قاعیدە لەبەرامبەر داعش دا: تێکۆشان و ململانێی هێزە جیهادیییەکان لە (ئەفغانستان) ی تاڵیبان دا! نووسینی: کۆڵ بەنزڵ          وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

0

قاعیدە لەبەرامبەر داعش دا: تێکۆشان و ململانێی هێزە جیهادیییەکان لە (ئەفغانستان) ی تاڵیبان دا!

نووسینی: کۆڵ بەنزڵ

وەرگێڕانی: حەسەن ڕازانی

هاتنەوە سەر حوکمی تاڵیبان، بەو خێراییە، لە ئەفغانستان دا بووە هۆی درووستکردنی ترس لەوەی  کە ئەو وڵاتە جاریکی تر دەبێتەوە بە پەناگەیەک بۆ میلیشیا ئیسلامییە توندڕەوەکان، کە دەیانەوێت کاری تیرۆر لەوڵاتانی تر ئەنجام بدەن. جا کە تەماشایەکی مێژووی تاڵیبان دەکەین لە وەخۆگرتنی ئەو جۆرە گرووپە توندڕەوانە، ئەو ترسە لە تاڵیبان وەڕاست دەگەڕێت. بەڵام ئەو دوو بزووتنەوەیە، کە قاعیدەو داعشن، لەناو ئەفغانستان دا لەسەر نفوز و دەسەڵات لە پێشبڕکێ دان. هەر دووکیشیان ڕووبەڕووی چەندین تەگەرەی گەورە دەبنەوە لەکاتی بەکارهێنانی ئەفغانستان وەک مینبەرو سەکۆیەک کە ببێتە پاڵپشتییەک بۆیان و تاکو لەوێوە شەپۆلێکی تازە لە کاری تیرۆریستی دەست پێبکەنەوە.

ئەو گرووپانە لەنێو خودی خۆیاندا بە شێوەیەکی زۆر خراپ دابەشبوون دەربارەی ئەوەی کە ئەفغانستانی ئێستای ژێر حوکمی تاڵیبان چ ڕۆڵێک دەگێڕێت لە جیهادی جیهانی دا. بەلای قاعیدەوە سەرکەوتنی تاڵیبان سەرکەوتنێکی گەورەیە و بەدیهاتنی بەڵێنی خودایە بە سەرخستنی باوەڕداران بەسەر بێباوەڕان دا. بەڵام بە لای داعشەوە بەهیچ شێوەیەک بەسەرکەوتن هەژمار ناکرێت، بەڵکو بەڵگەیەکی ترە لە ویستی تاڵیبان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکادا.

خەلافەتی دواڕۆژ یان هاوپەیمانی ئەمریکیەکان؟

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە کە داعش پەرەی سەندو خەلافەتیشی لە ساڵی دواییدا ڕاگەیاند لەو ناوچانەی بەدەستیەوە گرتن لە عێڕاق و سوریا. لەولاوە قاعیدە هەوڵی ئەوەی دەدا کە خۆی وا نیشان بدات کە لە دوو گرووپەکەی تر مۆدێرن ترو گونجاوترە. قاعیدە خۆی بەدوور دەگرت لە بەکافردانانی موسڵمانەکانی ترو زیاتریش گرنگی دەدا بە ڕای گشتی لە جیهانی ئیسلامیدا. هەروەها قاعیدە پەیوەندییەکانی، کە لە مێژبوو هەیبوون لەگەڵ تاڵیبان، قوڵتر کردنەوە. پەیوەندییەکانی ئەو دوو گرووپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٦ کە تاڵیبان دەسەڵاتی لە ئەفغانستان بەدەستەوە گرت. ئەوەبوو کە تاڵیبان ڕێگای بە ئوسامە بن لادن دا کە لەوێ بمێنێتەوە لە ژێر پارێزگاریی تاڵیبان دا. ساڵی ٢٠٠١ بوو پێش ڕوودانی ١١ی سێپتەمبەر کە بن لادن بە ئاشکرا سوێندی خواردو بەیعەتی دا بە تاڵیبان بە ڕابەرایەتی مەلا عومەر وە داواشی کرد لە هەموو قاعیدەو ئەندامەکانی کە لە ناو ئەفغانستان دا بوون کە وەکو ئەو بکەن.

قاعیدە لەژێر ڕابەرایەتی ئەیمەن ئەلزەواهیری، جێگری بن لادن، زۆرتر جەختی لە وەلاو دڵسۆزی بۆ تاڵیبان کردەوە. ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستان، کە ناوە فەڕمیەکەی تاڵیبانە، لە پروپاگەندەکانی قاعیدەدا وەک ئەوجێگایە باسی لێوە دەکرێت کە خەلافەتی ئیسلامی تێدا پێشبینی دەکرێت. ڕابەری تاڵیبانیش کە فەرماندەی باوەڕدارەکانە، تایتڵێکە کە لەلایەن خەلیفەکانەوە بەکار هاتووە وەک فیگەرو کەسایەتیەکی نیمچە خەلیفە وێنا دەکرێت. ئەو گۆڕانکارییە کاتێک سەری وەدەرنا کە داعش لە حوزەیرانی ٢٠١٤ دا خەلافەتی ڕاگەیاند و فەرمانیشی دەرکرد کە تەواوی گرووپە جیهادییەکانی تر کە قاعیدەش لە نێویاندا بوو هیچی تر یاسایی نین. وەڵامی قاعیدە، بۆ ئەو بریارەی داعش بریتیبوو لە پێدانی مانایەکی تازە بە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تاڵیبان و دەیان گوت کە تۆڕی قاعیدە  لە پەیوەندی و پەیمانێکی نیمچە خەلافەتیدایە لەگەڵ تاڵیبان و لەژێر چاودێری و پارێزگاری ئیماڕەتی ئەفغانستاندایە.

ڕێگایەک کە قاعیدە ئەمەی پێکردووە، جەختکردنیەتی لەسەر بەیعەتدان بە حاکمی تاڵیبان. بۆ نموونە قاعیدە لە هەواڵنامەیەکی ٢٠١٤ یدا تازەکردنەوەی بەیعەتی ڕاگەیاند بۆ ئەمیری باوەڕداران، موجاهیدی جیهاد، مەلا محمد عمر “خوا بیپارێزێت”. دوپاتی دەکاتەوە کە قاعیدەو تەواوی لقەکانی لەهەموو شوێنەکان سەربازن لە سووپای ئەودا. لە هەمان کاتدا ئەلزەواهیری بەئاشکرا لە جیاتی هەموو  تۆری قاعیدە بەیعەتی دایەوە بە هەردووک ڕابەرانی تاڵیبان کە لە دواییدا هاتن. لە ساڵی ٢٠١٥ دا بەیعتی دا بە مەلا ئەختەر مەنسور و لە ساڵی ٢٠١٦ دا بەیعەتی دا بە مەلا هەیبەتوڵا ئاخوندزادە. ئەلزەواهیری لەهەر پەیامێکیدا (ئیماڕەتی ئیسلامی لە ئەفغانستان)ی وەک یەکەم ئیماڕەتی شەرعی و درووست وێنا دەکرد کە لەدوای ڕوخانی خەلافەتی عوسمانی یەوە لە ساڵی ١٩٢٤ وە  هاتبێ. بە هەمانشێوە گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدەوە ڕابەری تاڵیبانیان وەک دەسەڵاتی باڵای خۆیان دەبینی. بۆ نموونە کاتێک کە لە ئازاری ٢٠١٧ دا ئەیاد ئاغالی، دژبەری مالی، پێکهێنانی لقێکی تازەی قاعیدەی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا ڕاگەیاند، وەلای خۆی نەک هەر بۆ ئەلزەواهیری بەڵکو بۆ ئاخوند زادەش ڕاگەیاند.

 سەرکەوتنی تاڵیبان لە ئەفغانستان بەلای قاعیدەوە سەرکەوتنێکە وەک نەبەردو داستان وایە، بەڵام بەلای داعشەوە هەرگیز بە سەرکەوتن دانانرێت.

ئەوەش هەمووی بە پێچەوانە دەردەکەوێت لەگەڵ دەقی ئەو ڕێکەوتنەی کە لە مانگی فێبروەری ٢٠٢٠ دا لە نێوانی تاڵیبان و ئەمریکادا بەسترا. لەو ڕێکەوتنەدا تاڵیبان بەڵێنیدا کە هاوکاریکردنی بۆ قاعیدە بوەستێنێ و لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستانیش بچێتە ناو گفتوگۆی ئاشتییەوە. هەرچەندە تاڵیبان ڕازی نەبوو بە بڕینی پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە، وەکو ئەوەی کە لە هەندێک جاراندا وێنای بۆ کراوە، بەڵام بەڵێنیدا کە ئیتر میوانداری نەکات لە قاعیدەو گرووپەکانی ئەمسالی قاعیدە. هەروەها تاڵیبان بەڵێنی ئەوەشی دا کە نەهێڵێت ئەفغانستان بەکاربهێنڕێت بۆ هەڕەشە لە ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

ڕابەرایەتی باڵای قاعیدە، لەگەڵ ئەوەشدا، لەوە ناچێت کە بەو ڕێکەوتنامەیە ناڕەحەت بووبێت. ئەوەتا لە ئازاری ٢٠٢٠ دا ئەو گرووپە لە ڕاگەیەندراوێکیدا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی تاڵیبان کرد کە ئەمریکا بەڵێنی چوونەدەرەوەی دا لە ئەفغانستان. لەو ڕاگەیاندنەدا قاعیدە پێشوازی لە ڕێکەوتنی دۆحە کرد کە بە نێوەندگیری قەتەڕ ئیمزا کرا و بەسەرکەوتنێکی مێژوویی ناوی هێناو بانگەوازیشی لەتەواوی موسڵمانانی جیهان کرد کە چاو لە تاڵیبان بکەن لە ڕووی ئیلتیزامییەوە بە جیهاد. قاعیدە لەو بانگەوازەیدا ئیماڕەتی ئیسلامی ئەفغانستانی وەک ناوکی دەوڵەتی ئیسلامی، بە مانای دەوڵەتی خەلافەت، وێنا کرد کە بە پێی یاساو شەریعەتی خودا حوکم دەکا.

لە کاتێکدا کە قاعیدە پەیوەندی لەگەڵ تاڵیبان بەهێز دەکرد، داعش تۆمەتی بە لاڕێدا ڕۆییشتنی دەدایە پاڵ تاڵیبان. لە دیدی (داعش)ەوە تاڵیبان لایداوە لە ئیسلامی ڕاستەقینە بە تایبەتی لە دوای مردنی مەلا عومەر لە ساڵی ٢٠٠٣ وە  ئەو لادانە ڕووی لە هەڵکشان کرد. داعش پێی وایە تاڵیبان لە دوای مەلا عومەر کەمتەرخەم بووە لە جێبەجێکردنی شەریعەتی ئیسلام. داعش دەڵێ: تاڵیبان ڕووەو نەتەوەچیەتی ملی ناوە، لێبوردەو نەرمە لەبەرامبەر کەمایەتی شیعە لە ئەفغانستاندا و هەروەها کاری لەسەر بەستنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی کوفر کردووە کە لە نێویاندا لەگەڵ  قەتەری موڕتەدو هەڵگەڕاوە لە ئیسلامە. داعش ڕەخنەی ئەوە لە تاڵیبان دەگرێت کە داواکاری داعشیان بە دامەزراندنەوەی خەلافەت ڕەتکردۆتەوە و هەروەها  قاعیدە نەیهێشتووە هەوڵەکانی داعش سەربگرن بۆ درووست کردنی پارێزگایەک لەسەر خاکێک، وەکو کە پێی دەگوترێت خاکی خوڕاسان، کە ناوچەیەکی مێژووییەو تەواوی ئەفغانستانی ئێستاش لە خۆدەگرێت. ئیتر لەو رۆژەوەو بە بەردەوامی تاڵیبان لە شەڕدا بووە لەگەڵ ئەو ویلایەتەی داعش کە پێی دەگوترێت خوڕاسان و لە هەندێک جارانیشدا ئەمریکا بە شێوەیەکی کاریگەر هاوکاری هەوایی تاڵیبانی کردووە.

هەر لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێکەوتننامەی ٢٠٢٠ی نێوان  واشنتۆن و تاڵیبان،  داعش ئەو ڕێکەوتنامەیەی بە بەڵگەیەکی تر لە ڕێ لادانی تاڵیبان وێنا کرد. بڵاوکراوەی فەڕمی داعش ئیدانەی تاڵیبانی کرد کە ئەمریکای کردە هاوپەیمانی تازەی خۆی. هەروەها داعش لەڕێگەی قسەکەرەکەیەوە وتی کە ئەو ڕێکەوتننامەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانی، کە هەمیشە بەیەکەوە لە پیلاندا بوون لە دژی داعش، فەڕمی کردەوە. بەپێی قسەکانی ئەو وتەبێژەی داعش ئەو ڕێکەوتنامەیە تەنها پەردەیەک بووە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان میلیشیای تاڵیبانی موڕتەد و هەڵگەڕاوە لە ئیسلام لەگەڵ خاچ پەرستان دا.

سەرکەوتنێکی کێشە لەسەر

دوای ئاهەنگی ڕێکەوتنی تاڵیبان لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک قاعیدە هیج لێدوان و تەعلیقێکی لەسەر بارودۆخەکەی ئەفغانستان نەدا. تاڵیبان، بەپێی زانیارییەکانی وەکالەتی ئیستیخباڕاتی بەرگری، داوای لە قاعیدە کردووە کە چالاکیەکانی کەم بکاتەوەو پەیوەندییە درێژخایەنەکانی نێوان گرووپەکان دەرنەخا هەتا ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بە تەواوی لە ئەفغانستان دەچنەدەر. هەر بۆیەش کاتێ لە ٣١ی ئاب کە دواین سەربازی ئەمریکا لە کابوڵ هاتەدەر،  قاعیدە هەستی بە ئازادی کردو چەند سەعاتێک دوای ئەوە بە فەڕمی ڕاگەیاندنێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی ئەو سەرکەوتنە مێژووییەوە لە تاڵیبان و تەواوی کۆمەڵگەی ئیسلامی دەرکرد.

 بەپێی ڕاگەیاندنەکە: “ئەنجامی ئەوەی کە ڕوویدا لە ئەفغانستان، سەلماندی کە ڕێبازی جیهاد، نەک سازش و ئاشتبوونەوە، باشترین میتۆد بوو بۆ مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتانی کافردا. بۆیە شکستی ئەمریکا کۆتایی هێنا بە سەردەمی لووتبەرزی ئەمریکیەکان و ئەوروپیەکان لە ویست و ئارەزوویان بۆ داگیرکردنی خاکی موسڵمانان بە ڕێگای سەربازی. هەرچەندە قاعیدە نەیگوت کە دوژمنە دوورەکەی کە ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەتی بە تەواوی شکستیان هێناوە، بەڵام پێناسەی قۆناغی داهاتووی کرد: “وەک قۆناغاکێک کە زۆرتر جەخت دەکرێتەوە لە بڵاوکردنەوەی جیهاد لە نێو وڵاتانی تر لە جیهانی ئیسلام دا. ” پشتیوان بە خوا سەرکەوتنی تاڵیبان ڕێگاکە پاک دەکاتەوە بۆ برا موسڵمانەکانمان تا بتوانن خۆیان ڕزگارکەن لە دەستی حوکمی تاغوتیانەی وەڵاتەکانیان کە بە پێی دەستوورو شەریعەتی ئیسلام حوکم ناکەن. هەروەها ڕێگای ڕزگارکردنی موسڵمانانی فەلەستینیش ئاسانتر دەکات لە دەستی داگیرکاری زایۆنی”.

لەلایەن لقە لۆکاڵیەکانی وابەستە بە قاعیدەوە بە هەمان شێوە هەستی خۆشی دەربڕا.. قاعیدە لە نیوە دورگەی عەڕەبی و لقەکانی یەمەنی وابەستە بە قاعیدە هەنگاوەکانی تاڵیبانیان لە سازش نەکردن و دەستگرتن بە سەوابتی ئایینی ئیسلام بەرز نرخاند. “سەرکەوتن لە ئەفغانستان دا جێی شانازییە و پەل دەهاوێت بۆ لادانی حوکمی چەوسێنەرو سەرکوتگەران و دەرپەڕاندنی غوزات و داگیرکەران لە وڵاتی موسڵماندا”. حراس الدین کە لقێکی قاعیدەیە لە سوریا دەڵێت “سەرکەوتنی تاڵیبان نیشانی دا کە جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ گەییشتن بە سەرکەوتن و بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات”. لقەکانی وابەستە بە قاعیدەوە لە باکوری ئەفریقاو ساحل لە بەیانێکی هاوبەش دا، خۆڕاگری تاڵیبانیان بەرز نرخاند و لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێن کە: “تاڵیبان سەلماندیان کە ڕێبازی جیهاد تەنیا ڕێبازە بۆ جیهانی  ئیسلامی کە لە ڕەزیلی و سەرشۆڕیی ڕزگاری ببێت و بگاتە ژیانێکی سەربەرزو پڕ لە شکۆ”.

 بەڵام بەلای داعشەوە ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە تاڵیبان سەرکەوتنی بەدەست هێناوە لە ئەفغانستان دا جێی پێکەنینە. ئەوەی کە ڕوویدا  لە دیدی داعشەوە: “بریتیبوو لەوەی کە… ئەمریکا ئارەزوومەندانە دەسەڵاتی تەسلیم بە تاڵیبان کردو تاڵیبانیش بە فیعلی بوو بە بەکرێگیراوی ئەمریکا”. هەر لەدوای گرتنی کابوڵ لەلایەن تاڵیبانەوە لە ١٥ی ئاب، هەواڵنامەی هەفتانەی داعش لە گرنگی ئەو سەرکەوتنە سەربازییەی تاڵیبانی، کە خەڵکی تووشی شۆک کردبوو، کەم کردەوە. لە هەواڵنامەکەدا داعش نووسیبووی:”شتێکی ئاساییەو ئەنجامی ئەو ڕێکەوتنەی نێوان ئەمریکاو تاڵیبانە کە لە ساڵی پێشوودا لە دۆحە ئەنجام دراوە”. هەروەها داعش دەڵێت: “ئەمە هیچ نییە بێجگە لە گواستنەوەی دەسەڵات لە حاکمێکی بت پەرستەوە بۆ یەکێکی تری بت پەرست”. داعش دەڵێ ئەمە گۆڕینی حاکمێکی بتپەرستی بێ ڕیشە بە یەکێکی تری ڕیشداری بت پەرست. تاڵیبان پەیمانی بە ئەمریکا داوە کە جارێکی تر ١١ی سێپتەمبەرێکی تر ڕوو نەدات و ئەمریکاش تاڵیبانی هێنایەوە سەر دەسەڵات و کابولیشی تەسلیم کردن بە بێ ئەوەی یەک فیشەکی تێدا بتەقێت.

ئێستا تاڵیبان لە دیدی داعشەوە بووەتە بەکرێگیراوێکی ئەمریکا

هاوکارانی داعش لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان تەنانەت پێش بڵاوکراوەکەی داعش هەمان ڕەخنەیان لە تاڵیبان گرت. یەکێک لە کەسە دیارەکانی داعش تێبینی کردووە کە ئەمریکا سەرکەوتوو بووە لە تێکدان و خراپکردنی تاڵیبان لە ڕووی ئایینیەوە. “خودا دەفەرموێت ئەوان، ئەگەر بتوانن، شەڕ لەدژی ئێوە ناوەستێنن، هەتاکو لە دین وەرتان نەگێڕن” ( قورئان: ٢:٢١٧). وە توانیویشیانە کە تاڵیبان لە ئایینەکەی خۆیان وەرگێڕن. زۆر ڕوونە کە دیدو بۆچوونەکانی قاعیدەو داعش پێکەوە هەڵناکەن. جا لێرەدا یا تاڵیبان بەرەو نەرمی ڕۆیشتووە لە بەرامبەر ئەمریکاو بەرژەوەندییەکانی زۆرتر لەوەی کە قاعیدە هیوایەتی، یاخود تاڵیبان زۆرتر بەلای توندڕەویدا ملی ناوە لەوەی کە داعش دەیەوێت باوەڕی پێ بکات.

حەقیقەت ڕەنگە لە شوێنێکدا بێت لە ناوەڕاست. تاڵیبان وای پێباشە کە هەردووک لایەکەی هەبێت. لە لایەکەوە بەردەوامی بدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ قاعیدەو لە لاکەی تریشەوە بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێونەتەوەیی کە ئەوان حاکمی شەڕعی ئەفغانستانن. بە شێوەیەکی گشتی، بەرنامەو ئەجیندای تاڵیبان، لانی کەم بۆ خۆیان ئەو ئیدیعایە دەکەن کە  وەک هی قاعیدە  نییەو ناچێتە دەرەوەی سنووری وڵاتەکەیان و بەرژەوەندییەکانیان لە ناو ئەفغانستان دا دەست پێدەکەن و هەر لەوێشدا کۆتاییان دێت. لە هەمان کاتدا تاڵیبان لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ قاعیدە بەستووە. لەوبارەوە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای کردووە کە قاعیدە نزیکەی ٥٠٠ کەسی لە ناو ئەفغانستاندا هەیەو بەسەر ١٥ پارێزگادا بڵاوی کردوونەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە قاعیدەو تاڵیبان لەسەر هەمان پەیوەندی دەمێننەوەو هیچ ئاماژەیەکیش نابینرێت کە بەرەو لێکترازان بڕۆن.

هەرچەندە هەندێک لە قسەکەرانی تاڵیبان ڕەتی دەکەنەوە کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان هەبێ لەگەڵ قاعیدە، هەتا یەکێکیان بوونی بەیعەتی هەر ڕەتکردەوە. تاڵیبان، وەکو تاڵیبان خۆی، زۆر سەرسەختانە هەرچەندە زۆریشی لەسەر کەوت بەڵام نەیویست ئیدانەی قاعیدە بکات. ئەو سەر ڕەقییەی تاڵیبان دەتوانرێت فاکتەرەکانی دیاری بکرێت. بۆ نموونە تاڵیبان و قاعیدە بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ بەیەکەوە لەیەک سەنگەردا دژی ئەمریکا جەنگاون و لەو بارەشەوە پەیوەندیی خوێنیان گەشە پێداوە. هەروەک کە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەەکان ئاماژەی پێداوە کە تاڵیبان و قاعیدە پەیوەندی ژن و ژنخوازی لە نیوانیان دا درووست بووە و هاوبەش و وەک یەکیش پێکەوە بوون لە خەبات دا. جا ئێستا ئەو پەیوەندییە زیاتر کۆنکرێتی و بەهێزتر بووە لەنێو نەوە و وەچەی دووەم دا. هۆیەکی تری لۆجیک و مەنتیقی کە ئەو پەیوەندییەی نێوان تاڵیبان و قاعیدە کۆتایی نایەت ئەوەیە کە ئیدانەکردنی قاعیدە دەبێتە هۆی گۆشەگیرکردن و لاتەریککردنی ئەو باڵ و خەتە توندڕەوەی نێو تاڵیبان کە سیراجودین هەقانی و تۆڕەکەی لەگەڵ قاعیدە دەگرێتەوە.

هەرچەندە پەیوەندییەکانی نێوان قاعیدەو تاڵیبان بەردەوامی هەیە، بەڵام تاڵیبان بەرژەوەندی زۆری لەوەدایە کە کۆنتڕۆڵی قاعیدە بکات. بە تایبەتی کە ئێستا تاڵیبان بەرەو ئەوە دەڕوات کە دانپێدانانی نێو دەوڵەتی بەدەست بێنێت.. بۆیە کارێکی شێتانە دەبێت بۆ تاڵیبان ئەگەر بێت و ڕێگا بە قاعیدە بدەن لەوێوە هێرش بکەنە سەر ڕۆژئاواو وڵاتانی موسڵمان!!.  زەحمەت نییە کە پێشبینی سیناریۆیەک بکرێک کە تاڵیبان کۆمەکی دارایی و جێگاو ڕێگا بە قاعیدە بکات بۆ بەردەوامی بە کاروچالاکی و لە لایەکی تریشەوە نەیهێڵێت پەلامارو هێرشەکانی ئەنجام بدات. ئا لێرەدا جارێکیتر ئەفغانستان دەبێتەوە بە بنکەو شوێنی حەوانەوە کە تێیدا قاعیدەو ڕابەرەکانی و ئەندامەکانیان دەتوانن، یەکتر بگرنەوە، پارەو کۆمەک کۆبکەنەوە، پروپاگەندە بڵاوبکەنەوە و هەروەها ڕێنمایی بۆ تۆڕە گەورەکانی تری وابەستە بە قاعیدە بڵاوبکەنەوە. بەڵام ئەو شوێنە جێگایەک نابێت کە بتوانن هێرش و پەلامارەکانیان ئەنجام بدەن. دووەمین هەوڵی تاڵیبان بۆ حوکم کردنی ئەفغانستان بۆ ڕاگرتنی بالانسە لە نێوان دەستگرتن بە مەبدەئو پڕەنسیبەکانی باڵی توندڕەوی تاڵیبان و دابینکردنی زەمانەتی مانەوەی تاڵیبان. پەیوەندییەکانی تاڵیبان لەگەڵ قاعیدە دەتوانرێت هەمان لێکدانەوەی بۆ بکرێت.

ڕێگایەکی دوور و درێژ بۆ هاتنەوە سەرخۆ

گرنگ نییە تاڵیبان چ کۆمەکێکی پێدەکات، هێشتا قاعێدە ڕێگایەکی درێژی لەبەردەمە لە ڕێکخستنەوەی ڕێکخراوە پەرش و بڵاوەکەی. گرفتەکە لەسەرێوە دەست پێدەکات، چونکە ڕابەری سەرەکی ئەو ڕێکخراوە لەم ساڵانەی دواییدا لە ناوبرا. لە ٢٠ی ئابی ٢٠٢٠ یشدا ئەبو محمد ئەلمیسری، دووەمین ڕابەری قاعیدە، لەناو شەقامەکانی تاران دا درایە بەردەسڕێژی گوللە و کوژرا. هەر دوای دوو مانگی تر حسام ئەبو ئەلڕەوف، بەرپرسێکی  باڵای تری قاعیدە، لە ئەفغانستان دا کوژرا. ژمارەیەکی بەرچاویش لە ڕابەرو بەرپرسی دیاری قاعیدە بەرەو سوریا ڕۆیشتن بە مەبەستی دۆزینەوەی جێگایەکی تری باش کە تێیدا سەلامەت بن. بەڵام لە سوریاشدا کەوتنە بەر هێرش و پەلاماری درۆنەکانی ئەمریکاو هەر جارەو یەکێکیان لێ دەکوژرا. تا وای لێ هات یەکێک لە شارەزاو ئایدیۆلۆجیستەکەیان بڵێت: “سوریا بۆ ئێمە بۆتە شوێنێک کە تێیدا ڕاومان دەکەن”.

 ئەوەی کە گرفتەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەوەیە کە ڕابەری ئایینی قاعیدە کە لە حەفتاکاندایە و دەنگ و باس بڵاوبووەتەوە کە نەخۆشە. بەڵام  کتێبێک و ڤیدیۆیەک کە لەلایەن ڕابەری قاعیدەوە دەرچوو ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە  کە ساڵی ڕابردوو باسیان لە مردنی زەواهیری دەکرد. بۆیە ڕوون نییە هەتا چەندی دیکە دەژی. سەیف ئەلعادل کە تەمەنی ٦١ ساڵەو جێگرەوەی زەواهیرییە بۆ ماوەی دوو دەیە دەبێت لە ئێران دا دەژی. وا دیارە کە حکومەتی ئێران ئەو ڕابەرەی قاعیدەو چەندینی دیکەش دەحەوێنێتەوە و هەندێک ئازادی پێداون لەناو خۆدی ئێراندا هاتوچۆ بکەن، بەڵام ڕێگەیان پێنادات وڵات بەجێبهێڵن. ئەو کارەی ئێرانیش بەمەبەستی بەکارهێنانیانە لەکاتی پێویستدا. بەڵام  نیشتەجێبوونیان لە ئێران گرفتی گەورە بۆ قاعیدە دەخوڵقێنێت، چونکە ڕێکخستنی قاعیدە پێی وایە ئێرانی شیعە مەزهەب دۆستیان نییەو دۆژمنی قاعیدەیەو بۆیە نیشتەجێبوونی ڕابەرەکانیان لە ئێران کارێکی باش نییە. جا ئەگەر عادل هەوڵی ئەوەی دا کە ڕێبەرایەتی قاعیدە لە ئێرانەوە بەدەستەوە بگرێت لەوانەیە تووشی ڕووبەڕووبوونەوە ببێت لەگەڵ هەندێک باڵی توندڕەوی نێو قاعیدە. ئەو ڕابەرانەی قاعیدە کە ئێستا لە ئێرانن لەوانەیە بیر لە ڕۆیشتن بۆ ئەفغانستان بکەنەوە، بەڵام ڕوون نییە ئاخۆ ئێران ڕێگەیان پێدەدا ئەو کارە بکەن یان نا.

گرفتێکی تر ئەوەیە کە ڕابەرایەتی قاعیدە هێزو توانای فەرمان و کۆنتڕۆڵی  بەسەر  دەستەو گرووپەکانی وابەستە بە خۆیەوە نییە. قاعیدە ئەمڕۆ بریتیە لە تۆڕێکی گەورەو نامەرکەزییانە کاردەکات، دەستەو لقەکانی وابەستە بەخۆی لە باکوری ئەفریقاوە تاکو باشووری ئاسیا بە ڕاستەوخۆیی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانی ڕابەرایەتی قاعیدەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێت. هەندێک لە شڕۆڤەکاران پێیان وایە ئەو نا مەرکەزیەی قاعیدە نیشانەی بەهێزییەتی، بەڵام بە بێ بوونی ناوەندێکی بەهێزو بەتوانا تۆڕی قاعیدە دەکەوێتە بەرمەترسی دابەشبوون و لەبەریەک هەڵوەشان. بۆ نموونە لە ٢٠١٣ قاعیدە نەیتوانی ڕێ بگرێت لەدەوڵەتی ئیسلامی لە عێڕاق کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو لە جیابوونەوەو لە دواییشدا داعش درووست بکات و هێزی سەربازیش درووسست بکات. هەروەک لە ٢٠١٦ قاعیدە نەیتوانی ڕێ لە جەبهەت ئەلنوسڕە بگرێت، کە لقێکی وابەستە بەخۆی بوو، کە پێڕەکەی ئەوان بەجێ نەهێڵێت.

لەناو دڵی ئەو گرفتەی کە قاعیدە تووشی دەبێت بریتییە لە جیاوازی ستراتیج کە لە نێوان ڕابەرایەتی سەرەکی قاعیدە و گرووپەکانی وابەستە پێی دا هەیە. هەرچەندە ڕابەرایەتی قاعیدە هەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەبێ جەنگی دوژمنی دوور بکرێت کە مەبەستی ئەمریکاو ڕۆژئاوایە، بەڵام گرووپەکانی وابەستە بە قاعیدە چالاکییەکانیان تەنها لۆکاڵی دەبێت و هیزو توانای خۆیان سەرف ناکەن بە جەنگان لە دژی دوژمنی دوور کە مەبەستیان ئەمریکاو ڕۆژئاوایە.

دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی ئاگایان لە خۆبێت و وریا بن، نەکا یەکێک یان هەردووک گروپەکە، واتە داعش و قاعیدە، بەهێزەوە بێنەوە مەیدان.

جا سەیرەکە لێرەدایە کە ویلایەتی خوراسانی داعش کە بۆی هەیە دوژمنی تاڵیبان بێت و هەر لە سۆنگەی حوکمی تاڵیبانیشەوە زۆرترین سودی پێدەگات. داعش لە ئەفغانستاندا لەوانەیە تێدا بچێت و دیارنەمێنێت، چونکە زۆر زەربەی خواردووە، بەڵام داعش بەوە ناسراوە کە ستراتیجێکی زۆر باش و تۆکمەی هەیە کە توانای ئەوەی هەیە لەو واقیعەی کە ئێستا هاتۆتە کایەوە  وەبەرهێنانی تێدا بکات. بۆ نموونە داعش دەتوانێت خۆی وەک باڵی توندڕە و وێنا بکات و تاڵیبانیش وەک لایەنێکی مۆدێرن و خۆبەدەستەوەدەر بناسێنێت لەنێو موسڵمانان دا. ئەوەتا داعش لە هەواڵنامەیەکی دا دەڵێت: تاڵیبان بەرژەوەندی و جاسووس و سیخوڕەکانی خاچپەرستان دەپارێزن لەناو فرۆکەخانەی کابول دا.

هەروەها داعش سوود دەبینێت  لە چونەدەری ئەمریکا لە ئەفغانستان، چونکە هێزی هەوایی ئەمریکا نەی دەهێشت داعش هیچ دەسکەوتێک لەناو ئەفغانستان دا بەدەست بێنێت. هەواداران و هاوکارانی داعش لە سۆشیال میدیا لێکدانەەکانیان ئاوا بوو یاخود بارودۆخەکەیان ئاوا دەبینی. هەروەک یەکێک لە هاوکارانی داعش بە شانازییەوە دەڵێت: سەربازانی خەلافەت لە خوڕاسان ئێستا لە باشترین بارودۆخ دان، چونکە هیچیتر سوپای ئەفغانی نەماوە و  تەواوی دامەزراوە حکومییە بتپەرستەکان و زوربەی سەربازەکانیان و سەرکردەکانیان شکان و ئەفغانستانیان بەجێهێشت. هەروەها هیچیتر بنکەکانی ئەمریکا نەماون لە ئەفغانستان تا هاوکاری سوپای ئەفغان بکەن و لە بنکەکانیشەوە هێرش بکەنە سەر موجاهیدەکانمان. ئێستا تەنها تاڵیبانە موڕتەدەکان ماون و ئەوانئیش بێ شک کۆتاییان پێدێت و چاوەڕێی دواڕۆژی خۆیانن جا یان بە گوللەیەک کە سەریان دەپێکێت یان بە چەقۆیەک کە ملیان دەپەڕێنێت..

هەرچەندە لەوانەیە داعش سوود ببینێت لە کەم بوونەوەی فشاری سەربازی لە ئەفغانستان دا، بەڵام ئەو گرووپە خەڵکی زۆر بەدوو ناکەوێت. بەشێکی لەبەرئەوەیە کە داعش وابەستەیە بە سەلەفیەتەوە کە ئیسلامی سوننی ڕاستەقینەیەو لە نێو ئەفغانستانیشدا کەمایەتییە، چونکە مەزهەبی حەنەفی تێیدا بڵاوەو ڕێبازی ئایینی ماتریدیدا تێیدا زاڵە. زوربەی ئەو جێگایانەی کە داعش وەک ناوچەی خۆی لێیان دەڕوانێت، ئەو شوێنانەن کە سەلەفیزم بە شێوەیەکی نائاسایی خەڵکی لێ کۆبۆتەوە. لەوانەشە داعش هەندێک لە توندڕەوەکان لەدەوری خۆی کۆبکاتەوە لە پاێزگاکانی وەک کونارو نەنگارهار، بەڵام سەخت دەبێ کە بتوانێت زیاتر بۆ شوێنەکانی ترپەل هەڵباوێت.

 داعش و قاعیدە هەر دوولایان ڕووبەڕووی دژواری و زەحمەتی جیدی دەبنەوە لەکاتی هەوڵدانیان بۆ خۆسازدانەوەی خۆیان لە ئەفغانستان دا.  گەڕانەوەی تاڵیبان باشترین هەل و فرسەتە بەلای قاعیدەوە، لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، بۆ خۆپێکهێنانەوەو خۆ ڕێکخستنەوە، بەڵام لە مەوقیعێکی ئەوەندە باشدا نییە کە بتوانێت بە باشی ئەو هەلە بقۆزێتەوە. جا داعش لەمەودوا ڕۆڵێکی تێکدەرانە دەبینێت. بەڵام بۆ داعش زۆر سەخت دەبێ کە بتوانێت پشتیوانی ناوخۆیی بەدەست بێنێت و بتوانێت لە ڕووی هێزی مرۆیی و سەرچاوەوە خۆی بگەیەنێتە تاڵیبان. لە هەمان کاتیشدا ئەمریکا بەردەوام دەبێ لە لاوازکردنی هەردووک گرووپی داعش و قاعیدە لە ڕێگەی لێدانیان بە دڕۆن. جا ئەمریکا  لە لێدانی داعشدا ڕەنگە بە هاوکاری تاڵیبانیش ئەو کارە ئەنجام بدات. بەڵام هیچ کام لەمانە بۆ کەم کردنەوەی ئەو هەڕەشانە نییە کە ئەو دوو گرووپە جیهادییە لەسەر ئەفغانستان و جیهان و هاوسێکانیان دەیان بێت. بۆیە دەبێ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی وریاو بەئاگابن لە ترسی گەڕانەوەی داعش و قاعیدە، یان لانی کەم  یەکێکیان بۆ دەسەڵات. بەڵام جیهادییەکان چەندە سەرکەوتوو دەبن لە بەکارهێنانی ئەفغانستاندا شتێکە کە هەمیشە ڕوون و دیار دەبێت. جا بۆیە سەرکەوتنی ئەوانەش بە هیچ شێوەیەک جێی لەبیرکردن نییە.

تێبینی: کۆڵ بەنزڵ لە پەیمانگای هۆڤەرە لە زانکۆی  ستانفۆرد و هەروەها خاوەنی بلۆگی (جیهادیکە)یە

https://www.foreignaffairs.com/articles/afghanistan/2021-09-14/al-qaeda-versus-

سەرچاوە: فۆرین ئەفێرس

Leave A Reply

Your email address will not be published.