سەرنجێک لەسەر حزبی“شیوعی و کۆمۆنیستەکان“ نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
سەرنجێک لەسەر حزبی“شیوعی و کۆمۆنیستەکان“
نووسینی: عبدالرحمن رەسوڵ
کاتێک نەخۆشی یان پەتایەک بڵاودەبێتەوە، بەهۆی هەرهۆکارێکەوە بێت، پێویست دەکات بەزوویی شارەزایان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی شەو ڕۆژ بخەنە سەریەک بۆ دۆزینەوەی دەرمانی چارەسەر. دواتر بە هەوڵی ماندووبوونی شارەزایان دەتواندرێت دەرمانی چارەسەر بۆ جۆری نەخۆشی و پەتاکە بدۆزرێتەوە و هەنگاوەکانی چارەسەر دەست پێ دەکات. دواتر هەنگاوەکانی ڕوبەووبوونەوەی دەست پێ دەکات وسەرکەوتوو دەبێت.
لەڕووی کۆمەڵناسییەوە دەرکەوتووە کە چەند کارێک مرۆڤ پێویسته خۆی لێ دوور بگرێت لەپێناوی سەرکەوتن بۆ هێنانەدی ئامانجە ئینسانییەکانیدا. کەزۆر بەسادەی بریتی یە لە : ١/ هەرگیز لەومرۆڤانە ناکرێت خۆش بیت کە فێڵ و دزو درۆ لەگەڵ خەڵک و دەوروبەریان دەکەن. لەبەرئەوەی هاوڕێیەتی یان نیزیک بوون لەکەسی درۆزن و فێڵ باز ودز وگەندەڵکار، وەک ئەوە وایە خۆشەویستی لەگەڵ جگەرەو نێرگەلەدا بکەیت، چونکە نێرگەلە و جگەرە لەگەڵ هەر مژێک زۆرترین ژەهر ڕاپێچی جەستەت دەکات دواتر هەروەک بەچەقۆیەکی ژەنگاوی گیانت بکێشرێت بەئازارێکی زۆرەوە. ٢/ هەرگیز باوەڕ بەو مرۆڤە مەکەرەوە کە جارێک متمانەتی لەدەستدا لەژێر هەر بیانوێکدا بێت، چونکە ئەوانەی جارێک متمانە لەدەست دەدەن هەرگیز ناتوانن لەگەڵ هەبوونی متمانەو ڕاستگۆی دا هەڵبکەن. ئەمەش لەبەرئەوەیە لەئەساسدا مرۆڤی بەرامبەر بەساویلکە ونەزان سەیر دەکات بۆیە درێژە بەبێ متمانەیی خۆی دەدات ناتوانێت وازی لێ بهێنێت. لەوەتی مێژووی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق کەبارزانی وخانەوادەکەی سەرۆکایەتی دەکات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە تاڵەبانی وخانەوادەکەی سەرۆکایەتی دەکات، بناغەکەیان لەسەر ئەساسی کردەوەی دژە مرۆڤایەتی و دزی وچەوسانەوە وگەندەڵی و هاوکاری کردنی دەوڵەتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە کە ڕاستەوخۆ لەکارگەی فاشیزمی کوشندەوە بەرهەم هاتوون، هەتا دوایی ساڵی ١٩٩١ و پێکهێنانی بەناو حکومەت و پەرلەمان لەباشووری کوردستان هەتا ڕۆژانی ئێستاش بۆ یەک چرکەش بەئاشکراو نهێنی دەستیان هەڵنەگرتووە لەدزی وچەتەیی وگەندەڵی ودژە مرۆڤایەتی، هەموو ئەمانە بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز ڕوونە پێویست بە بەڵگە ناکات، لەبەرئەوەی هەرکاتێک خۆیان لەناو خۆیاندا ووردە کێشەیەکیان دەکەوێتە نێوان لەپارەی دزراوەکانی خەڵک تەپووتۆزی کردەوەی دژە ئینسانی یەکتری بەیان دەکەن بۆخەڵکی کوردستان. هەرگیزاو هەرگیز کەحکومەت و پەڕلەمان گەندەڵ و دز چەوسێنەر بێت، نابێت چاوڕێ یان لێ بکەی کە داواکاریت جێبەجێ بکات، بەڵکو دەبێت شۆڕش بکەی بۆ گۆڕانکاری لەجۆری سیستەم ودەسەڵات. دەمەوێت لێرەدا باسی خاڵێکی کوشندەی شیوعی و کۆمۆنیستەکان بکەم. ئەویش نەگۆڕانیانە لەجۆری هەڵسوڕان و کاردنیان. ئاخر حزبی شیوعی بەکام پێوەرەی سۆشیالیزم لەپێش ساڵی ١٩٩١ بەرەی جود وهاوپەیمانی لەگەڵ کۆنەخوازترین هێزی ناوچەکە پارتی دیموکراتی بارزانی پێکدەهێنیت. ئەزیزانم بۆچی فێر نابن لەهەڵەی سەرکردایەتی ڕابردووتان کە هاوپەیمانیتان لەگەڵ فاشیزمی بەعس پێکهێنا لەکاتێکدا زۆرینەی خەڵکی عێراق ئەگەر ئەندامی حزبی شیوعی عێراق نەبایە ئەوا دۆستی بوو. ئەتوانم بڵێم بەهەزارەها ئەندامی هەبووە بەڵام سەرکردایەتی شیوعی لەجیاتی خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست دەسەڵاتیان بەهاوپەیمانی تەسلیمی حیزبی بەعس کرد. هەربۆیەش دواتر بەسەدەها کادیرو سەرکردەی شۆڕشگێڕی لەزیندانەکانی بەعسدا کرانە قوربانی وئازارو ئەشکەنجەدران ولەسێدارە دران بەهۆی شیوعی بوونیانەوە. لەدوایی ١٩٩١حزبی شیوعی هەروەک یەکێتی و پارتی شاباشی بۆبەرەی کوردستانی لێدەدا، کەهەر ئەوکاتەی یەکێتی وپارتی بزوتنەوەی شوراکانی سەرکوت دەکرد و کوڕە شۆڕشگێڕە هەژارو برسییەکانی فیشەک باران کران کە تێکۆشانیان بۆ هێنانەدی حکومەتی شورایی دەکرد. ئەو دەسەڵات و حکومەتەی کە ڕاستەوخۆ خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش تێدا ڕاستەوخۆ لەڕێگای شوراکانی یەوە بەشداربێت، ئەوکاتە حزبی شیوعی لەهەمان بەرەی یەکێتی و پارتی و ئیسلامییەکاندا بوو .
ئەوا چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کرا لەعێراق وکوردستان، بەڵام بارودۆخی خەڵک ساڵ دوای ساڵ خراپترە لەسایەی هەبوون و درێژپێدانی سیستەم و دەسەڵاتێکی چەوسێنەرو کۆنەخواز لەکوردستان کەبنەماڵەکانی خێڵ ڕابەرایەتی دەکەن بەناوی حکومەت وپەرلەمانی کوردستانی عێراق. بەڵام حزبە شیوعییەکەی شاباش بۆهەمان دەسەڵات و سیستەم لێدەدات ئەندامی مەکتەبی سیاسی دەکاتە ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی هەرێم وحکومەت ودواتر دەیان کاتە وەزیر و ئەندام پەرلەمان. سکرتێرەکەی دەکاتە وەزیر لەهەمان سیستەم و دەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرو دژە ژن و دژ بەئازادی ڕادەربڕین و دژ بەهەرچی جوانی ئینسانی بوون. ئەم حزبەش هەمان هەڵەی سیاسی حزبی شیوعی عێراقی کردەوە کە بەرەی هاوپەیمانی لەگەڵ کۆنەخوازترین هێزی عێراق بەسەرکرایەتی موقتەدا سەدر پێکهێنا، بەڵام بەبێ ئەوەی هەنگاوێک بەرەوپێش بچێت لەئاراستەکردنی کۆمەڵگای عێراق بەرەو هێنانەدی کۆمەڵگایەکی باشتر. سی ساڵە لەژێر هەمان دەسەڵاتی خێڵایەتی بارزانی و تاڵەبانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان بەتوندترین شێوە دەچەوسێنەوە وبێ ماف دەکرێن، سی ساڵە بەردەوام درێژە بەژن کوشتن وتیرۆرکردنی هەڵسوڕاوانی سیاسی ڕەخنەگر دەدرێت، شاعیرو ڕۆژنامەنووسان دەکوژرێن و زیندانی دەکرێن پێم ناڵێن چ جۆرە تێکۆشانێک دەکەن بۆڕزگاری کرێکاران وزەحمەتکێشان لەکاتێکدا هەرچی گەنج ولاوانی کوردستان هەیە پۆل پۆل کوردستان بەجێ دەهێڵن بەهۆی دزی و گەندەڵی دەسەڵاتدارانەوە کە ئێوەی حیزبی شیوعی دڵخۆشن بەهەبوونی مەکتەبی سیاسی وسەرکردایەتیتان وەک ڕاوێژکارو وەزیرو ئەندام پەرلەمان. تاکەی لا ملی بەرپرسانی پارتی ویەکێتی ماچ دەکەن باسی یەکگبوونی خەباتی کوردایەتی و نیشتمانی لەگەڵیان دەکەن کەهەموو خەڵکی کوردستان باش دەزانن ئەوانە دزو گەندەڵ و چەوسێنەرن، کەچی ئێوەی شیوعی شاباشیان لەگەڵ لێدەدەن. ئیتر بەسە یان حزبتان هەڵوەشێنن بچنە ناوپارتی ویەکێتییەوە یاخود ڕاستەوخۆ بەئیرادەی بەهێزەوە نەفرەت لەکورسی ڕاوێژکاری و وەزیری و ئەندام پەرلەمانی بکەن و بچنە ناو خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و برسییەکانی کۆمەڵگەوە بۆ ڕێکخراوبوونیان بەرەو شۆڕش و ڕاپەرین لەدژی سیستەم ودەسەڵاتی چەوسێنەرو دزو گەندەڵکاران هەنگاوی شۆڕشگێڕانە بەرن. ئیتر بەسە شەقامەکان بۆ هێزە بۆرژوازی و کۆنەخوازەکان چۆل مەکەن باچیتر هیچ حزب وگرووپێک بەسەرشانی گەنجانی ناڕازی و کرێکارو چەوساوەکاندا سەرنەکەوێت دواتر بچێتە بەرەی دەسەڵاتەوە. ئێوەی حزبی شیوعی ببنە ڕابەری تێکۆشانە جەماوەریەکان بۆ ڕووخان و لەگۆڕنانی دەسەڵاتی دزو چەوسێنەرانی کوردستان. ئیتر بەسە هەنگاوبنێن بەرەو گەشەی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان بەڕێکخستنیان لەناو ئەنجومەن و شورا شۆڕشگێڕەکاندا.
چەوسێنەران گەمژەیی وپێستی ڕوویان زۆر بەهێزە، هەتا خەڵک نەیانخاتە زبڵدانەوە هەر لەسەر ملهوڕی گەمژەییان بەردەوام دەبن. ئەوەش ڕوونە کەبەحزبی شیوعیش عاقڵ نابن بەقسەی ڕاوێژکارو وەزیر ئەندام پەرلەمان چاکسازیی ناکەن، لەبەرئەوەی هەریەکەیان گەشە بە چەوسانەوە دەدەن، بەسوود وەرگرتن لەزانستی ئیداری سەرمایەداری خودی سیستەمی سەرمایەداریش بەڵایەکی گەورەو کوشندەیە بۆ مرۆڤایەتی، هەتابمێنێت بەردەوام مرۆڤەکان زەلیل و هەڕاچ دەکات. کەوایە گەشەدان بە شۆڕشی چەوساوەکان ئەرکێکی پێویستی شۆڕشگێڕییە یەکێک لەهەنگاوە سەرەتاکانیشی ڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی بەئامانجی لەگۆڕانی ئەودەسەڵاتە ملهوڕو دزە نەک بۆ دەنگ کۆکردنەوە بەئامانجی زیادکردنی ئەندام پەرلەمان و وەزیرو ڕاوێژکاری سەرکردایەتی.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئەوا چەندین کۆنگرەی بەست، بەڵام لەڕوویی جەماوەری یەوە ساڵ لەدوایی ساڵ لەپاشەکشەی زیاتردایە ئەمەش بەهۆی ئەوەیە ئەم حزبە هەرگیزاو هەرگیز دانی بەهەڵەوکەم وکوڕییەکانی دا نەناوە، بەردەوام سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی یەکەی وەکو مەلایەکی ئایینی وتاریان داوە وئامۆژگاری خەڵکی یان کردووە، بەڵام خۆیان وەکو ڕابەرو سەرکردەی شۆڕشگێڕ لەناو جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و برسی وبێکارانی کوردستاندا نەبوون. خاڵێکی کوشندەتریش ئەوەیە کە ڕابەرایەتی ئەم حزبە دوای نەمانی مەنسورحیکمەت هەرچی ئەدای شۆڕشگێڕیشی هەبوو لەخۆی داماڵی هەربۆیە ڕۆژ دوای ڕۆژ بێ کاریگەرتر مایەوە لەئاراسته کردنی کۆمەڵگەدا. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە تائێستاش دوورە پەرێزی تێکۆشانی کرداری شۆڕشگێڕی جەماوەریین. ئەمەش بۆ هەموو ڕێکخراو حزبەکانی کەلەحزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق جیابوونەوە هەر ڕاستە ئەوانیش هەتا بڵێی وێرانن دوور لەجەماوەری ناڕازی و چینی کرێکارو زەحمەتکێش و بێکاران حزبایەتی دەکەن. بەڵام بێ تێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری چینایەتی خۆیان کەنارگیر کردووە. لەدوایی ساڵی ٢٠٠٠ وە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری هەر ڕابەرایەتی و هەڵسووڕاوێکی زیاتر بەرەو نیشتەجێ بوون لەوڵاتانی ئەوروپا وکەنەدا و وڵاتانی تر هەنگاوی نا، لەدوای هێرشی دژە ئینسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و تیرۆرکردنی چەند هاوڕێ یەک مەیدانی تێکۆشانەکانی کوردستان وعێراق ڕاستەوخۆ ڕادەستی حزبەکانی ئیسلامی یەکان و بزووتنەوەی گوڕان کرد، لە وڵاتانی دەرەوە تەنها وەک مەلایەکی دینی تەنها وتاریان نووسی و ئامۆژگاریان بڵاودەکردەوە. ئاخر ئەمە چ جۆرە خەباتێکی شۆڕشگێڕییە، ئەوەش هیچ بیانوێکی دروستی ئینسانی نییە کەبگوترێت من ئازادم لەکوێ دەژیم وسەفەر بۆ کوێ دەکەم لەکام وڵاتە ژیان دەکەم ئەگەر ئەوە بیانوو بێت کەوایە گەنجان و لاوانی کوڕە کرێکارو زەحمەتکێش و جوتیارو بێکارەکانی کوردستان کە کوردستان بەجێ دەهێڵن و ناڕەزایەتییەکان خاڵی دەکەنەوە هەقیانە، بەڵام کێ زەرەر دەکات جگە لەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وبرسییەکان و هەژارەکانی کۆمەڵگە نەبێت کە دەبێت باجی زیاتر بدەن. کۆمەڵگە چۆن حزبەکانی دەسەڵات و حیزبەکانی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان ونەوەی نوێ ڕەد دەکاتەوە دڵنییابن ئەم جۆرە حیزبایەتی یەی حزبی و کۆمۆنیست و شیوعییەکانیش بۆیە چەند ساڵە ڕەت کردۆتەوە چونکە حزبی شیوعی لەپارتی ویەکێتی وئیسلامی یەکان و بزوتنەوەی گۆڕان پیشنیاری دڵسۆزانەتری لەڕێگای ڕاوێژکارو وەزیرەکان وئەندام پەرلەمانەکانی ئاراستە ئەم دەسەڵاتە دزو فێڵبازو گەندەڵ کارو چەوسێنەرە کردووە کەئەم جۆرە حیزبایەتی یە زۆر کوشندەیە، ڕاستەوخۆ کوشتنی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی کادیرانی شیوعی یە هەر ئەمەش وای لە کادیر و هەڵسوڕاوانی حزبی شیوعی کردووە کە پێشبڕکێ بکەن لەناردنی گەنج ولاوەکانیان بۆ دەرەوەی کوردستان لەبێ ئومێدی دا ئەم بڕیاریان بدەن. هەروەها حزبی کۆمۆنیست و حزبەکانی تری وە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری چەپی عێراق و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی ویەکێتی کۆمۆنستەکان تەنها وەکو مەلایەکی دینی لەفەیسبوک وماڵپەڕە حزبی یەکانیانەوە وتاری ئامۆژگاری یان بڵاوکردۆتەوە بەبێ ئەوەی هیچ جۆرە بەرپرسیارێتێکی شۆڕشگێڕی لەناوجەماوەری کرێکارو بێکارو زەحمەتکێشانی کوردستان و عێراق لەئەستۆ بگرن کەببنە بەشێک لەچارەسەری شۆڕگێڕانەی خەباتی هاوبەشی جەماوەرییانە.
ئاخر پێم ناڵێن ئێوە چ جۆرە حزبێکی شیوعی و کۆمۆنیستێکن کە
ئەو کاتەی سەختی ژیانی ماڵە هەژاریک بەرانبەر بارگرانی و قورسی نان پەیداکردن دەگاتە ترۆپک وسەرجەم خانەوادەکەی لەبێکاری و هەژاری و برسێتیدا بێ هیوا و بێ ئومێدە لەژیان هەر ئەوکاتەیە کە دەنگی دەنگی ناڵەو ئازاری برسیەتی منداڵێکی ناو خانوە هەژارنشینەکان کە ڕاتان نەچڵەکێنێت بۆ بانگەوازی خەباتی هاوپشتی و یەکگرتووانەی حزبە کۆمۆنیست و شیوعییەکان بۆئەوەی لەناو بزوتنەوەی جەماوەری ناڕازییەوە ببنە ژیلەمۆی پشتیوانی هێنانە کایەوەی ئەنجومەن و شورا شوڕشگێڕەکانی کۆمەڵگەکەتان. کەخۆتان ناگۆڕن بۆ تێکۆشانی شۆڕگێڕانەی ناوجەماوەری ناڕازی خەڵکی کرێکارو بێکارو برسییەکان باشتر حزبەکانتان هەڵوەشێن وکادرو ئەندامەکانتان ئازاد بکەن. ئەی حزبایەتی بۆچی دەکەن ولەپێناوی چی دا دەکەن و چۆن دەتوانن بەتەنها سۆشیالیزم بەدی بهێنن؟؟ ئاخر مارکس لینین و گیڤارا و ترۆتسکی هیچیان لەئێوە نەدەچوون بۆیە لەشۆڕش و ڕاپەڕینەکاندا سەرکەوتووبن. ئەو کاتەی هەژاران داوای نان و مافی ژیان دەکەن. ئێوە لەفەیسبوکەوە یان لەبەیاننامەیەک لەسایتەکانتانەوە جگە لەوتاری ئامۆژگاری کۆمەڵگە هیچی تر نابیستێت بۆیە ناتوانن کۆمەڵگە ئاراستە بکەن. ئاخر ئەوکاتەی کۆی حزب و ڕێکخراوە شیوعی وکۆمۆنیستەکان مناقەشە وگفتوگۆی جۆری فکرو ئایدیاکانیان لەگەڵ یەکتری دەکەن، لەهەمان کاتدا خەڵک پێویستی بە بەدیلی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریانە هەیە بۆئەوەی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەر و دز ڕابماڵێت. پێویسته حزبی کۆمۆنیست و شیوعییەکان ڕاستەوخۆو ڕاشکاوانە خۆیان ببنە بەشێک لەخەڵکی ناڕازی کە ببنە ژیلەمۆی ڕێکخستنی ناڕەزایەتییەکان، نەک لەچوارچێوەی حزبەکەیاندا بەڵکو بۆ هێنانەکایەوەی بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی لەجۆری بزوتنەوەی شورایی و ئەنجومەنە شۆڕشگێڕەکاندا. کەئامانجی لەگۆڕنانی سیستەم و دەسەڵاتی چەوسێنەرو کۆنەخواز و دز بێت دواتر هێنانەدی ئیدارەدانی شورایی بێت کە بەواتای دەسەڵاتدارێتی خەڵک دێت. بزووتنەوەی شووراکانی خەڵکە بەئیدارەدانی خۆبەڕێوەبەری خەڵک، دەتوانێت کۆمەڵگە ڕزگاربکات لەدەست دەسەڵاتی گەندەڵ و دز مافیاو سەرکوتگەر.