بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵاتدا لە سەراسەری عێراقدا لەگەڵی دەرگیر بوون. سیناریۆی دووەم بریتیە لەوەی لەڕیگای پیکهێنانی حکومەتەوە هەم قەرەبووی شکستی هەڵبژاردنەکان و هەمیش پێداگری لەسەر پاشەکشەکردن بە بزوتنەوەی راماڵینی دەسەڵات بکەن. دەیانەوێت ئارایشێک بە حکومەت و دەسەڵاتی داهاتووی عێراق بدەن، کەلانی کەم بتوانێت بەشێکی زۆر ناچیز لە ویست و داخوازییەکانی جەماوەر لەو حکومەت و دەسەڵاتەدا تیکهەڵکێش بکەن و بە کۆمەلگەی رابگەیەنن، کەدەورەی تازە و دەسەلات و حکومەتی تازە، هاوئاهەنگ لەگەڵ خواستی جەماوەری بیبەشی عێراقە. لەو نێوەدا بۆرژوازی کوردیش بە پێداگری و خۆبەستنەوەیان بە پرسی سیاسی کورد لەلایەک و گیڕانەوەی دۆخی خراپی ئابوری و وێرانبوونی خزمەتگوازرییەکان و هەژاری و بێکاری و گرانی بۆ دەسەلاتی ناوەندی عێراق، دەیانەوێت شانی خۆیان لەهەلومەرجی نەخوازراوی کوردستان خاڵی بکەنەوەو بەرپرسیاریەتی ئەو دۆخەی هەیە بخەنە گەردنی دەسەڵاتی ناوەندی.

هەموو ئەو راستیانەش، راستیەکی بناغەیی پشتراست دەکاتەوە، کە ململانێی نێوان بزوتنەوە سیاسی و کۆمەلایەتی و چینایەتییە بۆرژوازییەکان لەناو خۆیان و ریزەکانیاندا، لەسەر ئاستی عیراق و کوردستاندا، زۆر لاوەکی ترە لە ململانێی چینایەتی نێوان چینی کریکار و جەماوەی بیبەش لەلایەک و سەرجەم خانەوادەی بۆرژوازی لەلایەکی ترەوە.

چینی کریکارو جەماوەری بیبەشی عێراق، هیچ رایەڵیک بە دەسەڵاتی بۆرژوازی و رەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیانەوە نایان بەستێتەوە. ئەو هیزە بۆرژوازیانە بە بەهرەبەرداری کردن لە قەومچیتی و دین و مەزهەب، توانایی فریوکاریان لەدەستداوە. کارنامەی بەکردەوەیان لەدەسەڵاتدا، هەموو ئەو وەهمانەی رەواندەوەو پایە لەسەر درۆ بنیاتنراوەکانی بەسەریەکدا رماون. شیعەی سیاسی خاوەن دەسەڵات!! کۆمەڵگەی شیعی مەزهەبیان رووبەرووی گەورەترین سەختی و کویرەوەری و سەدان موسیبەت کردەوە، سونە مەزهەبەکان و بەشداریان لەدەسەڵاتدا، دۆزەخی جەهەنەم ئاسایان لە سەرزەوی بۆ جەماوەری سونە مەزهەب داخست و گرانی و بیکاری و نەبوونی دەستی ناوەتە بینەقاقایان. دەسەڵاتی کوردەکان… چ پارتی و یەکێتی و چ هاوکارەکانیان، جەماوەری کوردستانیان لەگەڵ دۆخێک بەرەو ڕووکردۆتەوە کە هەموو رۆژیک تارمایی دەسەڵاتی بەعس و رەفتاری بەعس ئاسا، لەهەموو لایەنێکی ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی دا هەست پێدەکەن.

پرسی کشانەوەی هیزە سەربازی و مەیدانیەکانی ئەمریکاش، لەگەڵ ئەوەدا سەرجەم هیزە سیاسیە بۆرژوازییەکان رووبەڕووی دۆخێکی تازە دەکاتەوە و دەشێ رۆڵی بەشیک لە بزوتنەوەو لایەنە سیاسیانەکان بەرەو داکوژان ببات، هاوکات دەروازە بۆ دەستێوردانی ناوچەیی و پێ لێراکیشانی خاوەن هیزە چەکدار و میلیشیایەکان لە سەرتاسەری عیراقدا، زیاد دەکات. بەجیا لەوانەش مەترسی دووبارەبوونەوەی کارەساتی کابول لە زۆر شوێنی عێراقدا، ئەگەرێکەو مۆتەکەیە بۆ ئایندەی سیاسی عێراق. دیارە نەبوونی هیزی داگیرکەر چوونە دەرەوەی هیزەکانی ئەمریکا، خواستی بەشی هەرەزۆری خەڵکی عێراق و دەسەڵاتی سیاسی ناوەند و مایەی نیگەرانی دەسەڵاتەکانی دژ بە ناوەندە وەکو دەسەلاتی حزبە بۆرژوازیەکانی کورد. چوونە دەرەوەی هیزەکانی ئەمریکا لە ئاکامی ناکامی سیاسەت و ئامانجەکانی، لەگەڵ دەرکردنی لەڕیگای بزوتنەوەی لەخوارەوەی جەماوەرییەوە جیاوازییەکی زۆریان لەگەڵ یەکتری هەیە… جوڵانەوەی لەخوارەوەی جەماوەری ئەگەر دەسەڵاتی داگیرکاری و هیزە داگیرکەرەکان رابماڵێت، دەبێتە مایەی ئیرادە بەخشین و بەهیزبوونی بزوتنەوەکەی و ڕۆڵگێرانی لە چارەنووسی سیاسی کۆمەڵگەدا، وەکو ئەوەی لە ڤێتنام و کامبۆج و نیکاراگوا روویدا… بەڵام ئەگەر بەهۆی شکست و ناکامی سیاسی یان لەبەرامبەر بەهیز و بلۆکی ناوچەیی و هیزە نیابەتیەکانیاندا، ناچار بێت بڕوات، هێز دەبەخشێتە ئەو هیزو بلۆک و هێزە نیابەتیانەی رۆڵیان لە بەشکسکێشانیدا هەبووە. ئەمەش کاریگەری زۆر بەرجەستەو راستەخۆی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق هەیەو هاوکاتیش باڵانسی هیزی نیوان بزوتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان دەگۆڕیت. بەدیاریکراویش هاوسەنگی هیز لەنیوان بزوتنەوەی ناسیونال ئیسلامی عیراق و بزوتنەوەی ناسیونالیستی کورد، بە سودی هێزە قەومی و دینیەکانی عیراق دەگۆڕێت.

پرسی هەموارکردنەوەی دەستور، پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی دەستور، باسی هەڵوەشاندنەوەی هیزە میلیشیاییەکان.. لەهەلومەرجی ئیستادا، مۆری ئیستاییان پێوەیەو لەچوارچیوەی کەشی رابردودا ناتوانرێت تەماشابکرێن.

دیارە هەرکام لە پێشهاتانەی بەڕیوەن، بەجیا لەوەی مۆری گۆرانی هەلومەرجی سیاسی عێراق و ناوچەکەیان پێوەیە… بەڵام هاوکات ئاڵوگۆرەکانیش چ لە عێراق و کوردستاندا، دەبێ لەچواچیوەی هەلومەرجی ئیستای دنیا و ناوچەکەو ململانێی بلۆک بەندیی و ئارایش و هاوپەیمانیەتدا تازەکاندا، تەماشا بکرێن.

کە کاریگەریان نەک تەنها لەسەر هیزە سیاسیەکان، بەڵکو هاوکات لەسەر سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان هەیەو دەیانخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە، لەو چوارچیوەیەشدا بزوتنەوەی کریکاریی و نارەزایەتی جەماوەری راستەخۆ دەکەونە ژێر ئەو کاریگەریە و لێکەوتەکانی… چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەدا بوار دەکاتەوە بۆ رۆڵگێرانی هێزو بلۆکە ناوچەیەکان و هیزەکانی وابەستەیان، بەڵام بەشیوەی گشتی کۆسپێک لەبەردەم خەباتی چینی کریکار و جەماوەری بێبەشدا لادەبات و دەروازە واڵاتر بۆ خەباتی چینی کریکار و جەماوەری بیبەش دەکاتەوە.

بۆرژوازی لە عێراق و کوردستاندا، بەجیا لەوەی دەشیت بەهۆی پاشەکشەی هیزەکانی ئەمریکاوە توشی سەرەگێژە و بێ ئاسۆیی ببن، بەڵام ئەوەی کە بۆیان گرنگە بەرگرتنە بە گەشەی بزوتنەوەی کریکاریی و جەماوەری و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و سەرەکیەکانی بۆرژوازی. لەبەرامبەردا هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەروازە بۆ گێرانی رۆڵی نوێیان دەکرێتەوە… رابەران و هەلسوراوانی بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستی و کریکاریی… لەسەر زەمینەی بزوتنەوەی نارەزایەتی جەماوەری و ئەو توانایەی لە ساڵی ٢٠١٩دا لە ئاستی عێراق و لە شەقامەکانی کوردستاندا نیشانیاندا، بەناوتن لە هەڵبژاردنەکاندا دوپاتی “نا” بەدەسەڵات و هیزەبۆرژوازیەکانیان وتەوە… ئەگەر نوێنەرایەتی بکرێت و ئامادەییەکانی بباتەسەرەوە و بەسەر لاوازیەکانی خۆیدا لەپیش هەمویانەوە گرفتی رابەری سەراسەری بۆ بزوتنەوەی کریکاریی و کۆمۆنیستدا زاڵ بێت و وەڵام بە بۆشایی کاری ریکخراوەیی بداتەوە، شانسی ئەوەی هەیە، ئایندەیەکی تر بخاتە بەردەم کۆمەڵگەو دەسەڵاتی بۆرژوازی رابمالێت و کۆمەڵگەیەکی تر بنیات بنێت کە خاڵی بێت لە نابەرابەری و بیمافی و هەلاواردن و چەوساندنەوە.

Leave A Reply

Your email address will not be published.