بزوتنەوەی کرێکاری بەهێز و یەکگرتوو بەرەو ئاسۆی ڕون هەنگاو دەنێ نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
بزوتنەوەی کرێکاری بەهێز و یەکگرتوو بەرەو ئاسۆی ڕون هەنگاو دەنێ
نووسینی: هەتاو عەبدوڵاهی
بزوتنەوەی کرێکاری لە ئێران سەرەرای بوونی ڕژێمێکی دیکتاتور و دژە خەڵک ساڵەهایە هاوتەریب لەگەڵ بزوتنەوەی ژنان لە سەنگەری پێشەوەیە و یەگرتوو لەگەڵ ڕەوتی ڕوداوەکانی هەناوی کۆمەڵگە خۆی بە ڕۆژ دەکاتەوە و بە داخوازیی ڕادیکاڵتر و بە شێوەی هاوئاهەنگ و یەکگرتوو خۆی بە رێکخستن دەکات. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕژیمێکی دژە مرۆڤەو هەموو مافە رەواکانی خەڵک بە بڤە بۆ سەر دەسەلاتە نەگریسەکەی دەزانێ تا بەهەنووکە بزوتنەوەی کرێکاری سەرەرای بوونی کەند وکۆسپی زۆر و بارودۆخی نالەباری ئابووری کرێکاران کە لەلایەن چینی باڵادەستەوە بەسەر چینی کرێکار ڕەوا کراوە، توانیوێتی لە بەرامبەر ئەو دەسەلاتە دژە خەڵکیە راوەستێ و پایەکانی لەرزۆک بکات. هەڵبەت بزوتنەوەی کرێکاری لەدوای هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی هەردەم لە ڕیزی پیشەوەی خەبات دژ بە چەوساندنەوەدا بووە و هەردەم ژنانی وەک هێزێکی کارامەی کۆمەڵگە لەگەڵی هاوتەریب بوون، بەڵام لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی زۆر هاوئاهەنگتر توانیوێتی خۆی بە رێکخستن بکات. بزوتنەوەی کرێکاری بە تایبەتی هەفت تەپە ماوەی ئەو چەند ساڵە تەنگی بە ڕژیم هەڵچنیوە و خەباتێکی بەرینی کرێکاری بە ژن وپیاوەوە و هەروەها مانگرتنێکی بێوێنەی وەگەڕ خستوە. ڕێبەرانی کریکاری سەرەرای زەخت و گوشاری لە ڕادەبەدەری حاکمانی سەرمایە و ساحێب کاران و هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، ورەیەکی یەکجار زۆر بە بزوتنەوەکە دەدەن و زیندان وئەشکەنجە و هەرەشە لە خەباتیان پاشگەز ناکاتەوە. ئەوەی جێگای خۆشحاڵیە لەناو بزوتنەوەکە ڕێژەیەکی بەرچاو لەژنانی کرێکار و چالاکانی ژن وەک پشتیوانی ڕەوتەکە دەبیندرێ کە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە بزوتنەوەی کرێکاری هەردەم لایەنگری مافو ئازادی توێژی ژنانەو بزوتنەوەی ژنان بە هاوتەریب بوون و یەکگرتن لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریە کە دەتوانێ بە مافەکانی بگات و دەمێک ساڵە بەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە گەیشتوە. لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی وەکوو ماهیەتی راستەقینە و لە مێژینەی خۆی ویست و داخوازیی چینی کرێکار و نارازیان و مانگرتوانی بە زیندان و ئەشکەنجە و سەرکوت وەڵام داوەتەوە تا بەخەیاڵی خاوی خۆی بە خولقاندنی فەزای ترس و تۆقاندن بزوتنەوەکە لەبار بەرێ. سەرەرای زەخت و گوشاری زۆر و دەست بەسەرکرانی ڕێبەران و کەسانی دیاری ناو بزوتنەوەکە و سەپاندنی حوکمی ناڕەوای زیندانی درێژ ماوە، بەڵام کرێکاران بە تایبەتی هەفت تەپە تا بە هەنووکەش هەر لە خەبات و مانگرتن بەردەوامن و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ڕیژەی مانگرتوان زیاد دەبێ. لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بە هۆی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر دنیای دەرەوە و پابەندنەبوونی ڕژیم بە کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکان و هەوڵەکانی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم و دەست ڕاگەیشتنی بە چەکی ناوکی، ئابلۆقە ئابورییە یەک لە دوای یەکەکان بەسەر دەسەلاتدا سەپا کە دوکەڵەکەی چووە چاوی خەڵکی هەژار و کەم داهات و باجەکەی خەڵک دەیدەن. گرانی، هەژاری ڕەها، مادەی سرکەر، فرۆشتنی کچانی مناڵ لەژێر ناوی مارەیی و بە شودانیان، خۆکوژی، توندوتیژی لە رادەبەدەر، لەشفرۆشی، کوشتن و قەتڵە ناموسیەکان، خەمۆکی و هەموو دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە سەرچاوە گرتوو لە هەژاری لە ڕادەبەدەر و نەبوونی خۆشگوزەرانی و پێداویستی ژیان و نەبوونی ئەمنیەتی کاری لەو وڵاتەیە بەرۆکی خەڵکی بە تایبەتیی چینی کەم داهات گرتووە. کریکاران سەرەرای نەبوونی ئەمنیەتی گیانی و ماڵی ناچاڕن مل بۆ سەعاتی کاری زۆر و حەقدەستی کەم بۆ بژیوی ژیانی بنەمالەیان کە ژیانێکی مەمرە مەژیە ڕابکیشن. ئەم بارودۆخە بوو بۆ هۆکاری ئەوەی کرێکاران نەتەنیا بێ هیوا نەبن، بەڵکوو بە بوونی هێزێکی کارامە و نەسرەوتوو هەموو پایەکانی کۆماری ئیسلامی لەرزۆک بکەن تا ئەو جێگایەی ساحیب کاران لەهەموو پیلانێک بۆ لەباربردنی مانگرتنەکە کەڵک وەردەگرن، کە وەک هەمیشە بە خۆڕاگری ویەکگرتوویی کرێکاران شکست دێنێ. شەپۆلی بەرینی بزوتنەوەی کرێکاری ئەوەندە بە هێزە کە بۆتە مۆتەکەی کۆماری ئیسلامی و بە هیچ هێزێکی سەرکوت و زەبروزەنگ لە خەبات و ویست و داخوازیە ڕەواکانی پاشگەز نابێتەوە و مۆدێلێکی نوێی لە خەباتی مەدەنی و یەکگرتن و ڕێکخستن تەنانەت لەگەڵ دڕەندەترین ڕژیمی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێ کردوە. بزوتنەوەیەک کە خۆڕاگری هەفت تەپەی کردووە بە وانەی خەباتی خۆی و تا گەیشتن بە ئاسۆ بەردەوامە، کە بێگومان ئاسۆی ڕوونی گەیشتنی هەموو چین و توێژەکان لە ئێران بە مافەکانیان ڕوخانی یەکجارەی کۆماری ئیسلامی و دامەزرانی سیستمێکی سۆشیالیستیە کە مرۆڤەکان تێدا مافی بەرامبەر و وەک یەکیان هەبێ.